سایتی شەفافیەت دەڵێت: داهاتی ئەم مانگەی سلێمانی بڕی 51 ملیار و 860 ملیۆن و 899 هەزار و 903 دیناربووە، %85 ی داهاتەكە بەشێوەی نەختینەیە و %15ی داهاتەكە بەشێوەی چەكە ، 13 ملیار بەراورد بە مانگی پێشوو کەمی کردووە. سایتی شەفافیەت بۆ چاودێری و رێكخستنی داهاتە نانەوتییەكانی سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی راپەڕین و گەرمیان داهاتی یەك هەفتەی راگەیاندووە، داهاتی یەك هەفتەی سلێمانی لە رۆژی 20-9-2025 تا 26-9-2025، بڕی 18 ملیار و 455 ملیۆن و 564 هەزار و 605 دینار بووە، كە %89 ی داهاتەكە بەشێوەی نەختینەیە و %11ی داهاتەكە بەشێوەی چەكە. رۆژی 15ى کانونى یەکەمى ساڵى 2022، حكومەتی هەرێمی كوردستان بوو بەخاوەنی پڕۆژەی شەفافییەت لە داهات و خەرجی و ئێستا رۆژانە سەرجەم داهاتە نانەوتییەكانی پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و راپەڕین بڵاودەکاتەوە
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، پێشوازی لە رێککەوتنی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عیراق دەکات، هاوکات سوپاسی هاوڵاتیان دەکات بۆ پشوودرێژییان. لەڕاگەیەندراێکیدا بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، دەڵێت: هەمیشە باوەڕمان وابووە و داکۆکیش لەسەر ئەوە دەکەین کە دیالۆگ و گفتوگۆ باشترین چارەسەرە بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەکان. دەقى ڕاگەیەندراوەکە.. بە گەرمی پێشوازی لە رێککەوتنی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عیراق دەکەم، پیرۆزبایی لە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان دەکەم و سوپاسیان دەکەم بۆ پشوودرێژییان. هەمیشە باوەڕمان وابووە و داکۆکیش لەسەر ئەوە دەکەین کە دیالۆگ و گفتوگۆ باشترین چارەسەرە بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەکان و گەیشتن بە ئەنجامی دڵخواز لە بەرژەوەندی هاوڵاتییانمان. هیوادارین ئەم رێککەوتنە بخرێتە خزمەتی زیاتری خەڵکە خۆشەویستەکەمان و دادپەروەری هەبێت لە دابەشکردنی داهاتی وڵات و پێدانی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بەپێی دەستوور. ئێمە قوڵایی ستراتیجی چارەسەرکردنی کێشەکان لە بەغدا دەبینین و لەو رێگایەوە دەتوانین خزمەتی خەڵک و هەرێمەکەمان بکەین. دەستخۆشی لە هەرکەسێک دەکەین کە هاوکار بووە بۆ سەرخستنی ئەم پرۆسەیە لەگەڵمان. بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لەچەند ڕۆژى ڕابردوو داواى لەسوپاو هێزى بەرگرى کردوە لەڕێگەى چەند بڵندگۆیەکەوە وتارەکەى ناتانیاهۆ بۆ دانیشتوانى غەززە بگوازنەوە کەبڕیارە پاشنیوەڕۆى ئەمڕۆ لە نەتەوە یەکگرتووەکان پێشکەشى بکات. لەبەرانبەردا بەشێک لەبەرپرسەباڵاکانى سوپاو هێزە ئەمنییەکان ڕەخنەى توندیان لەوکارە گرتووەو بەکارێکى پڕ مەترسیانداناوە، چونکە ئەو کارە پێویستى بەچونە ناوەوەى هێزهەیەو ئەگەر هەیە لەلایەن چەکدارانى حەماسەوە هێرشیان بکرێتەسەرو ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانیان بکەوێنە مەترسیەوە. نوسینگەى سەرۆک وەزیرانى ئیسرائیل، سوربوون لەسەر ئەوەى دانیشتوانی کەرتی غەززە گوێبیستی وتارەکەی نەتانیاهۆ بن لە نەتەوە یەکگرتووەکان. هەروەها ئەو هێزانەی لە مەیدانەکەدا شەڕ دەکەن، لە خاڵگەلێکی دوور لە دانیشتوانی غەززە نیشتەجێن و بەزۆری بەرکەوتنی ڕاستەوخۆیان لەگەڵ حەماسدا نییە. سەرچاوەکانی سوپا دەڵێن، داواکاریی نووسینگەی نەتانیاهۆ بۆ پەخشکردنی وتارەکە بۆ دانیشتوانی کەرتی، دەتوانێت مەترسیی ئۆپەراسیۆنی بۆ ئەو چەکدارانە دروست بکات کە ناچار دەبن بەرگرییەکان بەجێبهێڵن بۆ ئەوەی ئەو بڵندگۆیانە دابنێن.
لەکاتێکدا وتەبێژی وەزارەتی بەرگری تورکیا هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)ی بە پابەندنەبوون بەو ڕێککەوتنانەی لەگەڵ دیمەشق تۆمەتبار کرد، بەرپرسێکی باڵای کوردى ڕۆژئاواى کوردستان پشتڕاستی کردەوە کە هێزەکانی هەسەدە مەترسی لەسەر تورکیا دروست ناکات. بەدران چیا کورد، جێگری سەرۆکایەتی هاوبەشی ئیدارەی خۆسەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بۆ کاروباری سیاسی، ڕەخنەی لە ڕۆڵی تورکیا لە قەیرانی سوریا گرت و ئاماژەی بەوەدا کە "ئەنقەرە هەوڵدەدات قەیران و ململانێکانی ناوخۆی خۆی لەسەر پرسەکانی ئاشتی و دیالۆگی ناوخۆیی هەناردە بکات بۆ سوریا". جەختیشی لەوە کردەوە کە "ناوچەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بە هیچ شێوەیەک هیچ مەترسییەک بۆ سەر وڵاتێکی دراوسێ دروست ناکەن". هەروەها بانگەشەى ئەوەى کرد کە " دیمەشق گرەو لەسەر فاکتەری کات دەکات تا کۆتایی ئەمساڵ بۆ ئەنجامدانی ڕێککەوتنی 10ی ئازار، پاشگەزبوونەوە لە بەڵێنەکانی و وەستان لە کۆبوونەوەکاندا." ناوبراو پێیوابوو کە دیمەشق "مەرجەکانی ڕێککەوتنەکە بە شێوەیەکی جیاواز لێکدەداتەوە، بەتایبەتی سەبارەت بە تێکەڵکردنی هێزەکانی سوریاى دیموکراتی بۆ ناو سوپا و کاتی جێبەجێکردنی ئەو مەرجانەی کە ماونەتەوە و ڕێککەوتنی ١ی نیسان کە لە نێوان ئێمە و دیمەشقدا ئەنجامدرا سەبارەت بە گەڕەکە کوردییەکانی حەلەب". ناوبراو لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی ئەلعەرەبیە.نێت/ئەلحەداس.نێت ئاماژەی بەوەشکردووە، "لە بڕگەی کۆتایی ڕێککەوتنەکەی ١٠ی ئازاردا هاتووە کە هەردوولا هەوڵدەدەن تا کۆتایی ساڵ هەوڵی جێبەجێکردنی بڕگەکانی ڕێککەوتنەکە بدەن و ڕەنگە ئەم پرسانە ماوەیەکی درێژتر بخایەنێت"، ئاماژەیە بۆ ئەگەری درێژکردنەوەی ماوەی ڕێککەوتنەکە. سەبارەت بە هەڵوێستی ئەمریکا، جیا کورد، کرانەوەی ئیدارەی ئەمریکای بەڕووی دیمەشقدا بە پراگماتیک و کاتیی زانی، ئامانجی پاڵنانی هەندێک ڕێککەوتن بوو. ناوبراو هیوای دەربڕی کە واشنتۆن بە پێی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی هەموو پێکهاتەکانی سووریا مامەڵە لەگەڵ پرسی سووریا بکات. داوای لە دەسەڵاتدارانی سوریا کرد "کۆدەنگی نیشتمانی ناوخۆیی وەک بنەمایەک بۆ بنیاتنانی داهاتووی وڵاتەکە وەربگرن". جیا کورد هەروەها پێیوابوو کە " ئەو پرۆسەی هەڵبژاردنەی کە بڕیارە لە 5ی ئۆکتۆبەر بەڕێوەبچێت، نوێنەرایەتی خواستەکانی گەلی سوریا ناکات، هەروەها ناتوانرێت نوێنەری ڕاستەقینەی ئیرادەی سیاسی سوریا هەڵبژێردرێت". وتیشی، "بۆ نمونە لیژنەیەکی لاوەکی بۆ پارێزگاکانی ڕەقە و حەسەکە پێکهێنرا بۆ هەڵبژاردنی نوێنەر بۆ ئەو ناوچانە، بەڵام ئێمە بەڕاشکاوی و بەڕوونی دەیڵێین: ئەمانە نوێنەرایەتی هیچ کەسێک ناکەن. ناوبراو پێیوابوو "ناوچەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا نوێنەریان هەیە کە ناتوانرێت پشتگوێ بخرێن"، وتی، "هیچ هەڵبژاردنێک شایەنی باسکردن لەم ناوچانەدا ڕوونادات لەکاتێکدا پێشتر لەسەر ئەم بابەتە نەگەیشتوینەتە ڕێککەوتن".
سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت: گفتوگۆی زۆر باشمان ئەنجامداوە سەبارەت بە راگرتنی شەڕ لە غەززە، بۆ ئەو مەبەستەش قسەی لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل کردووە. دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، لەگەڵ هەموو سەرکردەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست قسەی کردووە کە هەموویان کەسانی نایابن و زۆر نزیکن لە رێککەوتن لەسەر غەززە، رەنگە تەنانەت ئاشتی بێت. وتیشی، دەتوانن بارمتەکان بە زیندووی یان مردوو بگەڕێننەوە و لە رێگەی دانوستانی تایبەتەوە ئاشتی بەدەست بهێنین. ترەمپ ئاماژەی بەوەشکرد، رێگە نادات ئیسرائیل کەرتی رۆژئاوا بخاتە ژێر رکێفی خۆیەوە. پێشتر بنیامین ناتانیاهۆ رۆک وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاندبوو، لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ هاوڕایە لەسەر پێویستی تەواوکردنی ئامانجەکانی شەڕ لە غەززە. ناتانیاهۆ ئاشکراشیکردبوو، ئەو ئامانجانەی لە غەززە لەگەڵ ترەمپ هاوبەشە، بریتین لە گەڕانەوەی هەموو بارمتەکان و شکستی حەماس و فراوانکردنی بازنەی ئاشتی. جێگەی ئاماژەیە، رۆژی سێشەممە لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئیدارەی ترەمپ پلانێکی ئاشتیی 21 خاڵی بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی کەرتی غەززە پێشکەش بە سەرکردە عەرەبی و ئیسلامییەکان کرد.
بەڕێوبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ هەینى 26ی ئەیلولی 2025، کۆتا رۆژی پرۆسەی ناونووسینی حاجیانی هەرێمی کوردستانە. کاروان ستونی، گوتەبێژی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان راگەیاند، ئەگەرچی بڕیاربوو 20ی ئەم مانگە کۆتا رۆژی تۆمارکردنی ناوی حاجیان بێت، بەڵام دواتر وادەکەن بۆ 26ی ئەیلول درێژکرایەوە، تاوەکو دەرفەت بۆ ئەوانەش بڕەخسێنرێت کە نەیانتوانیوە لەو ماوەیەدا ناویان تۆماربکەن، بە گوتەی کاروان ستونی تەنیا لەو شەش رۆژەدا زیاتر لە شەش هەزار کەس ناویان تۆمارکردووە. گوتەبێژی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان گوتیشی، ئەمڕۆ کاتژمێر 12ی شەو پرۆسەی ناوتۆمارکردنی حاجیان کۆتایی دێت و دوای وردبوونەوە لە ناوەکان تیروپشک ئەنجام دەدرێت. ئاماژەی بەوەشکرد، تاوەکو ئێستا 87 هەزار کەس فۆرمە ئەلیکترۆنییەکەیان پڕکردووتەوە و دواتر بە شێوازی تیروپشک ئەو ژمارەیە هەڵدەبژێردێت کە پشکی هەرێمی کوردستانە لە ناردنی حاجیان و ساڵانە نزیکەی 50 هەزار کەس رێگەپێدراوە فەریزەی حەج ئەنجامبدات. بەرێوەبەرایەتیى حەج و عومرەى هەرێمى کوردستان و دەستەى باڵاى حەجى عێراق بڕیاریانداوە بۆ ساڵى داهاتوو هۆتێلى پێنج ئەستێرە و باشترین شوێنى مانەوە و خواردن بۆ حاجییان دابینبکرێت.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە ڕاگەیەنراوێکدا، پێشوازیی لە رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەکات. لەڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: دەستخۆشی لە هەوڵە چارەنووسسازەکانی سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەکەین، بۆ ئەوەی ئەم پێشکەوتنە ببێتە دى. هەروەها دەشڵێت : ئەم ڕێککەوتنە دەبێتە هۆی بەهێزکردنی هاوبەشی ئابووریی قازانجی هاوبەشی نێوان ئەمریکا و عێراق و هاندانی ژینگەیەکی سەقامگیرتری وەبەرهێنان لە سەرتاسەری عێراق بۆ کۆمپانیا ئەمریکییەکان و بەرزکردنەوەی ئاسایشی وزەی ناوچەکە و بەهێزکردنی سەروەری عێراق. وەزارەتى دەرەوەى ئەمریکا ئاماژە بۆ ئەوەشدەکات کە ئەم ڕێکەوتنەکە لەلایەن ئەمریکاوە ئاسانکاری بۆ کراوە و سوودی بەرجەستە بۆ هەردوو ئەمریکی و عێراقی دەهێنێت. دوای تێپەڕبوونی (18) ساڵ بەسەر یاسای نەوت و گازی هەرێم ئەمڕۆ (25/9/2025)، دامەزراوە فەرمییەکانی حکومەتی عێراق و بەدوایدا