سلێمانیی و هەولێر جێگەیان گۆڕیوەتەوە

4 كاتژمێر لەمەوپێش



ڕابون مەعروف

ساڵانی نەوەتەکانی سەدەی پێشو، لە گەرمەی جەنگی ناوخۆ، هەولێر شارێکی هیلاك و شەکەت و ماندو بو. لە روی کۆمەڵایەتی و شێوازی ژیانەوە، پارێزگار و جۆرێك داخراو بو. ئیسلامیە توندڕەوەکان، ئەو شارەیان کردبوە مۆڵگە و لەوێوە ئایدیای توندڕەویی و تیرۆریان بە کوردستانا بڵاودەکردەوە. چەندان کەس “مامۆستای زانکۆ، ئەکتیڤیستی چەپ، مژدەبەریی مەسیحی و .. تد” لەسەر ڕا و بۆچون تیرۆرکران. 

من ئەو سەردەم ئەکتیڤیست و قوتابی، زانکۆ بوم. ئێمەمانان قەلەقی ئەوە بوین، هەولێر بگۆڕێت بۆ شوێنێکی وەك کابوڵ. زنجیرەیەك چالاکی و خۆپیشاندانمان کرد، کە ناونیشانیی سەرەکی ئەمە بو: هەولێر مەکەن بە کابوڵ، کوردستان مەکەن بە ئەفغانستان. لە یەکێك لە خۆپیشاندانەکان، ئاسایشی یەکێتی، لەسەر ئەوەی خۆپیشاندانمان کرد کە کوردستان نەبێت بە ئەفغانستان، دەستگیریان کردم و ١٧ رۆژ لە زیندانی ئاسایش زیندانیان کردم. 

ئەو سەردەم، سلێمانیی سەرچاوەی ئومێد و گەشبینیی بو. بە پێچەوانەی هەولێرەوە، سلێمانی شارێکی کراوەتر و لەخۆگرتر بو. لە هەمو عێراق و کوردستان و ناوچەکە، سلێمانی بەوە بە ناوبانگ بو، کە شارێکی سرك و کراوە و شارستانی ئەوتۆیە، کە دەتوانێت ببێت بە داینەمۆی گۆڕانکاریی مەزن و سەرمەشقی بردنی کوردستان بەرەو شارستانێتی مۆدێرن و هاوچەرخ. 

جێگەی داخە، لە پرۆسەیەکی لەسەر خۆ، لەبری ئەوەی هەولێر و سلێمانی و هەمو کوردستان، پێکەوە، هەڵکشێن بەرەو شێوازیی ژیان و بەهاکانی جیهانی مۆدێرن، بە پێچەوانەوە، سلێمانیی و هەولێر جێگەیان گۆڕییەوە! ئیتر سلێمانیی کراوەتە مۆڵگەی تیرۆریی فیکریی و ئیرهابیی ئاینیی. ئەو ئیرهاب و تیرۆرە فیکریەی لە سلێمانیی رێگەی پێدەدرێت و پشتیوانیی دەکرێت و پارێزگاریی لێدەکرێت، تەنانەت لە ئەفغانستانیش رێگەپێدراو نیە. تەنها دیقەت بدەن، لە ئەفغانستان، کە دواکەوتوترین وڵاتی جیهانە، حکومەتەکەی بزوتنەوەی طاڵیبان، بۆ رێگریی لە فەوزا و پشێویی ئاینیی، کتێبی (كتاب التوحيد) ی “محمد بن عبدالوهاب” ی قەدەغە کردوە. بەڵام ئەو کتێبە ترسناکە کە پڕە لە لوغم و تیرۆر و رق و کیراهیەت، لە سلێمانی وەك کۆرس و وانە و بە ڤیدیۆ و لە مزگەوتەکان دەوترێتەوە. 

وڵات و شارەکان، بەرهەمیی روئیا و ئاسۆی سیاسیین. پێناچێت، حاکم و دەسەڵاتدارانی سلێمانیی هیچ دیدەگایەکیان هەبێت و خۆیان و شار و وڵاتیان داوەتە دەست قەدەر. نابێت، هیچیتر ناوچەگەرێتی و شارچێتی و حیزبگەرایی، بێدەنگی و پشتگوێخستن زاڵ بکات. چونکە ئیتر لە سلێمانیەوە، تیرۆر و توندڕەوی نەك هەر بە سەرتاسەری کوردستانا بڵاودەکريتەوە، بەڵکو کاریگەریی خراپی کردوەتە سەر بڵاوکردنەوەی تیرۆر و توندڕەوی لە ناو رەوەندیی کوردی لە دەرەوەی وڵات. کورد و کوردستان شایستەی حوکمڕانیی و شێوازی ژیانی شارستانیی و مۆدێرنن. ئەمڕۆ فریای سلێمانیی و کوردستان نەکەون، سبەی درەنگ دەبێت!.. لِّقَوْمٍ يَعْقِلُونَ

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار