وەزارەتى دارایی: لیستی مووچەی مانگی دە ڕادەستی بەغدا کرا
3 كاتژمێر لەمەوپێش
بەپێى ڕاگەیەندراوێکى وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتى هەرێمى کوردستان، لیستی مووچەی مانگی تشرینی یەکەم ڕادەستی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ کرا.
لەراگەیەندراوەکەدا ئەوە هاتووە: ڕۆژی سێ شەممە ( ٢٥ ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥ ) لیستی مووچەی مانگی تشرینی یەکەمی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن تیمی تەکنیکی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستانەوە ڕادەستی فەرمانگەی ژمێریاری وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ کرا.
ناردنى لیستى موچەى مانگى دە لەکاتێکدایە، کێشەى کەمیى نەخیتنە، هۆکارى پشت دواکەوتنى دابەشکردنى مووچەى فەرمانبەر و مووچەخۆرانی عێراقە کە بەهۆیەوە ناردنى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستانیش دواکەوتووە. عێراق مانگانە پێویستى بە زیاتر لە 8.5 ترلیۆن دینارە وەک خەرجى بەکارخستن و وەبەهێنان، لەکاتێکدا داهاتى هەناردەى نەوتەکەى کەمتر لە 805 تریلیۆن دینارە.
ئەو دۆخە داراییە لە عێراق ناڕوونى لە چارەنووسی دوو مووچەى کۆتایی ئەم ساڵى هەرێمى کوردستان دروست کردووە، بەڵام بە گوتەى ئەندامێکى لیژنەى دارایی خولى پێنجەمى پەرلەمانى عێراق، دادگەى فیدراڵی ئەوەى یەکلا کردووەتەوە کە مووچە لە پشکى هەرێمى کوردستان جیا بکرێتەوە و مووچە دەبێتە سپاردە لە ئەستۆى بەغدا.
بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، دواکەوتنی ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان پەیوەندی بە نەبوونی پارەی نەختینە لەبەردەست وەزارەتی دارایی فیدراڵ هەیە.
سەرچاوەیەکی بەرپرس لە بەغدا بە رووداوی گوت، "دەبوو رۆژی یەکشەممە بەڕێوەبەرایەتیی ژمێریاری وەزارەتی دارایی فیدراڵ فەرمانی خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانى عێراقى دەربکردایە. ئەگەری هەیە ئەو بڕیارە بکەوێتە ئەمڕۆ دووشەممە."
بڕیارى وەزارەتى دارایی فیدڕاڵ وایە کە دواى دابەشکرنى مووچەى فەرمانبەرانى وەزارەت و دامەزراوەکانى حکومەتى فیدراڵى، پارەى مووچەى هەرێمى کوردستان بنێرێت.
