سبەینێ زیاتر لە ٢٠٠ کۆچبەر دەگەڕێنرێنەوە هەرێمی کوردستان
2 كاتژمێر لەمەوپێش
سبەی پڕۆسەی گەڕانەوەی 208 کۆچبەری کورد لە لیبیاوە دەست پێ دەکات و زۆرینەیان خەڵکی دەڤەری ڕانیەن.
لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا لیبیا بووەتە یەکێک لە سەرەکیترین و مەترسیدارترین ڕێڕەوەکانی کۆچی نایاسایی گەنجانی کورد و وڵاتانی دیکەی ناوچەکە بەرەو وڵاتانی ئەوروپا، بە تایبەت بۆ گەیشتن بە کەناراوەکانی ئیتاڵیا. زۆربەی ئەو گەنجانەی ئەم ڕێگەیەی دەگرنە بەر، لەلایەن مافیاکانی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە دەستگیر دەکرێن و ڕووبەڕووی ئەشکەنجەدان، ڕفاندن و تەنانەت مەترسیی گیانلەدەستدانیش دەبنەوە.
سەلیم پاشا، ڕاوێژکاری باڵای فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرپەرشتیاری گەڕانەوەی ئەو کۆچبەرانە، بە ئاڤای ڕاگەیاند: 208 کۆچبەری کورد کە زۆرینەیان خەڵکی دەڤەری ڕانیەن، لە دوو ڕۆژی داهاتوودا بە دوو کاروان دەگەڕێنرێنەوە هەرێمی کوردستان.
بە گوتەی سەلیم پاشا، حکومەتی هەرێمی کوردستان تێچووی گەڕانەوەی ئەو کۆچبەرانە لە ئەستۆ دەگرێت و پڕۆسەکە لە ڕێگەی فڕۆکەیەکی سەربازیی عێراقەوە ئەنجام دەدرێت؛ گەشتەکەش لە فڕۆکەخانەی تەرابلوسەوە بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر دەبێت.
دوێنێ وامان بڵاوکردەوە کە ژمارەی کۆچبەرە گەڕاوەکان 173 کەس دەبێت، بەڵام فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە پەیوەندیی بە ئاڤا میدیاوە کرد و ڕایگەیاند، 35 کەسی دیکەشیان دۆزیوەتەوە و دەیانهێننەوە بۆ هەرێمی کوردستان.
