پێنجی ئۆكتۆبەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە سوریا بەڕێوەدەچێت

3 كاتژمێر لەمەوپێش



لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەكانی سوریا، وادەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی گەل (پەرلەمان)ی لە بازنەكانی هەڵبژاردنی پارێزگاكان راگەیاند. 

یەكەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی دوای كەوتنی رژێمی بەشار ئەسەد، بەپێی ئەوەی لیژنەكە بڕیاری لێداوە رۆژی 5ی ئۆكتۆبەری ئایندە بەڕێوەدەچێت. 

لیژنەی هەڵبژاردنەكانی سوریا وەكو خۆی دەڵێ پشتبەست بە حوكمەكانی (راگەیاندنی دەستوری)و (مەرسومی ژمارە 66ی ساڵی 2025و مەرسومی ژمارە 143ی ساڵی 2025) وادەی هەڵبژاردنەكەی دیاریكردووە. 

یەكەم هەڵبژاردنی دوای كەوتنی ئەسەد، ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی كورد لە باكوری رۆژهەڵاتی سوریاو پارێزگای سوەیدای (دروزنشین) ناگرێتەوە، بەبەهانەی ئەوەی ئەم ناوچانە نائارامن بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن، ئەمەش لەكاتێكدایە هێشتا گفتوگۆی كوردو دەسەڵاتی نوێی سوریا لە دیمەشق نەگەیشتوەتە چارەسەری بنەڕەتی.

پێشتر لیژنەی باڵای هەڵبژاردنی پەرلەمانی سووریا رایگەیاندبوو بەهۆی "ئاڵنگاریی ئەمنی"، هەڵبژاردنی ئەندامانی ئەنجوومەنەکەیان لە پارێزگەکانی حەسەکە، رەقە و سوەیدا دواخستووە. 

بڕیارە پێنجى مانگی ئۆکتۆبەر سووریا بە پڕۆسەی هەڵبژاردنی ناڕاستەوخۆ، ئەندامانی نوێی پەرلەمانەکەی هەڵبژێرێت. سێیەکی ئەندامانی ئەنجوومەنەکە لەلایەن ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری قۆناخی راگوزەرەوە دەستنیشان دەکرێن.
 
کۆی گشتیی ئەندامان 210 کەسە و بەگوێرەی ژمارەی دانیشتووان بەسەر پارێزگاکاندا دابەش دەکرێن.
 
پارێزگای سوەیدا کە زۆرینەی دانیشتووانی دروزن، مانگی تەممووز، تووندوتیژیی خوێناویی بەخۆیەوە بینی؛ بەگوێرەی دوایین ئاماری روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، زیاتر لە هەزار و 600 کەسی تێدا کوژران، کە زۆرینەیان دروز بوون.
 
سەرەڕای راوەستانی تووندوتیژییەکان، دۆخی ئەمنی لە پارێزگاکەدا هێشتا ئاڵۆزە.
 
شەڕەکەی تەممووز بە پێکدادانی نێوان چەکدارانی دروز و چەکدارانی هۆزە دەشتەکییەکان دەستیپێکرد، دواتر هێزەکانی حکومەت دەستوەردانیان کرد و پەرەیسەند بۆ پێکدادانی خوێناوی.
 
پارێزگاکانی رەققە و حەسەکە لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەردان. 
 
بەڕێوەبەرایەتییەکە پەیوەندییەکی ئاڵۆزی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی نوێی دیمەشقدا هەیە، سەرەڕای ئەوەی لە 10ی ئاداردا رێککەوتنێکیان بۆ یەکخستنی دامەزراوە سڤیل و سەربازییەکان واژۆ کرد، بەڵام بەهۆی ناکۆکیی نێوانیانەوە، هێشتا بڕگەکانی جێبەجێ نەکراون.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار