مەزڵووم عەبدی: ئۆجەلان حەز دەکات بمانبینێت
کاتژمێرێک لەمەوپێش
مەزڵووم عەبدی ڕایگەیاند، کەناڵێکی کراوەی گفتوگۆیان لەگەڵ تورکیا هەیە و دووپاتیشی کردەوە، نابێت بەرپرسانی ئەنقەرە لە چوونی بۆ ئیمراڵی بترسن، "چونکە خزمەت بە پڕۆسەی ئاشتی و چارەکردنی کێشەکانی ڕۆژئاوای کوردستان دەکات."
مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، لە چاوپێکەوتنێکی ڕۆژنامەوانیدا، باسی لە پەیوەندییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان لەگەڵ تورکیا، پڕۆسەی نوێی ئاشتی، چوونی بۆ ئیمراڵی، داهاتووی سووریا و چەند پرسێکی دیکەی کرد.
لەبارەی پەیوەندییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان لەگەڵ تورکیا، مەزڵووم عەبدی گوتی: "پەیوەندی هەیە و کەناڵی کراوەش لە نێوانماندا هەن، بەڵام ڕێککەوتن نییە. تەنیا ئاڵوگۆڕی بیروڕا سەبارەت بە سووریا هەیە، ئەمەش شتێکی باشە." هەروەها خواستی خۆی بۆ بەهێزکردن و فەرمیکردنی ئەم پەیوەندییانە و گەیشتن بە ڕێککەوتن لەسەر هەندێک بابەتی دیاریکراو دەربڕی.
فەرماندەی گشتیی هەسەدە ئاماژەی بەوەش کرد، هەروەک چۆن تورکیا نیگەرانی هەیە، هەسەدەش نیگەرانیی خۆی هەیە و دەیانەوێت ئەم بابەتانە بخەنە بەر باس و چارەسەریان بکەن. ئەو گوتی: "خاکی داگیرکراومان هەیە، خەڵکی ئێمە بەهۆی بوونی تورکیاوە ناتوانن بگەڕێنەوە. دەمانەوێت ئەم کێشانە لەگەڵ بەرپرسانی ئەنقەرە چارەسەر بکەین."
سەبارەت بە کاریگەریی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا لەسەر سووریا و ڕۆژئاوای کوردستان، عەبدی ڕایگەیاند: "زیاتر لە هەموو لایەک، ئەم بابەتە پەیوەندیی بە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریاوە هەیە." ناوبراو ئاماژەی بەوەدا، ئاگربەستی ئێستا لەگەڵ سوپای تورکیا بەرهەمی ئەم پرۆسەیەیە و ئەگەر پرۆسەکە بگاتە ئەنجام، ئاگربەستەکەش هەمیشەیی دەبێت.
عەبدی گوتیشی: "ئەگەر ئەمڕۆ ئێمە باس لە پەیوەندی لەگەڵ تورکیا دەکەین، ئەوە لە سایەی ئەم پرۆسەیەوەیە. ئێمە دەمانەوێت وەک هەسەدە، ئەرکی خۆمان بۆ سەرخستنی ئەم پرۆسەیە جێبەجێ بکەین و ببینە لایەنێکی پشتیوان، نەک ڕێگر."
عەبدی جەختی لەسەر پێویستیی گفتوگۆ لە نێوان ڕۆژئاوا و ئیمراڵی بۆ چارەسەرکردنی هەندێک کێشە کردەوە و گوتی: "گفتوگۆی باشتر، کاریگەریی ئەرێنی لەسەر پرۆسەی ئاشتی و چارەسەرکردنی کێشەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەبێت."
لەبارەی چوونی شاندی ڕۆژئاوای کوردستان بۆ ئیمراڵی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە ئاشکرای کرد: "بەپێی گوتەی شاندی سەردانکەری ئیمراڵی، ڕێبەر ئاپۆش داوایکردووە بەرپرسانی ڕۆژئاوا سەردانی ئیمراڵی بکەن. ئێمەش پێویستیمان بەوە هەیە."
سەبارەت بە ئەگەری سەردانیکردنی بۆ تورکیا، مەزڵووم عەبدی گوتی: "بۆ ئێمە هیچ کێشەیەک نییە. مادام ئەم سەردانە، بەشدارییەکی ئەرێنی لە چارەسەردا دەکات، بۆچی نەچین؟ ئێمە بە ئەرێنی سەیری دەکەین."
فەرماندەی گشتیی هەسەدە ڕایگەیاند، ئەوان خوازیاری سووریایەکی نامەرکەزین. لەمبارەیەوە گوتی: "ئێمە باس لە شتێکی مەحاڵ ناکەین، بەڵکوو شتێک ئەگەری ڕوودانی هەیە. لە کۆنفرانسی هێزە کوردییەکاندا داوای فیدراڵیزم کرا. ئێمە دژی ئەمە نین، بەڵام لە ئێستادا کار لەسەر شتە مومکینەکان دەکەین."
عەبدی جەختی کردەوە، ئامانجی سەرەکییان پاراستنی دەستکەوتەکانی خەبات و قوربانیدانی گەلانی ناوچەکەیە؛ نەک تەنیا کورد، بەڵکو عەرەبەکانی دێرەزوور و ڕەققاش. ئەو گوتی: "پێویستە ئەم گەلە بتوانێت بەرپرسانی خۆی هەڵبژێرێت؛ لە بواری سەربازی، ئیداری و ئەمنیدا، و لەسەر ئەم بنەمایە بەشداری لە دەوڵەتی سووریادا بکات. مەبەستی ئێمە لە نامەرکەزی ئەمەیە و ئەمە پارچەبوون نییە، بەڵکو سووریا بەهێزتر دەکات."
