وەزارەتی ناوخۆی هەرێم دواین زیانەکانی لافاوەکەی بڵاو کردەوە

4 كاتژمێر لەمەوپێش



ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە 15ی کانوونی یەکەمی 2025، ئاماری فەرمی زیانەکانی شەپۆلی ئەم دواییەی بارانبارین و لافاوی بڵاو کردەوە. بەپێی ڕاپۆرتەکە، جگە لە گیانلەدەستدانی 5 هاووڵاتی و برینداربوونی 19ی دیکە، زیانی ماددی بە 2376 ماڵ و سەدان پرۆژەی کشتوکاڵی و سامانی ئاژەڵ گەیشتووە، کە پشکی شێری زیانەکان بەر پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی گەرمیان کەوتووە.

ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان دەشڵێت: ئەم داتایانە ئەگەری گۆڕینانیان هەیە، چونکە پرۆسەی تۆمارکردنی زیانەکان کۆتایی پێ نەهاتووە.

پارێزگای هەولێر:

بڕی دابارینی باران لە پارێزگای هەولێر لە ڕێکەوتی (2025/12/8) لە سەنتەری شار (25,6) ملم باران بووە.

ڕێژەی دابارین لە ڕۆژی سێ شەممە ڕێکەوتی (2025/12/9) لە پارێزگای هەولێر (14,1) ملم بووە.

بە شێوەیەکی گشتی زیانێکی وا تۆمار نە کراوە، تەنیا ئاو لە چەند ناوچەیەک کۆبووەوە.

لە گوندی قوشتەپە سەر بە ناحیەی شەمامک، (6) ماڵ ئاو چووەتە ناو ماڵەکانیان.

بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی لێڵی ئاو، زۆربەی ئەو پرۆژانەی کە دەکەونە سەر زێی گەورە بەرهەمهێنانیان ڕاگیراوە، ئەم ڕاگرتنەش بۆ ماوەی (24 تاوەکوو 48) کاتژمێر بەردەوام دەبێت. بۆیە داوا لە هاووڵاتییان کراوە دەست بە ئاوەوە بگرن.

بەهۆی هەورە بروسکەوە (6) پێشمەرگە لە سنووری بالیسان بریندار بوونە، کە برینەکانیان سووکن و (5) لە نەخۆشخانەی ڕانیە چارەسەریان وەرگرتووە و ئێستا گەڕێنراونەتەوە شوێنی خۆیان، و تەنیا یەکێکیان بۆ نەخۆشخانەی سلێمانی ڕەوانە کراوە بە مەبەستی چارەسەر.

لە قەزای تەق تەق زیاتر لە (107) باخ و دانەوێڵەی هاووڵاتییان زیانی بەرکەوتووە و (87) بیری ئاو زیانی بەرکەوتووە، و (14) ماڵ لەو قەزایە زیانی بەرکەوتووە و (78) پرۆژەی ماسیش لەناوچوون کە (379،900) ماسی تێدا بووە، دوو تراکتۆری هاووڵاتیش زیانی پێگەیشتووە.

پارێزگای سلێمانی:

بە شێوەیەکی گشتی بڕی دابارینی باران لە ڕێکەوتی (2025/12/8) نزیکەی (61,3) ملم بووە. بەڵام هیچ زیانێک تۆمار نەکراوە لەو ڕۆژدا.

لە ڕێکەوتی (2025/12/9) دوای نیوەڕۆ بارانێکی بەلێزمە هەمان پارێزگای گرتەوە کە تاوەکوو شەو بەردەوام بوو بڕی دابارین گەیشتە (122,7) ملم، کە بووە هۆی ئەوەی چەندین ماڵ و قوتابخانە لە گەڕەکی ڕاپەڕین ژێر ئاو بکەون، ئاو لە چەندین شەقامی سەرەکی کۆببێتەوە.

