تۆڕی هاوپەیمانی 19: پشتیوانی لە د. یونس راوی دەکەین

2 كاتژمێر لەمەوپێش



فكر دادگایی ناكرێت

سلێمانی، 13ی كانوونی یەكەمی 2025: تۆڕی هاوپەیمانی 19 پشتیوانی خۆی بۆ د.یونس راوی رادەگەیەنێت، داوا لە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات هەوڵی فیكریی رۆشنبیران ڕێزی لێ بگیرێت و نەبێتە مایەی هەڕەشە بۆ خۆی و كەسوكاری و رێگە نەدات دەنگی داهێنەرانمان كۆتوبەند بكرێت، جەختدەكەینەوە فكر بە فكر وەڵام دەدرێتەوە نەك بە دادگایی كردنی.
د.یونس ڕاوی، نووسەر و پسپۆری یاسایی و ئەكادیمییە لە بواری شەریعە و فەلسەفە، رەخنەگرێكی دیارە لە هەڵوێست و بیكردنەوەی ئیسلامی سیاسی، شەوی 11ی كانوونی یەكەمی 2025، لە رێی گرتەیەكی ڤیدیۆیی لە لاپەڕەی خۆی لە فەیسبووك، نامەیەكی كراوەی بۆ سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران نارد.

دەڵێت "ماوەی 7 ساڵە لە رێگەی دامودەزگای ئەمنی هۆشداری دەدرێت و كەسوكارم سەغڵەت دەكرێت لەسەر نوسینەكانم، هەراسانكردن و بەرتەسكردنەوەی ئازادی بیركردنەوە لەسەر نوسینەكانم بەسە كە مافێكی نێودەوڵەتیە و دەستوری عێراقیش ئەم مافەی پاراستووە"

تۆڕی هاوپەیمانی 19 كە سەنتەری میترۆ سەرپەرشتی دەكات پەیوەندی بە د.یونس ڕاوی كرد، لە بارەی جۆری هەراسان و هەرەشەكان پرسیاری لێكرد، باسی لەوەكرد كە لە هەولێر و دهۆكەوە ئاگاداركراوەتەوە كە داوای یاسایی لەسەرە تەنانەت كاتێك سەردانی بەرێوبەرایەتی كارتی نیشتمانی هەولێری كردووە، پێیان راگەیاندووە كە داواكراوە پاشان دوو كەس بە بەرگی مەدەنییەوە ویستویانە دەستگیری بكەن. گووتی" ئێستا لە پۆلیسی دهۆكەوە بە پێی مادەی 372 و داواكراوم بچمە بەردەم دادوەر تەنانەت فەرمانی دەستگیركردنیشم بۆ دەرچووە" پرسیاری كرد، "بۆ لە دهۆكەوە؟ تێناگەم "جەختیكردەوە"، تەنانەت پەیوەندی بە ماڵی باوكم كراوە، بێزاركراوە پێی دەڵێن كوڕەكەت فەرمانی دەستگیركردنی هەیە و دێین ماڵەكەتان دەپشكنین" 
د.یونس ڕاوی دەپرسێت بەرتەسکكردنەوەی ئازادییەكانی لە لایەن حكومەتی هەرێمەوە چیمان پێ دەڵێت؟ وڵات جێبهێڵین بۆ ئیرهابی فكری و خورافە؟ 

لە ماددەی 372 ماوەی سێ ساڵ سزا یان غەرامەكردن بۆ ئەو كەسانە داندراوە كە بە ئاشكرا سوكایەتی بە بیروباوەڕی ئایینی دەكەن یان ڕێوڕەسمەكانی بێزراو دەكەن. 
هەروەها گووتی، "ئەوەی ئاگاداری بیركردنەوەی فەلسەفی و ئەدەبی و قانونی و ئاینی من بێت دەزانێت من لە رەخنەكانمدا كەلێنێكی یاساییم جێنەهێشتووە و دەزانم چی دەڵێم و نابێ رەخنەگرتن وەك ناوزڕاندن تەماشا بكرێت" 

تۆڕی 19 جەختدەكاتەوە كە ئازادی ڕادەربڕین و بیركردنەوە و داهێنان لە ڕێككەوتننامە نێودەوڵەتییەكان، وەك جاڕنامەی گەردوونی مافەكانی مرۆڤ، ئەم ئازادییانە وەك مافی بنەڕەتی چەسپاندووە و تەماشا دەكرێن. 

كاتێك ئەم ئازادییانە پارێزراو بن ئەدەب و زانست و هونەر و فەلسەفە گەشە دەکەن. داهێنان دەبێتە پردێك بۆ گفتوگۆ، بیركردنەوە دەبێتە ئامرازێك بۆ بەرەنگاربوونەوەی نەزانی و دواكەوتوویی.

دەبێت دەنگی داهێنەرانمان ببیسترێت و كۆتوبەند نەكرێت و هەوڵی فیكریی بیرمەند ڕێزی لێ بگیرێت و نەبێتە مایەی هەڕەشە بۆ خۆی و كەسوكاری.
تۆڕی 19 لە لایەن كۆمەڵێك رێكخراو داكۆكیكارانی مافی مرۆڤ دامەزراوە، سەنتەری میترۆ سەرپەرشتی دەكات، داكۆكی لە پرنیسپەكانی جاڕنامەی گەردوونی مافی مرۆڤ و بەڵگەنامە نێودەوڵتەییەكانی تری تایبەت بە ماف و ئازادییەكان دەكات، بە تایبەتیش بەندی 19ی جاڕنامەی گەردوونی مافی مرۆڤی نەتەوە یەكگرتووەكان.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار