ئەپیکۆر: هەرێم ڕۆژانە 230 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە دەکات

3 كاتژمێر لەمەوپێش



وتەبێژی ئەپیکۆر  ڕاگەیاند: ئەمڕۆ ڕۆژێکی زۆر گرنگە و ڕێککەوتنی هەناردەکردنەوەی نەوت واژۆ کراوە، بۆ ئەوەی لە چەند ڕۆژی داهاتوو پرۆسەکە دەست پێبکاتەوە.

مایڵز کاگینز، وتەبێژی کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی هەرێمی کوردستان (ئەپیکۆر)  هاوکات پێشبینی دەکات، هەناردەکردنەوەی نەوت لە دوو ڕۆژ یان سێ ڕۆژی داهاتوو دەست پێبکاتەوە.

ناوبراو دەشڵێت: لە چوارچێوەی ڕێککەوتنەکە حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕۆژانە 230 هەزار بەرمیل نەوت لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە هەناردە دەکات، 50 بۆ 60 هەزار بەرمیلیش بۆ پێویستی ناوخۆ بەکار دەهێنێت.

لەلایەکى دیکەوە، ئامانج ڕەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند:  کاتژمێر شەشی بەیانیی ڕۆژی شەممە( 27ـی ئەیلوولی 2025) نەوت هەناردە دەکرێتەوە.

دەقى ڕاگەیەندراوەکەى ئامانج رەحیم سكرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان:

- بە هیوام ئەم ڕێکەوتنامە سێ قۆڵییە ببێتە مایەی سەقامگیریی لە خەرجکردنی مووچە وشایستەکانی هەرێم، وکۆتایی هاتنی نەهامەتی وچاوەڕوانیی مووچەخۆرانی هەرێم بۆ وەرگرتنی شایستەکانی خۆیان لە کاتی خۆی، کە دەبوو هەر لە سەرەتاوە مووچە بەدوور بێت لەم ناکۆکیانە.

ڕێکەوتننامەکە لە شەش ماددەی سەرەکی و پێشەکیەک پێکهاتووە و لە لایەن وەزارەتی نەوتی عێراق و وەزارەتی سامانە سروشتییەکان وکۆمپانیای نەوتییەکان واژووکراوە و ماف و شایستە و پابەندییەکانی هەر سێ لایەنی تێدا دەستنیشانکراوە.

- وا بڕیارە کاتژمێری ٦ ـی سەر لەبەیانی ڕۆژی شەممە، ڕێکەوتی ٢٧ـی ئەیلولی ٢٠٢٥ نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگای بۆری نەوتی هەرێم - جەیهان وجارێکی دیکە بگاتەوە بازاڕی جیهانیی و لە لایەن کۆمپانیای سۆمۆوە بە بازاڕ بکرێت و داهاتەکەی بگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی فیدڕاڵیی بەغدا سەرەڕای پێدانی مانگانەی بەشی گەنجینەی فیدڕاڵیی لە داهاتە نانەوتییەکانی هەرێم، بەم جۆرەش هەرێم بەشدار دەبێت لە زیادکردنی داهاتی گەنجینەی فیدڕاڵیی عێراق و جارێکی دیکە لە بوودجەی گشتی عێراقەوە تەرخان دەکرێتەوە بۆ دابینکردنی مووچە و شایستەکانی هەرێم.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار