کاروان گەزنەیی: یەكێتی لە دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردن ناترسێت
3 كاتژمێر لەمەوپێش
یەکێتی جەختدەکاتەوە، بەبێ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان حکومەتی سەرکەوتوو پێکناهێندرێت، هەر حکومەتێکیش پێکبهێندرێت شکست دەهێنێت.
ئەمڕۆ بەسەرپەرشتی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان، مەکتەبی سیاسی یەکێتی کۆبووەوە، لە دوای کۆبوونەوەکە کاروان گەزنەیی وتەبێژی یەکێتی لە کۆنفڕاسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، سوپاسی متمانەی هاووڵاتیان دەکەین بە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، هەروەها یەکێتی پاپەندی بەڵێنەکانیەتی بەرانبەر بە خەڵک.
وتیشی، یەکێتی دەرگای کراوەیە بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی گشتگیر لە هەرێم و یەکێتی پێداگرە لەسەر داواکارییەکانی لەسەر پێکهێنانی حکومەت.
کاروان گەزنەیی ئەوەشی خستەڕوو، بە سەرۆکایەتی بافڵ تاڵەبانی، یەکێتی لە هەوڵەکانی بەردەوامە بۆ چارەسەکردنی تەواوی کێشەکان لە عیراق بە رێگەی گفتوگۆ و دانوستان، چونکە بەغداد قوڵایی ستراتیژی هەرێمی کوردستانە.
سەبارەت بە پۆستی سەرۆک کۆماری عیراق ئاماژەی بەوەکرد، پۆستی سەرۆک کۆمار پشکی کوردە، لەناو کوردیشدا پشکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە، بۆ ئەو پۆستەش کاندیدیان دەبێت.
وتەبێژی یەکێتی راشیگەیاند، وەکو یەکێتی ئامادەییان هەیە لەگەڵ لایەنەکانی دیکە بچنە بەغداد و لە رێگەی گفتوگۆوە، کێشەی موچە و بودجە چارەسەر بکەن، دەشڵێت، دەیانەوێت كورد لە بەغداد یەكدەنگ بێت.
"یەكێتی لە دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردن ناترسێت، چونکە یەكێتی لە دوو هەڵبژاردن دەنگ و كورسییەكانی زیادیكردووە"، کاروان گەزنەیی وا دەڵێت.