دامەزراوە فەرمییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایانگەیاند، گەیشتوون بەڕێککەوتن لەبارەی ڕادەستکردنی نەوتی هەرێم بە کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ). حکومەتی عێراق ڕۆژانە نزیکەی (230 هەزار) بەرمیل نەوت، کە مانگانە دەکاتە (6 ملیۆن و 900 هەزار) بەرمیل نەوت لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێم وەردەگرێت، کۆی بەهاکەی (592 ملیار و 20 ملیۆن) دیناری مانگانەیە. هاوکات دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستان نیوەی داهاتە فیدراڵییە نانەوتییەکان ڕادەستی حکومەتی عێراق بکات. لەلایەکى دیکەوە، ئامانج ڕەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: کاتژمێر شەشی بەیانیی ڕۆژی شەممە( 27ـی ئەیلوولی 2025) نەوت هەناردە دەکرێتەوە. وتەبێژی ئەپیکۆر ڕاگەیاند: ئەمڕۆ ڕۆژێکی زۆر گرنگە و ڕێککەوتنی هەناردەکردنەوەی نەوت واژۆ کراوە، بۆ ئەوەی لە چەند ڕۆژی داهاتوو پرۆسەکە دەست پێبکاتەوە. مایڵز کاگینز، وتەبێژی کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی هەرێمی کوردستان (ئەپیکۆر) هاوکات پێشبینی دەکات، هەناردەکردنەوەی نەوت لە دوو ڕۆژ یان سێ ڕۆژی داهاتوو دەست پێبکاتەوە. ناوبراو دەشڵێت: لە چوارچێوەی ڕێککەوتنەکە حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕۆژانە 230 هەزار بەرمیل نەوت لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە هەناردە دەکات، 50 بۆ 60 هەزار بەرمیلیش بۆ پێویستی ناوخۆ بەکار دەهێنێت.
وتەبێژی ئەپیکۆر ڕاگەیاند: ئەمڕۆ ڕۆژێکی زۆر گرنگە و ڕێککەوتنی هەناردەکردنەوەی نەوت واژۆ کراوە، بۆ ئەوەی لە چەند ڕۆژی داهاتوو پرۆسەکە دەست پێبکاتەوە. مایڵز کاگینز، وتەبێژی کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی هەرێمی کوردستان (ئەپیکۆر) هاوکات پێشبینی دەکات، هەناردەکردنەوەی نەوت لە دوو ڕۆژ یان سێ ڕۆژی داهاتوو دەست پێبکاتەوە. ناوبراو دەشڵێت: لە چوارچێوەی ڕێککەوتنەکە حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕۆژانە 230 هەزار بەرمیل نەوت لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە هەناردە دەکات، 50 بۆ 60 هەزار بەرمیلیش بۆ پێویستی ناوخۆ بەکار دەهێنێت. لەلایەکى دیکەوە، ئامانج ڕەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: کاتژمێر شەشی بەیانیی ڕۆژی شەممە( 27ـی ئەیلوولی 2025) نەوت هەناردە دەکرێتەوە. دەقى ڕاگەیەندراوەکەى ئامانج رەحیم سكرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان: - بە هیوام ئەم ڕێکەوتنامە سێ قۆڵییە ببێتە مایەی سەقامگیریی لە خەرجکردنی مووچە وشایستەکانی هەرێم، وکۆتایی هاتنی نەهامەتی وچاوەڕوانیی مووچەخۆرانی هەرێم بۆ وەرگرتنی شایستەکانی خۆیان لە کاتی خۆی، کە دەبوو هەر لە سەرەتاوە مووچە بەدوور بێت لەم ناکۆکیانە. ڕێکەوتننامەکە لە شەش ماددەی سەرەکی و پێشەکیەک پێکهاتووە و لە لایەن وەزارەتی نەوتی عێراق و وەزارەتی سامانە سروشتییەکان وکۆمپانیای نەوتییەکان واژووکراوە و ماف و شایستە و پابەندییەکانی هەر سێ لایەنی تێدا دەستنیشانکراوە. - وا بڕیارە کاتژمێری ٦ ـی سەر لەبەیانی ڕۆژی شەممە، ڕێکەوتی ٢٧ـی ئەیلولی ٢٠٢٥ نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگای بۆری نەوتی هەرێم - جەیهان وجارێکی دیکە بگاتەوە بازاڕی جیهانیی و لە لایەن کۆمپانیای سۆمۆوە بە بازاڕ بکرێت و داهاتەکەی بگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی فیدڕاڵیی بەغدا سەرەڕای پێدانی مانگانەی بەشی گەنجینەی فیدڕاڵیی لە داهاتە نانەوتییەکانی هەرێم، بەم جۆرەش هەرێم بەشدار دەبێت لە زیادکردنی داهاتی گەنجینەی فیدڕاڵیی عێراق و جارێکی دیکە لە بوودجەی گشتی عێراقەوە تەرخان دەکرێتەوە بۆ دابینکردنی مووچە و شایستەکانی هەرێم.
