وەزیری پەروەردە: قوتابخانە زیانلێکەوتووەکان نۆژەن دەکەینەوە

10 كاتژمێر لەمەوپێش



دوای لافاوەکەی چەمچەماڵ زۆربەی قوتابخانەکان زیانیان بەرکەوت، بەو هۆیەوە تاقیکردنەوەکان لەو سنوورە دواخرا، وەزیری پەروەردەش دووپاتی دەکاتەوە سەرجەم قوتابخانەکان نۆژەن دەکرێتەوە.

ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی قوتابخانە زیانلێکەوتووەکانی لافاو رایگەیاند، لەسەر بڕیاری مەسرور بارزانی هەموو قوتابخانەکان نۆژەن دەکرێنەوە.

وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە هەفتەی داهاتووەوە کاری نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەکان دەستپێدەکات و ئەوەی پێویست بێت بۆ قوتابخانەکانی دابین دەکەن. 

بەهۆی لافاوەکەی قەزای چەمچەماڵ زیانێکی زۆر بەر بینای بەشێک لە قوتابخانەکانی ئەو سنوورە کەوت، بەتایبەت قوتابخانەی قەندیلی بنەڕەتی لە ناحیەی تەکیە، ئالان حەمە سەعید دەستخۆشی لە تەواوی مامۆستایان کرد کە لەم بارودۆخەی لافاوەدا دەوامیان کردووە. 

لەبارەی راگەیاندنی پشوو، وەزیری پەروەردە گوتی، دەسەڵات دراوەتە تەواوی بەڕێوەبەرایەتییەکان بۆ ئەوەی لە کاتی کارەساتی سرووشتیدا، بۆ ماوەی سێ رۆژ پشوو رابگەیێنن.

 د. ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانی ڕایگەیاند، ماوەی سێ ساڵە وەزارەتی پەروەردە دەسەڵاتی داوە بە پەروەردەکان بۆ ڕاگەیاندنی پشوو لە هەر دۆخی نەخوازراو، سەبارەت بەو لافاوەی چەمچەماڵیش چوار ڕۆژ پێش ڕوودانی لافاوەکە بەهەموو ئەندامانی ئەنجوومەنی وەزارەت و بەڕێوەبەرە گشتییەکانمان ڕاگەیاندووە کە دۆخێکی لافاوی ترسناک هەیە، دەسەڵاتتان پێدراوە دەتوانن دەسەڵاتەکانتان بەکار بهێنن.

وەزیری پەروەردە، دەڵێت، تیمێکی ئەندازەی بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی سلێمانی هاتووە بۆ ئەوەی بزانین چەند بودجەی پێویستە تاوەکو نۆژەن بکرێتەوە، سەرۆکوەزیران ئێمەی ڕاسپاردووە هەموو دام و دەزگا پەروەردەییەکان بخەینەوە خزمەت، هەموو قوتابخانەکان نۆژەن دەکرێتەوە و پێداویستی و کتێب بۆ قوتابخانەکان دابین دەکەینەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار