تولا هاتیمۆغوڵڵاری و تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکانی گشتیی دەم پارتی، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا باسی دوایین پێشهاتەکانی سووریا و ڕۆژئاوای کوردستانیان کرد و هۆشدارییان دا لەوەی "ئامانج لە هێرشکردنە سەر هەدەسە بۆ نەهێشتنی کوردە لە سووریا، بەڵام ئەمە تەنیا خۆفریوودانە." تولای هاتیمۆغوڵڵاری، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: سوپای عەرەبیی سووریا کە گرووپی تەحریرولشام پێکهێنەری سەرەکییەتی، ئاگربەستەکە پێشێل دەکات و ئامانجی سەرەکیی ئەم هێرشانە، نانەوەی شەڕ و پێکدادانە لە نێوان کورد و عەرەب. هاتیمۆغوڵڵاری، دەڵێت: هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بۆ ڕێگریکردن لە کوشتاری خەڵکی مەدەنی، لە ڕەقە و دێرەزوور کشاونەتەوە، دڵنیاییشی دا لەوەی بە هەر نرخێک بێت ناوچە کوردییەکان دەپارێزرێن. ٠ لە کۆبانێ، کارەبا، ئاو و ئینتەرنێت بڕراوە، ئەمە کارەساتێکی مرۆیی گەورەیە. ٠ چەکدارەکانی دیمەشق، تەنانەت بەرگەی بینینی کەزی قژی ژنانیش ناگرن و دەیانەوێت کوردانی ئەو ناوچانە ناچار بە کۆچکردن بکەن. تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی دەم پارتی، وتی: "کورد نایەوێت سەدەیەکی دیکەش بەبێ قەوارە و بێ زمان بژی." باکرهان داوای لە تورکیا کرد لەبری پشتگیریکردنی گرووپە چەکدارەکان، ڕۆڵی ئاشتی بگێڕێت و دەڵێت: "لەو شوێنانەی هەسەدە لێیان کشاوەتەوە، ئاڵای داعش هەڵدراوە." تونجەر باکرهان، داوا لە هێزە دیموکراتەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات، بێدەنگ نەبن و پشتیوانی لە گەلی ڕۆژئاوا بکەن بۆ تێپەڕاندنی ئەم قەیرانە و ئەو شەڕەی بەسەریاندا سەپێنراوە بەگوتەی باکرهان، "حکوومەتی سووریا بەرەنگاری داعش نابێتەوە، تەنیا شەڕ دەکات بۆ نەهێشتنی کورد بەڵام خەیاڵیان خاوە."
میدیای فەرمی سووریا دەڵێت، وەزارەتی ناوخۆ بڕیاری ئازادکردنی 126 ڕاگیراوی لە زیندانی ئەقتانی سەر بە پارێزگای ڕەققە دەرکرد، کە پێشتر ئەم زیندانە هەسەدە بەڕێوەی دەبرد و ڕاگیراوەکان بەتۆمەتی ئەندامییەتی داعش دەستگیرکرابوون. کەناڵی ئەلئیخباریەی سەر بە حکومەتی سووریا لە زاری سەرچاوەیەکی ئەمنییەوە بڵاویکردەوە، هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ، 126 ڕاگیراویان لە زیندانی ئەقتانی سەر بە پارێزگای ڕەققە ئازاد کردووە، سەرجەمی ئەوانەشی کە ئازاد کراون تەمەنیان لەخوار 18 ساڵەوە بووە. ئاماژەی بەوەشکردووە، بڕیاری ئازادکردنی ئەو ڕاگیراوانە دوای تەواوبوونی ڕێکارە یاساییە پێویستەکان بووە بۆ یەکلاییکردنەوە دۆسیەی سەرجەم ڕاگیراوەکان. دوای شەش ڕۆژ لە پاراستنی زیندانەکە و بەهۆی گەمارۆدانیان لەلایەن هێزەکانی سەر بە دیمەشق، دوێنێ هەسەدە لە زیندانی ئەقتان کشایەوە و زیندانەکە کەوتە دەستی حکومەتی سووریا، ئەم زیندانە دوو هەزار ئەندامی داعشی تێدایە و بە یەکێک لە مەترسیدارترین زیندانەکان لە سووریا دادەنرێت.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، هۆشداری دەداتە کەنەدا لە ئەنجامدانی رێککەوتنی بازرگانی لەگەڵ چین، ئاماژەی بەوەکردووە، لەوانەیە ئەمە ببێتە دەرچەیەک بۆ ئەوەی ئەمریکا بکەوێتە بەر شاڵاوی کاڵا و کەلوپەلی چینی. شەممە 24ـی کانوونی دووەمی 2026، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، رایگەیاند، ماەک کارنی سەرۆکوەزیرانی کەنەدا، لەوانەیە هەڵەیەکی مێژوویی ئەنجام بدات، بەو هەڵەیە چین دەتوانێت کەنەدا بە تەواوی بخوات، لەمبارەیەوە ترەمپ هۆشداری دەداتە کارنی کە هەڵەی لەو شێوەیە ئەنجام نەدات چونکە دەبێتە هۆی لەناوبردنی کەنەدا. سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەگەر ئۆتاوا ڕێککەوتنێکی بازرگانی لەگەڵ پەکین بکات، دەستبەجێ ئەمریکا باجی 100% بەسەر هەموو ئەو کاڵا و بەرهەمە کەنەدییانەدا دەسەپێنێت کە دەچنە ناو بازاڕەکانی ئەمریکاوە. ئەم لێدوانەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا دوای ئەوە دێت، شەممە 1ـی تشرینی دووەمی 2025، مارک کارنی، سەرۆک وەزیرانی کەنەدا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە شاری گیۆنگجوی کۆریای باشوور گوتی: لەگەڵ چین ڕێگایەکمان بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەنووکەییەکان کردووەتەوە، ڕاشیگەیاند، گفتوگۆکانیان لەگەڵ ئەو وڵاتە زۆر بنیاتنەر بووە. سەرۆک وەزیرانی کەنەدا ئاشکراشی کرد لە لایەن شی جیپینگ، سەرۆکی چین بانگهێشتنامەی فەرمی بۆ سەردانیکردنی وڵاتەکەی پێگەیشتووە و دەشڵێت: وەزیران و بەرپرسەکانی وڵاتەکەی بۆ دۆزینەوەی ڕێگە چارەسەر بۆ ئاڵنگارییەکان دەستنیشانکردنی هاوکاری و گەشەسەندنەکانی وڵات ڕاسپاردووە. ئەمەش لە کاتێکدایە، سەرۆکی چین و سەرۆک وەزیرانی کەنەدا لە کۆریای باشوور لە میانی لووتکەیەکی ئاسیا-پاسفیکدا کۆبوونەوە، بەمەش ئەو دوو وڵاتە بۆ یەکەم جار دوای ساڵی 2017 یەکەمین گفتوگۆی فەرمی خۆیان لەسەر پرسی بازرگانی کرد. لە ڕاگەیەندراوێکدا کەنەدا لە بارەی کۆبوونەوکەدا ڕایگەیاندبوو، سەرکردەکان هاوڕابوون لەسەر ئەوەی کە کۆبوونەوەکەیان خاڵێکی وەرچەرخان بووە لە پەیوەندییە دووقۆڵییەکاندا. هەروەها میدیا فەرمی وڵاتی چین لە زاری شی جیپینگ بڵاوی کردووەتەوە، ئامادەن لەگەڵ کەنەدا کاربکەن بۆ ئەوەی ئەم کۆبوونەوەیە وەک دەرفەتێک بقۆزینەوە بۆ گەڕاندنەوەی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان بۆ سەر ڕێڕەوێکی تەندروست، سەقامگیر و بەردەوام لە زووترین کاتدا. هاوکات پەیوەندییەکانی کەنەدا و چین لەنێو خراپترین پەیوەندییەکانی وڵاتانی ڕۆژئاوادا بووە، بەڵام هەر دوو وڵات بەهۆی ڕووبەڕووبوونەوەی گوشارە و باجی گومرگییەکانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا، وای کردووە دووبارە بە پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوانیاندا بچنەوە. پێشتر حکوومەتی هەرێمی ئۆنتاریۆ ڕێکلامێکی هۆشیارکەرەوە بڵاو کردووەتەوە، کە لە ڕێکلامەکەدا گوتەکانی ڕۆناڵد ڕێگان، سەرۆکی پێشووتری ئەمەریکای بەکار هێناوە و تێیدا ئاماژەی دابوو، سەپاندنی باجی زیادی گومرگی ، دەبێتە هۆی وەڵامدانەوەی باجە گومرگییەکان و بەمەش شەڕی توندی بازرگانی لە نێوان وڵاتان هەڵدەگیرسێت. ڕۆژی شەممە 25ـی تشرینی یەکەمی 2025، سەرۆکی ئەمەریکا بەهۆی ئەوەی ڕێکلامەوە باجی گومرگی بەسەر بەرهەمەکانی کەنەدا بە ڕێژەی 10% زیادە کرد و هەموو گفتوگۆوە بازرگانییەکانی ڕاگرت. دوای ئەوا مارک کارنی، قسەی بۆ ڕۆژنامەنووسان کرد و گوتی: گفتوگۆ دووقۆڵییەکان پێشکەوتنیان بەخۆوە بینیوە و ئێمە ئامادەین لەسەر ئەو پێشکەوتنە بەردەوام بین و هەر کاتێکیش ئەمەریکییەکان ئامادەبوون، ئێمەش ئامادەین، ئەو پەیوەندییانە زیاتر بەرەو پێش ببەین؛ بەڵام پێشتر مارک کارنی، لە گوتارێکدا ئاماژەی بەوە کردبوو، سیاسەتی بازرگانی واشنتن لەگەڵ ئابووریی ئۆتاوا، پێویستی بە داڕشتنەوەیە.
هێزەكانی سوریای دیموكرات لە بەیاننامەكدا دەڵێت، سەرەڕای ئەوەی رێکەوتنی ئاگربەست لە نێوان ئێمە و حکومەتی دیمەشقدا واژۆ کراوە، بەڵام حكومەتی دیمەشق بەردەوامە لە ئامادەکارییە سەربازییەکان و هەڵكشانی دۆخەكە لە ناوچەی جزیرە و کۆبانی. لەشكركێشی و جوڵەی لۆجستیکی بەدی کراوە، ئەمەش نیازێکی ڕوونە بۆ پەرەسەندن و ڕاکێشانی ناوچەکە بۆ روبەڕوبوونەوەیەکی نوێ. لەو چوارچێوەیەشدا هێزەکانمان ئەمڕۆ دووچاری دوو هێرشی جیاواز بوونەتەوە لە ناوچەی جزیرە، ئەمەش پێشێلکردنی ئاشکرای رێککەوتننامەی ئاگربەستە. لە کاتێکدا هێزەکانمان پابەندبوون بە مەرجەکانی رێککەوتنی ئاگربەستەوە، و بەردەوامن لە پابەندبوونیان، جەخت لەوە دەکەینەوە ئامادەکارییە سەربازییەکانی حکومەتی دیمەشق بە تەواوی لەگەڵ بەڵێنەکانیدا ناتەبایە و هەوڵی بە ئەنقەستە بۆ تێکدانی ئاگربەست و هەوڵەكانی بەرەو شەڕ لەبری چارەسەری سیاسی ئاشکرا دەکات. داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین هەوڵی بەپەلە بدەن بۆ زامنكردنی پابەندبوون بە رێککەوتنی ئاگربەست و کار بۆ ڕێگریکردن لە هەر هەنگاوێکی بکات كە ببێتە هەڕەشە لە ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە.
چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ یەکلاییکردنەوەی پۆستی سەرۆک وەزیران کۆدەبێتەوە و سەرکردەیەک لە هاوپەیمانییەکە دەڵێت، کاندیدکردنی مالیکی تەنیا دەنگۆیە. بڕیارە ئەمڕۆ شەممە، 24ـی کانوونی دووەمی 2026، چوارچێوەی هەماهەنگی کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجام بدات. عەبدولڕەحمان جەزائیری، سەرکردە لە چوارچێوەی هەماهەنگی، بە کوردستان24ی راگەیاند، کۆبوونەوەکە تایبەت دەبێت بە پرسی پۆستی سەرۆک وەزیرانی داهاتووی عێراق. جەزائیری جەختی کردەوە، تا ئێستا چوارچێوەی هەماهەنگی کاندیدی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران دیاری نەکردووە. هەروەها هیچ کۆدەنگییەکیش لەسەر نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا نییە. بە گوتەی ئەو سەرکردەیە، "مالیکی داوای گەرەنتیی پاڵپشتی لە کورد، سوننە و شیعەکانی کردووە، بەڵام لایەنە سوننەکان رەتیان کردووەتەوە و ڤیتۆیان لەسەری هەیە. بۆیە هەر هەواڵێک دەربارەی کاندیدکردنی ناوبراو تەنیا دەنگۆیە و دوورە لە راستییەوە." لەلایەکی دیکەوە، عەلی دیفاعی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامیی عێراق، بۆ کوردستان24 پشتڕاستی کردەوە، کۆبوونەوەی ئەمڕۆی چوارچێوەی هەماهەنگی ئاساییە و تایبەتە بە تاوتوێکردنی پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق. لە ماوەی هەفتەکانی رابردوودا، جووڵە و گفتوگۆکانی نێو چوارچێوەی هەماهەنگی چڕبوونەتەوە بۆ یەکلاییکردنەوەی کاندیدێک بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران. لەم چوارچێوەیەدا، چەندان کۆبوونەوە ئەنجام دراون یان دواخراون بەهۆی ناکۆکی و وردەکاریی سیاسییەوە. سەرەتا چوار کاندید لە ئارادا بوون، کە محەممەد شیاع سوودانی بە بەهێزترین دادەنرا. بەڵام دواتر، محەممەد شیاع سوودانی لە کاندیدبوون کشایەوە و رێگەی بۆ نووری مالیکی خۆش کردووە. ئەم هەنگاوە دوای ئەوە هات، مالیکی رەزامەندیی زۆرینەی هێزەکانی ناو چوارچێوەکەی بەدەستهێناوە. لەگەڵ ئەوەشدا، پرسی کاندیدکردنی مالیکی هێشتا بەربەستی لەپێشە، بەتایبەت لەلایەن لایەنە سوننەکانەوە کە نیگەرانییان هەیە. هاوکات، چوارچێوەی هەماهەنگی داوای لە لایەنە کوردییەکانیش کردووە، بە زووترین کات لەسەر یەک کاندیدی هاوبەش بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار رێک بکەون، بۆ ئەوەی پرۆسەی پێکهێنانی حکوومەت خێراتر بکرێت.
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر هۆشداری لە دۆخی مرۆیی لە کۆبانێ دەدات و دەڵێت، بەهۆی گەمارۆی تووندەوە شارەکە گەیشتووەتە لێواری کارەساتێکی مرۆیی کە هەڕەشە لە ژیانی سەتان هەزار هاووڵاتیی مەدەنی دەکات. بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر "بانگەوازێکی بەپەلەی" ئاراستەی رای گشتیی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی کردووە. بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، کۆبانێ بە "هێمای بەرخۆدان و خۆڕاگری" وەسف دەکات و دەڵێت: "کۆبانێ هێڵی یەکەمی بەرگری بوو لە بەها مرۆییەکان و وەرچەرخانێکی مێژوویی بوو کە رێڕەوی جەنگی دژی توندڕەویی گۆڕی؛ بۆیە بەئامانجگرتنی ئەمڕۆی، بەئامانجگرتنی راستەوخۆی ئیرادەی گەلانی ئازاد و ئەزموونی دیموکراتیکە." هەفتەیەکە کۆبانێ لەلایەن سوپای عەرەبیی سووریاوە گەمارۆ دراوە و رێگە نادرێت، خواردن، خواردنەوە و پێداویستیی پزیشکی بگاتە شارەکە. لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا داوا دەکرێت بەپەلە رێگەچازەیەک بدۆزرێتەوە و "رێڕەوی ئارام بکرێتەوە بۆ گەیاندنی هاوکاریی مرۆیی و پزیشکی و چارەسەرکردنی برینداران بەبێ مەرج." بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بەرپرسیارێتیی یاسایی و ئەخلاقی دەخاتە ئەستۆی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکان و داوایان لێدەکات دەستبەجێ دەستوەردان بکەن بۆ راگرتنی هێرشەکان بۆ سەر ناوچەکانی کانتۆنی جزیرێ. هاوکات، ستایشی "بەرخۆدانی جەماوەری" خەڵکی حەسەکە و جزیرێ دەکات و جەخت لە "پێویستیی بەهێزکردنی بەرخۆدانی جەماوەریی رەوا" دەکاتەوە بۆ پاراستنی دەستکەوتەکان. لە کۆتایی بانگەوازەکەدا هاتووە: "بێدەنگی لە ئاست ئەوەی روودەدات هاوبەشییکردنە لە تاوان و دەستوەردانی بەپەلە بەرپرسیارێتییەکی مرۆییە کە دواخستن هەڵناگرێت."
رێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، سەبارەت بە مووچەی مانگی یەک (کانوونی دووەم) بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: "هەفتەی ڕابردوو وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان ڕێنماییەکانی خەرجیی ساڵی 2026ـی بڵاوکردەوە و لە ئێستاشدا ئامادەکارییەکان بۆ لیستی مووچە لە قۆناغی کۆتاییدان." یاریدەدەری سەرۆکوەزیران ئاشکرای کرد، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا لیستەکە تەواو دەبێت و ڕەوانەی بەغدا دەکرێت. دوای پەسەندکردنی لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە، بڕی 120 ملیار دینار دەخرێتە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی فیدراڵ. سەبارەت بە پابەندبوونەکان، رێباز حەملان گوتی: "وەکو حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەتەواوی پابەندی داواکارییەکانی عێراق بووین و هیچ پاساوێک لەلایەن هەرێمەوە نییە بۆ دواکەوتنی مووچە." ناوبراو ڕەخنەی لە هەڵوێستی بەغدا گرت و ڕایگەیاند: "بەداخەوە ئەوەی لەلایەن وەزارەتی دارایی فیدراڵ و بەغداوە دەکرێت، ستەمێکی گەورەیە لە خەڵکی کوردستان، بە جۆرێک لە ماوەی سێ ساڵدا مووچەی حەوت مانگ بۆ هەرێم نەنێردراوە."
شاندى یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان بەسەرۆکایەتى قوباد تاڵەبانی گەیشتە بەغداد و بڕیارە زنجیرەیەک کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە سیاسیەکان ئەنجامبدات. سەمیر هەورامی، گوتەبێژی قوباد تاڵەبانی، بە کەناڵ8ى ڕاگەیاند، شاندەکەى یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان کەلەلایەن قوباد تاڵەبانیەوە سەرۆکایەتى دەکرێت بەیاوەری دەرباز کۆسرەت ڕەسوڵ ئەمڕۆ گەیشتوونەتە بەغداد. ئاماژەى بەوەشکرد، بڕیارە شاندەکە زنجیرەیەک کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە سیاسیەکان ئەنجامبدات و لە کۆبوونەوەکاندا دۆخی سیاسی لە عیراق و هەرێمی کوردستان گفتوگۆیان لە بارەوە دەکرێت.
وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان یەکەم گشتاندنی دارایی بۆ ساڵی 2026 دەرکرد، تێیدا میکانیزمی خەرجکردنی پارە، پێشینە و مامەڵە داراییەکانی دیاریکردووە. بەپێی بڕیارەکە، خەرجییەکان بەپێی سیستمی 1 لەسەر 12ی خەرجیی کرداریی ساڵی 2025 دەبن و سەرجەم مامەڵەکان دەکرێنە ئەلیکترۆنی. بەگوێرەی نووسراوی وەزارەتی دارایی ژمارە (588)، کە واژۆی ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستانی لەسەرە و کۆپییەکی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، رێنوێنییەکان تایبەتن بە رێکخستنەوەی خەرجی و داهات تاوەکو پەسندکردنی بودجەی ساڵی 2026. وەزارەتی دارایی دەڵێت، خەرجییەکان لە چوارچێوەی (1/12)ی خەرجیی کرداریی ساڵی 2025 دەبن. لە گشتاندنەکەدا هاتووە، "راگرتنی سەرجەم پاداشت و هاوکارییەکان، جگە لە بەخشینی بەردەستی وەزیرەکان یان ئەو دۆخانەی رەزامەندیی ئەنجوومەنی وەزیران یان وەزارەتی داراییان هەیە." هەروەها بڕیاردراوە بە راگرتنی خەرجییە سەرمایەدارییەکان، مەگەر لە دۆخی زۆر پێویستدا نەبێت و پێویستە لە رێگەی سیستمی ئەلیکترۆنییەوە داوابکرێت. یەکێک لە خاڵە هەرە سەرەکییەکانی گشتاندنەکە، پابەندکردنی گشت وەزارەت و فەرمانگەکانە بە بەکارهێنانی سیستمی ئەلیکترۆنیی بەڕێوەبردنی دارایی کوردستان (KFMS). لە نووسراوەکەدا هاتووە، "هەموو ئەو خەرجییانەی پەیوەستن بە بودجەی بەکارخستن، تەنیا بە شێوەی دیجیتاڵی و لە رێگەی سیستمی (KFMS)ەوە دەبێت، هەر داواکارییەکی کاخەزییش رەتدەکرێتەوە." وەزارەتی دارایی دەسەڵاتی خەرجکردنی پارەی بۆ کڕینی کەلوپەل و پێداویستییەکان بەم شێوەیە دیاریکردووە: - تاوەکو 3 ملیۆن دینار، تەنیا بە لیژنەی کڕین دەبێت. - لە 3 ملیۆن بۆ 100 ملیۆن دینار، بە لیژنەی کڕین و بە هەبوونی سێ ئۆفەر (خستنەڕوو). - سەرووی 100 ملیۆن دینار، دەبێت بەپێی رێنمایی گرێبەستە گشتییەکان بێت. سەبارەت بە ئیفاد و گەشتی فەرمانبەران، وەزارەتی دارایی مەرجی تووندی داناوە و رایگەیاندووە، "بەبێ رەزامەندی ئەنجوومەنی وەزیران، هیچ فەرمانبەرێک شاند و سەفەری دەرەوەی وڵات ناکرێ و وەزارەت هیچ پابەندبوونێکی دارایی ناکەوێتە ئەستۆ." تەنانەت ئەو شاندانەی رەزامەندییان هەیە، دەبێت خەرجییەکەیان لەسەر پێشینەی مانگانەی فەرمانگەکەیان بێت. خاڵەکانی دیکە رێنماییەکە - پێشینەی مانگانەی (نثریة)ی فەرمانگەکان نوێ دەکرێتەوە. - کرێی ئاو، کارەبا و تەلەفۆن لەسەر بنەمای پسووڵەی رەسەن و بە سیستمی ئەلیکترۆنی خەرج دەکرێ. - هەر گرێبەستێک (وەک پاککردنەوە و خواردن) کە ماوەکەی تەواو دەبێت، دەبێت 90 رۆژ پێش تەواوبوونی داوای نوێکردنەوەی بکرێ. - ئەو خەرجییانەی بە دۆلارن، دەبێت بەپێی نرخی گۆڕینەوەی دراوی بیانیی وەزارەتی دارایی هەژمار بکرێن.
ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز: واشنتۆن هەڕەشەی لە سیاسەتمەدارانی باڵای عێراق کردووە و بە ساندنی سزا بەسەر دەوڵەتی عێراقدا، لەنێویاندا داهاتە نەوتییە گرنگەکانی، ئەگەر ئەو گرووپە چەکدارانەی ئێران پشتیوانییان دەكات بەشداری لە حکومەتی داهاتوودا بكەن. *جۆشوا هاریس، بەرپرسی کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغداد، لە گفتوگۆکانیدا لەگەڵ بەرپرسانی عێراقی و سەرکردەى شیعەکان چەند جارێك ئەم هۆشدارییەی گەیاندووە، پەیامەكەش گەیەندراوەتە بەشێک لە سەرۆکی گرووپە پەیوەندیدارەکان بە ئێران. *وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕاگەیاندووە، ئەمریکا پشتگیری لە سەروەری عێراق دەکات، ئەوەش بە هیچ شێوەیەک رۆڵێک بۆ میلیشیاکانی پاڵپشتیکراوی ئێران ناهێڵێتەوە کە هەوڵ بۆ بەرژەوەندییە پیسەكان دەکەن. *لە نێو ئەو سیاسەتمەدارە باڵایانەی پەیامی هاریسیان پێگەیەندراوە، سودانی سەرۆک وەزیران، عەمار حەکیم و هادی عامری، سیاسەتمەدارانی شیعە و مەسرور بارزانیە. یەکێک لەو کەسانەی کە واشنتۆن ناڕەزایی بەرامبەری هەیە، عەدنان فەیحانە، ئەندامی گرووپی عەسائیبی ئەهلی هەقە کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێت، لە کۆتایی مانگی کانوونی دووەمدا بە جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان هەڵبژێردرا، ئەمریکا دژی دانانی فەیحان بووە بۆ ئەو پۆستە. *لە ئاماژەیەكدا بۆ ئەوەی فشارەکانی ئەمریكا سەركەوتوو بووە، قەیس خەزعەلی سەرۆکی عەسائیبی ئەهلی هەق، ئامادەیی خۆی بە ئەمریکییەکان گەیاندووە بۆ دوورخستنەوەی فەیحان لە پۆستی جێگری سەرۆکی پەرلەمان، بەڵام فەیحان تا ئێستا لە پۆستەکەیدا ماوەتەوە. *سەرچاوەکان پێشتر بە ئاژانسی رۆیتەرزیان ڕاگەیاندبوو، عەسائیبی ئەهلی هەق گروپێکی سەرەکی بووە لە تۆڕێکی ئاڵۆزی قاچاخچێتی نەوت کە ساڵانە قازانجی لانیکەم یەک ملیار دۆلاری بۆ ئێران و هاوپەیمانەكانی لە عێراق هەیە. *خەزعەلی لە ساڵی ٢٠١٩ لەلایەن واشنتۆنەوە سزای بەسەردا سەپێندرا بە تۆمەتی ئەوەی گروپەكەی رۆڵی هەبووە لە پێشێلکارییە جددیەکانی مافەکانی مرۆڤدا، کە پەیوەندی بە کوشتنی خۆپیشاندەرانەوە هەيە لەو ساڵەدا. *عێراق بەشێکی زۆری داهاتی فرۆشتنی هەناردەکردنی نەوتی لە هەژمارێکی بانکی ناوەندی عێراق لە بانکی یەدەگی فیدراڵی نیویۆرک هەڵگرتووە. *هەرچەندە ئەم پرسە پەیوەستە بە سەروەری دەوڵەتی عێراقە، بەڵام ئەم رێکخستنە کۆنترۆڵی کردەیی دەداتە ئەمریکا بەسەر سەرچاوەیەكی زۆر گرنگ كە هەڕەشە لە دەوڵەتی عێراق دەكات، ئەمەش وایکردووە بەغداد پشت بە نیازپاکی واشنتۆن ببەستێت. *وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە وەڵامی پرسیارەکانی رۆیتەرزدا وتويەتی: هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ گەیشتن بە سەقامگیری لە ناوچەکەدا لەسەر بنەمای دڵنیابوونە لە پاراستنی سەروەری دەوڵەتەکان و تواناداركردنیان لە بەدیهێنانی خۆشگوزەرانی ئابوری هاوبەشەوە ئاسایش. هەنگاوی فشارخستنە سەر بەغداد لەڕێی ئەگەری راگرتنی دۆلار لە کاتێکدا روودەدات کە ئەمریکا دەستیكردووە بە بازاڕکردنی نەوتی ڤەنزوێلا.
نەوزاد هادی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی، لە کاندیدبوون بۆ پۆستی سەرۆککۆمار کشایەوە و دەڵێت، ئەو بڕیارە لەپێناو بەرژەوەندی گشتی بووە بۆ پشتگیرکردنی د.فواد حسێنە تاوەکو پۆستەکە وەربگرێت. ئەمڕۆ شەممە، 24ـی کانوونی دووەمی 2026، نەوزاد هادی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەیامێکدا کشانەوەی خۆی لە کاندیدبوون بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق راگەیاند. لە پەیامەکەیدا هاتووە "لە پێناو بەرژەوەندیی گشتی و پاڵپشتیکردنی کاندیدمان بۆ پۆستی سەرۆک کومار برای بەڕێز د. فوئاد حوسێن، بڕیاری خۆکشاندنەوەمان دا." هادی ئاماژەی بەوە کردووە، کاندیدکردنی لەلایەن سەرۆک بارزانی و پارتی دیموکراتی کوردستانەوە "مایەی شانازی و سەربڵندی" بووە و سوپاسی ئەو متمانەیەی کردووە. رۆژی هەینی، 23ـی کانوونی دووەم، سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق لیستی کۆتایی کاندیدانی پۆستی سەرۆککۆماری بڵاوکردەوە. لیستەکە لە 19 کەس پێکهاتبوو و نەوزاد هادیش یەکێک بوو لەوان؛ بە کشانەوەی، 18 کەس کێبڕکێ لەسەر پۆستەکە دەکەن. ئەمانە 18 کاندیدەکەی دیکەن: 1-د. عەبدوڵڵا محەممەد عەلی عەلیاوەیی 2- فوئاد محەممەد حوسێن بەکی 3. نزار محەممەد سەعید محەممەد 4- شوان حەوێز فەریق نامیق 5- ئەحمەد عەبدوڵڵا تۆفیق ئەحمەد 6- حوسێن تەها حەسەن محەممەد سنجاری 7- نەجمەددین عەبدولکەریم حەمەکەریم نەسروڵڵا 8- ئاسۆ فەرەیدوون عەلی 9- سامان عەلی ئیسماعیل شاڵی 10- سەباح ساڵح سەعید 11- ئیقبال عەبدوڵڵا ئەمین هەلیوی 12- سەردار عەبدوڵڵا مەحموود 13- موسەننا ئەمین نادر 14- خالید سدیق عەزیز محەمەد 15- ئازاد مەجید حەسەن 16- رافع عەبدوڵڵا حەمید موسا 17- سالم حەواس عەلی ساعدی 18- لەتیف محەممەد جەمال ڕەشید پێشتر دەرگای خۆکاندیدکردن بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار کرایەوە و تا ڕۆژی 5ـی کانوونی دووەمی 2026، نزیکەی 81 کەس سیڤی خۆیان پێشکەش کردبوو. هەنگاوەکانی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری عێراق 1. پەرلەمان دانیشتنێکی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار ساز دەکات. بۆ ئەوەی دانیشتنەکە یاسایی بێت، پێویستە ڕێژەی یاسایی ئامادەبوون، واتە دوو لەسەر سێی کۆی ئەندامانی پەرلەمان (219 پەرلەمانتار) ئامادەبن. 2. گەڕی یەکەمی دەنگدان: لە گەڕی یەکەمدا، کاندیدێک بۆ ئەوەی بە سەرۆک کۆمار هەڵبژێردرێت، پێویستی بە دەنگی دوو لەسەر سێی ئەندامانی ئامادەبووی پەرلەمان هەیە (219 دەنگ). ئەمەش بەپێی ماددەی 70ی دەستووری عێراقە.
ئاژانسی فرانس پرێس لە زاری چەند سەرچاوەیەکەوە رایگەیاند، ئاگربەستی نێوان هەسەدە و حکومەتی سوریا بۆ ماوەی مانگێک درێژکرایەوە. ئەمڕۆ ماوەی ئەو ئاگربەستە چوار رۆژییە کۆتایی دەهات کە هەفتەی رابردوو راگەیەندرا. حکوومەتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) رێککەوتن لەسەر درێژکردنەوەی ئەو ئاگربەستەی کە بڕیار بوو، کاتژمێر 08:00ـی ئەمشەو، (شەممە، 24ـی کانوونی دووەم) کۆتایی پێبێت. تاوەکو ئێستا هیچ راگەیێندراوێکی فەرمی لەلایەن هەردوو لایەنەوە دەرنەچووە، بەڵام سێ سەرچاوەی ئاگادار بە ئاژانسی 'فرانس پرێس'ـیان راگەیاندووە، ئاگربەستەکە لانیکەم بۆ ماوەی مانگێک درێژ دەکرێتەوە. سەرچاوەیەکی دیپلۆماسی لە دیمەشق بە ئاژانسەکەی گوتووە، ئاگربەستەکە "بۆ ماوەیەک درێژکراوەتەوە لەوانەیە بگاتە مانگێک." لەلایەن خۆیەوە، سەرچاوەیەکی کوردی ئاگادار لە دانوستانەکان بە ئاژانسەکەی راگەیاندووە: "ماوەی ئاگربەستەکە درێژ دەکرێتەوە تاوەکو دەگەینە چارەسەرێکی سیاسی هەردوو لا رازی بکات." هاوکات لەگەڵ ئاگربەستەکە، ئەمریکا دەستی بە پرۆسەی گواستنەوەی زیندانییانی داعش لە سووریاوە بۆ عێراق کردووە. ژمارەی ئەو زیندانییانە بە نزیکەی 7,000 کەس مەزەندە دەکرێت. بەپێی گوتەی دوو بەرپرسی عێراقی، رۆژی چوارشەممە کاروانێکی 150 کەسی لە چەکدارانی داعش گەیشتوونەتە عێراق. ئەو کاروانە چەندان سەرکردەی دیاری رێکخراوەکە و چەکداری ئەوروپای تێدابووە و لە یەکێک لە زیندانەکانی حەسەکەوە گواستراونەتەوە. رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی (ئەمنستی ئینتەرناشناڵ) رۆژی هەینی پێشبینی کرد لەنێو ئەو 7,000 کەسەدا، هاووڵاتیی سووری، عێراقی و بیانی هەبن، لەگەڵ نزیکەی 1,000 گەنج و مێردمنداڵ.
سیاسەتمەداری ناسراوی کورد، عوسمانی حاجی مەحمود، لە پەیامێکدا هۆشداریی دەدات سەبارەت بە بارودۆخی ئێستای ڕۆژئاوای کوردستان و ڕایدەگەیەنێت؛ کە دۆخی ناوچەکە وانەیەکی نوێی فێرکردین و سەلماندی کە گەلی کورد لە هیچ پارچەیەکی ئەم نیشتمانەدا لە تەناهی و سەقامگیریدا نییە. عوسمانی حاجی مەحمود ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەو کارەسات و هێرشانەی ئەم چەند ڕۆژەی ڕابردوو کرانە سەر ڕۆژئاوای کوردستان، نیشانەی ئەوەن عەقڵییەتی سڕینەوەی کورد لای ئەو وڵاتانەی کوردستانیان بەسەردا دابەشکراوە وەک خۆی ماوە و هەر کاتێک هەلیان بۆ بڕەخسێت، لە تێکدانی قەوارەی کورد سڵ ناکەنەوە. وتیشی: "ئەو دۆخەی ئەمڕۆ لە ڕۆژئاوا دەگوزەرێت، مەترسی و ئەگەری هەیە لە هەر پارچەیەکی دیکەی ئەم نیشتمانە دووبارە بێتەوە." لە پەیامەکەیدا، ئەو سیاسەتمەدارە ستایشی ئیرادەی جەماوەری کرد و ڕایگەیاند کە یەکگرتوویی کوردان لە هەموو پارچەکان و لە هەندەران، پەیامێکی شوکهێنەر بوو بۆ دەستەبژێری سیاسی و حوکمڕان. ئەو پێی وایە هەرچەندە خەڵک بەهۆی "خواروخێچی، گەندەڵی، قۆرخکاری و بێباکی" دەسەڵاتدارانی هەرێمەوە ماندوو و بێزارن، بەڵام کاتێک پرسی نەتەوەیی دێتە پێش، دەسەلمێنن کە هێشتا زیندوون و ئامادەی فیداکارین. عوسمانی حاجی مەحمود ڕەخنەی توند ئاڕاستەی پارتە دەسەڵاتدارەکانی هەرێمی کوردستان دەکات و هۆشدارییان دەداتێ: "پێویستە هەڵوێستێکی جدی و سەرڕاستانە بگرنەبەر و ئاوڕێکی بەرپرسیارانە لە دۆخی کوردستان بدەنەوە." داواشیکرد تا کار لە کار نەترازاوە، بگەڕێنەوە بۆ پابەندبوون بە بنەما نیشتمانییەکان و بەرژەوەندیی باڵای گەل بخەنە سەروو هەموو شتێکەوە. لە کۆتایی پەیامەکەیدا، عوسمانی حاجی مەحمود جەختی لەوە کردەوە کە لە جیهانی بەرژەوەندییەکاندا، تەنها گەرەنتی بۆ پاراستنی دەستکەوتەکان بریتین لە؛ یەکتر قبوڵکردن و یەکڕیزی نەتەوەیی و پاراستنی سەروەری هەرێم و گەڕانەوەی کەرکوک و ناوچە دابڕاوەکان و داپەروەری کۆمەڵایەتی و پاراستنی سەروەتی گشتی و تێگەیشتنی دروست بۆ هاوکێشە جیهانی و هەرێمییەکان.
مەلا هەڵۆ بە خۆپیشاندەرانی سلێمانی دەڵێت "راقیسە" و ئەوەی دەیکەن نە مرۆڤایەتی، نە کوردایەتی و نە دیندارییە. مەلا هەڵۆ لە وتاری هەینی ئەم قسانەی بۆ هاووڵاتیان کرد: - کورد جاشی ئەمریکا و ئیسرائیلە، با ئەمجارە ئیسلام بکات بەبەرنامەی خۆی - توخوا هۆنینەوەی قژ چییە؟ ئەوان ئەوەیان ئەوێت قژی خوشک و دایکمان ببینن، دە فەرموو تۆ بیکە من نایکەم کلیک بکە بۆ بینینى تەواوى قسەکانى... http://facebook.com/reel/1975724052990964/?s=single_unit