وتەبێژی وەزارەتی پەروەردە ئەو دەنگۆیانە ڕەتدەکاتەوە، کە دەوترێت هەڵگرانی بڕوانامەی بەکالۆریۆس لە وەزارەتی پێشمەرگە بۆ سەر وەزارەتی پەروەردە دەگوازرێنەوە. بەڵکو ئەو گواستنەوەیە تەنیا بۆ وەزارەتە مەدەنییەکانە و بەشێوەی تەنسیبە. سامان سیوەیلی، وتەبێژی وەزارەتی پەروەردە ڕایگەیاند، پێشتر وەزارەتی پەروەردە بە نووسراوی ژمارە (18970) لە ڕێککەوتی 26-8-2025 داوای لە وەزارەتە (مەدەنییەکان) کردبوو. ئەگەر ڕەزامەندیان دا، فەرمانبەرانیان ئەوانەی هەڵگری بڕوانامەی بەکالۆریۆسی پەروەردە و زانست و ئاداب لە چەند پسپۆرییەکی دیاریکراون، دەتوانن بەشێوەی تەنسیب بگوازرێنەوە بۆ وەزارەتی پەروەردە. سامان سیوەیلی دەشڵێت، ئەو داواکارییەی وەزارەتی پەروەردە تەنیا وەزارەتە مەدەنیەکان دەگرێتەوە نەک وەزارەتی پێشمەرگە و دامەزراوە هاوشێوەکانیان. بەهۆی ئەوەی ئەمساڵ هەزاران مامۆستا لە هەرێمی كوردستان خانەنشین بوون و بۆشاییەكی زۆر لە قوتابخانەكان دروست بوون، وەزارەتی پەروەردە دەرگا بۆ بەشێك لە هەڵگرانی بڕوانامەی بەکالۆریۆس لە وەزارەتە مەدەنییەکان بۆ سەر وەزارەتی پەروەردە دەکاتەوە. ئەم ڕوونکردنەوەیەی وەزارەتی پەروەردە لە کاتێکدایە کە ژمارەیەک لە فەرمانبەران و ڕۆژنامەنوسان پرسیاریان لەوبارەیەوە لە وەزارەتی پەروەردە کردبوو، ئایا وەزارەتەکە داوای کردووە کە هەڵگرانی بەکالۆریۆسی پەروەردەیی و ئاداب و زانستەکان و پسپۆڕییە نزیکەکانی هاوشێوە لە میلاکی وەزارەتی پێشمەرگە بە تەنسیب بێنە وەزارەتی پەروەردە.
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕایدەگەیەنێت ڕێککەوتنی ئەمڕۆی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنەری نەوت لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراقی فیدرال و کۆمپانیای سۆمۆ، دەستکەوتی ماندووبوون و هەوڵی زوری تیم و شاندەکانی هەموو لایەک بووە. دوای ڕێککەوتنێکی سێ قۆڵی لەنێوان وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان و وەزارەتی نەوت و کۆمپانیاکانی بواری نەوت، لە ماوەی 48 کاتژمێری داهاتوودا دەست بە هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان دەکرێت. مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پەیامێکى بڵاوکردەوەو دەڵێت : ڕێککەوتنی ئەمڕۆی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنەری نەوت لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراقی فیدرال و کۆمپانیای سۆمۆ، دەستکەوتی ماندووبوون و هەوڵی زوری تیم و شاندەکانی هەموو لایەک بووە. بەم هەنگاوە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان دووبارە بە بازاڕی جیهانیی نەوت بەسترانەوە. هەروەها دەشڵێت: دەستخۆشی لە هەموو لایەک و بەتایبەتی خەڵکی خۆڕاگری کوردستان دەکەم کە لەم ڕۆژە مێژوییەدا بەربەستێکی گەورەیان لە بەردەم دابینکردنی شایستە داراییەکانی خەلکی کوردستان هەڵگرت و بە هەناردەکردنی نەوتی هەرێم، جەخت لە جێبەجێکردنی هەموو مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان دەکەینەوە.
ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە سەرۆکوەزیرانی عێراق پەیامێکی لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان بڵاوکردەوە و بە ڕێککەوتنێکی مێژوویی وەسفیکرد، هەر دوای ئەو ڕاگەیێنراوەش وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان کاتی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی ئاشکرا کرد. هاوکات وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: دوای ڕێککەوتنێکی سێ قۆڵی لە نێوان هەردوو وەزارەتی پەیوەندیدار و کۆمپانیاکانی بواری نەوت لەسەر دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوت ڕێککەوتین. لە بەشێکی دیکەیي ڕاگەیێنراوەکەشدا هاتووە؛ لەماوەی ئەم 48 کاتژمێرەدا، دەست بە هەناردەکردنەوەی نەوت دەکرێت، هەناردەکردنەوەی نەوت لە ڕێگەی بۆری نەوتی جەیهانەوە دەبێت. سەرۆکوەزیرانی عێراق کە پەیامێکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاوکردووەتەوە و تیایدا هاتووە: ئەمڕۆ گەیشتینە ڕێککەوتنێکی مێژوویی کە بەپێی ئەو ڕێککەوتنە، وەزارەتی نەوتی فیدراڵی نەوتی خاوی بەرهەمهێنراو لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان وەردەگرێت و لە ڕێگەی بۆری نەوتی عێراق - تورکیاوە هەناردەی دەکات. سوودانی لە پەیامەکەیدا باسی لەوەشکردووە، "ڕێککەوتنەکە دابەشکردنی دادپەروەرانەی داهات مسۆگەر دەکات و هانی وەبەرهێنان دەدات، چاوەڕوانیش دەکرێت ئەم ڕێککەوتنە کاریگەریی ئەرێنی لەسەر ئابووریی عێراق بە گشتیی و هەرێمی کوردستان بە تایبەتی دەبێت. دوای ڕێککەوتنێکی سێ قۆڵی لەنێوان وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان و وەزارەتی نەوت و کۆمپانیاکانی بواری نەوت، لە ماوەی 48 کاتژمێری داهاتوودا دەست بە هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان دەکرێت.
جێگری فەرماندەی سوپای پاسدارانى ئێران جەختى کردەوەکە ئەوان لە شەڕی ١٢ رؤژەدا بەرانیەر ئیسرائیل نەتەوەی ئێران سەرکەوتو بووە، چونکە وەک ئەو دەڵێت: نە ڕژیمی ئیسلامی ڕووخێنرا، نە نەتەوەی ئێرانیش زەلیل بوو، نە ئێران دابەش و پارچە پارچەبوو. سەردار عەلی فەدەوی جێگری فەرماندەی سوپای پاسداران ئەمڕۆ پێنج شەممە لە ڕێوڕەسمی کۆتایی سێیەمین پێشبڕکێی ڕاهێنانی کارامەیی نیشتمانی بۆ کارمەندانی هێزە چەکدارەکان، وتارێکى پێشکەشکرد، لەبەشێکیدا وتى: بە درێژایی تەمەنی پڕ بەرەکەتی ئینقلابی ئیسلامی زیاتر لە ٢٠٠ هەزار شەهیدمان کردە قوربانی ئیسلام کە ١٨٣ هەزاریان لە بەرگریی پیرۆزدا بوون و ئەوانی دیکەش پەیوەست بوون بەو پێشهاتانەی کە بوونەتە هۆی سەرکەوتنی شۆڕش و بەرگری لە مەزارگە و شەڕی ١٢ ڕۆژەی ئەم دواییە. ناوبراو ئەوەشى زیادکرد کە: ئێمە ئەم شەڕەمان بردەوە، هەرچەندە هاوپەیمانییەکی ئیدیعای دەسەڵاتی جیهانی پێکەوە وەستابوون. هۆکاری سەرکەوتنەکەمان چی بوو؟ پەیڕەوکردنی فێرکارییەکانی بەرگریی پیرۆز و سەرنەکەوتن بۆ چاوچنۆکەکان. بەرپرسەکەى سوپاى پاسداران ئەوەشى خستەڕوو یەکێک لە گەمژەییەکانی ئەوان ئەوە بوو کە پێش شەڕ هەموو ئامانجەکانیان ڕاگەیاندبوو، ڕەنگە ئێمە زۆرێک لە ئازیزانمان لەدەست دابێت، بەڵام دوژمن هیچ کام لە ئامانجەکانی نەگەیشت، ڕێژیمی ئیسلامی نەڕوخێنرا، نەتەوەی ئێران زەلیل نەبوو، ئێرانی خۆشەویستیشمان دابەش نەبوو. لە بەرامبەردا بێدەسەڵاتانە داوای ئاگربەستیان کرد و تەماشایان کرد مووشەکەکانمان تا دوا چرکە لەسەریان دەتەقێتەوە. ژەنەڕاڵ فەدەوی ئاماژەى بۆ ئەوەکرد کە لە سەدا ٦٠ی سەرجەم شەهیدانی شەڕی ١٢ ڕۆژەی سوپای پاسدارانی ئینقلابی ئیسلامی بوون. لەو نزیکەی ٦٠٠ کەسە ٢١ کەسیان سەرباز بوون و ئەوانی دیکە پاسەوانی پلە جیاوازەکان بوون، ئەمەش ئەوە دەردەخات کە یەکگرتوویی و پەیوەندیی ڕێکخراوەیی لە بەشی جۆراوجۆری ئیتلاعات و ئۆپەراسیۆنی سوپای پاسداران چەندە بەهێزە.
هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) رایگەیاند، بەرەبەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە شارۆچکەی بەحرل ئوستای رۆژهەڵاتی دێرەزوور، لە هێرشێکی داعشدا، 5 شەڕڤانیان گیانیان لەدەستداوە و یەکێکی دیکەش بریندار بووە. ئەگەرچی رووداوەکە بەرەبەیانی بووە، بەڵام ناوەندی راگەیاندنی هەسەدە تازە هەواڵەکەی بڵاوکردەوە و دەڵێت، شەڕڤانەکانیان وەڵامی داعشیان داوەتەوە و شکستیان بە هێرشەکە هێناوە. قەسەدە ئاماژەی بەوەش کردووە: “شەڕڤانانمان بەوپەڕی ئازایەتی و دڵسۆزییەوە ڕووبەڕووی هێرشی تیرۆریستان بوونەوە و توانییان پیلانە تیرۆریستییەکە پووچەڵ بکەنەوە و کۆنترۆڵی مەیدانی بەدەستبهێننەوە، لە ئێستادا ئۆپەراسیۆنەکانی کێوماڵکردن و ڕاوەدوونانی تیرۆریستان بۆ لەناوبردنیان لە ناوچەی ڕووداوەکە بەردەوامە”. لە کۆتاییدا ئەوەشی ڕاگەیاندووە: “جەخت لە پابەندبوونی فەرماندەکان و شەڕڤانانمان دەکەینەوە بۆ پاراستنی هاوڵاتیانی مەدەنی و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچە جیاوازەکان”. دەقى ڕاگەیەندراوەکە.. هێرشی تیرۆریستی داعش لە ڕۆژهەڵاتی دێرەزوور پووچەڵ بووەوە، پێنج لە شەڕڤانانمان شەهید بوون ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات ڕایدەگەیەنێت، لەکاتێکدا چەکدارەکانمان ڕووبەڕووی تۆڕێکی تیرۆریستی داعش بوونەتەوە کە پێگەیەکی هێزەکانمانیان کردە ئامانج لە شارۆچکەی ئەلبەهرە الوستا لە ڕۆژهەڵاتی دێرەزور، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ پێنج لە هەڤاڵەکانمان شەهید بوون، هەروەها شەڕڤانێکی تریش بریندار بوو لە پێکدادانێکی توندوتیژ کە لە کاتی هێرشە پووچەڵکراوەکەدا ڕوویدا. شەڕڤانانمان ئازایانە و دڵسۆزانە ڕووبەڕووی هێرشە تیرۆریستییەکە بوونەتەوە و پیلانی تیرۆریستییان پووچەڵکردەوە و کۆنترۆڵی ناوچەکەیان دامەزراند. ئۆپەراسیۆنەکانی شانەیکردن و بەدواداچوون بۆ توخمە تیرۆریستییەکان بەردەوامن بۆ نەهێشتنیان لە ناوچەکە، دڵنیابوون لە سەلامەتی دانیشتووان و نەهێشتنی شوێنی گەرمی مەترسییەکان. لە کاتێکدا ماتەمینی شەهیدە قارەمانەکانمان دەگرین، سەرەخۆشی و پشتیوانی قووڵی خۆمان ئاراستەی کەسوکار و هەڤاڵەکانیان دەکەین و دووپاتی دەکەینەوە کە خوێنیان بێهودە نابێت. ئێمە بە توندی لە دژی ئەم باندە تیرۆریستیانە دەوەستینەوە، وە سوێند دەخۆین تۆڵەی شەهیدەکانمان بکەینەوە و بەدوای هەموو ئەو کەسانەدا بگەڕێین کە بە تەواوی یاسا و هێزی مەیدانیمان بەشدارییان لەم هێرشەدا کردووە، پشتگیریان کردووە، یان پلانیان داڕشتووە. بۆ گەلەکەمان و دانیشتوانی ناوچەکە: پابەندبوونی سەرکردایەتی و شەڕڤانانمان دووپات دەکەینەوە بۆ پاراستنی هاوڵاتیانی مەدەنی و پاراستنی ئاسایشی ئێوە و سەقامگیری ناوچەکانتان. یەکینەکانمان بەردەوام دەبن لە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی ڕێکخراو و بە ئەنقەست بۆ بنبڕکردنی شانە تیرۆریستییەکان و هەڵوەشاندنەوەی تۆڕەکانیان. داوا لە هەموو هاوڵاتییەک دەکەین کە هاوکارە لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان، زانیاری پێشکەش بکەن کە یارمەتیدەرە بۆ پاراستنی ئاسایش. ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات
وەزارەتی نەوتی عێراق بڵاوی كردەوە، كۆی هەناردە و داهاتی نەوت بۆ مانگی ئاب بەم شێوەیە بووە، بڕی ١٠٤ ملیۆن و ٨٠٦ هەزار و ٨٨٤ بەرمیل نەوتی خاو هەناردە كراوە، دەشڵێن، داهاتەكەشی حەوت ملیار و ١٦ ملیۆن دۆلار بووە. وەزارەتی نەوتی عێراق سەبارەت بە ئاماری کۆتایی هەناردە و داهاتی نەوتی بۆ مانگی ئاب ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە. لە ڕاگەیاندراوەكەدا هاتووە، كۆی هەناردە و داهاتی بەدەست هاتووی نەوت بۆ مانگی ئاب، بەپێی ئامارە سەرەتاییەكانی كۆمپانیای سۆمۆ بریتبووە لە، بڕی ١٠٤ ملیۆن و ٨٠٦ هەزار و ٨٨٤ بەرمیل نەوتی خاوی هەناردەكراوە. ئاماژە بەوەشكراوە، كۆی داهاتی نەوتی هەناردەکراو لە مانگی ڕابردوودا بریتی بووە لە حەوت ملیار و ١٦ ملیۆن دۆلار. ئەوەش خراوەتەڕوو، زۆرینەی نەوتی هەناردەکراو لە کێڵگە نەوتییەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراقەوە بووە، کە بڕەکەی ١٠٣ ملیۆن و ٨٩٥ هەزار و ٧٠٦ بەرمیل بووە، هاوکات، بڕی ٩١١ هەزار و ١٧٨ بەرمیل نەوتیش لە کێڵگەی گەیارەوە هەناردە کراوە.
وەزارەتی بەرگریی تورکیا دەڵێت، بە وردیی چاودێریی گفتوگۆکانی هەسەدە و دیمەشق دەکەن و گرژییەکانی چەند رۆژی رابردووی پارێزگای حەلەبیش، دەخاتە ئەستۆی هەسەدە. وەزارەتی بەرگریی تورکیا، لە وەڵامنامەی هەفتانەی رۆژنامەوانی رایگەیاند، بە هەستیاری و وردییەوە، چاودێریی پەیوەندی، کۆبوونەوە و گفتوگۆکانی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات و حکومەتی سووریا دەکەن. هەسەدە، لە چەند رۆژی رابردوودا رایگەیاند، هێزەکانی سەر بە حکومەتی سووریا لە سنووری پارێزگای حەلەب، هێرشیانکردووەتە سەر خەڵکی مەدەنی. وەزارەتی بەرگریی تورکیا، هەسەدە بە هۆکاری گرژیەکان ناودەبات و دەڵێت، هێرشەکان کراونەتەوە سەر هێزەکانی سەر بە دیمەشق و ئەو هێرشانە دەریدەخات، هەسەدە پابەندی رێککەوتنی 10ـی ئازار نەبووە و جارێکی دیکەش پیشانیدا، هەڕەشەن بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە. رۆژی 10ی ئازاری 2025، لە شاری دیمەشق، مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات و ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا، رێککەوتنێکی هەشت خاڵییان واژۆکرد. بەگوێرەی رێککەوتنەکە پێویستە تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ، سەرجەم دامەزراوە سەربازی، مەدەنی و ئیدارەییەکانی هەردوولا تێکەڵ بکرێن. دەسەڵاتدارانى تورکیا، چەند مانگێکە بەردەوام داوا لە هەسەدە دەکەن، بچێتە ناو سوپای سووریا و لەو بارەیەوە دەڵێت، لە پێناو ئاسایش و سەقامگیریی سووریا و ناوچەکە، بەردەوامدەبن لە هاوبەشییەکانیان لەگەڵ سووریا بۆ بەرەنگاربوونەوەی "گرووپە تیرۆرریستییەکان" و مکوڕیشن لەسەر پشتیوانیکردن لە بنەماکانی "یەک دەوڵەت و یەک سوپا" لە سووریا.