تۆڕی 19: بەكام بەندی یاسا كۆنگرەی رۆژنامەگەری قەدەغە دەكەن؟

7 كاتژمێر لەمەوپێش



ڕێگریكردن لە كۆنگرە ڕۆژنامەوانیەكان لە هەولێرو سلێمانی، بەبێ پاساوێكی یاسایی ڕوون، پێشێلكردنی ئازادی ڕادەربڕینە، داوا دەكەین مەرجی بوونی مۆڵەت بۆ كۆنگرەی رۆژنامەگەری لە شوێنی كراوەو داخراودا لاببرێت و رێكخراوەكان ئازادانە و بێ سەركوتكردن كاری خۆیان ئەنجامبدەن.

بەیانی رۆژی شەممە 20ی ئەیلولی 2025، بڕیاربوو رێكخراوی پیشەیی مامۆستایان، دەستەی باڵای مامۆستایانی پێشەنگ، دەستەی داكۆكیكردن لە مافی مامۆستایانی،لە باخچەیەك لە بەرامبەر پەرلەمانی كوردستان كۆنگرەیەكی رۆژنامەگەری رێكبخەن، یاداشتێك بخوێننەوە كە داخوازی پیشەیی مامۆستانی لە خۆ گرتوە، هێزە ئەمنییەكان رێگریان لێكردن.

مەغدید حاجی لە رێكخراوی پیشەیی مامۆستایان بە تۆڕی 19ی راگەیاند" هێزی ئەمنی بڵاوەی پێكرابوو نەیانهێشت كۆنگرەكە بكەین و رێگەیشیان نەدەدا رۆژنامەنووسان لێمان نزیكببنەوە"ووتی" كۆنگرە رۆژنامەگەرییەكەمان بردە شوێنێكی ترو یاداشتەكەمان خوێندەوە" 

هەروەها لە 9ی ئەیلولی 2025، بڕیاربوو ڕێكخراوی كوردستانی كۆنگرەی ئازادی و گۆڕانكاری، لە پاركی نالی شاری سلێمانی، كۆنگرەیەكی رۆژنامەگەری ببەستن، هێزە ئەمنییەكان بە پاساوی نەبوونی مۆڵەت، رێگەیان نەدا چالاكییەكەیان ئەنجامبدەن.

بەها عومەر بە تۆڕی 19ی ووت "ئامانجمان داكۆكیكردن لە ئازادی و ئەمنیەتی ئەم شارە هەستكردنتان بە بەرپەسیاریەتی و هەلوێست نیشاندانتان بۆ بەرگری كردن لە ئازادی بەڵام رێگەیان نەداین و چوینە شوێنێكی كۆنگرەكەمان ئەنجامدا"

ئەو دوو چالاكییە گردبوونەوەی گشتی نەبوون بە مەبەستی خۆپیشاندان، مانگرتن، پەناگیری، وەك لە ماددەی یەكی یاسای ژمارە 11ی ساڵی 2010، رێكخستنی خۆپیشاندان هاتووە تا رێكخەرانی داوای مۆڵەت لە لایەنی پەیوەندیدار بكەن، ئەوانیش قبوڵ یان رەتیبكەنەوە، بەڵكو كۆنگرەی رۆژنامەگەری بوون بە ئامانجی گەیاندنی پەیامی كۆمەڵی هاوڵاتی بوون بۆ بەرپرسانی حكومەتی هەرێم.
یاسای ژمارە (11)ی ساڵی 2010 بۆ ڕێكخستنی خۆپیشاندان، تیشك دەخاتە سەر خۆپیشاندان و ڕێپێوان و كۆبوونەوە لە شوێنە گشتیەكان، بەڵام باسی لە كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكان نەكردوە، كەچی ئێستا لە زۆربەی شارەكانی هەرێمی كوردستان، نەك لە شوێنی كراوەدا بەڵكو لە هۆڵی داخراویشدا دەزگانی ئاسایش داوای مۆڵەت دەكەن، دەیخەنە چوارچێوەی ئەو یاسایەوە.
تۆڕی هاوپەیمانی19 رایدەگەیەنێت: ڕێگریكردن لە كۆنگرە ڕۆژنامەوانیەكان لە هەولێرو سلێمانی، بەبێ پاساوێكی یاسایی ڕوون، پێشێلكردنی ئازادی ڕادەربڕینە، داوا دەكەین مەرجی بوونی مۆڵەت بۆ كۆنگرەی رۆژنامەگەری لە شوێنی كراوەو داخراودا لاببرێت و رێكخراوەكان ئازادانە و بێ سەركوتكردن كاری خۆیان ئەنجامبدەن.
تۆڕی 19 لە لایەن كۆمەڵێك رێكخراو داكۆكیكارانی مافی مرۆڤ دامەزراوە، سەنتەری میترۆ سەرپەرشتی دەكات، داكۆكی لە پرنیسپەكانی جاڕنامەی گەردوونی مافی مرۆڤ و بەڵگەنامە نێودەوڵتەییەكانی تری تایبەت بە ماف و ئازادییەكان دەكات، بە تایبەتیش بەندی 19ی جاڕنامەی گەردوونی مافی مرۆڤی نەتەوە یەكگرتووەكان.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار