ئەنجومەنی دەوڵەت لەبارەى داهاتى نانەوتى هەرێمەوە وەڵامى دایەوە

3 كاتژمێر لەمەوپێش
ڕونكردنەوەی ئەنجومەنی دەوڵەت رەوانەی ئەمیندارێتی گشتیی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق كرا، وەڵامەکەی ئەنجومەنی دەوڵەت بریتیە لە ١٧ لاپەرەیەو وەڵامەکە یەکلاکەرەوە نیەو بەشێوەیەکی لاستیکی و شیکردنەوەی دوورو درێژ نوسراوە.
هاوکات رێکارەکان بۆ رێککەوتنی سێ قۆڵی نێوان هەولێر، بەغداد و کۆمپانیا نەوتییەکان بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم کۆتاییهاتووە، ئەندامێکى ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقیش راگەیاند، رەشنووسی رێككەوتنەكە ئامادەیە و تەنها ئیمزای سێ لایەنەكەی ماوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە ئەنجومەنى دەوڵەت بەبێ ئامادەبوونى نوێنەرانى هەرێمى کوردستان، کۆتایی هێنا بە کۆبوونەوەکانى بۆ ئامادەکردنى بۆچوونى یاسایی خۆى لەبارەى ناکۆکییەکانى هەرێم و بەغداد لەسەر داهاتى نانەوتى، بەو پێیەى بەغداد داواى نیوەى سەرجەم داهاتەکە دەکات و هەرێمیش ئامادەیە تەنها نیوەى داهاتە فیدراڵییەکان بداتە بەغداد.
کاروان یاروەیس ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند، وەڵامەکەی ئەنجومەنی دەوڵەت بریتیە لە ١٧ لاپەرەو بەنوسراوی فەرمى درایە نووسینگەی سەرۆکی حکومەت و ئەمینداری ئەنجومەنی وەزیران. وەڵامەکە یەکلاکەرەوە نیەو بەشێوەیەکی لاستیکی و شیکردنەوەی دوورو درێژ نوسراوە.
ئامادەکردنى بۆچوونەکە هاوکاتە لەگەڵ نزیکبوونەوەى هەرێم و بەغداد لە واژۆکردنى کۆتایی رێککەوتنى سێ قۆڵى بۆ هەناردەکردنەوەى نەوتى هەرێمى کوردستان.
بڕیاردەری فراکسیۆنی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق راگەیاند، هەموو رێکارەکان بۆ ئەنجامدانی رێکەوتنی سێ قوڵی لە نێوان هەرێم و بەغدا و کۆمپانیا نەوتییەکان، بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان کۆتاییهاتووە.
وتیشی، رەشنوسی رێکەوتنەکەش ئامادەیە، تەنها ئیمزاکردنی هەر سێ لایەنەکەی ماوە، چاوەڕوانیش دەکرێت لە داهاتوویەکی نزیکدا رێکەوتنەکە لە بەغدا ئیمزا بکرێت.
کاروان یاروەیس ئاماژەی بەوەشکرد، گرفتی کۆمپانیا نەوتییەکان لەگەڵ حکومەتی عیراق یەکلایی بوەتەوە، دەربارەی دیاریکردنی دادگایەک بۆ یەکلایی کردنەوەی سکاڵاکان، لە نێوان دادگای بەریتانیا و دادگای عیراق، هەردوولا لەسەر دادگای پاریسی نێودەوڵەتی رێکەوتون.
ناوبراو وتى "ئەگەر تا سێ شەممە رێکەوتنە سێ قۆڵییەکەی نێوان هەرێم و بەغدادو کۆمپانیاکان لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم ئیمزا بکرێت، کێشەی داهاتی نانەوتی چارەسەرکردنی ئاسان دەبێت، چونکە کێشە سەرەکیيەکە نەوتە".
لە کۆبوونەوەى رۆژى سێشەممەی رابردوو (9ـی ئەیلولی 2025) ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق گفتوگۆی لەسەر دوو راپۆرتى جیاجیاى هەرێم و بەغداد لەبارەى داهاتى نانەوتى، کە تێیدا هەردوولا جەختیان لەسەر هەڵوێستەکانیان کردووەتەوە، دوای نەگەیشتنە رێککەوتن بڕیاردرا دۆسیەکە ئاڕاستەی ئەنجومەنی دەوڵەت بکرێت.
شاخەوان عەبدوڵا جێگرى سەرۆکى پەرلەمانى عێراق بە میدیاى عێراقى راگەیاند، ئەنجومەنى دەوڵەت لە داواکارییەکانى هەرێم تێگەیشتووە و گەیشتووە بە دەرەنجامى ئەوەى کە داواکارییەکانى هەرێم یاساییە و لە چوارچێوەى دەستوردایە.
رونیشیکردووەتەوە، ئەمیندارێتى گشتى ئەنجومەنى وەزیران وەڵامەکەى ئەنجومەنى دەوڵەت دەخاتە ناو کارنامەى کۆبوونەوەکانى ئەنجومەنى وەزیرانەوە
