گرێبەستی هەناردەکردنەوەی نەوت واژۆ دەکرێت

2 كاتژمێر لەمەوپێش



ئەم هەفتەیە بە تایبەتی سبەی یەکشەممە، گرنگییەکی زۆری بۆ چارەنووسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەبێت. چاوەڕوان دەکرێت ڕێککەوتنێکی سێقۆڵی لە نێوان وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی نەوتی عێراق و کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکانی نەوت لە کوردستان واژۆ بکرێت بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی کوردستان.

بەپێی زانیارییەکان، وەزارەتی نەوتی عێراق ڕەزامەندی دەربڕیوە لەسەر پێشنیازێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیاکان، کە بە پێی ئەو پێشنیازە لەبری پارەی کاش، نەوت وەک قەرەبوو بە کۆمپانیاکان بدرێت لە بەرامبەر ماف و شایستە داراییەکانیان.

 پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، وتى: کۆمپانیاکان و حکومەتی فیدراڵ گەیشتوونەتە ڕێککەوتن. ناوبراو ئاماژەی بەوەشداوە کە پرسی نەوت "گرێکوێرەی مووچە بوو" و ئەگەر گۆڕانکاری نوێ ڕوونەدات، ئەم بابەتە چارەسەر کراوە.

پێشەوا هەورامانی ڕوونیشی کردووەتەوە کە حکومەتی فیدراڵ چاوەڕێی وەڵامی ئەنجوومەنی دەوڵەت دەکات بۆ ئەوەی دەست بە ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بکرێت، کە مووچەی مانگەکانی ڕابردوو و مانگەکانی داهاتوو دەگرێتەوە.

 هەنگاوی دووەم و کۆتایی بۆ چارەسەرکردنی پرسی مووچە، پەیوەندی بە دابەشکردنی داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستانەوە هەیە. لەم بارەیەوەش پێشهاتی باش هاتووەتە ئاراوە. ئەنجوومەنی دەوڵەت بۆ یەکلاکردنەوەی ناکۆکییەکە گەیشتووەتە ئەنجام و بۆچوونێکیان پەسەند کردووە. بڕیارە سبەی یەکشەممە، ئەنجوومەنی دەوڵەت نووسراوی فەرمی ئامادە بکەن بۆ وەڵامدانەوەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و ئەنجوومەنی وەزیران. زانیارییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم بۆچوونە "تاڕادەیەکی باش لە بەرژەوەندیی حکومەتی کوردستان دەبێت" و لە دوو ڕۆژی داهاتوودا دەنێردرێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار