ئەمەریکا پێشوازیی لە ڕێککەوتنی هەولێر و بەغدا دەکات

2 كاتژمێر لەمەوپێش



وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە ڕاگەیەنراوێکدا، پێشوازیی لە رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەکات.

لەڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: دەستخۆشی لە هەوڵە چارەنووسسازەکانی  سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەکەین، بۆ ئەوەی ئەم پێشکەوتنە ببێتە دى.

هەروەها دەشڵێت : ئەم ڕێککەوتنە دەبێتە هۆی بەهێزکردنی هاوبەشی ئابووریی قازانجی هاوبەشی نێوان ئەمریکا و عێراق و هاندانی ژینگەیەکی سەقامگیرتری وەبەرهێنان لە سەرتاسەری عێراق بۆ کۆمپانیا ئەمریکییەکان و بەرزکردنەوەی ئاسایشی وزەی ناوچەکە و بەهێزکردنی سەروەری عێراق.

وەزارەتى دەرەوەى ئەمریکا ئاماژە بۆ ئەوەشدەکات کە ئەم ڕێکەوتنەکە لەلایەن ئەمریکاوە ئاسانکاری بۆ کراوە و سوودی بەرجەستە بۆ هەردوو ئەمریکی و عێراقی دەهێنێت.

 دوای تێپەڕبوونی (18) ساڵ بەسەر یاسای نەوت و گازی هەرێم ئەمڕۆ (25/9/2025)، دامەزراوە فەرمییەکانی حکومەتی عێراق و بەدوایدا دامەزراوە فەرمییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایانگەیاند، گەیشتوون بەڕێککەوتن لەبارەی ڕادەستکردنی نەوتی هەرێم بە کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ). 

حکومەتی عێراق ڕۆژانە نزیکەی (230 هەزار) بەرمیل نەوت، کە مانگانە دەکاتە (6 ملیۆن و 900 هەزار) بەرمیل نەوت لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێم وەردەگرێت، کۆی بەهاکەی (592 ملیار و 20 ملیۆن) دیناری مانگانەیە. هاوکات دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستان نیوەی داهاتە فیدراڵییە نانەوتییەکان ڕادەستی حکومەتی عێراق بکات. 

لەلایەکى دیکەوە، ئامانج ڕەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند:  کاتژمێر شەشی بەیانیی ڕۆژی شەممە( 27ـی ئەیلوولی 2025) نەوت هەناردە دەکرێتەوە.

وتەبێژی ئەپیکۆر  ڕاگەیاند: ئەمڕۆ ڕۆژێکی زۆر گرنگە و ڕێککەوتنی هەناردەکردنەوەی نەوت واژۆ کراوە، بۆ ئەوەی لە چەند ڕۆژی داهاتوو پرۆسەکە دەست پێبکاتەوە.

مایڵز کاگینز، وتەبێژی کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی هەرێمی کوردستان (ئەپیکۆر)  هاوکات پێشبینی دەکات، هەناردەکردنەوەی نەوت لە دوو ڕۆژ یان سێ ڕۆژی داهاتوو دەست پێبکاتەوە.

ناوبراو دەشڵێت: لە چوارچێوەی ڕێککەوتنەکە حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕۆژانە 230 هەزار بەرمیل نەوت لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە هەناردە دەکات، 50 بۆ 60 هەزار بەرمیلیش بۆ پێویستی ناوخۆ بەکار دەهێنێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار