عەلى حەمەساڵح: حەزدەم کاک شاسوار ئازاد بکرێت

2 كاتژمێر لەمەوپێش
بڕیاردەرى ڕەوتى هەڵوێست باس لەوەدەکات، ئەگەر کەفالت شمولى ئازادکردنى کاک شاسوار دەکات، حەزدەکەم ئێستا ئازاد بکرێت و مافى خەڵک بداتەوە، چونکە من بەرگرى لەمافى هاوڵاتیان دەکەم،.
لەچاوپێکەوتنێکى رۆژنامەوانیدا عەلى حەمەساڵح بڕیاردەرى ڕەوتى هەڵوێست و ئەندامى پەرلەمانى کوردستان لەسەر دەستگیرکردنى شاسوار عەبدولواحید دەڵێت: زۆر بەڕوونى بیڵێم ئەو بەشەى کە پەیوەندى بەمافى خەڵکەوەیە قسەى لەسەر بکەم ئەگەر کەفالت شمولى ئازادکردنى کاک شاسوار دەکات، حەزدەکەم ئێستا ئازاد بکرێت و مافى خەڵک بداتەوە، چونکە من بەرگرى لەمافى هاوڵاتیان دەکەم، بەڵام ئەگەر بەشێکى پەیوەندى بەسیاسەتەوەیە من دیفاع لەو دەکەم.
هەروەها دەشڵێت: بەڵام کاک شاسوار ئەو هەڵەى خۆى بووە ئێستا واى بەسەرهاتووە، هەڵەیە تۆ پارتى و یەکێتى نەناسیت و پێت وابێت دوو هێزى دیموکراتن بەقەدەر قەتەر زەویت دەدەنێ و نزیکەى ٥٠ ملیار دینار قەرزیشت دەدەنێ هیچیشت لێوەرناگرنەوە، خەڵکیش بچێت بۆ دادگا سکاڵاکەى وەرنەگیرێت لەسەرت.
سێشەممە 2ـی 9ـی 2025، دادگای سلێمانی لەسەر سکاڵای ئەندامێکی پێشووی پەرلەمانی کوردستان، شاسوار عەبدولواحیدی بە پێنج مانگ زیندانیکردن سزادا.
ئەمە لەکاتێکدایە کە 10 دۆسیەی دیکە ماوە سەبارەت بە شاسوار عەبدولواحید یەکلایی ببنەوە. شەوی 12ـی 8ـی 2025، شاسوار عەبدولواحید بە فەرمانی دادوەر و بەپێی مادەی 431 لە یاسای سزادانی عیراقی دەستگیرکرا.
دواتر لە رۆژانی 21 و 28ـی 8ـی ئەمساڵ دوو جار دانیشتنی دادگا بۆ یەکلاکردنەوەی دۆسیەی شاسوار عەبدولواحید دواخرا، ئەمرۆش سێهەم دانیشتنی دادگا ئەنجامدرا و شاسوار عەبدولواحید بە پێنج مانگ زیندانیکردن سزادرا.
پێشتریش حاکم سەڵاح حەسەن وتەبێژی دادگای سلێمانی راگەیاندبوو: پڕۆسەی دادگاییکردنی شاسوار عەبدولواحید بەپێی یاسای سزادانی عیراقی بەڕێوەدەچێت و هەموو مافێکی تۆمەتبار پارێزراوە، هەروەها جیاوازی لەنێوان هیچ تۆمەتبارێکدا نییە و دادگا بێلایەنی خۆی لەدەست نادات.

