وەزارەتى پەروەردە: گواستنەوەى میلاک پێشمەرگە ناگرێتەوە

4 كاتژمێر لەمەوپێش



وتەبێژی وەزارەتی پەروەردە ئەو دەنگۆیانە ڕەتدەکاتەوە، کە دەوترێت هەڵگرانی بڕوانامەی بەکالۆریۆس لە وەزارەتی پێشمەرگە بۆ سەر وەزارەتی پەروەردە دەگوازرێنەوە. بەڵکو ئەو گواستنەوەیە تەنیا بۆ وەزارەتە مەدەنییەکانە و بەشێوەی تەنسیبە.

 سامان سیوەیلی، وتەبێژی وەزارەتی پەروەردە ڕایگەیاند، پێشتر وەزارەتی پەروەردە بە نووسراوی ژمارە (18970) لە ڕێککەوتی 26-8-2025 داوای لە وەزارەتە (مەدەنییەکان) کردبوو. ئەگەر ڕەزامەندیان دا، فەرمانبەرانیان ئەوانەی هەڵگری بڕوانامەی بەکالۆریۆسی پەروەردە و زانست و ئاداب لە چەند پسپۆرییەکی دیاریکراون، دەتوانن بەشێوەی تەنسیب بگوازرێنەوە بۆ وەزارەتی پەروەردە.

سامان سیوەیلی دەشڵێت، ئەو داواکارییەی وەزارەتی پەروەردە تەنیا وەزارەتە مەدەنیەکان دەگرێتەوە نەک وەزارەتی پێشمەرگە و دامەزراوە هاوشێوەکانیان. 

بەهۆی ئەوەی ئەمساڵ هەزاران مامۆستا لە هەرێمی كوردستان خانەنشین بوون و بۆشاییەكی زۆر لە قوتابخانەكان دروست بوون، وەزارەتی پەروەردە دەرگا بۆ بەشێك لە هەڵگرانی بڕوانامەی بەکالۆریۆس لە وەزارەتە مەدەنییەکان بۆ سەر وەزارەتی پەروەردە دەکاتەوە. 

 ئەم ڕوونکردنەوەیەی وەزارەتی پەروەردە لە کاتێکدایە کە ژمارەیەک لە فەرمانبەران و ڕۆژنامەنوسان پرسیاریان لەوبارەیەوە لە وەزارەتی پەروەردە کردبوو، ئایا وەزارەتەکە داوای کردووە کە هەڵگرانی بەکالۆریۆسی پەروەردەیی و ئاداب و زانستەکان و پسپۆڕییە نزیکەکانی هاوشێوە لە میلاکی وەزارەتی پێشمەرگە بە تەنسیب بێنە وەزارەتی پەروەردە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار