ئەڵمانیا کەوتووەتە خۆی و ئامادەکاری بۆ جەنگ دەکات
2 كاتژمێر لەمەوپێش
بەرپرسانی وڵاتەکە ترسیان لێنیشتووە و بە بودجەی زەبەلاح چەک دەکڕن
خزمەتی سەربازی لە ئەڵمانیا دوای 14 ساڵ گەڕێنرایەوە
ئامادەکردنی هاوڵاتی
ئەڵمانیا بەتەواوی خۆی بۆ جەنگ ئامادە دەکات و بەرپرسانی وڵاتەکە بڕوایانوایە جەنگ لەگەڵ رووسیا بێگومان روودەدات.
ئەو پیاوەی گەورەترین ترسی لێ نیشتووە لە ئەڵمانیا بۆریس پیستۆریۆس، وەزیری بەرگریی ئەڵمانیایە کە چەندین جار هۆشداری داوە و گوتوویەتی: دەبێت تاوەکو 2029 خۆمان بۆ جەنگ ئامادەبکەین.
هەنگاوەکانی ئەم دواییەی ئەڵمانیا بەتەواوی ئامادەکارییە بۆ جەنگێکی درێژخایەن، بەوپێیەی چەند رۆژێک لەمەوبەر سیستمی بەرگریی ئاسمانی ئارۆی ئیسرائیلی جێگیرکرد، کە سیستمێکی زۆر پێشکەوتووە و لە جەنگی 12 رۆژەی ئیسرائیل و ئێراندا سیستمەکە تواناکانی خۆی سەلماند چونکە بەشێکی زۆری مووشەکەکانی ئێرانی لە دوورییەکی زۆرەوە خستەخوارەوە.
ئەڵمانیا ئەم سیستمەی لە سێ ناوچەی باکور، باشور و ناوەراستی وڵاتەکە جێگرکرد بۆ ئەوەی ببێتە قەڵغانێکی تەواوەتی بەسەر وڵاتەکەیەوە دژی مووشەکە مامناوەند مەودا و دوور مەوداکانی رووسیا. تێچووی سیستمەکە چوار ملیار و 18 ملیۆن دۆلارە و بەوە ناسراوە کە دەتوانێت لە دووری هەزار کیلۆمەترەوە هەست بە هەر مووشەکێک بکات و بیخاتەخوارەوە، مەودای بڕینی مووشەکەکانی سیستمەکەش دوو هەزار 400 کیلۆمەترە.
ئەوەی ئەڵمانیا خەریجیکردووە لەم سیستەمەدا بەشێکی زۆر کەمە، چونکە پەرلەمانی وڵاتەکە بەنیازە بە یەک گوژمە رەزامەندی لەسەر خەرجکردنی 52 ملیار دۆلار بدات بۆ کڕینی چەک و پێداویستی جەنگ کە ئەمە زەبەلاحەترین بودجەیە پەرلەمانی ئەڵمانیا بە یەک جار رەزامەندی لەسەر بدات بۆ وەزارەتی بەرگریی وڵاتەکە.
هەر ئەمەش نییە، بۆریس پیستۆریۆس بەجۆرێک کەوتووەتە خۆی کە یەکێک بوو لەوانەی بەرگریی لە گەڕانەوەی خزمەتی سەربازی دەکرد، هەر بۆیە پەرلەمانی وڵاتەکە دوای 14 ساڵ، لە سەرەتای ئەم مانگەوە پرۆژەیاسای خزمەتی سەربازی خۆبەخشی پەسەندکرد و لەمەودوا هەر هاووڵاتییەکی ئەڵمانی سەروو 18 ساڵ بە رەزامەندی خۆی دەتوانیت خزمەت بکات.
بەڵام حکومەتی ئەڵمانیا تاوەکو تەمووزی 2027 رێگە بەمە دەدات و ئەگەر بزانێت کەم کەس بەدەم داواکەوە هاتوون ئەوا کارەکە دەکاتە زۆرملێ و دەبێت هەموو کەسێکی سەروو 18 ساڵ
پشکنین بۆ خزمەتی سەربازیی بکات بۆ ئەوەی ئەگەر جەنگ هەڵگیرسا راستەوخۆ بچنە سوپاوە و بەزۆرەملێ دەستبکەن بە خزمەتی سەربازی.
سوپای ئەڵمانیا 182 هەزار کارمەند و سەربازی لەئێستادا هەیە و پیستۆریۆس چاوی لەوەیە تا ساڵی داهاتوو 20 هەزار سەرباز زیاد بکات و تاوەکو 2023ـیش ژمارەی سەربازانی وڵاتەکەی بگەیەنێتە 260 هەزار.
چەند مانگێک لەمەوبەر ئەڵمانیا رەزامەندی یەکێتی ئەوروپای وەرگرت بۆ خەرجکردنی 500 ملیار یۆرۆ لە ژێرخانی بەرگریی لەماوەی چەند ساڵێکدا. بەرلین بەنیازە بودجەی بەرگرییەکەی بگەیەنێتە 108 ملیار یۆرۆ و تاوەکو ساڵی 2029ـش ئەو بڕە دەگەیەنێتە 150 ملیار یۆرۆ. ئەڵمانیا ئاسمانی وڵاتەکەشی لەبیرنەکردووە و داوای 15 فڕۆکەی ئێف-35ـی ئەمریکی کردووە، پێشتریش 35 فڕۆکەی جەنگی هەمان جۆری لە ئەمریکا داواکردبوو.
ئەم خەرجییانە بەشێکی زۆری بە بە فشاری دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکایە، کە لە هاوپەیمانەکانی ناتۆ تووڕەیە و دەڵێت بودجەی بەرگرییان کەمە. ترەمپ هێندە لە ئەوروپییەکان تووڕەیە کە فەرامۆشی کردوون و لەنوێترین لێدوانیشدا گوتی، وڵاتە ئەوروپییەکان لە پوکانەوەدان و لاواز بوون.
روسیا و ئەوروپییەکان یەکتری بەوە تۆمەتبار دەکەن کە دەیانەویت جەنگی ئۆکراین فراوانتر بکەن. ڤلادمیر پوتین، سەرۆکی روسیا، چەند رۆژێک لەمەوبەر لەسەر ئەو بابەتە هەڕەشەيەکی تووندی لە وڵاتە ئەوروپییەکان کرد و گوتی: ئێمە لە ئۆکراین بەوردییەوە مامەڵە دەکەین، ئەوەی دەیکەن جەنگێکی راستەوخۆ نییە، ئەگەر ئەوروپا بیەوێت جەنگ هەڵبگیرسێنێت ئەوا ئێمە ئامادەین و دۆخێک دێتەئاراوە کە کەس نەبێت دانوستانی لەگەڵ بکەین.
