كێشەی ئاو و کارەباى (چەمچەماڵ- شۆڕش)  چارەسەركرا 

کاتژمێرێک لەمەوپێش



وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێم، لەئەمشەوەو کێشەى ئاوى خواردنەوەو کارەباى سنورى قەزاى چەمچەماڵ چارەسەرکراوەو ئاسایی بۆتەوە.

وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێمی كوردستان لەڕاگەیەندراوێکیدا دەڵێت: ئەمڕۆ 2025/12/11  بۆ دووەم رۆژ دوای   كاركردنێكی قورس  لە لایەن هۆبەی چاكسازیی هێڵەكان  و ئامێرەكانی بەڕێوەبەرایەتی گواستنەوەی كارەبای سلێمانی كێشەی هێڵی 33 كەی ڤی (چەمچەماڵ- شۆڕش)  چارەسەركرا.

وەزارەتی كارەبا ئەوەش دەخاتەڕوو ئەوەی چارەسەركرا بریتیبوو لە   گۆڕینی  دوو سێت فنجان و  دوو جەمپەر لەگەڵ  دوو سێت بازباڕ،  بەمەش هەردوو لاینی هێڵەكە  گەڕایەوە دۆخی ئاسایی  خۆی و كارەبا بۆ تەواوی قەزای  چەمچەماڵ گەڕایەوە.

سەرۆکی لیژنەی فریاگوزاریی قەزای چەمچەماڵ دەڵێت، دوای 36 کاژێر لە بڕانی، سبەی ئاو دەگاتەوە قەزاکە. ئاماژە بەوەش دەکات، لە دوو رۆژی داهاتوودا پاککردنەوەی گەڕەک و کۆڵانەکانی چەمچەماڵ لە پاشماوەی لافاو، تەواو دەبێ.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 11-12-2025، عەتا محەممەد، سەرۆکی لیژنەی فریاگوزاری و گەشەپێدانی مرۆیی قەزای چەمچەماڵ لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا سەبارەت بە زیانەکانی لافاو رایگەیاند، لەسەر راسپاردەی جێگری سەرۆکوەزیران، دوو لیژنە بە مەبەستی فریاگوزاری و دەستنیشانکردنی لایەنی کەمتەرخەم لەکاتی روودانی لافاوەکە، هەروەها گەشەپێدانی قەزای چەمچەماڵ لە درێژخایەندا، پێکهێنراون.

بەگوتەی عەتا محەممەد، بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی چەمچەماڵ، سەرەتا دەست بە پاککردنەوەی پاشماوەی لافاوەکە دەکرێ، ''بۆیە ئەمڕۆ لیژنەیەکی تایبەت لەگەڵ سەرۆکایەتیی شارەوانی، بە 110 ئامێر و 250 کرێکار لە چەمچەماڵ، شۆڕش، تەکیە، ئاغجەلەر و گۆپتەپە دەستیان بە کار کردووە و تاوەکو پاککردنەوەی تەواوی ماڵەکان، گەڕەک و کۆڵانەکان، لە کارکردن بەردەوام دەبن.'' 

وەک سەرۆکی لیژنەی فریاگوزاری و گەشەپێدانی مرۆیی قەزای چەمچەماڵ دەڵێت، بەیانی یان دووبەیانی، پاککردنەوەی ماڵ، گەڕەک و کۆڵانەکان تەواو دەبێ و دواتر دەست بە پاککردنەوەی شوێنە گشتییەکان و شەقامەکان دەکرێ.

جیا لە لایەنە حکومییەکان، ژمارەیەک رێکخراوی مەدەنی و خێرخوازی پاڵپشتیی خۆیان بۆ زیانلێکەوتووانی لافاوەکە و گەیاندنی هاوکاری دەربڕیوە. عەتا محەممەد ئاماژەی دا، ''هەر دوو یان سێ رێکخراو نێردراونەتە زۆنێکەوە، بۆ ئەوەی سەرجەم ئەو کەرەستە و پێداویستییانەی هێناویانە، دادپەروەرانە بەسەر ماڵەکاندا دابەش بکرێن کە پێکهاتوون لە راخەر، کەلوپەلی نێوماڵ، سۆپا، نەوت، جلوبەرگ، دۆشەک، بەتانی و سەرین.''

سەرۆکی لیژنەی فریاگوزاری و گەشەپێدانی مرۆیی چەمچەماڵ ئەوەشی خستەڕوو، دوێنێ ژمارەیەک رێکخراو پارەیان بەسەر زیانلێکەوتوواندا دابەش کردووە، ''بەڵام لەبەر ئەوەی هەستمان کرد پڕۆسەکە کێشەی تێدایە، داوامان کرد پێداچوونەوە بە پلانەکانیاندا بکەن و بەگوێرەی لیستی زیانلێکەوتووان کە لە گەڕەکەکان تۆمار کراون، کار بکەن.''

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار