سامانە سرووشتییەکان: دەست بەهەناردەکردنەوەی نەوت دەکرێت

5 كاتژمێر لەمەوپێش
ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە سەرۆکوەزیرانی عێراق پەیامێکی لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان بڵاوکردەوە و بە ڕێککەوتنێکی مێژوویی وەسفیکرد، هەر دوای ئەو ڕاگەیێنراوەش وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان کاتی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی ئاشکرا کرد.
هاوکات وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: دوای ڕێککەوتنێکی سێ قۆڵی لە نێوان هەردوو وەزارەتی پەیوەندیدار و کۆمپانیاکانی بواری نەوت لەسەر دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوت ڕێککەوتین.
لە بەشێکی دیکەیي ڕاگەیێنراوەکەشدا هاتووە؛ لەماوەی ئەم 48 کاتژمێرەدا، دەست بە هەناردەکردنەوەی نەوت دەکرێت، هەناردەکردنەوەی نەوت لە ڕێگەی بۆری نەوتی جەیهانەوە دەبێت.
سەرۆکوەزیرانی عێراق کە پەیامێکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاوکردووەتەوە و تیایدا هاتووە: ئەمڕۆ گەیشتینە ڕێککەوتنێکی مێژوویی کە بەپێی ئەو ڕێککەوتنە، وەزارەتی نەوتی فیدراڵی نەوتی خاوی بەرهەمهێنراو لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان وەردەگرێت و لە ڕێگەی بۆری نەوتی عێراق - تورکیاوە هەناردەی دەکات.
سوودانی لە پەیامەکەیدا باسی لەوەشکردووە، "ڕێککەوتنەکە دابەشکردنی دادپەروەرانەی داهات مسۆگەر دەکات و هانی وەبەرهێنان دەدات، چاوەڕوانیش دەکرێت ئەم ڕێککەوتنە کاریگەریی ئەرێنی لەسەر ئابووریی عێراق بە گشتیی و هەرێمی کوردستان بە تایبەتی دەبێت.
دوای ڕێککەوتنێکی سێ قۆڵی لەنێوان وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان و وەزارەتی نەوت و کۆمپانیاکانی بواری نەوت، لە ماوەی 48 کاتژمێری داهاتوودا دەست بە هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان دەکرێت.

