قوباد تاڵەبانی: یەکێتی دەرگای دانەخستووە بۆ پێکهێنانى کابینەی نوێ
6 كاتژمێر لەمەوپێش
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران پەیامی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی گەیاندە کونسوڵی بەریتانیا و رایگەیاند، ئامادەن بۆ گفتوگۆی پێکهێنانی حکومەت بە مەرجی "هاوبەشیی راستەقینە"، هاوکات پلانی حکومەت بۆ زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی گەرمیان و چەمچەماڵ ئاشکرا دەکات.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم پێشوازی لە ئەندرۆ بیزڵی، کونسوڵی گشتیی بەریتانیا کرد. دۆسیەی لافاوەکەی ئەم دواییەی ناوچەکانی چەمچەماڵ و گەرمیان و چۆنیەتی قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووان، تەوەرێکی سەرەکیی دیدارەکە بوون.
لە دیدارەکەدا کونسوڵی گشتیی بەریتانیا پرسە و هاوخەمی خۆی ئاراستەی خانەوادەی قوربانیان و زیانلێکەوتووانی لافاوەکە کرد. لە بەرامبەردا قوباد تاڵەبانی دڵنیایی دا کە حکومەت دەستەوەستان نابێت و هەموو رێوشوێنێکی پێویستی گرتووەتەبەر بۆ ئەوەی خێزانە زیانلێکەوتووەکان بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.
جێگری سەرۆک وەزیران وتیشی: "هەنگاوی پێویست دەگرینەبەر بۆ رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی هەر روداوێکی هاوشێوە لە داهاتوودا."
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆکان بەرەو پرسی پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی هەرێم و عیراق وەرچەرخان.
سەبارەت بە کابینەی نوێی هەرێم، قوباد تاڵەبانی بە راشکاوی هەڵوێستی حزبەکەی بۆ کونسوڵی بەریتانیا روونکردەوە و جەختیکردەوە، یەکێتی دەرگای دانەخستووە و ئامادەیە بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان، بەڵام بە دیدێکی روونەوە کە بریتییە لە "پێکهێنانی حکومەتێک لەسەر بنەمای پرەنسیپی هاوبەشیی راستەقینە کە بەبێ جیاوازی خزمەتی هەموو کوردستان بکات".
سەبارەت بە بەغداش، قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بە سەردانەکەی ئەم دواییەی وەفدی باڵای یەکێتی بۆ پایتەختی عیراق کرد و رایگەیاند، دید و بەرنامەی یەکێتی بۆ لایەنە عیراقییەکان روونکراوەتەوە.
قوباد تاڵەبانی وتی: "جەختمان کردووەتەوە لەسەر پێویستیی پێکهێنانی حکومەتێکی بەهێز، حکومەتێک کە بتوانێت کێشەکانی عیراق و لەناویشیاندا کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا بە لێکتێگەیشتن و بەپێی دەستوور چارەسەر بکات".
