جەنەڕاڵ مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات دەڵێت، دیدارێکی بونیادنەرو بەرهەمدارمان لەگەڵ تۆم باراک، باڵیۆزی ئەمریکاو براد کوپەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا، لە هەرێمی کوردستانی عێراق ئەنجامدا. جەنەڕاڵ مەزڵوم عەبدی لە سەكۆی "ئێكس" نوسیویەتی: پشتیوانی ئەمریکا و سیاسەتەکانی سەرۆک ترەمپ بۆ پڕۆسەی ئاگربەست، هەروەها هەوڵەکانی باڵیۆز باراک بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆ و دانوستانەکانی نێوان ئێمە و حکومەتی سوریا، پرسێكی جدی و گرنگەو جێگەی پێشوازی ئێمەیە. بە هەموو تواناکانمانەوە کاردەکەین بۆ گەیشتن بە یەکگرتنی راستەقینە و پاراستنی ئاگربەستی ئێستا. لەلایەکى دیکەوە، هەر ئەمشەو فەرماندە مەزڵوم عەبدی، لە تۆڕی 'ئێکس بڵاویکردووەتەوە، کە پەیوەندییەکی لەلایەن ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنساوە پێکراوە. لە پەیوەندییەکەدا سەرۆکی فەرەنسا، پشتیوانی خۆی بۆ هەوڵەکان لە پێناو گفتوگۆ و گەیشتن بە رێگەچارەی دیپلۆماسی بۆ کێشەکان، هەروەها پشتگیریی جێبەجێکردنی رێککەوتنامەی 18ـی ئازاری نێوان هەسەدە و دیمەشق دووپاتکردەوە.  

لە دوای ئەوەی بەشێک لە هاوڵاتیانی باشوور بە نوێنەرایەتی کوردان و دۆستانی دۆزەکەمان، سەردانی ڕۆژئاوای کوردستانمان کرد و دیدار و کۆبوونەوەمان لەگەڵ بەشێک لە بەرپرسان و شەڕڤانان و خوشک و براکانمان ئەنجامدا. وەک شایەتحاڵێک بە پێویستی دەزانین هەموو لایەک لەوە ئاگادار بکەینەوە، کە گەلەکەمان لە ڕۆژئاوا، لەبەردەم گەلەکۆمە و مەترسی کۆمەڵکوژی و قڕکردنێکی گەورەداییە و پێویستە هەمووان ئەم مەترسییە بە هەند وەربگرین. لەگەڵ ئەوەشدا گەل و شەڕڤانان بە باوەڕەوە لەسەر پێن و بەرگرییەکی بێوێنە دەکەن، ئەم هێز و ئیرادەیەش لە یەکگرتنی سەرتاسەری کوردەوە لەسەر ئاستی جیهان، سەرچاوەی گرتووە. هەوڵ و چالاکییە جۆراو جۆرەکانی کۆی هاوڵاتیان دیوێکی تری خەباتی شەڕڤانانەیە. سەبارەت بە پەیامی خوشک و براکانمان لە ڕۆژئاوا، سڵاوێکی گەرم و پێزانینێکی زۆرییان بۆ پشتیوانی و هەڵوێستی ئازایانەی خەڵکی کوردستان و ڕەوەندی کوردی هەبوو، بێگومان چاوەڕوانی زیاتریان هەیە. لەم سۆنگەیەوە داواکارین: یەکەم: پارتە سیاسیەکان بە دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆنەوە، لە ئاستی هەرێم و عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، هەموو هەوڵەکانتان لە ئاستی سیاسی و دبلۆماسی بخەنەگەڕ، بۆ ڕاگرتنی هێرشەکان و دەستبەرکردنی مافەکانی گەلەکەمان لەچوارچێوەی دەستوردا. دووەم: وێڕای سوپاسی دامەزراوەکانی هەرێم، پێویست دەکات لە سنوری سمێلکاوە کارئاسانی زیاتر بکرێت، بۆ گەیاندنی هەموو جۆرە هاوکارییەک و هاتوچۆی هاوڵاتیان، بۆ ڕۆژئاوای کوردستان، هەروەها جێبەجێکردنی بڕیاری ژمارە ٢٤ی ساڵی ٢٠١٤ی ، پەرلەمانی کوردستان. سێیەم: بەردەوامیدان بە خۆپیشاندانی سەرتاسەری لە کوردستان و ڕەوەندی کوردی لە هەر شوێنێکی ئەم جیهانەدا هەن، هەروەها فراوانکردنی چالاکییە میدیایی و سیاسی و دبلۆماسییەکانی تر. چوارەم: داوا لە بەڕێزان مامۆستایانی ئایینی دەکەین بەردەوامبن لە پشتیوانی چالاکییەکان و پێدانی زانیاری و ڕوونکردنەوەی ڕاستینەی پەیامی ئاینی پیرۆزی ئیسلام بە هاووڵاتیان، بۆ ئەوەی چیتر دوژمنان و بریکارەکانیان، نەتوانن دەقەکانی قورئان و فەرموودە بەکاربهێنن، بۆ مەبەستی قڕکردن و لاوازکردنی گەلەکەمان و پەرتەوازەکردن و داگیرکردنی نیشتیمانەکەمان. لە کۆتاییدا، سەرکەوتن بۆ دۆزی ڕەوای گەلەکەمانە ئەنجوومەنی سەرتاسەریی هاوڵاتیانی باشوور ٢٢ی ١ی ٢٠٢٦  

سبەى و دوو سبەى، نزیکەى 200 کۆچبەرى هەرێمى کوردستان لە لیبیاوە دەهێنرێتەوە  بۆ هەولێر. ئەحمەد سەحاف، کاربەڕێکەى باڵیۆزخانەى عێراق لە لیبیا ڕایگەیاند، سبەى یەکەم کاروانى کۆچبەرەکان لە لیبیاوە دەگەڕێنرێنەوە فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتیى هەولێر کە ژمارەیان 100 کۆچبەرە. گوتیشى "بە فەرمانى سەرۆکوەزیران، یەکەم گەشتى گەڕانەوەى کۆچبەرەکان بە فڕۆکەى (سى- 130) سەر بە وەزارەتى بەرگریی عێراق دەکرێت، ڕۆژى دواتریش ئەو کۆچبەرانەى دیکە کەماونەتەوە دەگەڕێنرێنەوە". بەکر عەلى، سەرۆکى کۆمەڵەى پەنابەرە گەڕاوەکان بە کەناڵ8ـى ڕاگەیاند، سبەى کاتژمێر چوارى بەیانى فڕۆکەى کۆچبەرەکان لە لیبیا بەڕێدەکەوێت و چاوەڕوان دەکرێت کاتژمێر شەش بگاتە فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتیی هەولێر. گوتیشى، بەگەڕانەوەى ئەو 200 کۆچبەرە، نزیکەى 250 کۆچبەرى دیکەى کورد لەو وڵاتە ماون بگەڕێنرێنەوە. نزیکەى 500 کۆچبەرى کورد کە بەنیازبوون لە لیبیاوە بگەنە ئەورووپا، لەو وڵاتە لەلایەن قاچاخچییەوە دەستگیرکراون و کار بۆ هێنانەوەیان دەکرێت.

