پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند،  بەهۆی دابەزینی بەرچاوی پلەکانی گەرما لە سنووری پارێزگای سلێمانی دوو رۆژ کرایە پشوو. ئەمڕۆ دووشەممە، 19ـی کانوونی دووەمی 2026، د. هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند، لەسەر بنەمای ڕاپۆرتی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەهۆی دابەزینی بەرچاوی پلەکانی گەرما لە سنووری پارێزگای سلێمانی و لەپێناو پاراستنی سەلامەتی و تەندروستیی گشتییدا، بڕیارماندا بە ڕاگرتنی دەوام لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندنی حکوومی و ناحکوومی. ئاماژەی بەوەشکرد، پشووەکە دوو رۆژە کە رۆژانی سێشەممە و چوارشەممە،  20 و  21 کانوونی دووەم دەگرێتەوە.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، نامەیەکی بۆ جۆناس ستۆر، سەرۆکوەزیرانی نەروریج ناردووە و تێیدا دەڵێت، ♦ بەلەبەرچاوگرتنی ئەوەی وڵاتەکەت بڕیاری داوە خەڵاتی نۆبڵی ئاشتیم نەداتێ کە زیاتر لە هەشت جەنگم راگرتووە، منیش چیتر هەست بەو بەرپرسیارییەتییە ناکەم تەنها بیر لە ئاشتی بکەمەوە. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە نامەیەکدا بە سەرۆکوەزیرانی نەرویج دەڵێت، لەبەر ئەوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتییان پێ نەداوە، چیدیکە هەست ناکات "ناچار بێت تەنیا بیر لە ئاشتی بکاتەوە." ناردنی نامەکە لە کاتێکدایە، ناکۆکیی نێوان ئەمریکا و ئەورووپا لەسەر گرینلاند لە فراوانبووندایە. تۆڕی هەواڵی PBSی ئەمریکی رۆژی دووشەممە بڵاویکردەوە، هەمان نامە لەلایەن کارمەندانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکاوە بۆ چەندین باڵیۆزی ئەورووپا لە واشنتن نێردراوە. لە نامەکەدا هاتووە، "یۆناسی ئازیز، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی وڵاتەکەت بڕیاریدا خەڵاتی نۆبڵی ئاشتیم پێ نەبەخشێ لە بەرامبەر راگرتنی 8 جەنگ و زیاتر، چیدیکە هەست بەوە ناکەم ناچار بم تەنیا بیر لە ئاشتی بکەمەوە، هەرچەندە ئاشتی هەمیشە لە پێشینەدا دەبێت، بەڵام ئێستا دەتوانم بیر لەوە بکەمەوە چی بۆ ئەمریکا باش و گونجاوە." ♦ ئێستا ئیتر بیر لەوە دەکەمەوە چی باش و دروست بێت بۆ ئەمریکا بیکەم. ♦ دانیمارک ناتوانێت پارێزگاری لەو خاکە (گرینلاند) بکات لە دەستی روسیا و چین. ♦ بۆچی دانیمارک مافی خاوەندارییەتی گیرنلاندی هەیە؟ هیچ بەڵگەیەکی نوسراو لەنێوانیان نییە. ♦ لەو کاتەوەی دامەزراوە، من لە هەموو کەسێک زیاتر کارم بۆ ناتۆ کردووە، ئێستاش ناتۆ دەبێت کارێک بۆ ئەمریکا بکات. ♦ جیهان ئاسایشی نابێت هەتاوەکو بەتەواوی دەست بەسەر گرینلاندا دەگرین. لە بەشێکی دیکەی نامەکەیدا، ترەمپ نووسیویەتی، "دانیمارک ناتوانێت ئەو خاکە [گرینلاند] لە رووسیا یان چین بپارێزێت و هەر لە بنەڕەتدا بۆچی ئەوان 'مافی خاوەندارێتی'یان هەبێت؟"

فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات، جەخت دەکاتەوە دەستبەرداری تایبەتمەندیی ناوچەکەیان نابن و بڕیارە سبەی دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی سووریا، وردەکاریی تەواوی ڕێککەوتنەکە ئاشکرا بکات. یەکشەممە 18ـی کانوونی دووەمی 2026، مەزلووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا ڕایگەیاند، لە ڕۆژی شەشی مانگی کانوونی دووەمەوە هێرشێکی دڕندانە و پلان بۆ داڕێژراو کرایە سەریان، کە تێیدا ژمارەیەکی زۆر شەهید و برینداریان دا و خەڵکێکی زۆر ئاوارە بوون. فەرماندەی هەسەدە ئاشکرای کرد کە سەرەڕای ئەوەی نەیاندەویست بچنە نێو ئەم شەڕەوە، بەڵام بە سەریان سەپێندرا و ئامانج لێی کۆمەڵکوژی و لەناوبردن بوو. عەبدی گوتی: بەر لەوەی سبەی لە دیمەشق گفتوگۆ لەبارەی ئاگربەستەکە بکەن، هەندێک ڕوونکردەوە دەدات؛ ئاماژەشی دا، لەو چەند کۆبوونەوەی لەو ماوەیدا ئەنجامییان داوە، هەوڵییان داوە ڕێگری لەو شەڕە بکەن، بەڵام بەداخەوە ئەو شەڕە لەلایەن چەند لایەنێکەوە پلانی بۆ داڕێژرابوو و بەسەرمان سەپێنرا، کە ئامانجی لێی ڕوودانی شەڕی ناوخۆ بوو. گوتیشی: بەهۆی ئەوەی کوشتن و بڕین، بەتایبەت لەناو خەڵکی مەدەنی، زیاد نەکات و شەڕەکە بێ ئەنجام بوو، بڕیارمان دا لەپێناو پاراستنی خەڵکەکەمان و دەستکەوتەکانی شۆڕش، هێزەکانییان لە ناوچەکانی دێرەزوور و ڕەققە بکشێنەوە بۆ حەسەکە و لەسەر ئەو بنەمایە ڕێککەوتنێک ئامادە کرا. دەشڵێت: دوای ئەوەی لە دیمەشق گەڕایەوە و لەگەڵ ئەحمەد شەرع کۆبووەوە، وردەکاری زیاتر لەسەر ڕێککەوتنەکە بڵاو دەکەنەوە. مەزڵووم عەبدی جەختی لەوە کردەوە کە ئەوان دەستبەرداری دەستکەوتەکانی شۆڕش و تایبەتمەندیی ناوچەکە نابن و خەباتەکەیان بەردەوام دەبێت. لە کۆتاییشدا سوپاسی خۆڕاگریی گەل و هێزەکانی کرد.

ئێوارەی ڕۆژی یەكشەممە 18ی كانوونی دووەمی 2026 سەرۆك مەسعود بارزانی پەیوەندییەكی تەلەفۆنیی لە بەڕێز ئەحمەد شەرع سەرۆكی سووریاوە پێ گەییشت. لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا باس لە دوایین پێشهاتەكانی سووریا كرا و سەرۆك شەرع وێڕای باسكردنی ناوەڕۆكی ڕێككەوتنامەی لەگەڵ قسد جەختی لەوە كردەوە كە ڕەچاوی مافەكانی كورد  و پاراستنیان لە سووریا دەكرێت و كێشە و گرفتەكان بەپێی ڕێككەوتنەكان چارەسەر دەكرێن. هەرلەو پەیوەندییەدا سەرۆك بارزانی تەئكیدی لە پێویستیی گەرەنتیكردنی مافەكانی گەلی كورد كردەوە و هەروەها دەرچوونی مەرسوومی سەرۆكی سووریا لەبارەی مافەكانی كورد بە هەنگاوێكی دروست لە قەڵەم دا كە دەكرێ بۆ مافەكانی كورد لە سووریا بنەماییەكی پتەو و ئیجابی لەسەر بنیات بنرێت.

پەنجەرە لەو کاتەوەی چەرخی شەڕ لە سوریا بە ئاراستەیەکی نوێدا سووڕایەوە و هێرشەکان بۆ سەر گەڕەکەکانی "شێخ مەقسود" و "ئەشرەفییە" لە حەلەب دەستیپێکرد و دواتر پەلهاوێشتنی هێزە چەکدارەکان بۆ ناوچەکانی وەک "دێر حافر" و دەوروبەری، میدیا زەبەلاحەکانی کەنداو، لە ئەرکی خۆیان کە ڕووماڵە، داماڵراون.  کەناڵە زەبەلاحەکانی وەک ئەلجەزیرەی قەتەری، ئەلعەرەبیە و ئەلحەدەسی سعودی، لە ڕووماڵکارێکی هەواڵییەوە بوونەتە "بووقێکی پڕۆفیشناڵ" بۆ شەرعییەت دان بەو گروپانەی کە ئێستا بە "ڕژێمی ئەحمەد شەرع" و جاران بە "ئەبو محەمەد جۆلانی" دەناسرێن. شەڕی شاشەکان؛ کاتێک جیهان لە سوریا کورت دەبێتەوە تێبینییەکی سەرنجڕاکێش کە چاودێرانی میدیایی ئاماژەی پێدەدەن، ئەوەیە کە ئەم کەناڵانە بەشێکی زۆری کارنامەی ڕۆژانەی خۆیان بەتەنها تەرخانکردووە بۆ گواستنەوەی ئەوەی خۆیان پێی دەڵێن "سەرکەوتنە مەیدانییەکانی" گروپە چەکدارەکانی سوریا. ڕووداوە گرنگەکانی تری جیهان، لە شەڕی ئۆکرانیاوە بگرە تا دۆزی فەڵەستین "کە کەناڵێکی وەکو ئەلجەزیرە و وڵاتێکی وەکو قەتەر بە دۆزیی ویژدانیی و ئەخلاقی خۆیانی دەزانن"، خراونەتە پەراوێزەوە. ئەم میدیایانە وەک "ژووری ئۆپەراسیۆنی دەروونی" کار دەکەن؛ بە جۆرێک ڕووماڵەکان تەنها گواستنەوەی هەواڵ نین، بەڵکو "ئاراستەکردنی ڕای گشتیین". ئەوان بە شێوەیەکی ناهاوسەنگ و لایەندارانە، تیشکدەخەنە سەر هەر پێشڕەوییەک بەرەو ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) و بە زمانێکی زبر و پڕ لە دنەدان، خەڵکی ناوچەکە دژی کورد و پێکهاتەکانی تری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا هان دەدەن. هەسەدە لە نێوان بەرداشی ڕژێم و میدیای "شەرع"ـدا ئەوەی جێی تێڕامانە، نزیکبوونەوەی گوتاری ئەم کەناڵانەیە لەگەڵ گوتاری فەرمی گروپەکەی ئەحمەد شەڕع. لە کاتێکدا پێشتر جۆلانی وەک "تیرۆریست" ناودەبرا، ئێستا لە شاشەی ئەلجەزیرە و ئەلعەرەبیەوە وەک "سەرکردەیەکی ڕزگاریخواز" یان "بەدیلێکی سیاسی" نمایش دەکرێت. لە بەرامبەردا، هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) کە هاوبەشی سەرەکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتین لە شەڕی داعشدا، لەم میدیایانەدا وەک "هێزێکی داگیرکەر" یان "گرێبەستکار" نیشان دەدرێن. ئەم لایەنگیرییە تەنها هەڵەیەکی میدیایی نییە، بەڵکو وەک شیکەرەوەکان ئاماژەی پێدەدەن، جەنگێکی میدیاییە بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیا و سڕینەوەی شەرعییەتی سیاسی ئەو قەوارانەی کە لەگەڵ کارنامەی قەتەر و سعودیەدا یەکناگرنەوە. بەرژەوەندیی قەتەر و سعودیە؛ پارە و سیاسەت لە پشت پەردەوە ئەوەی مایەی پرسیار و تێبینییە، ئەوەیە بۆچی قەتەر و سعودیە، سەرەڕای ناکۆکییە مێژووییەکانیان، ئێستا لە پشتگیریی ئەم بزووتنەوە نوێیە لە سوریا یەکدەگرن؟ وەڵامەکە دەکرێت لە چەند خاڵێکدا کورت بکرێتەوە: ١. خەتی سوننی و عەرەبی: سوریا ئەگەرچی بەشی زۆری پێکهاتەکەی سوننە مەزهەبە، بەڵام دەیان ساڵ لەلایەن عەلەوییەکانەوە کە لە بنەماڵەی ئەسەددا خۆی بەرجەستە دەکات، حوکم دەکرا. ئێستا و دوای کەوتنی ڕژێمی ئەسەد، ئەو دوو وڵاتە کە خۆیان بە ڕابەری تەوژمی ئیسلامی سوننی دەزانن، دەیانەوێت ڕووبەرێکی تر بۆ ئەو پانتاییەیان زیاد بکەن. ٢. دژایەتی ئێران: هەردوو وڵات دەیانەوێت بە هەر نرخێک بێت هەژموونی ئێران جارێکی لە سوریا سەرهەڵنەدات، بۆ ئەم مەبەستەش گروپەکەی ئەحمەد شەرع بە ئامرزێکی کاریگەر دەبینن. ٣. دیزاینکردنەوەی ناوچەکە: قەتەر لە ڕێگەی ئیخوان موسلیمین و گروپە ئیسلامییەکانەوە دەیەوێت پێگەی خۆی قایم بکات، سعودیەش دەیەوێت لە ڕێگەی پاڵپشتی دارایی و سیاسییەوە، ڕێڕەوێکی نوێ لە سوریا دروست بکات کە لە بەرژەوەندی هاوسەنگییە هەرێمییە نوێیەکان بێت بە ئاراستەی خۆیان. ٤. لاوازکردنی کورد: هەژموونی هێزە کوردییەکان و مۆدێلی خۆبەڕێوەبەریی، مۆدێلێکی تەواو جیاوازە لەوەی پێشتر پیادە کراوە، چونکە مۆدێلێکی دیموکراسی و جیاواز پێشکەش دەکات کە لەگەڵ سیستەمی پاشایەتی و داپڵۆسێنەرانەی ئەواندا ناگونجێت. میدیا وەک چەکێکی کوشندە ئەوەی ئێستا لە شاشەکانی ئەلجەزیرە، ئەلعەرەبیە و ئەلحەدەسـەوە دەبینرێت، تەنها ڕۆژنامەوانی نییە، بەڵکو بە "بەکارهێنانی میدیا بۆ پاکتاوی سیاسی" ناوزەد دەکرێت. پاڵپشتی دارایی، دیپلۆماسی و میدیایی ئەم دوو وڵاتە بۆ گروپە توندڕەوەکان و دنەدانیان دژی هەسەدە، ئاماژەیەکی مەترسیدارە بۆ ئەوەی کە سوریا بەرەو قۆناغێکی تاریکتر دەبرێت، کە تێیدا ڕاستییەکان لە ژێر پێی بەرژەوەندییە جیۆپۆلیتیکییەکاندا دەکرێنە قوربانی. بەمشێوەیە، ئەحمەد شەرع و گروپەکەی، نەک تەنها بە چەک، بەڵکو بەو باڵە میدیاییە بەهێزەی قەتەر و سعودیە بۆیان ڕەخساندوون، خەریکی سەپاندنی ڕژێمێکی نوێن. ڕژێمێک کە مەترسییەکەی کەمتر نییە لەوەی پێشوو، یەکەم ئامانجیشیان تێکدانی ئەو سەقامگیرییە ڕێژەییەیە کە لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدەدا هەبووە و هەیە.

 سەرۆکی سووریا، بە ئامانجی کۆتاییهێنان بە ناکۆکییەکان، وردەکاریی ڕێککەوتنێکی ستراتیژیی لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ئاشکرا کرد، کە خۆی لە گەڕانەوەی دامەزراوەکانی دەوڵەت بۆ ڕۆژهەڵاتی فورات و کۆنترۆڵکردنەوەی سەرچاوەکانی وزە دەبینێتەوە. یەکشەممە، 18ـی کانوونی دووەمی 2026، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا، گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی نوێی لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ڕاگەیاند. ئامانجی سەرەکیی ئەم ڕێککەوتنە بریتییە؛ لە ڕاگەیاندنی ئاگربەست، بەهێزکردنەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵات و باکووری ڕۆژهەڵاتی وڵات، و چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکانی ململانێدا. وردەکاریی 12 خاڵە سەرەکییەکەی ڕێککەوتنی نێوان حکوومەتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات  دۆسیەی سەربازی و ئەمنی ئاگربەستی گشتگیر: ڕاگەیاندنی ئاگربەستی دەستبەجێ و هەمەلایەنە لە سەرجەم بەرەکانی شەڕ و خاڵەکانی بەریەککەوتنی نێوان هێزەکانی سوپا و هەسەدە. تێکەڵکردنی هێزەکان: گواستنەوەی سەرجەم هێزەکانی "هەسەدە" بۆ سەر پەیکەری وەزارەتی بەرگریی سووریا. پڕۆسەکە بە شێوەی "تاکەکەسی" و دوای ئەنجامدانی وردبینیی ئەمنی بۆ هەر چەکدارێک جێبەجێ دەکرێت، لەگەڵ گەرەنتیکردنی پاراستنی تایبەتمەندێتیی ناوچە کوردییەکان. دۆسیەی کۆبانی: نەهێشتنی چەکی قورس لە شاری کۆبانی و پێکهێنانی هێزێکی ئەمنیی خۆجێیی بۆ شارەکە کە سەر بە وەزارەتی ناوخۆی سووریا بێت. دەرکردنی پەکەکە: هێزەکانی سووریای دیموکرات پابەند دەبن بە دەرکردنی سەرجەم چەکدار و ئەندامانی پارتی کرێکارانی کوردستان (PKK) بۆ دەرەوەی سنوورەکانی سووریا. شەڕی داعش: دەوڵەتی سووریا پابەند دەبێت بە بەردەوامبوون لە ئەرکی بەرەنگاربوونەوەی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش.   دۆسیەی کارگێڕی و حوکمڕانی ڕادەستکردنەوەی ناوچەکان: ڕادەستکردنەوەی تەواوەتیی هەردوو پارێزگای دێرەزوور و ڕەققە بە حکوومەتی سووریا (چ لە ڕووی کارگێڕی و چ لە ڕووی سەربازییەوە) بە شێوەیەکی دەستبەجێ. دامەزراوەکانی حەسەکە: تێکەڵکردنەوەی سەرجەم دامەزراوە مەدەنییەکانی پارێزگای حەسەکە لە چوارچێوەی دامودەزگاکانی دەوڵەتی سووریادا. دانانی پارێزگار: دەرکردنی مەرسوومێکی سەرۆکایەتی بۆ دەستنیشانکردنی پارێزگارێکی نوێ بۆ پارێزگای حەسەکە. دامەزراندن: پەسەندکردنی لیستێکی ناوی پاڵێوراوانی "هەسەدە" بۆ ئەوەی لە پۆست و پلە جیاوازەکانی دەوڵەتی سووریادا دامەزرێن. دۆسیەی ئابووری و مرۆیی سەرچاوەکانی وزە: ڕادەستکردنەوەی تەواوی کێڵگە نەوتییەکان بە حکوومەتی سووریا. زیندانیانی داعش: دۆسیەی بەڕێوەبردنی زیندانەکان و کەمپی خێزانەکانی داعش دەکەوێتە ژێر دەسەڵاتی حکوومەتی سووریاوە. گەڕانەوەی ئاوارەکان: کارکردن لەسەر لێکتێگەیشتن و ڕێکارەکان بۆ زەمینەخۆشکردن بە مەبەستی گەڕانەوەی ئاوارە و کۆچبەران بۆ هەردوو ناوچەی عەفرین و گەڕەکی شێخ مەقسوود.

ئەحمەد شەرع داوای لە مەزڵوم عەبدی کردووە راگەیەندراوێکی فەرمی لەبارەی تێکەڵکردنی هەسەدە بە وەزارەتی بەرگریی سوریا بڵاوبکاتەوە، بەڵام عەبدی رەتی کردووەتەوە. بەگوێرەی رۆژنامەی شەرقلئەوسەت، کە چەند سەرچاوەیەکى جیاواز قسەیان بۆکردووە،  لە دیمەشق زانیویەتی کە ڕۆژی یەکشەممە پەیوەندییەکی ڤیدیۆیی لە نێوان ئەحمەد شەرع سەرۆک کۆماری سوریا و مەزلوم عەبدی فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) ئەنجامدراوە. لەو ماوەیەدا شەرع داوای ڕاگەیاندنی فەرمیی هەڵوەشاندنەوەی هێزەکانی سوریای دیموکرات و یەکخستنی ئەندامانی وەک تاک لە سوپای سوریا کرد، بەڵام عەبدی ئەو پێشنیازەی ڕەتکردەوە. ئێوارەى ئەمڕۆ یەکشەممە، سەرۆکی سووریا، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا نەخشەڕێگەی گەڕانەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت بۆ ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا خستەڕوو و ڕایگەیاند، دەوڵەت ئیدارەی سەرجەم ناوچە و جوگرافیای سووریا دەکات. یەکشەممە، 18ـی کانوونی دووەمی 2026، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: بڕیار بوو ئەمڕۆ پێشوازی لە مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بکەم، بەڵام بەهۆی نالەباریی دۆخی کەشوهەوا و ئاستەنگی هاتووچۆوە، کۆبوونەوەکە بۆ سبەی دواخراوە. لە بارەی چارەکردنی کێشە ناوخۆییەکان، شەرع جەختی لەوە کردەوە کە سەرجەم دۆسیە هەڵپەسێردراو و ناکۆکییەکانی نێوان حکوومەت و هێزەکانی سووریای دیموکرات چارە دەکرێن. ئەحمەد شەرع دووپاتی کردەوە، کە دامەزراوە فەرمییەکانی دەوڵەت دەگەڕێنەوە بۆ پارێزگاکانی دێرەزوور، ڕەققە و حەسەکە و دەست بە ئەنجامدانی ئەرکەکانیان دەکەنەوە.

ئەم مانگە مووچەی زیاتر لە سێ هەزار پێشمەرگەی دیكەی خانەنشینكراو دەبەسترێت كە لەمانگی هەشتەوە گەیشتوونەتە تەمەنی خانەنشینی، چەند مووچەیەک بەیەکەوە وەردەگرن، زیاتر لە دوو هەزار و 500ـی دیکەش دەکەوێتە مانگی دوو.  لە مانگەکانی ڕابردوو لە 19 هەزار دۆسیەكەی خانەنشینانی پێشمەرگە، 13 هەزار و 774 کەس دۆسیەیان تەواو کراوە و مووچەیان بۆ بەستراوە، بەشێکی دیکەیان ماون وردبینی تێدا بکرێت، بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی دوو سەرجەمیان ئامادە دەبن.  لیوا حاجی مەلا ئەمین، بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینی پێشمەرگە و کەمئەندامان؛ بە ئاڤای گوت، "سێ هەزار و 24 خانەنشین و کەمئەندام لەگەڵ لیستی مووچەی مانگی یەک مووچەیان بۆ دەبەسترێت، 53 خانەنشینی پێشمەرگەن، دوو هەزار و 971 کەسیان کەمئەندامن، ئەوانە چەند مووچەیەک بەیەکەوە وەردەگرن."  بەگوتەی بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینی پێشمەرگە و کەمئەندامان، هەزار و 712 دۆسییەی دیکەیان ڕەوانەی وەزارەتی دارایی کردووە، ئەگەر وردبینی تەواو بکرێت لەم مانگە مووچەیان دەبەسترێت و ژمارەی ئەو خانەنشین و کەمئەندامانەی لەم مانگە مووچە وەردەگرن دەبێت چوار هەزار و 736، ئەگەر دۆسییەکانیشیان بمێنێتەوە ئەوا دەکەوێتە سەر مانگی دوو.

سەرۆکی سووریا، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا نەخشەڕێگەی گەڕانەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت بۆ ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا خستەڕوو و ڕایگەیاند، دەوڵەت ئیدارەی سەرجەم ناوچە و جوگرافیای سووریا دەکات. یەکشەممە، 18ـی کانوونی دووەمی 2026، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: بڕیار بوو ئەمڕۆ پێشوازی لە مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بکەم، بەڵام بەهۆی نالەباریی دۆخی کەشوهەوا و ئاستەنگی هاتووچۆوە، کۆبوونەوەکە بۆ سبەی دواخراوە. لە بارەی چارەکردنی کێشە ناوخۆییەکان، شەرع جەختی لەوە کردەوە کە سەرجەم دۆسیە هەڵپەسێردراو و ناکۆکییەکانی نێوان حکوومەت و هێزەکانی سووریای دیموکرات چارە دەکرێن. ئەحمەد شەرع دووپاتی کردەوە، کە دامەزراوە فەرمییەکانی دەوڵەت دەگەڕێنەوە بۆ پارێزگاکانی دێرەزوور، ڕەققە و حەسەکە و دەست بە ئەنجامدانی ئەرکەکانیان دەکەنەوە. سەرۆکی سووریا ڕایگەیاند: سبەی لەگەڵ مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) کۆدەبمەوە. ئەحمەد شەرع: بنەمای رێککەوتنمان لەگەڵ مەزڵووم عەبدی ئاگربەستە و دەبێ دامەزراوەکانی دەوڵەت بچنە سەرجەم پارێزگاکانی سووریا. ئەحمەد شەرع: بڕیار بوو لەگەڵ مەزڵووم عەبدی کۆببینەوە، بەڵام بەهۆی خراپیی کەشوهەواوە نەمانتوانی و بە تەلەفۆن قسەمان کرد. ئەحمەد شەرع لەبارەی دۆخی سوریا:  داوا لە هۆزە عەرەبییەکان دەکەم دان بەخۆیاندا بگرن.  کۆبوونەوەکەم لەگەڵ مەزڵوم عەبدی بەهۆی خراپی کەشوهەواوە نەکرا.  دەبێت دامەزراوەکان لە تەواوی سوریا بگەڕێنەوە و دەوڵەت دەسەڵاتی لە هەموو ناوچە و پارێزگاکان هەبێت.  هەموو دۆسیە هەڵپەسێردراوەکان لەگەڵ هەسەدە چارەسەر دەکەین.

سەرۆکایەتیی کۆماری سووریا دەڵێت، ئەحمەد شەرع و تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ سووریا کۆبوونەوە. ئەحمەد شەرع "ئاماژەی بە گرنگیی دیالۆگ لە قۆناغی ئێستادا و بونیادنانەوەی سووریا بە بەشداریی هەموو سوورییەکان کرد." دەقی راگەیێندراوەکەی سەرۆکایەتیی کۆماری سووریا  ئەمڕۆ لە دیمەشق، بەڕێز سەرۆک ئەحمەد شەرع پێشوازی لە تۆماس باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ سووریا کرد، بە ئامادەبوونی ئەسعەد حەسەن شەیبانی، وەزیری دەرەوە و کۆچبەران. بەڕێز سەرۆک جەختی لە یەکپارچەیی سووریا و سەروەرییەکەی بەسەر تەواوی خاکەکەیدا کردەوە، هەروەها ئاماژەی بە گرنگیی دیالۆگ لە قۆناغی ئێستادا و بونیادنانەوەی سووریا بە بەشداریی هەموو سوورییەکان کرد، لەگەڵ بەردەوامبوونی هەماهەنگیی هەوڵەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر. هەروەها لە دیدارەکەدا باس لە ڕێگاکانی بەهێزکردنی هاوکارییە ئابوورییەکانی نێوان سووریا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و دوایین پێشهاتە ناوچەییەکان کرا.

بارەگای بارزانی پەیامێکی سەرۆک بارزانی لەبارەی دۆخی سوریا بڵاوکردەوە و دەڵێت: دوێنێ كۆبوونەوەیەكی هاوبەشی گرنگمان لەگەڵ نێردەی تایبەتی سەرۆک ترەمپ بۆ كاروباری سوریا و فەرماندەی گشتیی هێزەكانی سوریای دیموكرات و سەرۆكی ئەنەكەسە هەبوو. ئەمڕۆ یەکشەممە، 18ـی کانوونی دووەمی 2026، سەرۆک بارزانی لەبارەی ئەو شەڕ و ئاڵۆزییانەی لە نێوان هێزەكانی حكوومەتی سووریا و هێزەكانی سووریای دیموكرات لە ئارادایە رایگەیاند، هیوادارین هەموو لایەك بۆ ئەو ڕێككەوتنانە بگەڕێنەوە كە پێشتر بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و گەییشتن بە سەقامگیری لەنێوان لایەنەكانی سووریا بەستراون. دەقی پەیامەکەی سەرۆک بارزانی بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان  سەبارەت بە دوایین پەرەسەندن و گۆڕانكارییەكانی سووریا و لە چوارچێوەی هەوڵدان بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، دوێنێ كۆبوونەوەیەكی هاوبەشی گرنگمان لەگەڵ نێردەی تایبەتی سەرۆك ترامپ بۆ كاروباری سووریا و فەرماندەی گشتیی هێزەكانی سووریای دیموكرات و سەرۆكی ئەنەكەسە هەبوو. هیوادارین بە زووترین كات ئەو شەڕ و ئاڵۆزی و گرژییانە ڕابگیرێن كە ئێستا لەنێوان هێزەكانی حكوومەتی سووریا و هێزەكانی سووریای دیموكرات لە ئارادایە و هەموو لایەك بۆ ئەو ڕێككەوتنانە بگەڕێنەوە كە پێشتر بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و گەییشتن بە سەقامگیری لەنێوان لایەنەكانی سووریا بەستراون. هەروەها دەرچوونی مەرسوومی سەرۆكی سووریا لەبارەی مافەكانی كورد بە هەنگاوێكی ئیجابی و ئاراستەی دروست دەزانین و هیوادارین ببێتە زەمینەیەك بۆ ئەوەی بە ڕەزامەندیی لایەنە پەیوەندیدارەکان دەوڵەمەند بکرێت و بە شێوەیەکی یاسایی و دەستوری، گەرەنتیی مافەكانی گەلی كوردی لەسەر بنیات بنرێت.

ناوەندی ڕاگەیاندنی هەسەدە ڕایگەیاند، لە زنجیرەیەک چالاکیی هاوبەشیاندا لەگەڵ یەکینەکانی پاراستنی ژنان (YPJ) لە دەوروبەری بەنداوی تشرین، تانکێک و پێگەیەکی سەربازیی سوپای عەرەبیی سووریایان تێکشکاندووە و ژمارەیەک کوژراو و برینداری لێکەوتووەتەوە. یەکشەممە 18ـی کانوونی دووەمی 2026، ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بڵاوی کردەوە، هێزەکانیان بە هاوبەشی لەگەڵ یەکینەکانی پاراستنی ژنان (YPJ)، زنجیرەیەک ئۆپەراسیۆنی سەرکەوتوویان دژی سوپای عەرەبیی سووریا لە دەوروبەری بەنداوی تشرین ئەنجام داوە. بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، ئۆپەراسیۆنەکان بەم شێوەیە بوون، لە دەوروبەری گردی سیرێتێل لە نزیک بەنداوی تشرین، هێزەکانی هەسەدە گردبوونەوەیەکی چەکدارانیان کردووەتە ئامانج کە خۆیان بۆ هێرش ئامادە دەکرد، لە ئەنجامدا تانکێکی چەکدارەکان بە تەواوی تێکشکێندراوە. هەروەها هەسەدە ئاماژەشی داوە، هەر لە هەمان ناوچە، لە ڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە لێدانێکی ورد و کاریگەر لە ناوەڕاستی گردبوونەوەیەکی چەکدارەکان دراوە و تەقینەوەیەکی گەورەی لێکەوتووەتەوە. لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، لە گوندی حاجی حوسێنی سەر بە ناوچەی بەنداوی تشرین، هێزەکانی هەسەدە بنکەیەکی سەربازی و خاڵێکی جێگیربوونی چەکدارەکانیان وێران کردووە. هەسەدە جەختیشی کردووەتەوە، لە ئەنجامی ئەو چالاکییانەدا ژمارەیەک لە چەکداران کوژراو و بریندار بوون، وێڕای تێکشکاندنی تەواوەتی تانکێک و خاپوورکردنی پێگە سەربازییەکانیان.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ لەگەڵ ئەحمەد ئەلشەرا سەرۆک کۆماری سوریا قسەم کرد، من نیگەرانی خۆمانم دەربڕی لە پەرەسەندنی سوریا و، هێرشە بەردەوامەکان كە دەسەڵاتدارانی سوریا سەرۆكایەتی دەكەن. ئاگربەستێکی هەمیشەیی پێویستە، هەروەها دەبێت رێککەوتنێک لەسەر یەکخستنی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە دەوڵەتی سوریادا بکرێت، ئەمەش بە پشتبەست بەو گفتوگۆیانەی مانگی ئازاری ڕابردوو ئەنجامدراون. یەکڕیزی و سەقامگیری سوریا پەیوەستە بەوەوە. ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا رایگەیاند، ئەم بەیانییە لەگەڵ ئەحمەد ئەلشەرع، سەرۆکی سووریا گفتوگۆی کردووە و دەشڵێت، "نیگەرانیی قووڵی خۆمانم پێ راگەیاند سەبارەت بە پەرەسەندنەکان لە سووریا و بەردەوامیی ئەو هێرشانەی لەلایەن دەسەڵاتدارانی سووریاوە ئەنجام دەدرێن." سەرۆکی فەرەنسا جەخت لەوە دەکاتەوە، "پێویستە ئاگربەستێکی هەمیشەیی بکرێت و دەبێت رێککەوتنێک بۆ تێکەڵکردنەوەی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە چوارچێوەی دەوڵەتی سووریادا ئەنجام بدرێت، ئەوەش لەسەر بنەمای گفتوگۆکانی مانگی ئازاری رابردوو. یەکێتی و سەقامگیریی سووریا بەندە بەمەوە. لە 6ی ئەم مانگەدا سوپای عەرەبیی سووریا هێرشی کردە سەر هەردوو گەڕەکی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییەی حەلەب، وێڕای کشانەوەی هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە بە فەرمی، هێرشەکانی ئەو سوپایە دژی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بەردەوامە و رانەگیراوە. حکومەتی سووریا دەڵێت، هەسەدە "خۆی رێکدەخاتەوە"، درۆن بەکاردەهێنێت و بەپێی رێککەوتنەکان نەکشاوەتەوە. حکومەت ناوچەکانی بە "ناوچەی سەربازیی داخراو" ناساندووە بۆ پاساوی پێشڕەوییەکانی و داوا لە هەسەدە دەکات بە تەواوی بۆ رۆژهەڵاتی فورات بکشێتەوە. هەسەدەش جووڵەکانی حکومەت بە "ناپاکی" و پێشێلکردنی ئاگربەست ناودەبات و دەڵێت، هێرشەکان ئەو ناوچانەشی گرتووەتەوە کە نابێت بکرێنە ئامانج. هەسەدە هۆشداری دەدات کە لەدەستدانی ئەو ناوچانە مەترسی لەسەر زیندان و کەمپەکانی دەستبەسەرکردنی داعش دروست دەکات. لە هۆشدارییەکی بەپەلەشدا بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر رایگەیاند، "مەترسی لەسەر کەمپی هۆل هەیە،" کە چەکدارانی داعش و ژن و منداڵی چەکدارانی داعشی تێدایە.

کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە نیوەڕۆی یەکشەممەوە شەپۆلێکی بەفر و باران هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە، سێشەممە و چوارشەممەش بەهۆی سەرماوە بەستنی شەقام دروست دەبێت. کەشناسێک پێشبینی دەکات، نزمترین پلەی گەرما لەم هەفتەیەدا تۆمار بکرێت، کە پێشبینی دەکرێت 15 پلە ژێر سفر بێت. ئەمڕۆ یەکشەممە 18-01-2026 کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "نیوەڕۆی ئەمڕۆ کاریگەریی شەپۆلێکی بەفر و باران سەرەتا لە پارێزگای دهۆکەوە دەستپێدەکات و دوای نیوەڕۆ دەگاتە سەرجەم ناوچەکانمان." بەگوێرەی پێشبینیی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، "ئەمڕۆ نمەبارانی پچڕپچڕ و بارانی مامناوەند دەبارێت، لە ناوچە شاخاوییەکان و ناوچە بەرزەکان بەفر دەبارێت." بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ بەراورد بە دوێنێ، پلەی گەرما 1 بۆ 3 پلەی سیلیزی دابەزیوە، سەنتەری هەولێر 9 پلەی سیلیزی دەبێت، لە سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە پلەی گەرما 8 پلەی سیلیزی دەبێت. لەبارەی کەشوهەوای سبەی دووشەممەوە کەشناسی دەڵێت، "شەپۆلی بارانبارین لە تەواوی ناوچەکەمان بەردەوام دەبێت. لەگەڵ بەفربارین لە ناوچە شاخاوییە بەرزەکان و ناوچە سنوورییەکان بە شێوەی پچڕ پچڕ." شاڵاو هیدایەت، شارەزای کەشوهەوا ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "شەپۆلەکە بەگشتی بارانی مامناوەند بۆ باش دەبێ جگە لە گەرمیان کە کەمتر دەبارێت. شەپۆلەکە تاوەکو دووشەممەیە و سێشەممە لاواز دەبێ و چوارشەممە کۆتایی دێت." بەگوێرەی پێشبینییەکانی ئەو کەشناسە، "سێشەممە و چوارشەممە چەقی سەرمای ئەم مانگە دەبێت و لە ناوچە شاخاوییەکانی وەکو حاجی ئۆمەران پلەی گەرما دەگاتە نزیکەی 15 پلە ژێر سفر؛ لە سەنتەری پارێزگاکانیش نزیک دەبێتەوە لە سفر و ژێر سفر پلەی سیلیزی." کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە، "بەهۆی کاریگەریی ئەم شەپۆلەوە پلەی گەرما بە چەند پلەیەک نزم دەبێتەوە بە تایبەت لە رۆژانی سێشەممە و چوارشەممە و ئەگەری دروستبوونی شەختە دەبێت لە بەیانیاندا."   کەشناسی رایگەیاندووە، بەراورد بە ئەمڕۆ سبەی پلەی گەرما زیاتر دادەبەزێت و بەم شێوەیە دەبێت:   هەولێر: 7 پلەی سیلیزی پیرمام: 3 پلەی سیلیزی سۆران: 5 پلەی سیلیزی حاجی ئۆمەران: 1 پلەی سیلیزی      سلێمانی: 6 پلەی سیلیزی چەمچەماڵ: 7 پلەی سیلیزی  هەڵەبجە:6 پلەی سیلیزی  دهۆک: 5 پلەی سیلیزی زاخۆ: 6 پلەی سیلیزی هەڵەبجە: 7 پلەی سیلیزی ئاکرێ: 8  پلەی سیلیزی

بەڕێوەبەرایەتیی خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا (خۆسەر)، بڕیاری چەکهەڵگرتنی گشتی ڕاگەیاند و داوای لە هاووڵاتییان کرد بۆ پاراستنی ناوچەکە پشتیوانی هەسەدە و یەپەژە بن. بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە ڕاگەیێنراوێکی فەرمی ڕایگەیاندووە: گرووپە چەکدارەکانی سەر بە دیمەشق ڕێککەوتنەکانیان پێشێل کردووە و لە چەندین قۆڵەوە هێرشیان دەستپێکردووە و تا ئێستاش بەردەوامە. لەم قۆناغەدا چەکهەڵگرتنی گشتی ڕادەگەیەنن. دیمەشق سوورە لەسەر پەرەدانی زیاتر بە بارگرژی سەربازی و ئامانجیانە برایەتی نێوان پێکهاتەکان تێکبدەن و توندوتیژی و ناکۆکی دروست بکەن. بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر هۆشداریدا، ئەم قۆناغە چارەنووسسازە و هەڕەشەیەکی بوونییە بۆ سەر دەستکەوتەکانی شۆڕش و ناسنامەی کۆمەڵایەتی، بۆیە پێویستە خەڵک بۆ پاراستنی شارەکان و کەرامەتیان یەکدەنگ بن. لە کۆتایی ڕاگەیێنراوەکەی خۆسەر هاتووە، جەخت لەسەر گرنگیی یەکڕیزیی سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگە کراوەتەوە. دووپات کراوەتەوە، سەرەڕای نیشاندانی نیازپاکی و کشانەوە لە هەندێک ناوچە بۆ دۆزینەوەی چارەسەری ئاشتییانە، بەڵام لایەنی بەرامبەر بژاردەی شەڕی هەڵبژاردووە، ئەمەش پێویستی بە ئامادەباشییەکی گشتگیر هەیە تاوەکو ڕێگری لە هەر هەوڵێک بگیریێت کە ئامانجی تێکدانی یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی و ئاسایشی ناوچەکەیە. ئەم ڕاگەیێنراوە لە کاتێکدایە، سەرەڕای بڕیاری کشانەوەی هەسەدە لە ڕۆژئاوای فورات، بەڵام سوپای عەرەبیی سووریا و گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە تورکیا لە دوێنێوە هێرشێکی چڕیان بۆسەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە دەستپێکردووە.