بەرپرسێکی ئیدارەى خۆسەر: مەترسی لەسەر تورکیا دروست ناکەین

2 ڕۆژ لەمەوپێش
لەکاتێکدا وتەبێژی وەزارەتی بەرگری تورکیا هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)ی بە پابەندنەبوون بەو ڕێککەوتنانەی لەگەڵ دیمەشق تۆمەتبار کرد، بەرپرسێکی باڵای کوردى ڕۆژئاواى کوردستان پشتڕاستی کردەوە کە هێزەکانی هەسەدە مەترسی لەسەر تورکیا دروست ناکات.
بەدران چیا کورد، جێگری سەرۆکایەتی هاوبەشی ئیدارەی خۆسەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بۆ کاروباری سیاسی، ڕەخنەی لە ڕۆڵی تورکیا لە قەیرانی سوریا گرت و ئاماژەی بەوەدا کە "ئەنقەرە هەوڵدەدات قەیران و ململانێکانی ناوخۆی خۆی لەسەر پرسەکانی ئاشتی و دیالۆگی ناوخۆیی هەناردە بکات بۆ سوریا". جەختیشی لەوە کردەوە کە "ناوچەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بە هیچ شێوەیەک هیچ مەترسییەک بۆ سەر وڵاتێکی دراوسێ دروست ناکەن".
هەروەها بانگەشەى ئەوەى کرد کە " دیمەشق گرەو لەسەر فاکتەری کات دەکات تا کۆتایی ئەمساڵ بۆ ئەنجامدانی ڕێککەوتنی 10ی ئازار، پاشگەزبوونەوە لە بەڵێنەکانی و وەستان لە کۆبوونەوەکاندا."
ناوبراو پێیوابوو کە دیمەشق "مەرجەکانی ڕێککەوتنەکە بە شێوەیەکی جیاواز لێکدەداتەوە، بەتایبەتی سەبارەت بە تێکەڵکردنی هێزەکانی سوریاى دیموکراتی بۆ ناو سوپا و کاتی جێبەجێکردنی ئەو مەرجانەی کە ماونەتەوە و ڕێککەوتنی ١ی نیسان کە لە نێوان ئێمە و دیمەشقدا ئەنجامدرا سەبارەت بە گەڕەکە کوردییەکانی حەلەب".
ناوبراو لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی ئەلعەرەبیە.نێت/ئەلحەداس.نێت ئاماژەی بەوەشکردووە، "لە بڕگەی کۆتایی ڕێککەوتنەکەی ١٠ی ئازاردا هاتووە کە هەردوولا هەوڵدەدەن تا کۆتایی ساڵ هەوڵی جێبەجێکردنی بڕگەکانی ڕێککەوتنەکە بدەن و ڕەنگە ئەم پرسانە ماوەیەکی درێژتر بخایەنێت"، ئاماژەیە بۆ ئەگەری درێژکردنەوەی ماوەی ڕێککەوتنەکە.
سەبارەت بە هەڵوێستی ئەمریکا، جیا کورد، کرانەوەی ئیدارەی ئەمریکای بەڕووی دیمەشقدا بە پراگماتیک و کاتیی زانی، ئامانجی پاڵنانی هەندێک ڕێککەوتن بوو. ناوبراو هیوای دەربڕی کە واشنتۆن بە پێی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی هەموو پێکهاتەکانی سووریا مامەڵە لەگەڵ پرسی سووریا بکات.
داوای لە دەسەڵاتدارانی سوریا کرد "کۆدەنگی نیشتمانی ناوخۆیی وەک بنەمایەک بۆ بنیاتنانی داهاتووی وڵاتەکە وەربگرن".
جیا کورد هەروەها پێیوابوو کە " ئەو پرۆسەی هەڵبژاردنەی کە بڕیارە لە 5ی ئۆکتۆبەر بەڕێوەبچێت، نوێنەرایەتی خواستەکانی گەلی سوریا ناکات، هەروەها ناتوانرێت نوێنەری ڕاستەقینەی ئیرادەی سیاسی سوریا هەڵبژێردرێت". وتیشی، "بۆ نمونە لیژنەیەکی لاوەکی بۆ پارێزگاکانی ڕەقە و حەسەکە پێکهێنرا بۆ هەڵبژاردنی نوێنەر بۆ ئەو ناوچانە، بەڵام ئێمە بەڕاشکاوی و بەڕوونی دەیڵێین: ئەمانە نوێنەرایەتی هیچ کەسێک ناکەن.
ناوبراو پێیوابوو "ناوچەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا نوێنەریان هەیە کە ناتوانرێت پشتگوێ بخرێن"، وتی، "هیچ هەڵبژاردنێک شایەنی باسکردن لەم ناوچانەدا ڕوونادات لەکاتێکدا پێشتر لەسەر ئەم بابەتە نەگەیشتوینەتە ڕێککەوتن".