بەڵام لە قەزای چەمچەماڵ و ناحیەی تەکیەی و شۆڕش، ڕێژەی دابارینی باران بە شێوەیەکی زۆر بەلێزمە بووە لە ماوەی (4) کاتژمێر لە نێوان (11 نیوەڕۆ بۆ 2ی نیوەڕۆ)ی ڕۆژی سێ شەممە ڕێکەوتی (2025/12/9) بڕی (80) ملم بووە، کە تەنیا لەو ڕۆژەدا (127,1) ملم باران لە چەمچەماڵ و لە تەکیە (173,5) ملم باریووە، کە بووەتە هۆی دروستبوونی لافاوێکی بەهێز لەو ناوچانە.

زیانە سەرەتاییەکان بەم شێوەیەن:

دوو کەس گیانی لەدەستداوە.

(12) کەس بریندار بووە.

یەک کەس بێ سەر و شوێنە.

(600) ماڵ لە قەزای چەمچەماڵ و (600) ماڵ لە شۆڕش و (400) ماڵ لە تەکیە زیانی بەرکەوتووە. و لە پارێزگای سلێمانی و بازیانیش چەندین ماڵ زیانیان بەرکەوتووە.

زیاتر لە (100) دووکان و کۆگا ئاو چووەتە ناویان. و (5) فەرمانگەی حکومی ئاویان تێچووە. و کتێبخانەی چەمچەماڵ زیانێکی زۆری بەرکەوتووە.

کارەبا لە قەزای چەمچەماڵ بڕاوە و هێڵەکانی ئینتەرنێت کێشەیان تێکەوتووە. و بنکەی کەشناسی قەزاکە زیانێکی زۆری بەرکەوتووە.

لە قەزای چەمچەماڵ زیان بە (8) قوتابخانە کەوتووە.

تەنها لە قەزای چەمچەماڵ نزیکەی (200) ئۆتۆمبێل زیانیان پێکەوتووە.

لە ناحیەی شوان بەهۆی لافاوەوە (400) حەوزی ماسی و پرۆژەی ئاوی خاڵخاڵان ژێرئاو کەوتوون.

لە هەرێم کە لە سنووری پارێزگای سلێمانی و قەزای شارەزوور و چەمچەماڵ و دووکان و شارباژێڕ و پێنجوێن، لە ناوەندەکانی خوێندن کراوە بە پشووی فەرمی بۆ ڕێکەوتی (2025/12/9).

دیواری قوتابخانەیەک لە قەزای تەکیە ڕووخاو و زیانێکی زۆر بەر قوتابخانەکە کەوت. و تەواوی دۆسیەی قوتابخانەکە لە ناوچووە.

لە ناحیەی پیرەمەگروون، زیان بە (118) ماڵ کەوتووە و هەروەها (46 دوکان و (12) مەخزەن ئاو چووتە ناوی، و (4) ئۆتۆمبێل و (1) تراکتۆر زیانی پێگەیشتووە. بینایی یانەی وەرزشی پیرەمەگروون ئاوی تێچوو، دیواری مزگەوتی مەلا مەحموود ڕووخاوە.

لە قەزای دوکان (7) ماڵ و (15) دوکان و مارکێت و ڕێستۆرانت زیانیان بەرکەوتووە.

نەخۆشخانەی شەهید غەریب هەڵەدنی و بنکەی پۆلیسی فریاکەوتن ئاویان تێچووە.

بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی زێی بچووک، زیانی ماددی بە گوندەکانی کەپەنک و سماقە و جگیکە و قەرەناو کەوتووە.

پردی مەڵەتەبە لە قەزای ماوەت بەهۆی زۆری ڕێژەی ئاو لەو ناوچەیە، هاتووچۆی ماوەت ئاگاداری هاووڵاتییان دەکاتەوە کە گونجاو نییە بۆ بەکارهێنان.

لە ناحیەی تەکیە لە کێڵگەیەکی پەلەوەر زیاتر لە (15) هەزار جوچکە مرداربووەتەوە بەهۆی لافاوەوە.

ناحیەی قەرەهەنجیر بەپێی خەمڵاندنە سەرەتاییەکان زیاتر لە (10) گوند لە سنوورەکە زیانیان بەرکەوتووە، کە دیارترینینان گوندەکانی (باشبڵاخی سەروو و خواروو، شێخجری، تەییمەزاوا، شێرەدەرە و قەرەوەیس)ن.

لە قەزای دوکان، پردی زەرزی لە نێوان گوندەکانی ناحیە کە سەیرانگەی چەمی ڕێزان ڕووخاوە. ڕێگەی سەرەکی بۆ گوندی شێخ زێنڵ دارماوە، و ڕێگەیەک لە ناو گوندی شاقوڵی تێکچووە.

لە قەزای شارەزوور، (14) ماڵ زیانی بەرکەوتووە و (3) پردیش دارماوە و نەخۆشخانەی شەهید ڕەووف بەگ زیانی پێگەیشتووە

لە بازیان، (91) یەک ماڵ زیانی بەرکەوتووە و (108) خانووی پلاستیکی بە تەواوەتی تێکشکاون و (66) خانووی پلاستیکی ئاو چووتە ناویان و زیانیان بەرکەوتووە

لە قەزای بازیان، (12160) مریشک و (6) پڕۆژەی هەنگی و (33) عەلەشیش و (7) کۆتر و (6) مانگا و (65) سەر مەڕ و بزن خنکاون.

پارێزگای دهۆک:

بە شێوەیەکی گشتی ڕێژەی دابارینی باران لەو پارێزگایە (23,6) ملم بووە لە ڕێکەوتی (2025/12/8) و بارانێکی مامناوەند بووە و هیچ زیانێک تۆمار نەکراوە. و ڕێژەی دابارین لە ڕێکەوتی (2025/12/9) بە بڕی (1,8) ملم بووە.

پارێزگای هەڵەبجە:

بڕی دابارینی باران لەو پارێزگایە لە ڕێکەوتی (2025/12/8) نزیکەی (54) ملم بووە و سوپاس بۆ خوا جگە لە گیرانی چەند ڕێڕەوێکی ئاوی، هیچ زیانێک تۆمار نە کراوە.

ڕێژەی دابارین لە ڕۆژی سێ شەممە ڕێکەوتی (2025/12/9) لە پارێزگای هەڵەبجە (92,5) ملم بووە، و لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن و زانکۆکان پشووی فەرمی ڕاگەیەندراوە. (6) ماڵ لە ناوەندی هەڵەبجە زیانی بەرکەوتووە. کە لە لایەن بەڕێوەبەرایەتی کۆچ و کۆچبەران و وەلامدانەوەی قەیرانەکانی پارێزگای هەڵەبجە هاوکاری کراون. و خاوەن کێڵگەیەکش (8) سەر مەڕ و بزنی خنکاوە.

ئاستی ئاوی ڕووباری سیروان بە ڕێژەیەکی بەرچاو ڕووی لە زیادبوون کردووە.

پارێزگای کەرکووک:

بڕی دابارین لەو پارێزگایە نزیکەی (26,7) ملم بووە لە ڕێکەوتی (2025/12/8)، و لە ڕێکەوتی (2025/12/9) لە پارێزگاکە (39,4) ملم باران باریووە. زیانەکان تا ئێستا بەم شێوەیەن:-

ئاو لە یەکێک لە قوتابخانەکان لە گەڕەکی شۆراوە ئاو چووتە قوتابخانەکە، بەڵام لە ناحیەی لەیلان، گوندی بەیانلوو، یەکێک لە پردەکان ئاو بردوویەتی و لە ئێستادا ڕێگەی کەرکووک – لەیلان داخراوە.

لە گوندەکانی سەر بە ناحیەی لەیلان نزیکەی (400) ماڵ زیانیان پێگەیشتووە.

بەداخەوە منداڵێکی تەمەن (7) ساڵ لە گوندی فرقانی بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی خنکاوە و ئێستا تەرمەکەی لە نەخۆشخانەی لەیلانە.

پردێکی ستراتیجی لە قەزای داقوق دارماوە بەهۆی ئەمەش هاتووچۆی نێوان کەرکووک و بەغدا نەماوە

بەشی پزیشکی دادوەری لە نەخۆشخانەی ئازادی و نەخۆشخانەی شێرپەنجە لە گەڕەکی شۆرجە ئاو چووەتە ناوی و زیانی بەو نەخۆشخانانە گەیاندووە.

ئەمڕۆ ڕێکەوتی (2025/12/10) بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو لە گەڕەکی شۆراوە، ئافرەتێک گیانی لەدەستداوە بەهۆی تەزووی کارەبا.

هەر ئەمڕۆ ڕێکەوتی (2025/12/10) کارمەندێکی شارەوانی لە کاتی کارکردن لە گەڕەکی ڕەحیماوا، کارەبا گرتوویەتی و بەسەختی بریندار بووە.

نزیکەی (35) ماڵ لە گەڕەکی شۆراوە ئاو چووتە ماڵیان و زیانی ماددی زۆری پێگەیاندوون.

ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان

ڕێژەی دابارینی باران لەو ئیدارەیە نزیکەی (50) ملم بووە لە ڕێکەوتی (2025/12/8)، و خۆشبەختانە تەنیا ئاو لە چەند شوێنێکی ئیدارە کۆ بووەتەوە کە دەستبەجێ لە لایەن تیمەکانی فریاگوزاری چارەسەر کراوە و زیانێکی وەهای نەبووە.

بەڵام ڕێژەی دابارین لە دوای نیوەڕۆی ڕێکەوتی (2025/12/9) زۆر بووە کە بە نزیکەیی (76,6) ملم بووە، کە بووەتە دروستبوونی لافاو لە ناحیەی ڕزگاری و کەلار و زیانێکی زۆر هەبووە. کە بەم شێوەی خوارەوە بووە:-

لە ڕێکەوتی (2025/12/10) منداڵێک لەسەر پردێکی ناو کەلار کەوتە خوارەوە و لەناو ئاوی لافاودا خنکا.

زیانێکی بەر بازاڕی قەزای ڕزگاری کەوتووە و و (5) دووکان زۆر زیانی پێگەیشتووە.

ئاو چووتە ناو (167) ماڵ و زیانی ماددی بەر هاووڵاتییان کەوتووە.

ڕێگەی نێوان هەر دوو قەزای کەلار و ڕزگاری پچڕاوە.

ڕێگەی نێوان کەلار – کفری داخراوە.

هاتووچۆی نێوان گەرمیان و سەرجەم ڕێگە سەرەکییەکان داخران، تەنیا بۆ حاڵەتی زۆر پێویست نەبێت.

لە گەڕەکی گۆران لە کەلار بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو لە پردی لە نێوان هەر دوو گەڕەکی بەری گۆران و بەری سەرکەوتن، چەندین ماڵ ئاو چووەتە ماڵەکانیان.

(4) ئۆتۆمبێل ژێر ئاو کەوتن و زیانیان پێکەوتووە.

بەشێکی پرۆژەی ئاو دێری سەلام، کە شادەماری ژیانی گەرمیانە، ئەو بەشەی لە هەوارە سوورەیە بەتەواوەتی ئاو بردوویەتی.

پرۆژەی شێخ لەنگەر زیانێکی زۆری بەرکەوتووە.

پرۆژەی باوەجۆ و سەرچاوەکانی بەتەواوەتی پڕ بووەتەوە.

بەشێک لە ڕێگەوبانەکانی گەرمیان زیانیان بەرکەوتووە.

زیانێکی بەرچاو بەر تۆڕی کارەبا کەوتووە.

پردی پێکەوەبەستنی هەر دوو قەزای کفری و ڕزگاری لە ناحیەی سەرقەڵا دارووخاوە و ئاستەنگی هاتووچۆ دروست بووە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار