وەزارەتی کشتوکاڵ: لە هەموو هەرێمی کوردستان پەڵەی داوە

4 كاتژمێر لەمەوپێش



وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو رایگەیاند، لە هەموو ناوچەکانی هەرێمی کوردستان پەڵەی. راشیگەیاند، مەترسیی چاندن نەماوە و جووتیاران دەتوانن بەبێ خەم بەرهەمەکانیان بچێنن.

رۆژی پێنجشەممە 11ـی کانوونی یەکەمی 2025، هیوا عەلی، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هیچ شوێنێکی هەرێمی کوردستان نەماوە کە پەڵەی نەدابێت؛ بەهۆی دوایین شەپۆلی بارانبارینەوە لە هەموو ناوچەکان پەڵەی داوە."

بەگوتەی هیوا عەلی، هەندێک ناوچەی دەوروبەری هەولێر، دەشتی هەولێر و بەشێک لە سلێمانی پەڵەیان نەدابوو، بەڵام لە شەپۆلی ئەمدواییە  لەو ناوچانەش پەڵەی داوە.

لە رۆژی یەکشەممەی رابردووەوە شەپۆلێکی بارانبارین هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە. هیوا عەلی گوتی، "جگە لە بابەتی کشتوکاڵ، ئەم بارانە هەموو بەنداو و سەرچاوە ئاوییەکانی بوژاندووەتەوە. هەروەها مەترسیی دواکەوتنی چاندن لە هیچ شوێنێک نەماوە و بەراورد بە ساڵی رابردوو، بارودۆخی دانەوێڵە و بەرهەمە کشتوکاڵییەکان باشتر دەبێت."
 
بە شێوە زانستییەکەی پەڵە بەو شێوازە دیاریکراوە 'خاکەکە بەهۆی بارانبارینەوە بە قووڵایی 20 بۆ 30 سانتیمەتر تەڕ ببێت.'

جووتیارانیش پەڵەدانیان بەو شێوەیە دیاریکردووە کە "ئەوەندە باران باری بێت لەکاتی کێڵانی زەویدا بە قووڵایی ئەو شوێنەی دەمی گاسنی پێدەگات و هەڵدەگێڕدرێتەوە، خاکەکە تەڕ بووبێت."

مەرج نییە بارانی بەلێزمەی لەناکاو ببێتە هۆی پەڵەدان، چونکە دەکرێت نەچێتە نێو خاک و تەنیا لەسەر زەوی بمێنێتەوە یان بڕوات. بەگشتیش دەکرێت بارینی بەخوڕی هێواش لەنێوان 12 بۆ 20 کاژێر ببێتە هۆی پەڵەدان، چونکە ئەو کاتە خاک زۆرینەی ئاوی بارانەکە هەڵدەمژێت.

ئەم ساڵ بەراورد بە پار لە هەموو پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بڕی باران بارین زیادی کردووە؛
 
ئەم ساڵ: 
پارێزگای هەولێر: 124.51 ملم
پارێزگای دهۆک: 188.58 ملم
پارێزگای سلێمانی: 191.3 ملم 
پارێزگای هەڵەبجە: 220.52 ملم
پارێزگای کەرکووک: 114.9 ملم

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار