دەزگای ئاسایشی هەرێم دەڵێت، هەڤاڵ فارس بە مادەی 240 لە یاسای سزادانی عێراقی راگیراوە. هەر کەسێک فەرمانبەری حکومی بێت یان راسپێردڕابێت بۆ خزمەتی گشتی و سەرپێچی لە کارەکەی بکات دەکرێت بەم مادەیە دەستگیربکرێت و سزا بدرێت. سزاکەی چییە؟ ئەگەر لەکاتی دادگاییکردن سەلمێنرا سەرپێچی لە پیشەکەی کردووە سزا دەدرێت بە زیندانیکردن کە لە شەش مانگ زیاتر نەبێت، یان پێبژاردن کە لە 100 دینار زیاتر نەبێت. تێبینی: سزای پێبژاردنەکە بە چاپی کۆنی دراوی عێراقی دیاریکراوە کە دەکاتە 15 هەزار دینار.
ئاسایشی سلێمانی راگەیێندراوێکی لەبارەی مامۆستا ئایینییەکەی گەڕەکی راپەڕین بڵاوکردەوە و دەڵێت، "لە گوتارەکەیدا، هەندێک دەستەواژەی نەشیاوی بەرامبەر کوردانی رۆژئاوا بەکارهێناوە." کارزان شێرکۆ، گوتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێم رایگەیاند، نیوەڕۆی ئەمڕۆ 16-01-2026 لە مزگەوتی بەختەوەریی گەڕەکی راپەڕینی شاری سلێمانی، گوتاری رۆژی هەینی بووە هۆی دروستبوونی ناڕەزایی و گرژی و ئاڵۆزی لە مزگەوتەکەدا. گوتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێم دەشڵێت، بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی سلێمانی دەستبەجێ بۆ کۆتاییهێنان بە ئاڵۆزییەکان، "گوتاربێژەکەیان گواستەوە بۆ ئاسایشی سلێمانی." کارزان شێرکۆ ئاماژەی بەوە کردووە، "(هەڤاڵ فارس مەولوود) پیشەی ئەندازیارە و خۆبەخشانە گوتاربێژی (مزگەوتی بەختەوەری)یە، دوای لێکۆڵینەوەکان دەرکەوت ناوبراو لە گوتارەکەی ئەمڕۆیدا هەندێک دەستەواژەی نەشیاوی بەرامبەر بە کوردانی رۆژئاوا بەکارهێناوە، ئەمەش بووەتە هۆی ناڕەزایی لای نوێژخوێنانی ئەو مزگەوتە." بەپێی گوتەی گوتەبێژی دەزگاکە، ئێستا ئەو مامۆستا ئایینییە بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش تۆمەتبارە بە ماددەی (240) لە یاسای سزادانی عێراقی و راگیراوە و لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکەی بەردەوامە. روونکردنەوەی مادەی 240 لە یاسای سزاکانی عێراقی مامۆستا ئایینییەکە بەپێی مادەی (240) لە یاسای سزاکانی عێراقی (ژمارە 111ی ساڵی 1969) راگیراوە. ئەم مادەیە دەکەوێتە چوارچێوەی "سەرپێچیکردنی فەرمانە فەرمییەکان" و ناوەڕۆکەکەی بەم شێوەیە: دەقی یاساکە: سزا دەدرێت بە بەندکردن (الحبس) کە لە 6 مانگ تێپەڕ نەکات، یان بە پێبژاردن (غەرامە) کە لە (100) هەزار دینار زیاتر نەبێت (بەپێی هەموارکردنەوە نوێیەکان بڕەکەی گۆڕاوە)، هەر کەسێک سەرپێچی بکات لە فەرمان یان بڕیارێک کە لەلایەن فەرمانبەرێک یان دەسەڵاتێکی گشتییەوە دەرچووبێت، یان خۆی لە جێبەجێکردنی فەرمانەکە دزیبێتەوە. بۆچی ئەم مادەیە بەکارهاتووە؟ لە دۆسیەی ئەم مامۆستا ئایینییەدا، مادەی 240 بەکارهاتووە چونکە: 1- گوتاربێژی لە مزگەوتەکاندا رێنوێنی و یاسای تایبەتی هەیە، کە لەلایەن وەزارەتی ئەوقاف و لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە دەردەچن، بەکارهێنانی مینبەر بۆ "ناوزڕاندن" یان "دروستکردنی ئاڵۆزیی کۆمەڵایەتی" وەکو سەرپێچیکردنی ئەو رێنوێنییە گشتییانە ئەژمار دەکرێت. 2- دروستکردنی پشێوی لە شوێنێکی گشتیدا (مزگەوت) وەکو سەرپێچیکردنی فەرمانی پاراستنی ئاسایشی گشتی سەیر دەکرێت.
دوای ئارامییەکی کاتی لە ڕۆژانی هەینی و شەممەدا، لە دوای نیوەڕۆی ڕۆژی یەکشەممەوە هەرێمی کوردستان دەکەوێتە ژێر کاریگەریی یەکێک لە بەهێزترین شەپۆلەکانی بەفربارین لەمساڵدا، کە تێیدا سپێتیی بەفر زۆربەی ناوەندە شارەکان دادەپۆشێت. بەگوێرەی پێشبینییەکان لە دوای نیوەڕۆی یەکشەممە (18-1-2026): شەپۆلێکی نوێی بەفر و باران دەستپێدەکات و چاوەڕوان دەکرێت بەفر بگاتە سەنتەری شارەکان. شێخ دارا، شارەزای کەشناسیی ئاڤا میدیا گوتی: بە ئەگەری 80% لەناو سەنتەری شارەکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک و دەوروبەری کەرکووک بەفر دەبارێت. باسی لەوەشکرد، تێکڕای پلەکانی گەرمای ئەمساڵ بە شێوەیەکی بەرچاو لە ساڵانی ڕابردوو کەمترە؛ پلە بەرزەکان 4 بۆ 6 پلە و پلە نزمەکان 6 بۆ 12 پلە جیاوازییان هەیە.
مارک ساڤایا نوێنەری سەرۆکی ئەمەریکا بۆ کاروباری عێراق دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیری جەنگ و بەرپرسێکی باڵای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە ئیدارەی وڵاتەکەی، چەند وێنەنەکی بڵاوکردووەتەوە و نووسیویەتی: عێراق مەزن دەکەینەوە. مارک ساڤایا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس ئەمڕۆ هەینی 16ی کانوونی دووەمی 2026، دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ هەر یەک لە پێت هێگیسیس، وەزیری جەنگی ئەمەریکا و سباستیان گۆرکا، بەڕێوەبەری ناوەندی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، چەند وێنەیەکی بڵاوکردووەتەوە و نووسیویەتی: لە کۆشکی سپی لەگەڵ وەزیری جەنگ و بەڕێوەبەری ناوەندی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر کۆبوومەوە و گفتوگۆمان لە بارەی ئەو باس و بابەتانە کرد لە سەردانی داهاتووم بۆ عێراق دێنە پێش، بۆ ئەوەی بڕیارێکی دروستیان لە بارەوە بدەم کە لە بەرژەوەندی و خزمەتی گەلی عێراق بن. ساڤایا لەکۆتایی پەیامەکەیدا نووسیویەتی "عێراق مەزن دەکەینەوە".
رۆژنامەى وۆڵ ستریت جۆرناڵ ئاشکرای دەکات • هۆکاری دواخستنی هێرشکردنە سەر ئێران، نەبوونی هێزی پێویستی ئەمریکایە لە ناوچەکەدا • بە ترەمپ ڕاگەیەندراوە هێرشکردنە سەر ئێران، رووخانی ڕژێم مسۆگەر ناکات • ترەمپ بڕیاریداوە چاودێریی مامەڵەی ئێران لەگەڵ خۆپیشاندەران بکات، پێش ئەوەی بڕیاری هێرش بدات • ترەمپ داوای ئامادەکردنی هێزەکانی ئەمریکای لە ناوچەکە کردووە، بۆ حاڵەتی دەرکردنی فەرمانی هێرشێکی گەورە بۆ سەر ئێران • رەنگە ترەمپ فەرمانی ناردنی کەشتیی فڕۆکەهەڵگری "لینکۆڵن" بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بدات لەلایەکى دیکەوە، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی ئەمەریکا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست: • کوشتن لە ئێران وەستاوە.. تەنها ترەمپ ئەو هێزەی هەیە کە خەڵک ملکەچ بکات • چارەسەری دیپلۆماسی لەگەڵ ئێران ئەگەرێکى بەهێزە • سەبارەت بە نیگەرانییەکانمان لە کوشتن و لەسێدارەدانی بەکۆمەڵ، پەیوەندیمان بە ئێرانییەکانەوە کردووە
تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی دەمپارتی لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفیزیۆنیدا دەڵێت: ئێمە لە هاکان فیدان تێناگەین وەزیری دەرەوەی تورکیایە یان سوریا. دوێنێ هاکان فیدان، وەزیرى دەرەوەى تورکیا وتى: بوونی هەسەدە لە رۆژئاوای رووباری فورات، لەوانەش دێرحافر و ناوچەکانی دیکە، کارێکی نایاساییە. ئەوەشى خستەڕوو، پێویستە هەسەدە لە زووترین کاتدا بڕیارەکانى رێککەوتننامەى 10ـى ئازار جێبەجێ بکات. وەزیری دەرەوەی تورکیا لەبارەی شەڕی گرووپەکانی سەر بە سوپای عەرەبی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە سووریا دەڵێ، "هەر لایەنێک بە ناوی هەسەدەوە دانوستاندن بکات، بەبێ وەرگرتنی رەزامەندیی قەندیل سەرناگرێت.'' لەبەرانبەر ئەو وتانەى فیدان، تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) رایگەیاند: دۆخی هێزەکانی سوریای دیموکرات بابەتێکی ناوخۆیی بۆ دەوڵەتی سوریایە نەک تورکیا وتیشى: “پەیوەندی بە تورکیاوە چییە؟ ئەوە پرسێکی سوریایە؛ با حکومەتی سوریا بڕیاری لەسەر بدات، تەنانەت دیمەشقیش دەیەوێت هێزەکانی سوریای دیموکرات چەکەکانیان بهێڵێتەوە، کەواتە بۆچی ئێمە لە تورکیە نیگەرانین لەوەی هێزەکانی سوریای دیموکرات چەکەکانیان دانەنێن؟ دەشڵێت: لە حەلەب هەوڵی دووبارەکردنەوەی هەڵەبجەیەکی نوێ درا و دەڵێ، هەرکەسێک بۆ غەززە بگری و بۆ حەلەب چەپڵە لێبدات، دووژمنێکی سەرسەختی کوردە.
دۆخی ڕۆژئاوای کوردستان لە قۆناغێکی مەترسیداردایە، دوای شکستهێنانی پلانێکی ئەحمەد شەرع چاوەڕوان دەکرێت ئەمشەو یان سبەینێ شەڕێکی قورس و خوێناوی ڕووبدات. بەهۆی هەڵکشانی مەترسییەکانیش ڕۆژئاوای کوردستان سێ دەروازەی گەورەی لەگەڵ سووریا داخستووە. دۆخی ڕۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە تا دێت خراپتر و مەترسیدارتر دەبێت، بەتایبەت لە دێر حافر و مەسکەنە و بەنداوی تشرین. گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی سووریا و تورکیا، لە 24 سەعاتی ڕابردوودا هێرشەکانیان چڕتر کردووەتەوە بەتایبەت بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان. بەپێی زانیارییە مەیدانییەکان، ئێستا هێزەکانی هەسەدە و گرووپە چەکدارەکان بەرامبەر یەک لە سەنگەرن، سوپای عەرەبی سووریا هەڕەشەی هێرشێکی تووند و یەکلاکەرەوە دەکات. زەنگی دەستپێکردنی هێرشەکەیشی لێداوە، چاوەڕوان دەکرێت دوای تەواوبوونی مۆڵەتە 8 کاتژمێرییەکە، ئەمشەو تا بەیانی شەڕێکی قورس و خوێناوی ڕووبدات. مەترسیدارترین شوێن بۆ شەڕەکە دێر حافرە، زیاتر لە 100 هەزار کەس لەو شارۆچکەیە دەژین و زۆربەیان عەرەبن، لەگەڵ مەسکەنە و بەنداوی تشرین لەلایەن سوپای سووریا بە ناوچەی سەربازی داخراو دانراون. سوپای عەرەبی سووریا دوێنێ ڕایگەیاند بۆ پاراستنی خەڵک ڕێڕەوێکی مرۆیی دەکەنەوە. مۆڵەتێکی 8 کاتژمێریشی دانابوو لە کاتژمێر 09:00ی بەیانی ئەمڕۆوە بۆ کاتژمێر 05:00ی ئێوارە، بۆ ئەوەی خەڵک ناوچە سەربازییەکان چۆڵ بکەن، بەڵام ئەو پلانەی ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان شکستی هێنا، بەدرێژایی ئەمڕۆ یەک کەس لە ڕێڕەوە مرۆییەکە دەرنەچوو. سوپای عەرەبی سووریا هەسەدە تۆمەتبار دەکات بەوەی ڕێگری لە خەڵک کردووە لەڕێگەی ڕێڕەوەکەوە لەو ناوچانە دەرچن و بگوازرێنەوە بۆ شوێنێکی سەلامەت. هەسەدەش ئەو تۆمەتە ڕەت دەکاتەوە و دەڵێت: خەڵک خۆیان ڕایان نەکردووە و ڕازی نەبوون بە زۆرەملێ ئاوارە بکرێن و لەژێر هەڕەشە و فشار ماڵ و حاڵیان جێبهێڵێن، چونکە هیچ متمانەیەکیان بە سوپای سووریا و گرووپە چەکدارەکان نییە. ئێستا دۆخەکە ئاڵۆز و مەترسیدارە، سوپای سووریا و گرووپە چەکدارەکان هەزاران چەکداریان کۆکردۆتەوە، هەرچی چەکی قورس هەیانە هێناویانە بۆ هێرشکردنە سەر هەسەدە. هەسەدەش سەنگەرەکانی قایم کردووە و هەڕەشە دەکات هەر هێرشێکیان بکرێتە سە بەتووندی وەڵامیان دەدەنەوە بۆ ئەوەی جارێکی تر بووێرییان نەبێت بیر لە داگیرکردنی ڕۆژئاوای کوردستان بکەنەوە. نوێترین پێشهاتەکان: ئێوارەی ئەمڕۆ گرووپە چەکدارەکان بە دوو درۆنی بۆمبڕێکراو هێرشیان کردە سەر دەوروبەری بەنداوی تشرین. ٠ هەسەدە دەڵێت درۆنی بەیرەقداری تورکی بەشێوەیەکی چڕ و بەردەوام بەسەر ئاسمانی دێرحافر و مەسکەنەدا دەسووڕێننەوە.
گوتەبێژی کۆشکی سپی ڕایگەیاند: بەهۆی هۆشدارییەکانی سەرۆکی ئەمەریکا ئێران 800 سزای لە سێدارەدانی ڕاگرت و بە وردی چاودێری بارودۆخی ئێران دەکەین. ئەمڕۆ پێنجشەممە، 15ـی کانوونی دووەمی 2026، کارۆڵاین لێڤێت، گوتەبێژی کۆشکی سپی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: بەھۆی ھۆشدارییەکانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا ئێران 800 سزای لە سێدارەدانی ڕاگرت و پەیوەندیی و گفتوگۆمان لەگەڵ ئێران ھەبووە و بە وەردی چاودێری بارودۆخی ئێران دەکەین. هەروەها گوتی: سەرۆک ئەمەریکا ھۆشداری توندی دایە بەرپرسانی ئێران و هەموو بژاردەکان لەسەر مێز بۆ سەرۆک کۆمار ماونەتەوە. گوتەبێژی کۆشکی سپی جەخت لەوە دەکاتەوە، دۆناڵد ترەمپ، هۆشداری توندی داوەتە تاران لە ئەگەر کوشتنی خۆپێشاندەران بەردەوام بن، ئەنجامی قورسی دەبێت.
ئامادەکردنی هاوڵاتی ئەو چاوپێکەوتنەی کە ئامانج لێی نەهێشتنی دووبەرەکی و هێورکردنەوەی گرژییەکان بوو لەنێوان حکومەتی سوریا و هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)، دەرئەنجامەکەی رێک پێچەوانە دەرچوو چونکە ئەحمەد شەرع، سەرۆکی راگوزەری سوریا، بێگوێدانە دۆخە هەستیارەکەی شەڕی حەلەب قسەی تووندی لەبارەی کوردەوە کردووە. ئیلی ناکۆزی، بەڕێوەبەری کەناڵی شەمس لەبارەی بڵاونەکردنەوەی چاوپێکەوتنەکەی لەگەڵ ئەحمەد شەرع نهێنی وردی درکاندووە و باسی لەوە کردووە، ئەحمەد شەرع زۆر بە تووندی باسی کوردی کردووە لەکاتێکدا ناکۆزی ویستوویەتی ئەحمەد شەرع جۆرە قسەیەک بکات دۆخی حەلەب هێور بکاتەوە کە شەڕێکی سەختی تێدا کرا و گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە بوونە مەیدانی شەش رۆژی جەنگ و لەئەنجامدا گروپەکانی سەر بە دیمەشق هەردوو گەڕەکە کوردییەکەیان داگیرکرد، زیاتر لە 150 هەزار دانیشووی دوو گەڕەکەکەش ئاوارە بوون، ئەمە جگە لەوەی ئاسایشی ناوخۆی حەلەب بەرخۆدانێکی مەزنی کرد و چەند ئەندامێکیان شەهید بوون، کە دیارترینیان فەرماندە زیاد حەلەب بوو. ئیلی ناکۆزی لەبارەی چاوپێکەوتنەکەی لەگەڵ شەرع دەڵێت، "هەوڵمدا پەیامی کەمکردنەوەی توندوتیژی لە سەرۆک شەرع وەربگرم، بەڵام هەمیشە هێرشەکانی بۆ سەر هێزەکانی هەسەدە زیاد دەکرد، لە لایەکی دیکەوە زۆر بە زیرەکی هاوسۆزی بۆ کورد دەربڕی، بەڵام هێرشکردنە سەر هێزەکانی هەسەدە هێرشێکی گەورە بوو. تەنانەت پێم گوت 'جەنابی سەرۆک، ئەمە هاوتایە لەگەڵ ڕاگەیاندنی شەڕ." ناکۆزی زیاتر باسی چاوپێکەوتنەی کرد و گوتی، "بە گشتی بۆچوونی من ئەوەیە کە بە دڵنیاییەوە ئەم قسانە گرژییەکانی سووریا یان هەولێر هێور ناکەنەوە، بە پێچەوانەوە هەستی کورد زیاتر جۆشدەدەن و دۆخێک دروست دەکەن کە ڕەنگە ببێتە هۆی خوێنڕشتن.". هەرچەندە چاوپێکەوتنەکە بەتەواوی بڵاونەکرایەوە، بەڵام لە تۆڕە کۆمەڵایتییەکان لایەنەگرانی حکومەتی سوریا بەشێکی کورتیان بڵاوکردەوە کە تێیدا ئەحمەد شەرع باسی ئازایەتی کورد دەکات و دەڵێت، چەند جارێک بە مەزڵوم عەبدیم گوتووە رێککبکەوین. ناکۆزی باسی لەوە کردووە، رای گشتی لە هەولێر، کە بنکەی کەناڵەکەی لێیە، دژی چاوپێکەوتنەکە دروست بووە و لە ئەنجامدا کەناڵەکە لە سۆشیال میدیا ڕووبەڕووی هێرش و ڕەخنە بووەتەوە، ناکۆزی نیگەرانی خۆی دەربڕی کە چاوپێکەوتنەکە دەبێتە هۆی دووبەرەکی لە نێوان کوردەکاندا.
هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی، بەکارهێنانی خاکی عێراق بۆ هێرشکردنە سەر ئێران رەتدەکاتەوە و دەڵێت، "ناوچەکە بەرگەی ململانێی سەربازیی نوێ ناگرێت". هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە راگەیێندراوێکدا ئەمڕۆ پێنجشەممە رایگەیاند، "ناوچەکە بەرگەی ململانێی سەربازیی نوێ ناگرێت، بەتایبەتی لە سایەی ئاڵنگارییە ئابوورییەکانی ئێستا و دابەزینی نرخی نەوت. بۆیە بەکارهێنانی خاکی عێراق بۆ هێرشکردنە سەر هەر وڵاتێک، بەتایبەت کۆماری ئیسلامیی ئێران رەتدەکەینەوە". لەلایەکى دیکەوە لەسەروبەندی ئاڵۆزییە خێراکان و هەڕەشە ئەمنییەکانی ناوچەکە، حکومەتی عێراق هەڵوێستی فەرمی خۆی راگەیاند و جەختی کردەوە کە رێگە نادات خاکەکەی ببێتە سەرچاوەی هەڕەشە بۆ سەر وڵاتانی تر. راگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق دەڵێت، عێراق سوورە لەسەر هەڵوێستی نەگۆڕی خۆی کە رێگری دەکات لە بەکارهێنانی "خاک، ئاسمان و ئاوە هەرێمییەکانی” وەک بنکەیەک بۆ ئەنجامدانی هەر هێرش و کارێکی سەربازی بۆ سەر هەر وڵاتێکی تر. حکومەتی عێراق داوای لە هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە دان بەخۆیاندا بگرن، پەنا ببەنە بەر زمانی دیالۆگ و رێگە دیپلۆماسییەکان نوعمان دەشڵێت: عێراق پابەندە بەوەی رێگە نەدات خاکەکەی ببێتە مەیدانی هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی وڵاتانی دراوسێ.
ئەنجوومەنی باڵای فەتوای هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، جیاوازی لە نێوان دۆلاری سپی و شین حەرامە و ئەمڕۆ لە بازاڕی دۆلار فرۆشانی هەولێر، جیاوازیەکەی بۆ 900 دینار کەمبووەوە. کەیفی خۆشناو، گوتەبێژی بازاڕی دۆلارفرۆشانی هەولێر، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 15ـی کانوونی دووەمی 2026، بە هێرۆ مەولوودی پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند: فەتوای دوێنیی ئەنجوومەنی باڵای فەتوانی هەرێمی کوردستان زۆرباش و پێویستبوو، چونکە خەڵکانێکی زۆر خانوویان دروستدەکرد یان ئۆتۆمبێلیان دەکڕی یاخود مامەڵەی دیکەیان هەبوو، زۆر زیاتر لەسەریان گران دەبوو. گوتەبێژی بازاڕی دۆلارفرۆشانی هەولێر ئاماژەی بەوە دا، ماوەیەکبوو جیاوازی نێوان دۆلاری سپی و شین چوار هەزار دیناربوو، بەمەش خەڵکێکی زۆر زەرەرمەندبوون، بەڵام ئەمڕۆ جیاوازیەکە لە چوار هەزارەوە بۆ 900 دینار کەمیکردووە، دوای چەند ڕۆژێکی دیکە ئەم جیاوازیەش نامێنی. کەیفی خۆشناو داوا دەکات، چارەسەری پارەی دڕاویش بکرێت، بەتایبەتی لە بانکەکان، چونکە بەمەش کارئاسانییەکی زۆر بۆ هاووڵاتییان دروست دەبێت. دوێنێ چوارشەممە، 15ـی کانوونی دووەمی 2026، ئەنجوومەنی باڵای فەتوای هەرێمی کوردستان، دەربارەی جیاوازی نێوان دۆلاری سپی و شین فەتوایەکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند: نابێت جیاوازی لە نێوانیان بکرێت، چونکە لە یەک ڕەگەزن و نابێت جیاکاریی لەنێوانیاندا بکرێت. لەگەڵ ئەمەشدا دەرچەیەکی شەرعی هێناوەتەوە. هەروەها عەبدوڵڵا شێرکاوەیی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی باڵای فەتوای هەرێمی کوردستان، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند: "لەکاتی گۆڕینەوەی دۆلاری شین بە سپی، وەرگرتنی هەر بڕە پارەیەک بە بیانووی جیاوازیی جۆرەکەیان، حەرامە." ناوبراو ڕوونی کردەوە، کە لە ڕووی یاساییەوە دۆلاری سپی و شین یەک بەهان و یەک ڕەگەزی دراون؛ بۆیە دەبێت ئاڵوگۆڕەکە دەستبەدەست و بە هەمان بڕ بێت، هەر زیادەیەک لەم نێوەندەدا وەربگیرێت، حەرامە.
بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆسەر رایگەیاند، حکومەتی سوریا هێزێکی زۆری پڕچەکی رەوانەی دێرحافر و مەسکانە لە لادێکانی حەلەب کردووە، ئاماژەی بەوەشکرد؛ قسە دزەپێکراوەکانی ئەحمد شەڕع راگەیاندنی شەڕە دژی کورد و ئەوەشی لە شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە روویدا، دەرئەنجامی رێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان بوو. ئیلهام ئەحمەد، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆسەر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند؛ ئەوان دەزانن حکومەتی سوریا هێزێکی زۆری ناردوە بۆ دێر حافر و لە پەیوەندیدان لەگەڵ ئەمریکا و تورکیا و چەندین دەستپێشخەریان بۆ کەمکردنەوە و رێگریکردن لە پەرەسەندنی گرژییەکان کردوە و چاوەڕوانی وەڵامن. ناوبراو ئاماژەی بەوەشکردوە، حکومەتی ئەمریکا دەرگایەکی فراوانی بۆ حکومەتی کاتی سوریا کردوەتەوە و پێویستە کۆنگرێسی ئەمریکا بەدواداچوون بۆ ئەو مەرجانە بکات بۆ هەڵگرتنی سزاکان. ئیلهام ئەحمەد بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی ئیدارەی خۆسەر، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا: * حكومەتی دیمەشق هێزێكی زۆرەی رەوانەی (دێرحافر)و (مەسكەنە) كردووە لە ریفی حەلەب. * لەگەڵ ئەمریكاو توركیا لە پەیوەندیداین و، چەند دەستپێشخەرییەكمان پێشكەشكردووە بۆ ئارامكردنەوەی دۆخەكەو چاوەڕوانی وەڵامی ئەوان دەكەین. *قسە دزەپێكراوەكانی ئەحمەد شەرعی سەرۆكی راگوزەری سوریا بەواتای راگەیاندنی جەنگە دژ بە كورد (مەبەستی بڵاوكردنەوەی چاوپێكەوتنەكەیەكی لەگەڵ كەناڵی شەمس) *ئەمریكا بوارێكی گەورەی بە حكومەتی راگوزەری سوریا داوە، دەبێت كۆنگرێس چاودێری مەرجەكانی هەڵگرتنی سزاكان بكات. *بانگەشەی حكومەتی دیمەشق لەبارەی ئەوەی گوایا ئێمە رێككەوتنی 10ی ئازارمان جێبەجێ نەكردووە، ناڕاستەو لایەنە نێودەوڵەتییەكانیش ئەوە ئەزانن. *هەموو كۆبوونەوەكان لەگەڵ بەرپرسانی دیمەشق لەژێر فشاری ئەمریكاو فەرەنسا بۆسەر حكومەت بەڕێوەچوون، لایەنە نێودەوڵەتییەكان بەباشی ئەمە ئەزانن. *حكومەتی دیمەشق پێكهێنانی دەستەی دانوستانەكانی قبوڵ نەكرد. *حكومەت چەندجارێك پەیوەندی بڕی تاوەكو لایەنی ئەمریكی دەستوەردانی كردو پەیوەندی دروستكردەوە. *حكومەت خۆی بەسەر سوریادا سەپاندووەو بۆخۆیان دەستورێكیان راگەیاندووەو ئەنجومەنی گەلیان دروستكردووە. *دەبێت وڵاتانی عەرەبی یارمەتی سوریا بدەن بۆ ئەوەی نەخزێتە ناو شەڕی ناوخۆییەوە.
کۆمپانیای سۆمۆ ڕایگەیاند، لە سێ مانگی ڕابردوودا 19 ملیۆن بەرمیل نەوتی لە هەرێمی کوردستانەوە هەناردە کردووە. جەختیشی کردەوە، بەردەوامن لە وەرگرتنی نەوتی هەرێم بەپێی ئەو ڕێککەوتنەی کە کراوە. ئەمڕۆ پێنجشەممە، 15ـی کانوونی دوومەی 2026، عەلی نزار شەتەری، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) بە ئاژانسی هەواڵی عێراق (واع)ـی ڕاگەیاند: "پرۆسەی وەرگرتنی نەوتی هەرێمی کوردستان بەردەوامە بەپێی ئەو ڕێککەوتنەی کراوە". جەختیشی کردەوە "هەموو لایەنەکان هەوڵی خۆیان دەدەن بۆ پابەندبوون بە جێبەجێکردنی بڕگەکانی ڕێککەوتنەکە، بەپێی ئەو بارودۆخە کارپێکردنەی کە بۆ کێڵگە نەوتییەکان و پرۆسە لۆجستییەکان دیاریکراوە." ئەلشەتەری ڕوونیکردەوە "ئەو بڕە نەوتەی کە لە سەرەتای جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەکەوە لە 27ی ئەیلوولی 2025 تا کۆتایی مانگی کانوونی دووەمی 2025 وەرگیراوە و هەناردەکراوە، گەیشتووەتە نزیکەی 19 ملیۆن بەرمیل،" ئاماژەی بەوەش کرد "تێکڕای مانگانەی نزیکەی 6 ملیۆن بەرمیلە." ناوبراو گوتیشی: "سرووشتی پیشەسازی نەوتی جیهانی گۆڕانکاری لە ڕێژەکانی بەرهەمهێنان و هەناردەکردندا دروست دەکات، ئەمەش بەهۆی گۆڕانکارییە تەکنیکی و کارپێکردنەکانەوەیە." ڕوونیشیکردەوە "بڕی ئەو نەوتەی مانگانە لە هەرێمەوە وەردەگیرێت، و ڕێژەکەی لە کۆی گشتی هەناردەکردنی عێراقدا، بە ڕێژەیەکی سادە دەگۆڕێت و لە سنووری قبوڵکراودایە بەپێی پێوەر و ڕێکارە جیهانییەکانی پیشەسازی نەوت." 22ى ئەیلوولی 2025، بەغدا و هەولێر و کۆمپانیاکانى نەوت ڕێککەوتنێکى سێ قۆڵییان بۆ هەناردەکردنەوەى نەوتى هەرێمى کوردستان واژۆ کرد؛ ماوەی ڕێککەوتنەکە تاوەکو کۆتایی ساڵی 2025 بوو. دوێنێ ڕۆژی چوارشەممە 14ی کانوونی دووەمی 2026، پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، لەبارەی ئەگەری درێژکردنەوەی ڕێککەوتنەکە، گوتی "ڕێککەوتنەکەی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ لە سەرەتاوە بەو جۆرە بوو، بۆ ماوەی سێ مانگ بێت؛ ئەگەر لە ماوەی سێ مانگدا هیچ لایەنێک تێبینی لەسەر نەبوو، ئەوا ڕێککەوتنەکە بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی جارێکی دیکە تازە دەبێتەوە." شەوی ڕابردوو (چوارشەممە، 14ـی کانوونی دووەمی 2026)، ڕێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری دارایی بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لە 27ی ئەیلوولی 2025، تاوەکوو 31ی کانوونی یەکەم، 19 ملیۆن و 594 هەزار بەرمیل نەوتی کوردستان لە لایەن کۆمپانیای 'سۆمۆ'ـەوە هەناردە کراوە و داهاتەکەی هەمووی چووەتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی عێراق، بەمەش مووچەی فەرمانبەران بە ڕێژەی %70 لەلایەن خودی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە دابین دەکرێت.
