بوومەلەرزەیەکی بەهێز نیمچەدوورگەی کامچاتکای رووسیای هەژاند و لە هەندێ ناوچەی ئەو وڵاتە و ژاپۆن بووە هۆی دروستبوونی سوونامی. بوومەلەرزەکە بە گوڕی 8.8 پلەی رێختەر بوو و کۆمەڵێک پاشلەرزەی بەهێزیشی بەدوادا هات و بووە هۆی دروستبوونی سوونامی لە هەندێک ناوچەی کەناراوی زەریای هێمن. وەزارەتی کاروباری نائاسایی رووسیا بڵاویکردەوە، سوونامی دروستبووە و بەشێک لە شارۆچکەی سڤیرۆ کورلیسکی داوە و بەو هۆیەوە نزیکەی 2 هەزار کەس لە دانیشتووانەکەی بۆ شوێنی سەلامەت گوێزراونەتەوە. بوومەلەرزەکە دەبێتە هۆی تسونامیەکى نوێ، لەئێستادا شەپۆلە بەهێزەکان دەستیان کردووە بەجوڵە بەرەو کەناراوەکانی ئەمریکا، ئەمەش دوای ئەوەی زەنگى ئاگادارکردنەوەی ئەوە خرایەخڕوو کە تسونامی بۆ ناوچەکانى سەرانسەری زەریای هێمن و چەند ناوچەکى دیکەى ئەمریکا بەڕێوەیە بەرپرسانى حکومى ئەو ناوچانەى کە ترسى ئەوەیان هەیە تسونامیەکە بیانگرێتەوە، داوا لە دانیشتوانیان کراوە بەخێرایی ناوچەکە بەجێبهێڵن یان بچنە شوێنە بەرزەکان و پارێزگاری هاوایی داوای لە خەڵک کرد دەستبەجێ ناوچە کەنارییەکان چۆڵ بکەن. لە ئەمریکا، بەرپرسانی هاوای و کالیفۆرنیا هۆشداری دەدەنە هاوڵاتییان کە لە کەناراوەکان و ناوچە نزمەکان دوور بکەونەوە. شارەزایان لە کالیفۆرنیا دەڵێن ئەگەری کەمە زیانی گیانیی کارەساتبار لە ئەمریکا بکەوێتەوە، لە کاتێکدا پارێزگاری هاوای داوا لە هاوڵاتییان دەکات ئارامیی خۆیان بپارێزن. دەزگای کەشناسی ژاپۆن داوای لە دانیشتووانەکەی کردووە لە کەناراوەکان دوور بکەونەوە و خۆیان نەخەنە دەرەوە بۆ ناو دەریا تاوەکو هۆشدارییەکە هەڵدەگیرێت. دەسەڵاتدارانی مەکسیک و ئەندەنوسیا هۆشداری هاوشێوەیان بۆ دانیشتوانی کەناراوەکان داوە. لە رووسیا، چەند کەسێک لە رۆژهەڵاتی دووری وڵاتەکە بە سووکی بریندار بوون، هاوکات شەپۆلەکانی سوونامی بەشێک لە شاری سڤیرۆ کورلیسکی ژێرئاو خستووە. بەپێی دەزگای رووپێویی زەویناسیی ئەمریکا، ئەم بوومەلەرزەیە بە گوڕی 8.8 پلە، شەشەمین بەهێزترین بوومەلەرزەیە لە مێژوودا تۆمارکرابێت. لە ماوەی چەند کاژێری رابردوودا، ئەمریکا و ژاپۆن لەنێو ئەو وڵاتانەدا بوون کە ئاگاداریی سوونامی و فەرمانی چۆڵکردنیان دەرکردووە. لە ژاپۆن، یەکەم شەپۆلەکانی سوونامی تێبینی کراون، کە بەرزییەکەیان لە کەناراوەکانی هۆکایدۆ (دوورگەیەکە لە تەنیشت رووسیا) گەیشتووەتە 40 سانتیمەتر - تائێستا هیچ کەسێک بریندار نەبووە. فەرمانی چۆڵکردن بۆ کەناراوەکانی ژاپۆن لەسەر زەریای هێمن دەرکراوە، کە ئەگەری هەیە شەپۆلی تاوەکو بەرزیی سێ مەتر رووی تێبکات. وێستگەی ئەتۆمیی فۆکوشیما کە لە سوونامییەکەی ساڵی 2011دا زیانی پێگەیشتبوو، چۆڵکراون. بوومەلەرزەکە بووەتە هۆی بەرزبونەوەی شەپۆلی دەریایی بەهێزی كتوپڕ "تسونامی" لە باکوری زەریای هێمن، ئەوەش وایكردووە، دەسەڵاتدارانی روسیا، ژاپۆن، ئەمریکا و چەند وڵاتێک کە هاوسنورن یان دەکەوێتە ناو زەریای هێمن، هۆشداریی تسونامیی بڵاوکردەوە. دەستەی جیۆفیزیکی سەربە ئەکادیمیای زانستی روسیا لقی کامچاتکا، جەختیكردەوە، بوومەلەرزەکەی ئەمڕۆ بەهێزترین بوومەلەرزە بووە لە ساڵی ١٩٥٢ەوە، بووەتە هۆی دروستكردنی شەپۆلی مەترسیداری تسونامی بەدرێژایی کەناراوەکان.
بەپێى ڕاپرسیەکى نوێى رۆژنامەی یەدیوت ئەهرۆنۆتی ئیسرائیلی، کەئەمڕۆ سێ شەممە بڵاویکردوەتەوە دەریدەخات لەماوەى یەک ساڵى ڕابردوودا رێژەى ئەو هاوڵاتى و بەرپرسە ئەمریکانەى کە پشتیوانى ئیسرائیل و شەڕى غەززەیانکردوە بەرێژەى ١٠% دابەزیوە. ڕۆژنامەکە دەڵێت ئەوەش ئاماژەیە بۆ دابەزینی ڕاستەقینەی پشتیوانی گشتی ئەمریکا بۆ ئەو شەڕەی کە لەلایەن هێزەکانی ئیسرائیلەوە لە کەرتی غەززە بەڕێوەدەچێت. ڕاپرسییەکە لە تشرینی دووەمی ٢٠٢٣ دەستیپێکردوە بە لێکۆڵینەوە لە هەڵوێستی ئەمریکییەکان بەرامبەر بە شەڕەکە و لەو ڕاپرسییەدا ٥٠٪ی بەشداربووان پشتگیریان لە شەڕی دژی حەماس لە غەززە کردووە و تاکە ڕاپرسییەکە لەو کاتەوە تاکە لایەنگرانی شەڕەکە زیاتر بووە لە نەیاران. بەڵام لەچەند مانگى ڕابردودا ڕۆژبەڕۆژ لەو کاتەوە، وردە وردە پاڵپشتی گشتی ئەمریکا دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە. لە ڕاپرسییەکەی ئێستادا کە لە نێوان ٧ی تەموز تا ٢١ی تەمموزی ئەمساڵ ئەنجامدراوە، دابەزینی ڕاستەقینەی ئەم پشتیوانییە بەدیهاتووە: ئێستا ٦٠٪ی بەشداربووان دژی شەڕەکەن، لەکاتێکدا تەنها ٣٢٪ پشتگیری شەڕەکە دەکەن. ڕاپرسییەکەی پێشووتر لە مانگی ئەیلولی ساڵی ڕابردوودا ئەنجامدرا و بە بەراورد بەو ڕێژەیە، ڕێژەی ئەو ئەمریکییانەی کە پشتیوانی شەڕەکە دەکەن، بە ڕێژەی ١٠% دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە، هەروەها ڕێژەی ئەوانەی دژایەتی دەکەن بە ڕێژەی ١٢% بازدان بەخۆیەوە بینیوە. وێنە توندەکانی منداڵانی برسی لە غەززە لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن لە سەرانسەری جیهاندا پەخش دەکران – ئەو وێنانەی کە بوونە هۆی پەرەسەندنی فشارە نێودەوڵەتییەکان لەسەر ئیسرائیل، ترامپ دوێنێ بە ئاشکرا دژایەتی بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی غەززەی کرد و ڕایگەیاند کە ئەم وێنانەی برسێتی ناتوانرێت "ساختە" بکرێن. پێشتر نەتانیاهۆ ناچار بووە ڕێڕەوی خۆی بگۆڕێت، دوای چەند مانگێک لە فەرمانی ڕاگرتنی هەموو هاوکارییەکانی بۆ غەززە، ئێستاش ئیسرائیل خۆی یارمەتییەکان بە ئاسمانەوە دادەبەزێنێت سەرەڕای بانگەشەکانى سەبارەت بە "هەڵمەتێکی برسیکردن"ی ساختە بە سەرۆکایەتی حەماس. لەبەشێکى دیکەى ڕاپرسییەکە ئاماژە بە نزمبوونەوەی دەیان ساڵەی ناوبانگ و جەماوەریی نەتانیاهۆ لە ئەمریکا دەکات: 52%ی بەشداربووانی ڕاپرسییەکە، کە لە کاتی سەردانەکەی سەرۆکوەزیران بۆ ئەمریکا ئەنجامدراوە (سەردانێک کە تێیدا چەندین چاوپێکەوتنی لەگەڵ میدیا ناوخۆییەکان ئەنجامداوە)، وەڵامیان داوەتەوە کە بۆچوونێکی نەرێنییان لەبارەیەوە هەیە. بەگوێرەی ئاژانسی ئەی پی، ئەمە نزمترین ئاستە لە ماوەی 28 ساڵدا، لە سەرەتای دەستپێکردنی یەکەم خولی سەرۆکایەتی نەتانیاهۆ لە ساڵی 1997. لە ڕاپرسییە نوێیەکەدا تەنها 29% وەڵامیان داوەتەوە کە بۆچوونێکی ئەرێنییان هەیە لەسەر ناتانیاهۆ، لە هەر 10 بەشداربوویەک، 2 کەسیان وەڵامیان داوەتەوە کە هیچ بۆچوونێکیان نییە یان بە هیچ شێوەیەک نەیانبیستووە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لەدوو سەرچاوەى ئاگادارەوە دەستکەوتوون، کارەکانی ئەو چوار لیژنە هاوبەشەی کە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەردوولا لەسەر دۆسیەکانی (نەوت، داهاتی ناوخۆ، بودجە، و پرۆژەی هەژماری من) پێکهێنرابوون، ڕووبەڕووی سستی و وەستان بوونەتەوە. بەوتەى سەرچاوەکان یەکێک لە ئاستەنگە سەرەکییەکان، پەیوەستە بە دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵی. بڕیاربوو لیژنەیەکی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێریی دارایی هەرێم و عێراق، سەردانی کوردستان بکەن بۆ هەڵسەنگاندنی داهاتە نانەوتییەکانی هەرێم ئامانجی لیژنەکە دیاریکردنی داهاتەکان و جیاکردنەوەی داهاتە سیادی و ناسیادییەکان بوو، تا بزانرێت کام بەشەی پێویستە لەگەڵ بەغدا بەپێی ڕێژەی ٥٠٪ دابەش بکرێت. دوای تێپەڕبوونی نزیکەى دوو هەفتە بەسەر ڕێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا، جارێکی دیکە ئاڵۆزی و سستیی لە جێبەجێکردنی خاڵەکانی ڕێککەوتنەکەدا سەریهەڵداوەتەوە. سەرچاوەکان ئەوەیان خستوتەڕوو تا ئێستا شاندی دیوانی چاودێریی دارایی عێراق سەردانی هەولێری نەکردووە، لە کاتێکدا ماوەی دیاریکراو بۆ کارەکانی لیژنەکە خەریکە کۆتایی دێت. بەپێی زانیارییەکان، ئەندامانی عێراقی لە لیژنەکەدا بەبێ سەردانکردنی هەرێم، ڕاپۆرتێکیان ئاراستەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیران و ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کردووە و تێیدا گلەییان لە "هاوکارینەکردنی" شاندی هەرێمی کوردستان کردووە. ئەمە لە کاتێکدایە کە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاگادارکراوەتەوە لەو ڕاپۆرتە و بڕیارە وەڵامی فەرمی بداتەوە و هەموو زانیارییەکی پێویست لەبارەی داهاتی ناوخۆوە بخاتەڕوو. بەپێی یەکێک لە خاڵەکانی ڕێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا، دەبوو حکومەتی هەرێمی کوردستان مانگانە بڕی 120 ملیار دینار وەک بەشێک لە داهاتی نانەوتی ڕادەستی بەغدا بکات. هەرچەندە حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی پێنج پابەندی ئەم خاڵە بوو، بەڵام بەرپرسێکی وەزارەتی دارایی هەرێم ڕایگەیاندووە کە ئەو بڕە پارەیە داهاتی یەک مانگ نەبووە، بەڵکو هی چەند مانگێک بووە. هەمان سەرچاوە ئاماژەی بەوەشکردووە کە بۆ مانگی شەشیش توانای ناردنی 120 ملیار دیناریان هەیە، بەڵام بۆ مانگەکانی داهاتوو داهاتی ناوخۆ بەشی ئەوە ناکات و لە باشترین حاڵەتدا دەتوانن مانگانە 60 ملیار دینار ڕادەستی بەغدا بکەن. سەرەڕای ئەم کێشانە، لیستی مووچەی مانگی شەشی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە بەغدایە و وردبینی بۆ کراوە و هیچ کێشەیەکی نییە. بەڵام ناکۆکییەکانی سەر جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە، بەتایبەت لەسەر پرسی داهاتی ناوخۆ، بووەتە هۆی دواکەوتنی ناردنی پارەکە لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە. هاوکات، لیژنەی تایبەت بە دۆسیەی نەوت هێشتا ڕاپۆرتی کۆتایی خۆی تەواو نەکردووە و وادەی کارەکانی لەم یەکشەممەیەدا کۆتایی دێت.
لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق دووبارە پرۆژەیاسای حەشدی شەعبی دەگەڕێنێتەوە بۆ سەرۆکایەتیی پەرلەمان، تاوەکو بۆ پەسەندکردنی بیخاتە بەرنامەی کاری دانیشتنەکانی داهاتووەوە. بۆ تاوتوێكردنی پێشهاتەكانی پرۆژەیاسای (دەستەی حەشدی شەعبی)، لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق كۆبووەوە. ئەم لیژنەیە كە پەرلەمانتار (كەریم علێوی) سەرۆكایەتیی دەكات، بۆ دانیشتنی ئەمڕۆ میوانداریی فەریق روكنی یەكەم (تەحسین عەبدولمەتەر) ئەمینداری گشتی دەستەی حەشدی شەعبی و بەرپرسی فەرمانگەی یاسایی دەستەی حەشدی كرد. لە كۆبوونەوەكەدا لەبارەی بڕگە سەرەكییەكانی پرۆژەیاسای (دەستەی حەشدی شەعبی) گفتوگۆ كرا، پرۆژەیەك كە پێشتر لە پەرلەمانەوە خوێندنەوەی یەكەم و دووەمی بۆ كراوەو بەمدواییە ماركۆ رۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بەفەرمی و لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا هۆشداری بە محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق دا، لەبارەی دەركردنی ئەو یاسایە. سەرباری هەڕەشەكانی ئەمریكا، سودانی سورە لەسەر تێپەڕاندنی یاسای حەشدی شەعبی و وەكو بەشێك لە بەرنامەی كاری حكومەتەكەی ناوی دەبات. لە كۆتایی كۆبوونەوەی ئەمڕۆی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراقدا پێشنیاری ئەوە كراوە پرۆژەی یاسای (دەستەی حەشدی شەعبی) بەرزبكرێتەوە بۆ سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران و جێگرەكانی بۆ ئەوەی بیخەنە بەرنامەی كاری دانیشتنەكانی ئایندەی پەرلەمانەوە بەمەبەستی دەنگدان لەسەری. رۆژی 23ـی ئەم مانگە مارکۆ رۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجامدا، رۆبیۆ لەبارەی پرۆژەیاسای حەشدی شەعبییەوە نیگەرانیی ئەمریکای بە سودانی گەیاند و پرۆژەکەی بە زیاترکردنی هەژمووی ئێران و گرووپە چەکدارەکان بەسەر عێراقەوە دەزانێت. لە نوێترین پەرەسەندندا، ژمارەیەك چەكداری حەشدی شەعبی چونە سەر فەرمانگەی كشتوكاڵی ناوچەی كەرخ، ئەمە كاردانەوەی ئەمریكای بەدوای خۆیدا هێناو سودانیشی توشی شەرمەزاریی كرد، بەتایبەتی لەكاتێكدا مشتومڕ لەسەر دەركردنی یاسای حەشد هەیە. بەگوێرەی ڕەشنوسی یاساکە وەک ئەوەی ڕۆژنامەکە ئاماژەی پێداوە، حەشدی شەعبی وەک دامەزراوەیەکی سەربازی فەرمی مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت، دەزگای هەواڵگریی تایبەت بەخۆی دەبێت و دەتوانێت ئۆپەراسیۆنی سەربازی تایبەت ئەنجام بدات، هاوکات هێزەکانی حەشدی شەعبی نوێترین ئامێری تەکنەلۆژیای سەربازییان بۆ دابین دەکرێت و ئەکادیمیایەکی تایبەت بۆ ئەندامەکانی دادەمەزرێت. لە ڕووی کارگێڕییەوە سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی پلەی وەزیری پێدەدرێت و دەبێتە ئەندامی هەمیشەیی لیژنەی وەزاری بۆ ئاسایشی نیشتمانی، هەر بەو پلەیەش خانەنشین دەکرێت.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە هەولێر پێشوازیکرد لە نوێنهرى تايبهتى سكرتێرى گشتى و سهرۆکی تیمی نەتەوەیەكگرتووەكان له عێراق و رایگەیاند، "گرنگە" ناردنی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان مسۆگەر بکرێت. رۆژی سێشەممە، 29ـی تەممووزی 2025، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە کە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ محەممەد ئەلحەسان، نوێنهرى تايبهتى سكرتێرى گشتى و سهرۆکی تیمی نەتەوەیەكگرتووەكان له عێراق کۆبووەتەوە. سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت: "سهرۆك نێچيرڤان بارزانى وێڕاى بهرزنرخاندنى ئامادهيى و رۆڵى UN له عێراق، جهختى له پێويستى و گرنگيى چارهسهركردنى كێشهكانى ههولێر ـ بهغدا به گفتوگۆ و مسۆگهركردنى ناردنى مووچه و شايسته دارايييهكانى ههرێمى كوردستان بهپێى ڕێككهوتنهكان كردهوه." دەقى ڕاگەیەندراوەکە.. پێشنیوهڕۆى ئهمڕۆ سێشهممه 2025/7/29 بهڕێز نێچيرڤان بارزانى، سهرۆكى ههرێمى كوردستان، لهگهڵ بهڕێز محهمهد ئهلحهسسان، نوێنهرى تايبهتى سكرتێرى گشتى و سهرۆکی تیمی نەتەوەیەكگرتووەكان له عێراق، كۆبووهوه. له كۆبوونهوهکەدا دۆخى سياسيى عێراق و ههرێمى كوردستان، پهيوهندييهكانى ههولێر ـ بهغدا و گفتوگۆى نێوانيان بۆ چارهسهركردنى كێشهكان و هێرشه درۆنييهكانى سهر ههرێمى كوردستان تاوتوێ كران، ههروهها دهربارهى ڕۆڵ و كارنامهى تيمى نهتهوه يهكگرتووهكان بۆ ئهو ماوهيهى كه له عێراق ماويهتى، بيروڕايان گۆڕييهوه. سهرۆك نێچيرڤان بارزانى وێڕاى بهرزنرخاندنى ئامادهيى و ڕۆڵى UN له عێراق، جهختى له پێويستى و گرنگيى چارهسهركردنى كێشهكانى ههولێر ـ بهغدا به گفتوگۆ و مسۆگهركردنى ناردنى مووچه و شايسته دارايييهكانى ههرێمى كوردستان بهپێى ڕێككهوتنهكان كردهوه، ههروهها ڕێگريكردنى له هێرشه درۆنييهكان بۆ سهر ههرێمى كوردستان، به پێويستييهك بۆ ئارامى و سهقامگيريى وڵات له قهڵهم دا. لاى خۆيهوه، بهڕێز ئهلحهسسان وێڕاى دهربڕينى نيگهرانى له هێرشه درۆنييهكان و پێويستيى ڕێگهلێگرتنيان، ههموو پشتيوانييهكى نهتهوه يهكگرتووهكانى بۆ چارهسهركردنى كێشهكانى ههولێر ـ بهغدا و ناردنى شايسته داراييیهكانى ههرێمى كوردستان و پاراستنى ئارامى و سهقامگيريى وڵات، دووپات كردهوه. دوايين پێشهاتهكانى دۆخى ڕۆژههڵاتى ناوهڕاست، تهوهرێكى ديكهى كۆبوونهوەكه بوو.
ژەنەڕاڵ مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات، لەچاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ كەناڵی "الحدث" باسى لەسەر چەند پرسێکى جیاوازکردوە، لێرەدا بەشێک لەپەیامەکانى دەخەینە ڕوو. ئەو دەڵێت ئاگادار کراینەوە کۆبوونەوەی پاریس لەسەر داوای دیمەشق بەهۆی ڕووداوەکانی سویدە دواخراوە، وەکخۆشى بەشداری کۆبونەوەی پاریس دەکات، وتیشى: دیمەشق ئامادەیی خۆی پێی راگەیاندوین بۆ رازیبوون بە داخوازیی کورد، لەبارەی زمان و مافە کولتوورییەكان. لەسەر ڕێککەوتنامەى ١٠ى ئازارى دیمەشق ئاماژە بۆ ئەوەدەکات، جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ١٠ی ئازار بە هۆکاری پەیوەست بە ئێمە و دیمەشق بە هێواشی بەرەوپێش دەچێت، وتیشى: ئێمە پابەندین بە ڕێککەوتنی ١٠ی ئازار، بەڵام جێبەجێکردنی پێویستی بە کاتی هەیە. عەبدى باس لەوەدەکات ڕۆژانە لەڕێگەى کەناڵەکانی پەیوەندی لەگەڵ حکومەتی سوریا گفتوگۆیان هەیە، وتى: خەریکە خولی نوێی گفتوگۆ لەگەڵ دیمەشق ئەنجام دەدەین. ئاماژەى بۆ ئەوەکرد یەکخستنی (١٠٠) هەزار چەکدار لە وەزارەتی بەرگری سوریا پرۆسەیەكی گەورەیە، بەڵام لەگەڵ حکومەت هاوڕاین لەسەر یەکڕیزی سوریا بە یەک سوپا و یەک ئاڵا، هەندێک دامەزراوەی سیادی دەبێت بە ناوەندگەرایی بمێننەوە. جەختى کردەوە ئەوان داواى ئەوەیانکردوە زمانی کوردی شانبەشانی زمانی عەرەبی زمانی فەرمی بێت لە ناوچە کوردنشینەکان، دەشلێت: بە فەرمی داوامان لە دیمەشق كردووە بۆ گەڕانەوەی دامودەزگاکانی حکومەت، بۆ شارەكانی رەقەو حەسەکەو دێرەزور. بەشێک دەبین لە وەزارەتی بەرگری سوریا. سەبارەت بەڕۆڵى وتاڵان فەرماندەى هەسەدە دەلێت: سعودیە دەتوانێت رۆڵێکی ئەرێنی ببینێت ئەگەر وەک ناوبژیوانێک لە دانوستانەکانمان لەگەڵ دیمەشقدا، هەوڵ دەدەین ئاگربەست لە باکووری رۆژهەڵاتی سوریا بگۆڕین بۆ ئاشتییەکی گشتگیر. هەر لەوچاوپێکەوتنەید، مەزڵوم عەبدى دەلێت: تاکە بژاردەی ئێمە لەگەڵ دیمەشق گفتوگۆیە، دیدارەکەم لەگەڵ سەرۆک شەرع ئەرێنی بوو، دوای سێ کاتژمێر گفتوگۆ توانیمان بگەینە رێککەوتن. پێشى وایە رووداوەکانی سوەیدا هانیان دەدات بۆ درێژەدان بە دانوستانەکان و گەیشتن بە ڕێککەوتن، وتى: هەموومان لەسەر یەکگرتوویی سوریا هاوڕاین و نا ناوەندێتی بە مانای دابەشکردنی وڵات نییە.
روانگەی ئابوری "ئیکۆ عێراق" ئەمڕۆ سێشەممە بڵاویكردەوە: بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان بۆ (120) هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا بەرزبووەتەوە، دوای ئەوەی بەهۆی كردنە ئامانجی کێڵگە نەوتییەکانی لە ماوەی رابردوودا بۆ (81) هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا دابەزی. روانگەکە، لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە: لە ئەنجامی ئەو هێرشانەی کە ژێرخانی نەوتیان کردە ئامانج، بەرهەمی هەرێم بۆ (81) هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا دابەزی، بەڵام لە چەند رۆژی رابردوودا بوژانەوەی بەخۆیەوە بینیوەو، بەرهەمهێنان بۆ نزیکەی (120) هەزار بەرمیل بەرزبووەتەوە. لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە: پێشبینی دەکرێت تا کۆتایی مانگی ئابی داهاتوو، تێکڕای بەرهەمهێنان بگاتە (٢٨٠) هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا، ئەم ئاستە نزیکە لە ئاستی بەرهەمهێنانى پێش هێرشەکان. ئیکۆ عێراق راشیگەیاندووە: تا ئێستا هیچ رێککەوتنێک لە نێوان وەزارەتی نەوت و هەرێم نەکراوە، سەبارەت بە کاتی بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لە کوردستانەوە.
زیاتر لە مانگێکە لیستی مووچەی مانگی حوزەیرانی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا نێردراوە، بەڵام وەزارەتی دارایی عێراق تائێستا وردبینی لیستەکەی تەواو نەکردووە. وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستانیش سەرقاڵی ئامادەکردنی لیستی مووچەی مانگی تەممووزە. وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان بەمەبەستی جێبەجێکردنی پابەندییەکانی داهاتی نانەوتی مانگی شەش ئامادە دەکات، بۆ ئەوەی بۆ وەزارەتی دارایی عێراق بنێرێت. سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان وتى: هەموو ئامادەکارییەک کراوە، هەرکاتێک فرمانمان بۆ بێت، 120 ملیار دینار دەخەینە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی عێراق. بە گوێرەی زانیاریی سەرچاوە ئاگادارەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، هێشتا وەزارەتی دارایی عێراق وردبینیی لیستی مووچەی مانگی حوزەیرانی تەواو نەکردووە. ئەو لیستە لە 25ی حوزەیرانەوە لە رێگەی تیمێکی سەر بە وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا رادەستی وەزارەتی دارایی عێراق کراوە. سەرچاوەکە ئەوەشى خستەڕوو: تائێستا وەزارەتی دارایی عێراق ئاگاداری نەکردووینەتەوە کە وردبینی لەو لیستە تەواو بووە و تێبینیی خۆیانی پێ نەگەیاندووین. وەزارەتی دارایی عێراق 24ی تەممووز مووچەی مانگی ئایاری هەرێمی کوردستانی نارد، بەڵام تائێستا وادەی ناردنی مووچەی مانگی حوزەیران دیار نییە، لەکاتێکدا بەرەو کۆتایی مانگی تەممووز دەچین.
روانگەی سوری بڵاویکردەوە، لە هەڵمەتێکی چاوەڕواننەکراودا، دەسەڵاتدارانی دیمەشق نزیکەی 200 دادوەریان لە پارێزگا جیاوازەکانی سوریا لە کارەکانیان دوورخستووەتەوە. روانگەکە لەزاری چەند سەرچاوەیەکەوە ئاماژەی بەوەکردووە، لە دۆسیەی بەشێک لەو دادوەرانەدا نوسراوە عەلەوی، ئەوەش ئاماژەیەکی روونە کە هۆکاری تائیفیی لەپشت دوورخستنەوەیانە. وەک سەرچاوەکان ئاماژەیان پێداوە، چوار دانیشتنی دادگایی بەڕێوەچووە و لەو ماوەیەدا ژمارەیەک دادوەر لەژێر فشار و هەڕەشەدا ناچاربوون دەستلەکاربکێشنەوە، ئەمەش وەک هەوڵێکی حکومەت بۆ خۆدزینەوە لە لێپرسینەوەی نێودەوڵەتی و خستنەڕووی بابەتەکە وەک دەستلەکارکێشانەوەی خۆبەخشانە. هەندێک دادوەری دیکەش، تۆمەتی وەرگرتنی بەرتیلیان دراوەتە پاڵ و لە دۆسیەکانیاندا ئاماژەی پێدراوە وەک بیانوویەک بۆ دوورخستنەوەیان. روانگەی سوری هۆشداریداوە لەو پێشێلکارییانە کە سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری دەخاتە مەترسییەوە، داواشدەکات لایەنە نێودەوڵەتییەکان لێکۆڵینەوە لەو رێوشوێنانە بکەن کە بەرامبەر دادوەرەکان گیراوەتەبەر.
سەرۆک وەزیرانى عێراق ڕایدەگەیەنێت، هێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەكان بۆ سەر کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان کردەوەی تیرۆریستین. لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی "ئەسۆشێتد پرێس"، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیران وتى: حکومەتی فیدراڵی عێراق لەگەڵ دەسەڵاتدارانی هەرێم و هێزەکانی هاوپەیمانان کاردەکات، بۆ دەستنیشانکردن و لێپرسینەوە لە ئەنجامدەرانی هێرشەكان. لە چەند هەفتەی ڕابردوودا زنجیرەیەک هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دامەزراوە نەوتییەکانى لە هەرێمى کوردستان کردە ئامانج، دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان گرووپەکانی حەشدى شەعبیان بە ئەنجامدانی هێرشەکان تۆمەتبار کرد. دەسەڵاتدارانی بەغداش ناکۆکییان لەسەر ئەمە بوو، بەڵام تاوانباریان دەستنیشان نەکردوە. یەکێک لە کێشە هەرە ئاڵۆزەکان بۆ ئەلسودانی، چۆنیەتی مامەڵەکردنە لەگەڵ هێزەکانی حەشدى شەعبى، کە هاوپەیمانییەکی زۆرینەی شیعە و میلیشیاکانی سەر بە ئێرانە و بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش پێکهێنراون. ئەم هاوپەیمانییە لە ساڵی ٢٠١٦ بە فەرمی خرایە ژێر دەسەڵاتی سوپای عێراقەوە، هەرچەندە لە پراکتیکدا هێشتا بە ئۆتۆنۆمییەکی بەرچاوەوە کاردەکات. ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق تاوتوێی ئەو یاسایانە دەکات کە پەیوەندی نێوان سوپای عێراق و ئەو گروپانە ڕێکدەخات، ئەمەش ناڕەزایەتییەکانی واشنتۆنی بەدوای خۆیدا هێناوە. وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هەفتەی ڕابردوو لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندبوو کە ئەم یاسایە "کاریگەری ئێران و گروپە تیرۆریستییە چەکدارەکان کە سەروەری عێراق تێکدەدەن بەدامەزراوەیی دەکات". سودانی بەرگری لە یاسا پێشنیار کراوەکە کرد و وتی کە ئەمە بەشێکە لە هەوڵەکان بۆ دڵنیابوون لەوەی چەک لەلایەن دەوڵەتەوە کۆنترۆڵ دەکرێت. وتیشی:”دەزگا ئەمنییەکان دەبێت بەپێی یاساکان کاربکەن و ملکەچی ئەو یاسایانە بن و لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت”.
چەکدارێک بەچەکەوە دەچێتە ناو باڵەخانەیەکی بەناوبانگی شاری نیویۆرک و تەقە دەکات و بەوهۆیەوە چوار کەسی کوشتوە، لەنێویاندا ئەفسەرێکی بەشی پۆلیسی نیویۆرک هەیە، دواتر چەکدارەکە بە گولەیەک کۆتایی بە ژیانی خۆشی هێناوە ڕوداوەکە ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە بەکاتى ئەمریکا ڕویداوە. بەپێى میدیاکان تەقەکەرەکە ناوی شەین دیڤۆن تامورا تەمەن ٢٧ ساڵە و خەڵکی شاری لاس ڤێگاس بووە و بەتەنها خۆى بووە، دوای تەقەکردن لە سنگی خۆی گیانی لەدەستداوە و دەوترێت توشى نەخۆشى دەروونی بووە، بەڵام پۆلیس دەڵێت پاڵنەری ڕوداوەکە تا ئێستا لەژێر لێکۆڵینەوەدایە هێشتا ڕووننیە. بەبێی گێڕانەوەی سکای نیوزی ئینگلیزی رووداوەکە لە باڵەخانەی "345 پارک ئەڤینیو" لە ناوەڕاستی مانهاتن روویداوە، کە بارەگای سەرەکی کۆمپانیای وەبەرهێنانی "بلاکستۆن" و خولی تۆپی پێی نیشتمانی ئەمریکی (NFL) لەخۆدەگرێت. بەپێی وتەی جێسیکا تیش، کامێراکانی چاودێری دەریانخستووە کە تامورا لە ئۆتۆمبێلێکی جۆری BMW دادەبەزێت و بە چەکێکی جۆری M4ەوە بەرەو باڵەخانەکە دەڕوات. پاشان دەچێتە ناو هۆڵی باڵەخانەکە و یەکسەر تەقە لە ئەفسەری پۆلیسەکە دەکات. وتیشی: "دواتر تەقە لە ژنێک دەکات کە لە پشت ستوونێکەوە خۆی حەشاردابوو، پاشان بەردەوام دەبێت لە تەقەکردن لەناو هۆڵەکەدا و پاسەوانێکی ئەمنی دەکاتە ئامانج کە لە پشت مێزی پێشوازییەوە بووە." دواتر تامورا بەرەو بەشی ئاسانسوارەکە (مەسعەد) دەڕوات و داوای بەرزکەرەوەیەک دەکات. کاتێک بەرزکەرەوەکە دەکرێتەوە، ژنێک لێی دێتە دەرەوە، بەڵام رێگەی پێدەدات بە سەلامەتی تێپەڕێت. پاشان بۆ نهۆمی 33ـیەم سەردەکەوێت و لەوێش کەسێکی دیکە دەکوژێت. جێسیکا تیش، کۆمسیاری پۆلیسی نیویۆرک لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ناسنامەی هێرشبەرەکەی ئاشکرا کرد و تایگەیاند کە ناوی (شەین دیڤۆن تامورا)یە و تەمەنی 27 ساڵە و دانیشتووی لاس ڤێگاسە. تیش ئەوەشی خستەڕوو کە تامورا "پێشینەی کێشەی دەروونی هەبووە"، بەڵام تا ئێستا هۆکاری هێرشەکەی نازانرێت. پۆلیس ئاماژەی بەوەشکرد، لە رووداوەکەدا پیاوێکی دیکەش بە سەختی بریندار بووە و لە نەخۆشخانە لەژێر چاودێری چڕدایە. ئەو ئەفسەرەی لە هێرشەکەدا گیانی لەدەستداوە ناوی (دیدارول ئیسلام)ە. کۆمسیاری پۆلیسی نیویۆرک وتیشی، "دیدارول خێزاندار بووە و باوکی دوو کوڕی بچووک بووە، هاوسەرەکەشی دووگیانە بە منداڵی سێیەمیان." بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی نیویۆرک (NYPD) لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ڕێزی لە ئەفسەرە کوژراوەکە گرتوە و نووسیویەتی: "ئەو لە کاتی پاراستنی خەڵکی نیویۆرک لە مەترسی، بە شێوەیەکی تراژیدی کوژرا. ئێمە لەم کاتە پڕ لە ئازارەدا هاوبەشی خەمەکانین و بۆ هەمیشە یاد و رێگەکەی بەرز رادەگرین."
عومەر ئۆجالان پەرلەمانتاری ڕحای دەم پارتی، لە پاش ئەنجامدانی دیداری ئەمڕۆی ئیمراڵی، ڕایگەیاند، عەبدوڵا ئۆجەلان جەختی لەوە کردەوە کە “بەشداری هەموو توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگا لە پڕۆسەکەدا پێویستییەکی ژیانیی و گرنگە بۆ ئەوەی پڕۆسەکە بە شێوەیەکی تەندرووست بەرەوپێش بچێت.” عەبدوڵا ئۆجەلان کە لە بەندیخانەی پیتی Fـی ئیمراڵی زیندانییە، لە چوارچێوەی ئەنجامدانی دیدار لەگەڵ خانەوادەکەی، ئەمڕۆ چاوی بە بریکارەکەی مەزڵوم دینچ و برازاکەی عومەر ئۆجالان پەرلەمانتاری ڕحای دەم پارتی، دیداری ئەنجامدا. هاوکات هەریەک لە زیندانییانی تری ئیمراڵی (حامیلی یەڵدرم، عومەر خەیری کونار، ئەرگین ئاتابەی، زەکی بایهان) لەگەڵ خانەوادەکانیان دیداریان ئەنجام دا. لە پاش ئەنجامدانی دیدارەکەی ئەمڕۆ، عومەر ئۆجالان لە هەژماری تایبەتی خۆی لە پلاتفۆڕمی (X) پۆستێکی سەبارەت بە کۆبوونەوەکە بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند، “ئەمڕۆ ئێمە وەک بنەماڵەکەی لە زیندانی ئیمراڵی لەگەڵ ڕێزدار عەبدوڵا ئۆجالان دیدارمان ئەنجام دا، بەڕێز ئۆجالان جەختی لە هیوا و ئیرادەی خۆی بۆ ئاشتیی و چارەسەری دیموکراسییانە کردەوە و ڕایگەیاند کە “بەشداریکردنی هەموو توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگا لە پڕۆسەکەدا پێویستییەکی ژیانیی و گرنگە بۆ ئەوەی پڕۆسەکە بە شێوەیەکی تەندرووست پێشبکەوێت.”
وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، لەدوو هەفتەى داهاتوودا شانێکى ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی لە دوو هەفتەی داهاتوو سەردانی ئەو وڵاتە دەکات. ئەمڕۆ دووشەممە 28ی تەممووزی 2025 ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنفرانسی رۆژنامەڤانیی هەفتانەیدا لەبارەی ئەگەری دەستپێکردنی گفتوگۆکان لەگەڵ ئەمریکا رایگەیاند، کۆماری ئیسلامیی ئێران بەپێی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی بڕیار لەسەر دەستپێکردن یان دەستپێنەکردنەوەی دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا دەدات. وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، چەند ڕۆژێکە بەڕێوەبەری چاودێری ئەتۆمی تاران ئامادەی دەربڕیوەو ئامادەیە گفتوگۆ تەکنیکیەکان دەستپێبکاتەوە، وتیشى: لە ماوەی دوو هەفتەی داهاتوودا ڕێکخراوی چاودێری ئەتۆمی نەتەوە یەکگرتووەکان سەردانێک بۆ ئێران دەکات. بەقائى باسی لەوەکرد دەستوورێک سەبارەت بە داهاتووی هاوکارییەکانی ئێران لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی، بە پشتبەستن بە گەڵاڵەیەکی ئەم دواییەی پەرلەمانی کە سنووردارکردنی ئەو جۆرە هاوکارییە، دەخرێتەڕوو. گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاماژەی بە دانوستاندنەکانی شاندی ئەو وڵاتە لەگەڵ نوێنەرانی ئەڵمانیا، فەرەنسا و بەریتانیا کرد و رەتیکردەوە، دۆسیەی مووشەکی و پرسە بەرگرییەکان بەشێک بن لە دانوستاندنەکان. ئیسماعیل بەقایی رایگەیاند، "ئێران تەنیا لەبارەی دۆسیەی ئەتۆمی و هەڵگرتنی گەمارۆکان دانوستاندن دەکات و دانوستاندنەکانمان بە هیچ شێوەیەک توانا بەرگرییەکان ناگرێتەوە." سەبارەت بە پرسی پیتاندنی یۆرانیۆمیش، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت، ئەگەر ئێران لە مافە ئەتۆمییەکانی بێبەش بکرێت، تاران کشانەوە لە پەیماننامەی رێگریکردن لە بڵاوکردنەوەی چەکە کۆمەڵکوژەکان تاوتوێ دەکات. بەقایی روونیکردەوە، "هەڵوێستی ئێمە لەسەر پیتاندنی یۆرانیۆم زۆر بە روونی لەلایەن وەزیری دەرەوە خرایەڕوو. ئێمە پێمانوایە مەسەلە زۆر سادەیە؛ ئەگەر بڕیارە کۆماری ئیسلامیی ئێران وەکو ئەندامی پەیمانی قەدەخەکردنی چەکە کۆمەڵکوژییەکان (ئێن پی تی) بمێنێتەوە، دەبێ بەهرەمەند بێت لەو ماف و قازانجانەی بەهۆی ئەو ئەندامێتییە دێتە ئاراوە. ناکرێت چاوەڕوانییەکی وا هەبێت کە وڵاتێک وەکو ئەندامی پەیماننامەی قەدەخەکردنی چەکە کۆمەڵکوژییەکان بمێنێتەوە، لە هەمان کاتدا لەو مافانەی کە لە پەیماننامەکەدا هاتوون، بە تایبەتی لە بواری بەکارهێنانی ئاشتیانەی وزەی ئەتۆمدا، بێبەش بکرێت. بۆیەش چارەنووسی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران، بە پیتاندنی یۆرانیۆمیشەوە، تەواو روونە." بەقایی ئاماژەی بە هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێرانیش کرد و رایگەیاند، رێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئەو وڵاتە خەریکی هەڵسەنگاندنی زیانەکانە و دواتر قەبارەی زیانەکان لە لایەن رێکخراوەکەوە بڵاو دەکرێتەوە.
ئەمڕۆ، لەمەراسیمی ماڵئاوایی کردن لە زیاد ڕەحبانی لە کەنیسەی ڕەقاد، فەیروز ئامادەبوو کە ئاپۆڕایەکی گەورەی میوزیککاران، ئاوازدانەران، گۆرانیبێژان، شانۆکاران و هونەرمەندانی بوارەکانی دیکەی هونەر ئامادەبوون. فەیروز، کە گەلێک نازناوی هەیە و هەندێکیان لە ناوی گۆرانییەکانیەوە وەرگیراون، لەوانە: خانمی بەیانیان، دەنگی سپێدە، شاژنی گۆرانی عەرەبی، پاساری خۆرهەڵات، یاسەمینەکەی شام، باڵیۆزی نێو ئەستێرەکان، هاوسێی مانگ و ..هتد زیاد ڕەحبانی (١-١-١٩٥٦ – ٢٦-٧-٢٠٢٥) کوڕی عاصی ڕەحبانی (١٩٢٣-١٩٨٦)، ئاوازدانەر و میوزیکژەنی بەتوانا و بەنێوبانگی لوبنانی و خانمە هونەرمەندی گۆرانیبێژی بەنێوبانگ نیهاد حەدداد کە ناسراوە بە فەیروز (١٩٣٥ - ....) ە. عاصی ڕەعبانی، هاوسەرری فەیروز، برای مەنسوور ڕەحبانی (١٩٢٥-٢٠٠٩) بوو، کە ئەویش ئاوازدانەر و میوزیکژەنێکی بەتوانا و بەنێوبانگ بوو. کە باوکیشیان حەنا ئیلیاس ڕەحبانی، ئاوازدانەر و میوزیژەنێکی بەتوانا و بەنێوبانگ بوو. کە ئەم دوو برایە ناسرابوون بە دوو برا ڕەحبانییەکە. خانەوادەی ڕەحبانییەکان، داهینەری میوزیک و گۆرانیی شانۆیی بوون و قوتابخانەیەکی میوزیکی تایبەت بوون لە جیهانی میوزیک، گۆرانیی و هونەری عەرەبییدا. بەشێک لە گۆرانییەکانی فەیروز، لە ئاواز و میوزیکی زیاد ڕەحبانیین. یەکەم ئاوازی زیاد بۆ دایکی لە تەمەنی ١٧ ساڵییدا بوو، کە یەکێک لە گۆرانییە هەرە بەنێوبانگ و جوانەکانی فەیروزە بە ناوی "سالونی الناس عنک یا حبیبی". هەروەها گۆرانییەکانی "سلم لی، انا عندی حنین ..." شایانی ئاماژەپێدانە، ئەوەی کە لە چاوپێکەوتنێکدا، زیاد ڕەحبانی جگە لە پیانۆ و ڤایۆڵین سەرسامی ئامێری میوزیکی سازە. پێشکەشکارەکەش، دەڵێت ساز سەر بە خێزانی عودە؟ زیاد دەڵێت: نەخێر، چونکە ساز تاڵە ژێیەکانی کانزایین "ئاسنن" وجیاوازە لە عود. پێشکەشکارەکە دەڵێت: ساز ئامێرێکی میوزیکی لە بنەڕەتدا تورکییە. زیاد ڕەحبانی، دەڵێت: نەخێر تورکی نییە و بە بنەڕەت "ئەصڵ" کوردییە.. بەڵام تورکەکان دەیانەوێت بیکەن بە هی خۆیان. بەڵام ساز بە بنەڕەت "ئەصڵ" کوردییە. زیاد ڕەحابی، دوای ماوەیەک لە نەخۆشکەوتنی، بە هۆکاری نەخۆشی بەمۆمبوونی جگەر، کۆچی دواییکرد.
سەرۆکی ئەمریکا، لەنوێترین پەیامیدا دەڵێت لە غەززە برسێتی ڕاستەقینە هەیە، هەوڵدەدەین هەموو بەربەستەکان لاببەین، هەروەها کاردەکەین بۆ ئەوەی خۆراک بگاتە دەستی منداڵان. لەکۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا ڕایگەیاند، لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیران قسە دەکات سەبارەت بارمتەکان و چۆنیەتى ڕزگارکردنیان. ترەمپ، وتى: لە غەززە برسێتی ڕاستەقینە هەیە، دەتوانین ژیانی زۆر کەس ڕزگار بکەین، هەموو بەربەستەکانی غەززە لادەبەین، هەروەها کاردەکەین بۆ ئەوەی خۆراک بگاتە دەستی منداڵان. ناوبراو ئاماژەى بۆ ئەوەکرد کە ئیسرائیل بەرپرسیارێتییەکی گەورەی لە ئەستۆدایە لە گەیاندنی هاوکارییەکان بۆ کەرتی غەززە، ئیسرائیل دەتوانێت زۆر شت بکات کاتێک باس لە گەیاندنی خۆراک دەکرێتە ناو غەززە، خەڵکی لە دووری چەندین کیلۆمەتر خواردن دەبینن و ناتوانن پێی بگەن. سەرۆکى ئەمریکا لەبەشێکى دیکەى پەیامەکەیدا ئەوەى خستەڕوو، مامەڵەکردن لەگەڵ حەماس سەخت بووە، چونکە نایەوێت دەستبەرداری ئەو بارمتانەببن کەلاى ئەوان ماوەتەوە، وتیشى: هەندێک جار دەزانین بارمتەکان لە کوێی غەززەن، بەڵام نامانەوێت هێرشێک ئەنجام بدەین لە ترسی ئەوەی بیانکوژێت، هەندێک کەس دەڵێن ئەوە باجێکە کە دەبێت بدرێت، بەڵام من ئەوە ناڵێم - پێموایە دانیشتوانی ئیسرائیلیش بەو شێوەیە بیرناکەنەوە. ترەمپ جەختى کردەوە، ئێمە کاردەکەین بۆ دامەزراندنی ناوەندی خۆراک لە کەرتی غەززە، پارە دابین دەکەین، وڵاتانی دیکەش لەگەڵمان دەبن، ناوەندەکانی دابەشکردنی خۆراک لە کەرتی غەززە بەبێ سنووردارکردن کراوە دەبن. وتیشى: دۆخی کەرتی غەززە ترسناکە، هیوادارین خۆراک بگاتە ئەو کەسانەی کە شایەنیەتی، لەگەڵ نەتانیاهۆ قسەم کردووە، ئێمەش کار لەسەر پلانەکان دەکەین سەبارەت بە غەززە، لەگەڵ سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا قسەم کرد و بەڵێنم دا کە بەشداری بکەم لە دابینکردنی پێداویستییە مرۆییەکانی غەززە. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ئێمە ئاگربەست لە غەززەمان دەوێت و بەوپەڕی خۆشحاڵییەوە چاوەڕێی خۆراکدانی خەڵکی ئەوێین، پارەیەکی زۆرمان دا بە غەززە و کەس یەک وشەی سوپاسگوزاریمان بۆ نەگوت. وتیشى: منداڵانی غەززە دەبێت دەستبەجێ دەستیان بە خۆراک و سەلامەتی بگات، ژمارەیەکی زۆر لە بارمتە ئیسرائیلییەکانمان لە کەرتی غەززە ئازاد کرد، کە بەشێکی زۆریان سەردانی کۆشکی سپییان کرد دەرهێنانی ئەو بارمتە لە غەززە ئەستەمە.
