سبەینێ ساڵی نوێی خوێندن لە هەرێم دەستپێدەکات

3 كاتژمێر لەمەوپێش



سبەینێ ساڵی نوێی خوێندن لە هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات، وەزارەتی پەروەردەش دەڵێت: نزیکەی دوو ملیۆن خوێندکار بەشدارن لە پرۆسەکە.

وەزارەتی پەروەردەی هەرێم رایگەیاندووە، تێکڕای ژمارەی خوێندکاران بۆ ساڵی خوێندنی 2025 بۆ 2026  ملیۆنێک و 954 هەزار خوێندکارن، هەروەها حەوت هەزار و 438 ناوەندی خوێندن لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان هەن.

ئاماژەی بەوەشکردووە، 148 هەزار  مامۆستا لە ناوەندەکانی خوێندن وانە دەڵێنەوە و 33 هەزار فەرمانبەریش لە ناوەندەکانی پەروەردە هەیە.

لەلایەکى دیکەوە، عومەر گوڵپی كاندیدی سەركەوتوی كۆمەڵی دادگەری بۆ پەرلەمانی كوردستان ڕایگەیاند، "منداڵانی بەرپرسان لەقوتابخانە نێودەوڵەتی‌و ئەهلییەكانن، بۆیە حكومه‌ت‌و به‌رپرسه‌كانى ئه‌م وڵاته‌، بەلایانەوە گرنگ نییە قۆتابخانە حكومییەكان دەكرێنەوە یان نا".

عومەر گوڵپی لەڕاگەیەندراوێكدا ڕایگه‌یاندوه‌، "سبه‌ینێ یەکشەممە، یەکەم ڕۆژی دەوامی قوتابخانەکانە، لەکاتێکدا مامۆستا موچەی مانگی حه‌وتى وەرنەگرتوە".

ده‌شڵێت، "منداڵەکانی بەرپرسانی باڵای حکومی‌و حزبی هەردوو حزبی دەسەڵات، لەقوتابخانە نێودەوڵەتی‌و ئەهلییەکانن، بۆیە بەلایانەوە گرنگ نییە قوتابخانەی حکومیی دەکرێتەوە یان نا!".

وه‌كو گوڵپى نوسیویه‌تى، "زیاتر لە 10 ساڵە، پەروەردەو قوتابخانەو نەخۆشخانەو خزمەگوزاریی گشتیی‌و موچەی خەڵکیان هەموى، کردوەتە قوربانیی نەوت‌و کۆمپانیاکانیان، بێباکی بەم ڕادەیە لەئاست ژیانی گشتیی‌و خزمەتگوزاریی گشتیی‌و پەروەردە، تەنها سیمای دەسەڵاتدارانی نەخوێندەوارو ستەمکارە".

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار