هەسەدە: حكومەتی سووریا خۆی لەبەرپرسیاری دەدزێتەوە

2 كاتژمێر لەمەوپێش
قەسەدە بڵاوی كردەوە، وەزارەتی بەرگری حکومەتی کاتی سووریا هەوڵی خۆدزینەوە دەدات لە بەرپرسیارێتی کۆمەڵکوژییەکەی شەوی ڕابردوو لە دێرحافر ڕاستییەکان دەشێوێنێت، خۆبەڕێوبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریاش بە تووندی سەرکۆنەی ئەو کۆمەڵکوژییەی کرد وچەکدارانی سەربە حکومەتی کاتیی دیمەشقی تۆمەتبارکرد.
ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات-قەسەدە لە ڕاگەیەندراوێكدا وەڵامی بانگەشەكانی وەزارەتی بەرگری حکومەتی کاتیی سووریا دەدەنەوە.
لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە، ئەوەی لەلایەن بەشی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی وەزارەتی بەرگریی حكومەتی كاتی سوریاوە بڵاوکراوەتەوە، سەبارەت بەو تاوانەی کە لەلایەن گرووپە چەکدارەکانیان بەرانبەر بە هاوڵاتیانی مەدەنی لە گوندی ئوم تینە لە ناوچەی دێرحافر کراوە، جگە لە هەوڵێکی ئاشکرا بۆ خۆدزینەوە لە بەرپرسیارێتی تاوانەکە شتێكی دیكە نییە.
دەشڵێن، ئەم گێڕانەوە شێواو و ئینکارییەی ئەو وەزارەتە ڕەنگدانەوەی سەرلێشێواویی وەزارەتی بەرگرییە و تەنها گوزارشت لە هەڵمەتێكی میدیایی ناکات، بەڵکو بە مانای بێبایەخکردنی ئاشکرای ژیانی هاوڵاتیانی مەدەنی سووریا و شکستخواردنی ئەو وەزارەتەیە لە لێپرسینەوە لە چەکدارەکانی خۆی.
هەروەها، لەلایەكی دیكەوە خۆبەڕێوبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە بەیاننامەیەکدا ئەو کۆمەڵکوژییەی بەتوندی سەرکۆنەکرد، کە چەکدارانی حکومەتی کاتی سوریا لە گوندەكانی دێرحافر ئەنجامیاندا و داوایانكرد ئەنجامدەرانی ئەو كۆمەڵكوژییە ڕووبەڕووی دادگا بکرێنەوە و سزابدرێن.
جێگای ئاماژەیە، درەنگانی شەوی ڕابردوو چەکدارانی سەر بە حکومەتی کاتیی سوریا و گرووپەکانی نزیک لە دەوڵەتی تورک لە دێرحافر کۆمەڵکووژییان ئەنجامدا، کە بوو بە هۆی شەهیدبوونی حەوت کەس و برینداربوونی چواری دیکە کە زۆربەیان ژن و منداڵن.

