هاوپەیمانی ١٩: نیگەرانى ئەو هێرشانەین دەکرێتە سەر مامۆستا حەمە یوسف
2 كاتژمێر لەمەوپێش
تۆڕی هاوپەیمانی ١٩، نیگەرانی قووڵی خۆی بەرانبەر بەو هێرشە ئەلیکترۆنی و سوکایەتیپێکردنە دەردەبڕێت کە ڕووبەڕووی مامۆستای ئایینیی ناسراو (مەلا حەمە یوسف سەعید عەبدوڵڵا کۆچەر) بووەتەوە.
ئەم مامۆستایە لە میانەی بڵاوکردنەوەی یاداشتەکانیدا، باسی لە هەندێک لایەنی نەرێنیی پێکهێنانی «سوپای ڕزگاری كوردستان» کردووە؛ هێزێکی چەکداریی سەر بە تەریقەتی نەقشبەندی کە لە سەردەمی سەرهەڵدانی شۆڕشی ئێران (١٩٧٩) لە ناوچەی هەورامان دژی ڕژێمی ئێران دامەزراوە و ڕژێمی عێراقیش كۆمەكی كردووە.
گێڕانەوەی ئەم جۆرە زانیارییانە لە چوارچێوەی باسکردنی ئەزموونی کەسی یان هەڵسەنگاندنی مێژووییدا، مافێکی بنەڕەتیی هەموو کەسایەتییەکی گشتییە کە یاسا ناوخۆییەکان و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکانی مافەکانی مرۆڤ دەستەبەریان کردووە.
سەرەڕای ئەوەی مامۆستا "حەمە یوسف" لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا بەئاشکرا داوای لێبوردنی کردووە لە هەر زانیارییەکی هەڵە كە لە باسەکەیدا هەبووبێت، بەڵام ماوەی دوو ڕۆژە لەلایەن کۆمەڵێک مامۆستای ئایینی و کەسانێکەوە کە خۆیان بە مورید و شوێنکەوتووی شێخانی نەقشبەندی دەناسێنن، دووچاری هەڵمەتێکی ڕێکخراو بووەتەوە.
ئەمەش کارێکی مەترسیدارە و ئاشتیی کۆمەڵایەتی، گیانی لێبوردەیی و دیالۆگ دەخاتە مەترسییەوە و جۆرێکە لە تیرۆری کەسایەتی.
ئەم هەڵمەتە دەرگا بۆ دروستبوونی ژینگەیەکی پڕ لە ترس دەکاتەوە کە ئازادیی دەربڕین سنووردار دەکات و دەبێتە کۆسپ لە بەردەم کەسایەتییە ئایینی و کۆمەڵایەتییەکاندا بۆ تۆمارکردنی ئەزموونەکانیان. لەم ڕووەوە، ئێمە لە تۆڕی هاوپەیمانی ١٩ جەخت لەم خاڵانەی خوارەوە دەکەینەوە:
١- بەتوندی هەموو جۆرە توندوتیژییەکی ئەلیکترۆنی، ناوزڕاندن و سوکایەتیپێکردنێک ڕەتدەکەینەوە.
٢- داوا لە هەمووان دەکەین ڕێز لە مافی جیاوازی بگرن، لە زمانی هاندان دوور بکەونەوە و پابەندی ئاکاری گشتیی گفتوگۆ بن.
٣- ستایشی ڕۆڵی ئەرێنیی مامۆستا (حەمە یوسف) و خزمەتەکانی بە کۆمەڵگە دەکەین، بەتایبەت لە بواری بڵاوکردنەوەی ژیاندۆستی، ڕاڤەکردنی شیعری شاعیرانی کلاسیک و گرنگیدان بە کولتووری ڕەسەنی کوردی وێڕای ئەرکە ئایینییەکەی. هاوکات داوای ڕاگرتنی هەموو هەڵمەتەکانی هاندان و دژایەتیکردنی ناوبراو دەکەین.
لە کۆتاییدا جەخت دەکەینەوە کە گفتوگۆی ئارام و ڕێزگرتن لە یەکتر، تەنیا ڕێگەیە بۆ پاراستنی شیرازەی کۆمەڵایەتی و ڕێگریکردن لە کەوتنە ناو شێوازی نەشیاوی فشار و سوکایەتیکردن.
