پارتی: دەتوانین بەبێ یەکێتی حکومەت پێکبهێنین
2 كاتژمێر لەمەوپێش
ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دەڵێت، هەرچەندە هاوبەشی لەپێشینەیان بۆ پێکهێنانی حکومەت یەکێتییە، بەڵام بەبێ ئەوانیش دەتوانن حکومەت پێکبهێنن. ئاماژە بەوەش دەکات، نەوەی نوێ ئامادەیە بەشداریی کابینەی 10ـیەمی حکومەت بکات.
ئەمڕۆ یەکشەممە 23-11-2025، ئاراس حەسۆ میرخان، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی نیوڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی کرد، سەبارەت بە گفتوگۆکەی سەرۆک بارزانی و نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا رایگەیاند، ''زیاتر وەکو راوێژ، را گۆڕینەوە و خستنەڕووی کۆمەڵێک پێشنیاز بوو.''
دوێنێ سەرۆک بارزانی لە پیرمام پێشوازیی لە نووری مالیکی کرد و کۆبوونەوە. بەگوێرەی راگەیێندراوی بارەگای بارزانی، لە کۆبوونەوەکەدا باس لە دەرئەنجامەکانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و قۆناخی دوای هەڵبژاردن کرا.
بەگوتەی ئاراس حەسۆ میرخان، گفتوگۆکانی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق هێشتا سەرەتایین و ''لە چەند رۆژی داهاتوودا کۆبوونەوەیەکی سەرکردایەتیمان بەڕێوەدەچێت و تێیدا باس لە وردەکارییەکان [بۆ پێکهێنانی حکومەتی عێراق] دەکرێ.''
وەک ئەو ئەندامەی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی گوتی، جیا لە نووری مالیکی، گفتوگۆیان لەگەڵ سەرکردەی لایەنەکانی دیکەی شیعەش دەبێ. ''گفتوگۆکان ئەو کاتە جیدی دەبن کە هاوپەیمانیی شیعە بەربژێری خۆی [بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران] دیاری بکات و لەسەر پاڵێوراوێک رێکبکەون''.
ئاراس حەسۆ میرخان سەبارەت بە هەڵوێستی پارتی بۆ بەشداری لە پێکهێنانی حکومەتی نوێ دەڵێت، ''ئەوەندەی داواکاریی جیدیمان هەیە، داواکاریی پۆستمان نییە لە حکومەتی عێراقدا''.
ئەو ئەندامەی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی بۆ بەرەوپێشبردنی دانوستاندنەکانی پێکهێنانی حکومەت لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان ئاماژەی بەوە کرد، ''یەکەم هەنگاو لیژنەیەکی دانوستاندن پێکدەهێنین و کارنامەیەکی کارکردن [بۆ حکومەتی داهاتوو] دیاری دەکەین و بەو کارنامەیەوە دەچینە بەغدا''.
بەگوێرەی ئەنجامە فەرمییەکانی کۆمیسیۆن بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، پارتی 27 کورسیی پەرلەمانی بەدەستهێناوە و یەکێتیش 18 کورسی. ئاراس حەسۆ میرخان ئەوەشی خستەڕوو، ''بێگومان لەگەڵ یەکێتی قسە دەکەین بۆ ئەوەی [پێکەوە] کارنامەیەکی (وەرەقە) کوردی ئامادە بکەین بۆ دانوستاندن لەگەڵ لایەنەکانی بەغدا''.
