مستەفا قەرەسوو: ڕۆژ ڕۆژی پاراستنی ڕۆژئاوایە

2 كاتژمێر لەمەوپێش



ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کەجەکە، موستەفا قەرەسوو بانگەوازی لە هەموو گەلی کورد و هێزە دیموکراتیکەکان کرد دژی هێرشە داگیرکارییەکانی سەر ڕۆژئاوا بەرخۆدان بکەن و گوتی: "ئەم هێرشە تەنها دژی ڕۆژئاوا نییە، دژی هەموو گەلی کوردە".

ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کەجەکە، موستەفا قەرەسوو بانگەوازی لە گەلی کوردستان و هێزە دیموکراتیکەکان کرد دژی چەتەکانی هەتەشە و داعش کە بە هاوکاری و هەماهەنگی دەوڵەتی تورک هێرشیان بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان دەست پێ کردووە، بەرخۆدان بکەن.

موستەفا قەرەسوو، گوتی: "ئەم هێرشە تەنها دژی ڕۆژئاوا نییە، دژی هەموو گەلی کوردە"، بانگەوازی لە گەلی کورد و لایەنە دیموکراتیکەکان کرد کە شۆڕشی ڕۆژئاوا بپارێزن".

پەیامەکەی موستەفا قەرەسوو بەم جۆرەیە:

"بۆ هەموو گەلی کورد و هێزە دیموکراتیکەکان!

بۆ هەموو بزووتنەوە شۆڕشگێڕە دیموکراتیکەکانی جیهان!

ئێستە لە ڕۆژئاوا، لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، هێرشێکی دڕندانە دژی گەلی کورد ئەنجام دەدرێت.

ئەمە هەمان ئەو گەلەیە کە لە ساڵی ٢٠١٤ و ٢٠١٥ ئازایانە بەرەنگاری هێرشەکانی داعش بوونەوە و خۆیان کردە قەڵغانی پاراستنی مرۆڤایەتی لە بەرانبەر هێرشەکانی داعش و دەیان هەزار شەهید و برینداریان بەخشی.

ئەم گەلە بۆ مرۆڤایەتی شەڕی کرد و تێکۆشا، ئێستا بە پیلانگێڕییەکی نێونەتەوەیی، پیلانگێڕییەک کە هێزە نێونەتەوەییەکان تێیدا بەشدارن، هەوڵی لەناوبردنی خۆی و سیستەمە دیموکراتیکەکەی دەدرێت.

ئێستە لە ڕۆژئاوا و باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، هێرشێک بۆ نەهێشتنی کورد دەستی پێ کرد و دەسپێکەکەی لە شێخ مەقسوودەوە بوو. ئەمە هێرشی پاکتاوکردنە دژی کوردانی ڕۆژئاوا و دژی هەموو کوردێکە. ئەم هێرشە پەیوەندی بە هەموو گەلەکەمانەوە هەیە لە هەر چوار بەشی کوردستان. چونکە ئەمە هێرشی جینۆسایدە. دەبێت هەموو گەلەکەمان ئەم ڕاستییە ببینێت.

پیلانگێڕییەک لە دژی کورد هەیە. تێکۆشانی گەلی کورد لە پێناو ئازادی و دیموکراسی، لەبەر بەرژەوەندییە نێونەتەوەیی و هەرێمییەکان سەرکوتدەکرێت. دەستکەوتەکانی گەلی کورد دەکرێتە ئامانج و هەوڵی تەسفیەکردنیان دەدرێت. هەوڵی شکاندنی ئیرادەی بەرخۆدان و خواستی ئازادی گەلی کورد دەدرێت.

ئەمە تەنیا هێرشێک نییە بۆ سەر کورد لە ڕۆژئاوا. هێرشێکە دژ بە ئیرادەی ئازادی، ئیرادەی بوونی هەموو گەلەکەمان لە کوردستان.

بۆیە پێویستە گەلەکەمان لە چوار بەشی کوردستان، ڕاپەڕن. دەبێت لە تەنیشت گەلەکەمان بوەستین کە لە ڕۆژئاوای کوردستان بەرخۆدان دەکەن. پێویستە هەموو گەلەکەمان شەو و ڕۆژ بەپێوە بێت بۆ پشتیوانی لە بەرخۆدانی گەلی ڕۆژئاوا. بە تایبەتی پێویستە گەلی باکوور و باشووری کوردستان پشتیوانی ئەم بەرخۆدانەی گەلی ڕۆژئاوا بکەن.

دەبێت پشتیوانی لە تێکۆشانی گەلی ڕۆژئاوا بکەین

گەل و ڕۆڵەکانی ڕۆژئاوای کوردستان دەیان ساڵە لە چوار بەشی کوردستان بەشداریی تێکۆشانیان کردووە و دەیان هەزار شەهید و برینداریان بەخشیوە. گەلی ڕۆژئاوا بەم هەڵوێستە نەتەوەییە تێکۆشانی گەلی کوردیان بەهێزتر کردووە. ئەمڕۆ هەموو گەلی کوردستان، هه موو دۆستانمان، دەبێت دژی ئەم هێرشانە بوەستنەوە و بەرخۆدان بکەن. وەک چۆن گەلی کورد لە کۆبانێ لە دژی داعش سەرکەوتنی بەدەستهێنا، ئەمڕۆش بە هەمان ڕۆحی کۆبانێ، بە هەمان ئەو پشتیوانییەی کە لە باکوور و باشوور و ڕۆژهەڵات و دەرەوەی وڵات بۆ کۆبانێ کرا، دەبێ لە پاڵ تێکۆشانی گەلی ڕۆژئاوادا بوەستین.

لە کۆبانێ لە ساڵی ٢٠١٥ بەرخۆدانی شەڕڤانان تاکە هۆکاری سەرکەوتن نەبوو. پشتیوانی هەموو گەلی کوردستان و جیهان، دۆستان، هێزە سۆسیالیستەکان، پشتیوانی ئەخلاقی هۆکاری دەرکردنی داعش بوو لە کۆبانێ. بۆیە ئەمڕۆ کاتی ئەوەیە ئێمە هەمان پشتیوانی لە بەرخۆدانی ڕۆژئاوا بکەین.

پێویستە هۆشیاربین، سیاسەتی قڕکردن دژی گەلی کورد هەیە. پێویستە ئەمە ببینرێت. بۆیە ڕەنگە سبەی درەنگ بێت، دەبێت ئێستا هەستینە سەر پێ. بەتایبەت گەنجان و ژنان دەبێ هێزی خۆیان بدەنە ئەم تێکۆشانە. گەنجانی کوردستان بۆ ئەم ڕۆژانە هەن. بۆیە پێویستە گەنجان لە هەموو شوێنێکدا هەستنە سەر پێ. لە ساڵی ٢٠١٤ سنووری پیرسوس و کۆبانێ بوو بە هێمای بەرخۆدان لە دژی داعش. ئەمڕۆش دەتوانین بە هەمانشێوە پشتیوانی بەرخۆدانی ڕۆژئاوا بکەین. ئێستا کاتی هاتووە. چونکە هێرشەکان قێزەون و دڕندانەن. بینیمان چۆن تەرمی ژنێکی کورد لە شاری حەلەب فڕێدرا. کورد دەیان ساڵە بەرخۆدانی گەورەی نیشانداوە. لە بەرامبەر هەموو هێرشەکاندا ڕاوەستاون و مەزنتر بوون.

بەم ڕۆحی وڵاتپارێزیی و شۆڕشگێڕییە، بە حەسرەتی بوون و ئازادی، ئەم تێکۆشانە گەشەی کرد و سەرکەوتوو بوو. ئەمڕۆ ئەگەر باوەڕمان بە هێزی خۆمان هەبێت، پاڵپشتی گەلەکەمان بکەین و هەموو خەڵکی چوار بەشی کوردستان هەڵوێستێکی هاوبەشیان هەبێت، دەتوانرێت ئەم هێرشە تێکشکێنرێت.

هەروەها هێزە سیاسییەکانی چوار بەشی کوردستانیش بەرپرسیارێتییەکی مێژوویییان لەبەرامبەر ئەم هێرشەدا هەیە. ئەوانەی ئەمڕۆ ئەم بەرپرسیارێتییە جێبەجێ ناکەن، گەلەکەمان لێیان قبووڵ ناکات. بۆیە بەبێ هیچ پاساوێک دەبێ پشتگیریی لە تێکۆشانی ڕۆژئاوا بکەن.

بانگەواز لە گەلی عەرەب

بەم بۆنەیەوە، بانگەواز لە گەلی عەرەبی ڕۆژئاوا و سووریا دەکەم.

عەرەب و کورد و سریانی دەیان ساڵە پێکەوە بە ئاشتی و خوشک و برایەتی و دوور لە شەڕ دەژین. لە هەموو شوێنێکی سووریا شەڕ و کێشە هەبوو، بەڵام لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بە خوشک-برایەتی ژیان. ئێستا هەتەشە و هەندێک هێز دەیانەوێت کورد و عەرەب بکەنە دوژمن. ئەوان دەیانەوێت دوژمنایەتی لەنێو عەرەبدا دروست بکەن بەرامبەر بە کورد. ئەمە دۆخێکی زۆر قێزەونە. ئەو عەرەبانەی لە شەڕی سووریا هەڵهاتبوون، هاتنە ناوچە کوردنشینەکان و کورد هەمیشە پێشوازییان لێدەکردن. بۆیە داوا لە عەرەبەکانی ڕۆژئاوا و باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و هەموو عەرەبەکانی سووریا دەکەین مەکەونە ناو ئەم پیلان و گەمەیەوە. ئەم پیلانە نەک هەر زیان بە کورد دەگەیەنێت، بەڵکو زیان گەلی عەرەبیش دەگەیەنێت. بۆیە کەسانێک هەن دەیانەوێت دژی یەکتر هانمان بدەن، نابێت گوێیان لێ بگرن.

بانگەوازی من بۆ هێزە شۆڕشگێڕە دیموکراسیخوازەکانی جیهان ئەوەیە. هەروەک چۆن لە ساڵی ٢٠١٤-٢٠١٥ پاڵپشتییەکی زۆریان لە کۆبانێ کرد و ڕۆڵیان لە سەرکەوتنی کۆبانێدا هەبوو، دەبێ ئەمڕۆش ڕۆڵیان هەبێت. بەم بۆنەیەوە داوا لە هەموو گەلی کوردستان و دۆستان و هێزە دیموکراتیکەکان دەکەم بە هەڵوێستێکی هاوبەشەوە دژی ئەو هێرشانە تێبکۆشن. سڵاو بۆ بەرخۆدانی گەلی ڕۆژئاوا دەنێرم و هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم.

بژی بەرخۆدانی ڕۆژئاوا! بژی گەلی کورد!".

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار