قایمقامی بازیان: دۆزینەوەی تەرمى ئەندازیارەکە قورسە
2 كاتژمێر لەمەوپێش
گەڕان بەدوای ئەندازیارە بێسەروشوێنەکە لە نزیک بازیان بەردەوامە خۆبەخشەکان دەڵێن لوزەکەی ئەحمەدمان دۆزیوەتەوە، لە پاش ئەو لافاوەی چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستانی گرتەوە، سێ ڕۆژە ئەندازیارێک کە لە شارۆچکەی بازیان بێسەروشوێنە، تاوەکو ئێستا هیچ سۆراغێکی نییە.
ئیسماعیل ئەحمەد، قایمقامی بازیان بە کەناڵ8ـی گوت، ئەو ئەندازیارە ناوی (ئەحمەد حامید)ـە، دانیشتووی بەغدادە و خێزاندارە، بۆ کۆمپانیایەک کاری کردووە لە بازیان بەناوی (ڕۆیاڵ کان)ـە.
گوتیشى "ڕۆژى بارانە زۆرەکە لەکاتی پشوودا بووە لەناو کابینەیەکی تایبەت بەخۆی، لەناکاو لافاو دروستبووەو بەهەر هۆکارێک بێت، کە نازانرێت، کەمتەرخەمى بووە یان بێئاگایی، لافاوەکە بردوویەتی".
ئیسماعیل ئەحمەد، ئاماژەى بەوەشکرد، لەساتی دروستبوونی رووداوەکەوە، تاوەکو ئێستا تیمی غەواس و تیمەکانی دیکەی فریاگوزاری، بەدوای ئەندازیارەکەدا دەگەڕێن، لە ئاکامدا مۆبایلەکەی دۆزراوەتەوە، لەڕێگەی تیمی شارەزاوە توانراوە پاسۆردەکەی ئاشکرابکرێت و پاش پەیوەندیکردن بە هاوسەرەکەی لە بەغداد، دڵنیابووینەوە کە لافاوەکە بردوویەتی و نەگەڕاوەتەوە بۆ ماڵ.
قایمقامی بازیان، دەڵێت، لەڕێگەی هاوسەرەکەیەوە زانیویانە کاتژمێرێکی زیرەکی لەدەستدایە، پاش سەیرکردنی لۆکەیشنی کاتژمێرەکە، دەرکەوت ناونیشانەکەی لە گۆمێکدایە لە گۆپاڵە، پاش ئەوەی چووینەسەر شوێنەکە، دەرکەوت لەوێش نییە.
قایمقامی بازیان، هەرچەندە پڕۆسەکەی بە قورس و گران ناوبرد، بەڵام گوتی " لە گەڕان و پشکنین بەردەوام دەبین تاوەکو دۆزینەوەی تەرمەکەى.
باوکی ئەندازیارەکە قسەی بۆ کەناڵ8 کردووە و چیرۆکی کوڕە ئەندازیارە بێسەروشوێنەکەی دەگێڕێتەوە و لە ڕێگای کەناڵ8ـەوە داوای گەڕانی بەرفراوان بۆ دۆزینەوەى تەرمى کوڕەکەی دەکات.
