لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆک وەزیران پێداویستیی پزیشکی گەیەندرایە چەمچەماڵ
2 كاتژمێر لەمەوپێش
سامان بهرزنجی، وهزیری تهندروستیی حكوومهتی ههرێمی كوردستان، به سهردانێكی مهیدانی چووه چهمچهماڵ و له نزیكهوه نهخۆش و بریندارهكانی لافاوهكهی چهمچهماڵ، شۆڕش و تهكیهی بهسهركردهوه.
وەزیری تەندروستی، له لێدوانێكی تایبهتدا به كوردستان24ـی ڕاگهیاند، "لە یەکەم ڕۆژی ڕووداوەکەوە لەگەڵ بەرپرسانی تەندروستیی چەمچەماڵ و سلێمانی لەسەر هێڵ بووین. هەموو بریندارەکان بە سەلامەتی گەیەنرانە نەخۆشخانە و کاری پێویستیان بۆ کراوە، هەندێکیشیان نەشتەرگەرییان بۆ ئەنجام دراوە."
سامان بەرزنجی ئاماژەی بەوەش کرد، پاڵەپەستۆیەکی زۆر لەسەر دامودەزگاکانی تەندروستیی سنوورەکە هەیە بەهۆی وەرزی سەرما و نەخۆشییە وەرزییەکان. گوتیشی: "لەسەر ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حكوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ بڕێکی زۆر باش دەرمان و پێداویستیی پزیشکیمان گەیاندە نەخۆشخانەی گشتیی چەمچەماڵ. هاوکارییەکان نزیکەی 25 تۆن دەبن و دەرمانی فریاکەوتن، نەخۆشییە درێژخایەنەکان، پێداویستیی نەشتەرگەری و تاقیگە لەخۆدەگرن."
ناوبراو باسی لەوەش کرد، بینای نەخۆشخانەی ناحیەی شۆڕش کۆنە و پێویستی بە نۆژەنکردنەوە هەیە. هەروەها هەوڵەکان بەردەوامن بۆ دابینکردنی بودجە بۆ کڕینی دەرمان لە پارێزگای سلێمانی، تاوەکو پاڵپشتییەکان بۆ سنوورەکە بەردەوام بن.
ئەمە لە کاتێکدایە، بەهۆی ئەو شەپۆلەی بارانبارینەی چەند ڕۆژێکە هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە، لافاو لە سەنتەری قەزای چەمچەماڵ و دەوروبەری ڕوویدا و بەهۆیەوە دوو کەس گیانیان لە دەستدا و 12 کەسیش بریندار بوون. هاوکات زیان بە زیاتر لە 500 خانوو و دەیان فەرمانگە و قوتابخانەی سنوورەکە کەوت.