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دووپاتی کردەوە، ئەوەی لە توانایاندا بێت بۆ خوشک و براکانیان لە ڕۆژئاوای کوردستان ئەنجامی دەدەن. جەختی لەوەش کردەوە، هەرگیز ناهێڵن هاووڵاتییانی ڕۆژئاوای کوردستان بە تەنیا بمێننەوە، هاوکات بەردەوام دەبن لە پاڵپشتی و هاوکاریکردنیان. ئەمڕۆ پێنجشەممە، 22ـی کانوونی دووەمی 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە داڤۆس، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانییدا گوتی: لە داڤۆس چەندین تەوەر هەبوو قسەی لەسەر بکەین، تەوەری یەکەم بریتی بووە لە؛ پەیوەندییە بازرگانییەکان لەگەڵ وڵاتانی جیهان و کۆمپانیاکانی جیهان باشتر بکەین و دەرگای زیاتر بۆ وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان بکەینەوە. سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکانماندا لە داڤۆس؛ باسمان لە دۆخی ڕۆژئاوای کوردستان کرد، سەرنجمان لەسەر ئەوە بوو پشتیوانی نێودەوڵەتی پەیدا بکەین بۆ ئەوەی کۆتایی بە شەڕ و پێکدادان بێت، هەروەها ئەو هێرشە ناڕەوانەی کە دەکرێتە سەر کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان ڕابگیرێت، لەگەڵ سەرکردەکانی جیهان ئەو بابەتەمان بە جیددی باس کرد هیوادارم ئەنجامی هەبێت و سەقامگیریی لە ناوچەکە بەرقەرار بێت. هاوکات باسی لەوە کرد، ئێمە توانیمان لە کۆبوونەوەکاندا لە داڤۆس، ئەو دۆخەی لە ڕۆژئاوای کوردستان هەیە بیخەینە ڕوو، لە لایەکی دیکەوە هەوڵی جیددی بدەین بۆ ئەوەی ئاشتی بەرقەرار بێت و شەڕ بەرەو کۆتایی بڕوات، هیوادارم ئەو ترسە لە ناو خەڵک نەمێنێت و ئاشتی بەرقەرار بێت، هەر چەندە ئێمە بۆ بابەتی ئابووری هاتین بۆ داڤۆس، بەڵام دۆخی ڕۆژئاوا و ڕاگرتنی شەڕ لەو ناوچەیە بووە بە بابەتی سەرەکی گوفتوگۆ و دیدارەکانمان لە سەرۆک و سەرکردەکانی جیهان. سەرنجی بۆ ئەوەش ڕاکێشا، ئەمڕۆ کۆبوونەوەیەک لە هەولێر لە نێوان مەزڵووم عەبدی و تۆم بەڕاک کراوە، ئەوەی من زانیوومە، هەردوولا تەقریبەن گەیشتن بەو ڕێککەوتنەی بۆ ئەوەی ئاگربەست لە ڕۆژئاوا بەردەوام بێت، هەروەها دەرفەتێک بدرێت بۆ ئەوەی بگەن بە تێگەیشتنێکی دوولایەنە تا ئاشتی و سەقامگیری بەرپا بێت، هیوادارم شەڕ دووبارە بەرپا نەبێتەوە. مەسرور بارزانی، ڕایگەیاند: هیچ کەسێک لەگەڵ شەڕ و ئاڵۆزی نییە، لەگەڵ کێ لە داڤۆس دیدار و کۆبوونەوەمان هەبوو، باسیان لەوە کرد کە دەبێت بە خێرایی کۆتایی بە شەڕ بێت، ئەوەی ئێستا گرنگە دەبێت ئاگربەست بەردەوام بێت بۆ ئەوەی ئەو فشارە دەروونییە لەسەر خەڵکی کوردستان نەمێنێت. لە بارەی ئابوورییەوە، مەسرور بارزانی، دەڵێت: بووژانەوەی ئابووری لە هەر وڵاتێک هەبێت، سەقامگیری سیاسی و ئەمنی زیاتر بەرقەرار دەبێت، بۆیە ویستم بازرگانانی ئێمە و سەرمایەدارانمان، بەشدار بن لە داڕشتنی سیاسەتی ئابووری، هەروەها بەشدار بن لەو چالاکییانەی کە ئێمە لە ئاستی نێوەدەوڵەتییدا دەیکەین، بۆیە سێیەمین ساڵە ئێمە ماڵی کوردستان لە داڤۆس دەکەینەوە، ئەم جارە زیاتر لە 20 بازرگان و وەبەرهێنەری کوردستان بەشدار بوون، ئەوانیش دیداریان لەگەل کۆمپانیا جیهانییەکان هەبووە، هیوادارم ئەمەش ببێتە ئەنجامێکی باشتر بۆ کرانەوەی کوردستان بە ڕووی بازرگانی و ئابووریی جیهانی. لە درێژەی قسەکانیدا ئەوەشی خستەڕوو، بازرگان و سەرمایەدارانمان، بیانەوێت و ئارەزووی ئەوەیان هەبێت لە چ کەرتێک کار بکەن، ئێمە وەک حکوومەتی هەرێمی کوردستان پاڵپشتییان دەکەین. لە بارەی هەوڵەکانی سەرۆک بارزانی بۆ ڕاگرتنی شەڕ لە ڕۆژئاوای کوردستان، مەسرور بارزانی ڕایگەیاند: سەرۆک بارزانی هەر لە ڕۆژی یەکەمەوە هەوڵێکی جیددی داوە بۆ راگرتنی شەڕ، بۆیە لە هەولێر میوانداریی مەزڵووم عەبدی و  تۆم بەڕاکی کرد، بۆ ئەوەی هەردوولایان بگەن بە ئەنجامێک تا ڕێگری لە شەڕەکە بکرێت، دواتر لە چەندین گفتوگۆی تەلەفۆنیدا، سەرۆک بارزانی لەگەڵ ئەحمەد شەرع قسەی کردووە و داوای لێکردووە کە کۆتایی بە شەڕ بێت، ئەوانیش بەڵێنیان داوە کە کەسیان لەگەڵ شەڕ نەبن و دەیانەوێت شەڕ بەرەو کۆتایی بچێت، بەڵام دەبێت ڕێککەوتنێک بکرێت لە لایەن هەردوولاوە کە جێگەی ڕێز و قبووڵکردن بێت. دەشڵێت: سەرۆک بارزانی ئێستاش لە سەردانەکەیدا بۆ ئیتاڵیا، سەرنجی لەسەر ئەوە بووە کە پەیامەکانی بە هەموو جیهان بگەیەنێت کە دەبێت ئەو شەڕەی ڕۆژئاوای کوردستان کۆتایی پێ بێت. ئینشائەڵڵا بەرەو کۆتایی دەڕوات، دیدارەکانی ئەمڕۆش لە هەولێر لەنێوان مەزڵووم عەبدی و تۆم بەڕاک  بۆ ئەوە بووە دەرفەتێکی زیاتر هەبێت تا ئاگربەست بەردەوام بێت، بۆ ئەوەی ئاشتی و سەقامگیری ببێتە شوێنگرەوەی شەڕ و پێکدادان. لەبارەی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی گوتی: پارتی هەر لە یەکەم رۆژەوە ئامادەبووە بۆ پێکهێنانی حکوومەت، بەڵام لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە ئەنجامی هەڵبژاردن، پارتی لەسەر ڕای خۆی بەردەوامە، دەشبێت ڕێز لە ڕای خەڵکی کوردستان بگیرێت. لە کۆتاییدا مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوە کرد، دوا چەندین ساڵ کە هەوڵی جیددیمان تا دەزگای خێرخوازیی بارزانی بتوانێت بچێت بۆ ڕۆژئاوای کوردستان، دەزگاکە دوێنێ توانییان یەکەم کاروانی هاوکاری بۆ رۆژئاوای کوردستان ببەن، بەردەوامیشن لە هاوکاریکردنی هاووڵاتییان لە ڕۆژئاوا، ئەوەی پێمان بکرێت ئەنجامی دەدەین و نا‌هێڵین خوشک و براکانمان لە ڕۆژئاوای کوردستان بە تەنیا بمێننەوە.

هاوڕێیەکی نزیکی ترەمپ و خیانەتکارێکی سەرەکی لە کورد ئامادەکردنی هاوڵاتی پێشتر لەسەر چەند تۆمەتێکی گەندەڵی دەستگیرکراوە، بەڵام ئێستا بووەتە سیاسییەکی گەورە، بۆ بەرژەوەندی تورکیا کار دەکات و چارەنووسی نەتەوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەتایبەتی کورد، لە دەستی ئەودان.  ئەمە چیرۆکی تۆم باراکە، ئەو پیاوەی نغرۆ بووە لەنێو خۆبەزلزانین، ڕەگەزپەرستی و عەقڵییەتی داگیرکاری. ڕەنگە پێشتر ناویت زۆر نەبیستبێت، بەڵام لەم ڕۆژانەدا ناوی تۆم باراکت زۆر گوێ لێدەبێت چونکە بووەتە نێوەندگیر لەنێوان کورد و حکومەتی سوریا. چیرۆکی تۆم باراک پێمان دەڵێت دەسەڵات و سیاسەت چۆن لە لایەن ئەمریکاوە بەڕێوەدەبرێت.  تۆم باراک لە 6ـی نیسانی 1947 لە کالیفۆڕنیا لە خێزانێکی کۆچبەری لوبنانی لەدایکبووە. باراک بەهۆی کاری وەبەرهێنان لە کاری خانووبەرەدا هەر زوو دەوڵەمەند بووە، دواتریش کۆمپانیای کۆڵۆنی کاپیتاڵی بۆ وەبەرهێنان لە خانووبەرە دامەزراند و بووە یەکێک لە کەسایەتییە دیارەکانی ئەمریکا. بەڵام دەسەڵاتی ڕاستەقینەی باراک؛ ئەو کاتە دەستیپێکرد کە چووە نێو جیهانی سیاسەت، بەتایبەتی لەڕێی هاوڕێیەتی لەمێژینەیەوە لەگەڵ دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا. باراک، ڕاوێژکارێکی سەرەکی ترەمپ بوو، وەک بەرپرسی لیژنەی ئاهەنگی دەستبەکاربوونی سەرۆکایەتی 2017ـی ترەمپ، کاری دەکرد و لەو ئاهەنگەدا 107 ملیۆن دۆلاری خەرجکرد! بەمەش پێی نایە ناوەندی هەژموونی دەسەڵاتی ئەمریکاوە، بەبێ ئەوەی پۆستێکی فەرمی هەبێت.  لە پشت پەردەوە، پەیوەندی قووڵی لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروستکرد، بەتایبەتی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئیمارات و سعودیە.  لە ساڵی 2021، باراک لە لایەن "ئێف بی ئای"ـیەوە بە تۆمەتی کارکردن وەک بریکارێکی تۆمارنەکراو بۆ حکومەتی وڵاتانی دەرەوە دەستگیرکرا، ئەمە جگە لەوەی تۆمەتی دیکەشی درایە پاڵ، وەک پێشێلکردنی یاسا و درۆکردن لەگەڵ ئێف بی ئای.  لە بەڵگەنامەکانی وەزارەتی دادی ئەمریکادا هاتووە، تۆم باراک تۆمەتبارکراوە بەوەی بە نهێنی بەرژەوەندییەکانی ئیماراتی لەنێو سیاسەتی ئەمریکا و کۆشکی سپی پەرەپێداوە و لەهەمانکاتیشدا هەوڵی بۆ وەبەرهێنانی زەبەلاح داوە لە لایەن وڵاتانی کەنداوەوە تا پارەیەکی زۆر کۆبکاتەوە بۆ وەبەرهێنان. تۆم باراک پێگەی خۆی بەکارهێناوە لە سیاسەتی ئەمریکادا تا پەرە بە سیاسەتەکانی ئیمارات بدات، لۆبی بۆ وڵاتەکە بکات و وێنایەکی جوانی بەرپرسانی وڵاتەکە پیشانی ڕای گشتی ئەمریکا بدات، ئەمانەش بەپێی تۆمەتەکانی پاڵی، نایاسایین و بە گەندەڵی لە قەڵەمدران. باراک دوو رۆژ دەستگیرکرا و دواتر بە کەفالەتی 250 ملیۆن دینار، ئازاد کرا. لە ساڵی 2022 دوای ئەوەی دادگایی کرا، تۆم باراک بە بێتاوان لە قەڵەم درا.  هەرچەندە لە ڕووی یاساییەوە بێتاوان دەرچوو، بەڵام لە ڕووی سیاسییەوە ئەو مێژووەی بووە خاڵێکی ڕەش. ئێستا ئەم پیاوە لە مانگی ئایاری 2025ـەوە، لەسەر دەستی ترەمپ گەڕاوەتەوە بۆ نێو جیهانی سیاسەت و دوو پۆستی پێدراوە. هەم وەک باڵیۆزی ئەمریکا لە تورکیا و هەم وەک نێردەی تایبەتیی ترەمپ بۆ سوریا کاردەکات. زۆربەی ڕەخنەگرانی ئیدارەی ترەمپ، تۆم باراک بە کەسێکی ڕەگەزپەرست، خۆبەزلزان و قسە لەڕوو وەسف دەکەن، تەنانەت هەندێک پێی دەڵێن ئێستا بووەتە داردەستی تورکیا. بەشێک لە بەرپرسانی ئیسرائیل دەڵێن، تۆم باراک هێندەی وەک بالیۆزێکی تورکی مامەڵە دەکات، هێندە وەک باڵیۆزێکی ئەمریکی کار ناکات و هەمیشە بەرژەوەندییەکانی تورکیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرەوپێش دەبات.  بیروبۆچوونی لەسەر کورد چاوێکی ڕەخنەگرانەی لەسەرە چونکە لەم شەڕەی حکومەتی سوریا دژی هەسەدە، ڕێک ئەو سیاسەتە جێبەجێ دەکات تورکیا دەیەوێت، ئەویش لەناوبردنی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر و داماڵینی چەکە لە هەسەدە، هەربۆیەش بە ئاشکرا ڕایگەیاند، ئێستا ئیتر ڕۆڵی هەسەدە دژی شەڕی داعش بەسەرچووە و حکومەتی سوریا دەتوانێت ئەو ڕۆڵە وەربگرێت، باشترین کارێکیش کورد بیکات ئەوەیە بچێتە ژێر سایەی حکومەتی سوریا. هەرچەندە خۆی بە ڕەچەڵەک ڕۆژهەڵاتییە، بەڵام عەقڵیەتێکی ڕۆژئاوایی هەڵگرتووە و بە چاوێکی سووک و عەقڵێکی داگیرکرانەوە لە گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەڕوانێت. یەکێک لەو نمونانەی ئەم قسەیە دەسەلمێنێت ئەوەیە کە ساڵی ڕابردوو بە کۆمەڵێک ڕۆژنامەنووسی لوبنانی گوت، دەبێت وەک کەسانی "شارستانی" مامەڵە بکەن و وەک "گیانەوەر" مەبن، ئەمەش ڕێک هەمان عەقڵیەتی ڕۆژئاواییە کە سەدەها ساڵە بەم بیرکردنەوەیە برەویان بە داگیرکاریی وڵاتانی ڕۆژهەڵات داوە. هەر بۆیەش ئێستا ئەمریکا بە چاوساغی تۆم باراک پشتی لە کورد کردووە و دەڵێت، واشنتن دەیەوێت هەموو نەتەوەکانی سوریا لەژێر دەسەڵاتی حکومەتی سوریادا بژین و برەو بە جیاکاری و سەربەخۆیی نادات، ئەمەش ڕێک مەبەستی لە ڕۆژاڤایە و دەیەوێت کورد لە ناوچەی خۆی سەربەخۆیی نەمێنێت.  چیرۆکی باراک تەنها چیرۆکی کەسێکی ئاسایی نییە، بەڵکو چیرۆکێکە بەشە سەرەکییەکەی لەسەر پارە و هەژموونە کە تێیدا باراک، کاتێک لە چاوی کامێراکان دوورە، سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دادەڕێژێتەوە و وەک بازرگانێک هەمیشە بەدوای بەرژەوەندییەکانی خۆی و ئەوانەوەیە کە پاڵپشتیی لێدەکەن

بە راسپاردەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بە درێژایی وەرزی سەرما، سووتەمەنی دەنێردرێتە رۆژئاوای کوردستان. ئەمڕۆ پێنجشەممە، 22ـی کانوونی دووەمی 2026، پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا گوتی، "لەسەر راسپاردەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە ڕێگەی دەزگای خێرخوازی بارزانییەوە، بڕی پێویستی سووتەمەنی دەنێردرێتە رۆژئاوای کوردستان." لەبارەی ئەوەی تا کەی سووتەمەنییەکە دەنێردرێت، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەی خستووەتە ڕوو "ئەم پرۆسەیە بەردەوامدەبێت  تا تەواوبوونی وەرزی سەرما." ئەمە لە کاتێکدایە، دوێنێ چوارشەممەش، 21ـی کانوونی دووەم، بە فەرمانی سەرۆک بارزانی، دەزگای خێرخوازیی بارزانی، مەزنترین کاروانی هاوکاری مرۆییان گەیاندە رۆژئاوای کوردستان. هاوکارییەکە 67 بارهەڵگر لەخۆ گرتبوو کە لە 22 بابەتی تایبەتی خزمەتگوزاری رۆژانە بۆ هاووڵاتییان پێکدێت، ئەمە جگە لە پێشکەشکردنی پێداویستییەکانی خواردەمەنی و ئامرازی گەرمکردنەوە. هەروەها زیاتر لە 150 کارمەندی دەزگای خێرخوازیی بارزانی رەوانەی رۆژئاوای کوردستان کراون بە مەبەستی بەڕێوەبردنی هەڵمەتی دابەشکردنی هاوکارییەکان. 

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 22ـی کانوونی دووەمی 2026، سەرۆک بارزانی لە رۆما، لەگەڵ  گویدۆ کرۆزیتۆ، وەزیری بەرگریی ئیتاڵیا کۆبووەوە. دوای کۆبوونەوەکە سەرۆک بارزانی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند " کۆبوونەوەکەمان، کۆبوونەوەیەکی زۆر باش بوو. بێگومان، جەنابی وەزیر دۆستێکی زۆر بەڕێز و نزیکی گەلی کوردستانە، باسی رۆژئاوای کوردستان و هەموو بابەتەکانمان کرد. زۆر تێگەیشتوون، بە هەموو لایەک هەوڵ دەدەین کە شەڕ نەبێت و بوەستێت و، خەڵکی کوردستان تووشی ئێش و ئازار و دەستدرێژی نەبێت." سەرۆک بارزانی جەختی کردەوە "بۆ ئێمە لە هەموو شتێک گرنگتر، کەرامەت و هەبوونی کوردە، هەرچی پێویست بێت بۆ پاراستنی کەرامەتی گەلی کوردستان، ئێمە ئامادەین بیکەین." سەرۆک بارزانی باسی لەوەش کرد "لەگەڵ هەموو لایەک لە پەیوەندیداین بۆ ئەوەی کێشەکان بە گفتوگۆ چارەسەر دەکرێن و هیوامان وایە؛ بەڵام هەموو ئەگەرەکانیش کراوەن و دەبێت خۆمان بۆ بارودۆخێک ئامادە بکەین." سەرۆک بارزانی دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیری بەرگریی ئیتاڵیا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ڕایگەیاند: کۆبوونەوەکەمان زۆر باش بوو، باسی دۆخی ڕۆژئاوای کوردستانمان کرد. ٠ بۆ ئێمە لە هەموو شتێک گرنگتر، کەرامەت و هەبوونی کورد، هەر شتێک پێویست بێت بۆ پاراستنی گەلی کورد، دەیکەین. ٠ ئیتاڵیا بەڵێنی داوە تەواو هاوکار و پاڵپشتمان بێت بۆ تێپەڕاندنی ئەو دۆخە. ٠ هەموو هەوڵێکمان لەگەڵ سەرکردەکانی ناوچەکە ئەوەیە کە شەڕ تەشەنە نەکات. ٠ سەرکردایەتی سووریا بەڵێنیان پێداوین کە کەرامەتی کورد پارێزراو بێت. ٠ هەموو هەوڵێک دەدەین کوردی ڕۆژئاوا پارێزراو بن. لەلایەکی دیکەوە: وەزیری بەرگریی ئیتاڵیا ڕایگەیاند: هەموو هەوڵێک دەدەین ئاشتی بەرقەرار بێت لە ناوچەکە. ٠ سەرۆک بارزانی سیمبولێکە لە شەڕی دژ بە داعشدا. ٠ ئێمە لە ئیتاڵیا زۆر دڵگرانین لەوەی لە سووریا ڕوودەدات. ٠ هەموو هەوڵێکی خۆمان دەخەینە گەڕ بۆئەوەی لە سووریا دەگوزەرێت بوەستێت. ٠ ئەوەی دژ بە گەلی کورد دەکرێت لە سووریا جێگای قبوڵ نییە. ٠ دۆستایەتی ئێمە لەگەڵ هەرێمی کوردستان مێژوویی و قووڵە. ٠ نیگەرانین لەو دۆخەی بەسەر ڕۆژئاوای کوردستان هاتووە، هەموو ڕێگرییەک دەکەین هەمان شت بەسەر باشووری کوردستان بێت. ٠ زۆر نیگەرانین لە ئازاد بوونی زیندانییانی داعش، کار لەسەر ئەوە دەکەین کە مەترسی نەبێت.

ئەندامی کۆمیتەی هاوسەرۆکایەتیی پەیەدە ئاڵدار خەلیل ڕایگەیاند، "هێرشمان لەسەرە، سنووری ڕۆژئاوای کوردستان دەپارێزین. ئەمە مژاری مان و نەمانە. جگە لە بەرخۆدان ڕێگەیەکی تر بوونی نییە. پێویستە بەرخۆدانمان فراوان بکەین، بە پاڵپشتیی کوردان سەرکەوتن بۆ ئێمەیە." ئەندامی کۆمیتەی هاوسەرۆکایەتیی پەیەدە ئاڵدار خەلیل لەسەر هێرشەکانی سەر ڕۆژئاوای کوردستان قسەی بۆ ئاژانسی هەواڵیی هاوار (ANHA) کرد. ئاڵدار خەلیل ڕایگەیاند، هێرشێکی قێزەون لە ئاستی جیهانیدا دەکرێت و ئاماژەی بەوە کرد کە ئەمریکا، دەوڵەتی تورک و چەتەکانی لە پشت هێرشەکەوەن و یارییەکی گەورە دژی بوونی ڕۆژئاوا هەیە. خەلیل بیری هێنایەوە کە بەر لەم هێرشە، هێرشکراوەتە سەر ئاساییشی شێخ مەقسوود و لە دیمەشقیش کۆبوونەوە دەکرا و گوتی، "لەناکاو هێرشکرا. دەستبەجێ لە دێرحافریش دژی قەسەدە بێبەختیی دووەم دەستی پێ کرا. لە کاتێکدا شەڕڤانانی قەسەدە لە دێرحافر خۆیان بۆ کشانەوە ئامادەدەکرد، هێرشیان کرد." خەلیل باسی لە ڕۆڵی دەوڵەت تورک لە هێرشەکاندا کرد و گوتی، "دەوڵەتی تورک نایەوێت بۆ ئەم سەدەیە ببنە خاوەن ستاتۆ." گوتیشی کە هەر یەک لە ئەمریکا و تورکیا بۆ بەرژەوەندییە سیسییەکانی خۆیان دەیانەوێت کۆمەڵگەی ناوچەکە بە یەکدا بدەن. ئاڵدار خەلیل سڵاوی نارد بۆ پاڵپشتیکردنی گەلی کورد لە هەر چوار بەشی کوردستان و دەرەوەی وڵات لە ڕۆژئاوا و گوتی کە خاوەندارێتیی کوردان لە شۆڕشی ڕۆژئاوا، ڕۆژانی مێژوویین بۆ کوردستان. ئاڵدار خەلیل بانگەوازی بۆ هەموو کەسێک کرد کە بۆ پاراستن بەرپرسیار بێت و گوتی: "پێویستە هەمووان بە پێی توانای خۆیان بەشداری لە بەرخۆداندا بکەن." گوتیشی، "چالاکییەکانی کوردستانیان لە دەرەوەی وڵات و بەشەکانی تری کوردستان فشاری خستووەتە سەر هێرشکاران. ئێستاش هەوڵی چارەسەر دەدرێت. بەڵام ئەوەی سەرەکییە بریتییە لە پەرەدان بە هێڵی پاراستن." خەلیل لە کۆتایی قسەکانیدا ڕایگەیاند کە بە سەرکەوتنی بەرخۆدان زەمینەیەک بۆ تێکۆشانی سیاسی دەڕەخسێت و گوتی:"ئێمە لە داهاتوودا ئەرکی خۆمان جێبەجێ دەکەین و زەمینەی سووریایەکی دیموکراتیک دەڕەخسێنین. دووبارە دەڵێین کە سڵاو لە بەرخۆدانی گەلی خۆمان دەکەین. جگە لە بەرخۆدان ڕێگەیەکی تر بوونی نییە. پێویستە بەرخۆدانمان فراوانتر بکەین. بێگومان سەرکەوتن بەشمان دەبێت."

ڕۆیتەرز ڕایگەیاند، ئەو کۆبوونەوانەی لە چەند هەفتەی ڕابردوودا لە دیمەشق و پاریس و عێراق ئەنجام دراون، ڕێگەخۆشکەربوون، بۆ هێرشی چەتەکانى هەتەشە و داعش بۆ ناوچەکانى باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا بەبێ ناڕەزایی ڕاستەوخۆی ئەمریکا. حکومەتی سووریا لە پاریس پێشنیازی ئۆپەراسیۆنی سەربازی بۆ سەر ناوچەکانی ژێردەستی هەسەدە کردووە، نە ئەمریکا و ئیسرائیل، رێگر نەبوون و رەتیان نەکردەوە هێرش بکرێتە سەر هەسەدە، لەوێوە رێگە خۆشکرا بۆ هێرشی سوپای عەرەبی سووریا و گرووپەکان بۆ ناوچەکانی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا. بەپێی قسەی بەرپرسانی ئەمریکاش ' زێدەڕۆییەکانی ئەحمەد شەرع' لە هێرشەکانی وایکرد کۆنگرێسمانانی ئەمریکا بیر لە سەپاندنەوەی سزا بکەنەوە، بەڵام بە راگەیاندنی ئاگربەست لەگەڵ هەسەدە، شەرع نەکەوتە ژێر ئەو هەنگاوە. رۆیتەرز بە پشت بەستن بە زانیاری 9 سەرچاوە وردەکاریی بڕیار و گفتوگۆی پشت دەرگە داخراوەکانی باس کردووە، بەپێی راپۆرتەکە: "ئەمریکا هیچ رێگر نەبووە لە ئۆپەراسیۆنەکان کە هاوسەنگی هێزی  بەشێوەیەکی ریشەیی لە سووریا دژی هاوپەیمانێکی 10 ساڵەی ئەمریکا گۆڕی.'' راپۆرتەکە ئەو هەنگاوانە باس دەکات لە سەرەتای ئەم ساڵەوە نراون دژی هەسەدە لە کۆبوونەوەکاندا، بەپێی سەرچاوەیەکی سووری: "ئەحمەد شەرع سەرۆکی قۆناخی راگوزەری سووریا لەو کۆبوونەوانە دوو سەرکەوتنی سەرەکی بەدەستهێناوە، بەهێزکردنی بەڵێنەکەی بە یەکخستنی هەموو خاکی سووریا لەژێر یەک سەرکردایەتیدا و بوون بە هاوپەیمانی دڵخوازی ئیدارەی ئەمریکا بە سەرکردایەتی دۆناڵد ترەمپ." هێرشی گرووپەکانی سەر بە دیمەشق ناوچەیەکی زۆری لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا لەدەستی هەسەدە دەرهێنا، بەپێی راپۆرتەکە: "تاقیکردنەوەیەکیش بوو بۆ سنووری پشتیوانییەکانی ئەمریکا بۆ شەرع، کە پێشتر سەرکردایەتی لقی قاعیدەی لەو وڵاتە دەکرد.''   ئاژانسی ڕۆیتەرز بە پشتبەستن بە نۆ سەرچاوەی دیپلۆماسیی و سیاسیی سەبارەت بە چۆنییەتى ڕێککەوتن لە سەر هێرشکردنە سەر ڕۆژئاواى کوردستان لەلایەن دەوڵەتى داگیرکەرى تورک و چەتەکانى هەتەشەوە، زانیارى نوێی نەبیستراوی ئاشکرا کرد. ئاژانسەکە بڵاوى کردەوە، کۆبوونەوەی دیمەشق لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات لە ٤ـی کانوونى دووەم بە کتوپڕی کۆتایی پێهات، بەمەش گفتوگۆکانی نێوان هەردوولا کۆتایی پێهات، دوو بەرپرسی سووریا ئاماژەیان بەوە کرد، کۆبوونەوەیەکی دواتر لە پاریس تۆمەتبارکردنی ئیسرائیل بە پشتیوانیکردنی هێزەکانی سووریای دیموکرات لەخۆگرتبوو. پەیامی تورکیا لە کۆبوونەوەکانی پاریس لە بەرچاوگیراوە سەرچاوەیەکی سووری ڕایگەیاند، گفتوگۆکانى پاریس دەستی خستووەتە سەر هێرشی سنووردار دژی هێزەکانی  قەسەدە، بەبێ ئەوەی هیچ ناڕەزایەتییەکی ڕوون و ئاشکرا بێتە ئاراوە و پەیامێکی تورکیاش گەیاندووە، کە ئاماژە بەوە دەکات واشنتۆن دژایەتی کردەوەی سەربازی ناکات بە مەرجێک هاووڵاتیانی مەدەنی کورد پارێزراو بن. ئاڕاستەی بەرژەوەندی ئەمریکا؛ پشتیوانی لە دیمەشق بەگوێرەی ئاژانسی ڕۆیتەرز، دیپلۆماتکارێکی ئەمریکی ڕایگەیاندووە، واشنتۆن ئاماژەی ناردووە بۆ هێزەکانی سووریای دیموکرات، کە پشتگیرییەکانی دەکشێنێتەوە، سێ سەرچاوە پشتڕاستیان کردووەتەوە، تۆم باراک نوێنەری ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا، مەزڵوم عەبدی فەرماندەی هێزەکانى سووریای دیموکراتی ئاگادار کردووەتەوە کە “بەرژەوەندییەکانی واشنتۆن لەلای حکومەتی جۆلانییە نەک لای ئەوان، ئەمەش ئاماژەیە بۆ گۆڕانکاری لە ئەولەوییەتەکانی ئەمریکا، سەبارەت بە نەخشەی سووریا. گواستنەوەی ٧ هەزار زیندانی داعش بۆ عێراق؛ دیار نییە براونەتە کوێ ئەم پێشهاتانە هاوکاتە لەگەڵ کۆمەڵێک هەنگاوی ئەمنیی و سیاسیی کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ڕوویانداوە، لەوانە ڕاگەیاندنی پلانی گواستنەوەی حەوت هەزار دەستگیرکراوی داعش لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریاوە بۆ عێراق لە چالاکییەکى ڕێکخراو و ئەمنى بە هەماهەنگی لەگەڵ بەغدا. هەر لەو چوارچێوەیەدا ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتیمانی عێراق کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی ئەنجامدا و وتەی سەباح نوعمان وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانى عێراق، ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر گواستنەوەی وەجبەی دەستگیرکراوانی داعش لەو زیندانانەی کە پێشتر لەلایەن هێزەکانی سووریای دیموکرات (قەسەدە) کۆنترۆڵکرابوون.  

بەگوێرەی زانیارییەکانی میدیاکانى یەکێتى، وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان، زۆرینەی کارەکانی لیستی مووچەی مانگی کانوونی دووەمی 2026 تەواو کراون. بڕیاروایە لە ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوودا، لیستەکە بە فەرمی ڕەوانەی وەزارەتی دارایی عێراق بکرێت بۆ دەستپێکردنی پڕۆسەی وردبینی و تەرخانکردنی بودجەی مووچە. یەکە ژمێریارییەکانی سەر بە وەزارەتی دارایی، لە قۆناغی کۆتایی تۆمارکردنی ناوی فەرمانبەران و خانەنشینان دان لە سیستمی پەیڕۆڵ. چاوەڕوان دەکرێت تاوەکو ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو پڕۆسەی تۆمارکردن بە تەواوی کۆتایی بێت و دوای ئەنجامدانی وردبینی ناوخۆیی، لیستەکە ئامادە دەبێت بۆ ناردن بۆ بەغداد. لەبارەى داهاتە نانەوتییەکان، پاش ئەوەی وەزارەتی دارایی عێراق وردبینی لیستی مووچەی مانگی 1 تەواو دەکات، یەکەی ژمێریاری حکومەتی هەرێم ئاگادار دەکرێتەوە بۆ ناردنی بڕی 120 ملیار دینار وەک پشکی داهاتی نانەوتی. ئەم بڕە پارەیە بە شێوەی کاش (نەختینە) دەخرێتە سەر هەژماری دارایی حکومەتی فیدڕاڵ، کە ئەمەش ڕێکارێکی کارگێڕی جێگیرە لە نێوان هەردوو وەزارەتدا.

کەشى پێشبینیکراوى 48 کاتژمێرى داهاتوو ئەمڕۆ پێنج شەممە      22-1-2026 کەش / ئاسمان نیمچە هەور دەبێ بە گشتی لە شەو درەنگدا دەگۆڕێت بۆ هەوری تەواو لەگەڵ دەست پێکردنی شەپۆڵێکی بەفر بارین لەسەر ناوچەکەمان ,سەرەتا لە سنووری پارێزگای دهۆک و بەشەکانی ڕۆژئاوای هەرێم دەست پێدەکات پاشان بۆ ناوچەکانی تر درێژدەبێتەوە . خێراى با / لەسەر خۆ ( 5– 10) کم/ک  . ئاراستەی با / باکوورى ڕۆژهەڵات مەوداى بینین / 7 – 8 کم دەبێت  پلەکانی گەرما / کەمێک بەرز دەبێتەوە    هەولێر : 10 پلەی سیلیزی  پیرمام : 7  پلەی سیلیزی سۆران : 4 پلەی سیلیزی  حاجی ئۆمەران :  -1 پلەی سیلیزی    سلێمانی :  8 پلەی سیلیزی چەمچەماڵ :  9 پلەی سیلیزی هەڵەبجە : 8 پلەی سیلیزی  دهۆک : 9 پلەی سیلیزی  زاخۆ : 9 پلەی سیلیزی  ئاکرێ : 8  پلەی سیلیزی سبەى هەینی   ‌  23-1-2026 * کەشی سبەی هەینی بارستە هەوایەکی ساردی جەمسەری  لەگەڵ  شەپۆڵێکی بەفر بارین سەرجەمی ناوچەکەمان دەگرێتەوە  . * بەفر بارین لە کاتەکانی شەوی پێنج شەممە دەست پێدەکات لە سنووری پارێزگای دهۆک و ئیدارەی زاخۆ  سەنتەری  شەنگال و چیای شەنگال پاشان درێژ دەبێتەوە بۆ بەشەکانی ناوەراست و ڕۆژهەڵاتی هەرێم . * سەنتەری پارێزگاکان و قەزاو ناحیەکان و تەنانەت بەشێک لە سەنتەری پارێزگای کرکووک و ئیدارەی گەرمیانیش بەفر بارینی دەبێت. * شەپۆڵی بەفر بارین لەسەر ناوچە شاخاوییەکان و سنوورییەکان بەهێز دەبێت . * هەندێ کات لەگەڵ بەفر بارین نمە بارانیش دەبێت لە هەندێ ناوچە. * کەم بوونەوەی مەودای بینین لە کاتی بەفر بارین بۆ کەمتر لە 1کم.  * پلەکانی گەرما نزم دەبێتەوە بە چەند پلەیەک.   خێراى با / لەسەرخۆ-مامناوەند   ( 5 – 15 ) کم/ک .هەندێ کات چالاک دەبێت بە تایبەت لە سنووری پارێزگای سلێمانی و کرکووک و ئیدارەی گەرمیان . بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی هەولێر : 3 پلەی سیلیزی پیرمام : -1  پلەی سیلیزی سۆران : -1  پلەی سیلیزی حاجی ئۆمەران :  -4 پلەی سیلیزی      سلێمانی :  1 پلەی سیلیزی چەمچەماڵ: 2 پلەی سیلیزی  هەڵەبجە : 3 پلەی سیلیزی  دهۆک : 1  پلەی سیلیزی زاخۆ  : 3  پلەی سیلیزی هەڵەبجە : 4 پلەی سیلیزی ئاکرێ : 2  پلەی سیلیزی

دادگای باڵای فیدراڵی عێراق، لە دانیشتنێکدا تانەی یەکێک لە کاندیدەکانی بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق ڕەتکردەوە، کە بەهۆی کێشەی بڕوانامە و ڕەگەزنامەوە لە کاندیدبوون دوورخرابووەوە. بەپێی بڕیارێکی دادگاکە کە ژمارە (19/فیدراڵی/2026)ی هەڵگرتووە و لە 19ـی 1ـی 2026 دەرچووە، دادگا سەیری تانەی (حیکمەت محەممەد کەریم)ی کردووە، کە ناسراوە بە مەلا بەختیار، تانەی لە بڕیاری دادگا دابوو بەرامبەر بە دوورخستنەوەی لە لیستی کاندیدانی سەرۆککۆمار لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە. لە بڕیارەکەی دادگادا هاتووە، هۆکاری دوورخستنەوەی ئەو کاندیدە دەگەڕێتەوە بۆ دوو خاڵی سەرەکی: 1- بەڕێوەبەرایەتی ڕەگەزنامە، ڕەگەزنامەی یەکێک لە دایک یان باوکی کاندیدەکەی نەسەلماندووە کە عێراقییە.  2- وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، پشتگیری بڕوانامە و یەکسانکردنی بڕوانامەکەی نەکردووە. دادگای فیدراڵی ئاماژەی بەوە کردووە کە بەپێی ماددەی (1/ یەکەم و چوارەم) لە یاسای حوکمەکانی کاندیدکردن بۆ پۆستی سەرۆککۆمار (یاسای ژمارە 8ـی ساڵی 2012)، مەرجە کاندید لە دایک و باوکێکی عێراقی بێت و خاوەنی بڕوانامەی زانکۆ بێت کە لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵاوە دانپێدانراو بێت. لە کۆتاییدا، دادگا بڕیاریدا تانەی ناوبراو ڕەتبکاتەوە و تێچووی دادبینی لە ئەستۆی خۆی بێت، بڕیارەکەش پلەی کۆتایی هەیە و هەموو دەسەڵاتەکان پابەند دەکات.

بە ئامانجی ڕێگریکردن لە هەڵاتنیان و بە هەماهەنگی لەگەڵ بەغدا، ئەمەریکا دەستی کرد بە جێبەجێکردنی پلانێکی گەورە بۆ گواستنەوەی 7000 چەکداری داعش لە سووریاوە بۆ عێراق، وەک یەکەم هەنگاویش ئەمڕۆ 150 چەکداری لە حەسەکەوە گواستەوە. فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمەریکا (سێنتکۆم) ڕایگەیاند، ئەمڕۆ چوارشەممە پرۆسەیەکی نوێیان دەستپێکردووە بۆ گواستنەوەی دەستگیرکراوانی داعش لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریاوە بۆ عێراق، ئەمەش بە مەبەستی دڵنیابوونەوە لە مانەوەیان لە شوێنێکی پارێزراودا. بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، پڕۆسەکە دەستیپێکردووە و هێزەکانی ئەمەریکا بە سەرکەوتوویی 150 زیندانی داعشیان لە گرتووخانەیەکی حەسەکە لە سووریاوە بۆ شوێنێکی پارێزراو لە ناو خاکی عێراق گواستووەتەوە. سێنتکۆم ئاشکرای کردووە کە ئامانجی کۆتایی ئەوەیە نزیکەی 7000 چەکداری دەستگیرکراوی داعش لە سووریاوە بگوازرێنەوە بۆ گرتووخانەکانی ژێر دەسەڵاتی عێراق. براد کوپەر، فەرماندەی سێنتکۆم لەوبارەیەوە ڕایگەیاند: ئێمە هەماهەنگی ورد لەگەڵ هاوبەشە هەرێمییەکانمان دەکەین، بەتایبەت حکوومەتی عێراق و بە دڵەوە سوپاسی ڕۆڵیان دەکەین لە مسۆگەرکردنی تێکشکاندنی یەکجارەکی داعش. کوپەر جەختیشی کردەوە کە گواستنەوەی ڕێکخراو و پارێزراوی ئەم دەستگیرکراوانە زۆر گرنگە بۆ ڕێگریکردن لە هەر هەوڵێکی هەڵاتن لە گرتووخانەکان، کە دەکرێت ببێتە هەڕەشەی ڕاستەوخۆ بۆ سەر ئاسایشی ویلایەتە یەکگرتووەکان و ناوچەکە. هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە لە ساڵی 2025دا، هێزەکانی ئەمەریکا و هاوبەشەکانیان زیاتر لە 300 ئەندامی داعشیان لە سووریا دەستگیرکردووە و لە هەمان ماوەدا زیاتر لە 20 چەکداریشیان کوشتووە.

دەقی راگەیەندراوەکەی: بە جەستە لە زیندانم، بەڵام بە ئێش و ئازار و خۆڕاگری لەگەڵتانم. خۆڕاگری ئامڕازی سەرکەوتنە بۆیە تکایە   خۆڕاگربن و لەمە زیاتر مەکشێنەوە، وە لێرە بەدواوە بەرپەرچیان بدەنەوە ئەگەر نا دڵنیابن موئامەرەکە زۆر گەورەیە لەسەرتان وەکۆتایی بە پرسی کورد دێت لە ڕۆژئاوا. ئەگەر هات و هێرشەکان بەردەوام بوون لەسەرتان، بەخۆڕاگری و ڕووبەڕووبوونەوەیان دەتوانن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بهێننە سەرخەت، ئەگەر نا کەس نایەتە جواب لەسەرتان لە کۆتاییدا دەڵێم، خودا لەگەڵ خۆڕاگراندایە.

وەزارەتی دەرەوەی تورکیا: هاکان فیدان، وەزیری دەرەوە و سەڵاحەدین بەهادین، ئەمینداری گشتیی یەکگرتویی ئیسلامی کوردستان لە ئەنقەرە کۆبوونەوە. میدیای یەکگرتوو دەڵێت: بە فەرمی یەکگرتوو دەستی کرد بە هەوڵەکانی بۆ بەرپاکردنی ئاشتی و کۆتایی هێنان بە شەڕ لە رۆژئاوای کوردستان. شاندی یەکگرتوو بریتین لە هەریەک لە محەممەد هاودیانی، ئەندامی مەكتەبی سیاسی و بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكان و لوقمان باسکەدێری، بەرپرسی نووسینگەی یەکگرتوو لە ئەنقەرە و لەلای ڕاستەوە دانیشتوون. شاندی تورکیاش کە لای چەپی هاکان فیدانەوە دانیشتوون، عەلی ڕەزا گونەی، باڵیۆزی پێشووی تورکیای لە بەغداد تێدایە. وەزارەتەکە هیچ شتێکی لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی فیدان و سەڵاحەدین بەهادین بڵاونەکردووەتەوە. بەڵام میدیای فەرمیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە ڕێگەی هەژماری خۆیەوە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبوک، لەبارەی کۆبوونەوەکە نووسیویەتی "بە فەرمی یەکگرتوو دەستیکردووە بە هەوڵەکانی بۆ بەرپاکردنی ئاشتی و کۆتاییهێنان بە شەڕ لە رۆژئاوای کوردستان". سەردانەکەی سەڵاحەدین بەهادین بۆ تورکیا لەکاتێکدایە، ڕۆژئاوای کوردستان لەژێر هێرشێکی چڕی سوپای عەرەبیی سووریا و گرووپە چەکدارە نزیکەکانی ئەنقەرەیە کە لە ڕۆژی 6ـی ئەم مانگەوە بە پەلاماردانی هێزە کوردییەکان لە گەڕەکەکانی حەلەب دەستیپێکرد و لە ئێستادا کۆبانێیان گەماردۆداوە و هێرشەکانیان بۆ سەر حەلەب سەرەڕای ئاگربەستی چوار ڕۆژە، درێژەی هەیە.