پارێزگای هەولێر: نابێت شەقامەکان بۆ کۆکردنەوەی هاوکاری بەکاربهێنرێن
7 كاتژمێر لەمەوپێش
هاوکات لەگەڵ بەرزنرخاندنی هەستی نیشتمانی و مرۆڤدۆستانەی خەڵکی هەولێر بۆ بەدەنگەوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی گەرمیان و چەمچەماڵ، نووسینگەی پارێزگاری هەولێر ڕێکاری نوێی بۆ چۆنیەتیی کۆکردنەوەی کۆمەک ڕاگەیاند و بڕیاریدا بە توندی ڕێگری لە هەر کەمپینێک بکرێت کە بەبێ مۆڵەت لەسەر شەقامەکان ئەنجام دەدرێت و دەبێتە هۆی دروستکردنی ئاستەنگی بۆ هاووڵاتییان.
نووسینگەی پارێزگاری هەولێر لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، سەرەڕای ئەوەی شاری هەولێر و دانیشتووانەکەی وەک هەمیشە پێشەنگ بوون لە گەیاندنی هاوکاری بۆ لێقەوماوان، بەڵام تێبینیی ئەوە کراوە دیاردەیەک سەریهەڵداوە کە تێیدا کەسانێک بە ناوی کەمپینەوە شەقامە گشتییەکان دەگرن و قەرەباڵغی و بێزاری بۆ شۆفێران و هاووڵاتییان دروست دەکەن.
بەگوێرەی بڕیارە نوێیەکە، بەکارهێنانی شەقامە گشتییەکان بۆ کاری خێرخوازی بەبێ مۆڵەت بە هەموو شێوەیەک قەدەغە کراوە، لەم ڕووەوە دەسەڵاتی تەواو دراوەتە هێزەکانی ئاسایش، پۆلیس و پۆلیسی هاتوچۆ کە ڕێکاری یاسایی توند بەرامبەر هەر کەسێک بگرنەبەر کە سەرپێچیی ئەم بڕیارە دەکات. هاوکات هۆشداری دراوەتە هاووڵاتییانیش کە بەشداری لەو جۆرە کەمپینە هەڕەمەکییانە نەکەن، چونکە هیچ گرەنتییەک نییە کە پارە و کۆمەکەکانیان بە دەستی زیانلێکەوتووان بگات.
سەبارەت بە میکانیزمی ڕاست بۆ ئەنجامدانی کەمپین، پارێزگای هەولێر ڕوونیکردووەتەوە، هەر کەسایەتی، لایەن یان ڕێکخراوێک بیەوێت کەمپین ڕابگەیەنێت، دەبێت داواکاریی فەرمی پێشکەش بە پارێزگا و لایەنە پەیوەندیدارەکان بکات، دواتر شوێنی تایبەت و گونجاویان بۆ دیاری دەکرێت کە کاریگەری لەسەر جوڵەی هاتوچۆ و ژیانی خەڵک نەبێت.
ئەم بڕیارانە دوای ئەوە دێن کە یەکشەممەی ڕابردوو شەپۆلێکی بەهێزی بارانبارین هەرێمی کوردستانی گرتەوە و بەهۆیەوە لافاو لە قەزای چەمچەماڵ و دەڤەری گەرمیان دروست بوو، زیانی گیانی و ماددیی زۆری لێکەوتەوە، ئەم ڕووداوە کاردانەوەی بەرفراوانی خێرخوازان و ڕێکخراوەکانی لێکەوتەوە و لە چەندین شوێنەوە کەمپینی کۆکردنەوەی هاوکاری ڕاگەیەندرا، بەڵام بەشێک لەو کەمپینانە بەهۆی نەبوونی ڕێکخستنەوە بوونەتە هۆی گرفت لەسەر شەقامەکان.
