رۆژئاواى کوردستان به‌دواى هاوپه‌یمانێکى تردا ده‌گه‌ڕێت

7 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی- ئاژانسەکان

 

رۆژئاواى کوردستان به‌دواى هاوپه‌یمانێکى نوێیی ئه‌وروپیدا ده‌گه‌ڕێت دواى ئه‌وه‌ى دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند هێزەکانیان بەم زوانە لە سوریا دەکشێنەوە، ترەمپ به‌وه‌شەوه‌ نه‌وه‌ستاوه‌، به‌ڵکو بڕیاری راگرتنى هاوکارییه‌ داراییه‌کانیشیدا بۆ ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ى ناوچه‌ ئازادکراوه‌کانى ژێر دەستی هه‌سه‌ده‌ ته‌رخانی کردبوو.

دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆکى ئه‌مه‌ریکا دواى راگەیاندنی چوونه‌ ده‌ره‌وه‌ى هێزەکانیان له‌ سوریا، بڕیارێکى تری داوه‌ بۆ خه‌رجنه‌کردنى بری 200 ملیۆن دۆلار که‌ بۆ ناوچه‌ ئازادکراوه‌کانى ئه‌و وڵاته‌ ته‌رخانى کردبوو.

بەگوێرەی راپۆرتێکی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، دۆناڵد ترەمپ هەڵسەنگاندنی بۆ رەوشی سووریا کردووە و یەکێک لەو خاڵانەی گەیشتوەتە ئەنجام ئەوەیە، دەبێت وەزارەتی دەرەوە ئەو 200 ملیۆن دۆلارە خەرج نەکات کە بۆ ئاساییکردنەوەی رەوشی سووریا دابینکراوە، بەتایبەت ئەو ناوچانەی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بە پشتیوانی هاوپەیمانان کۆنترۆڵیان کردووەتەوە.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆک کۆماری ئەمەریکا، لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەی پێنجشەممەیدا لە کۆشکی سپی رایگەیاند کە "داعش لە سوریا دەردەکەین و دوابەدوای ئەوەش لەو وڵاتە دەچینە دەرەوە. با ئەو دەوڵەتانەی تر کە لەوێن ئەو وڵاتە ببەن بەڕێوە".
ئەم بڕیارەی ترەمپ جگە لەوەی کاریگەری لەسەر سیاسەتی ناوخۆی ئەمەریکا دروستکرد و لێڵی و ناڕوونییەك لە قسەکانیدا هەبوون کە بە وتەی کەسایەتییە فەرمییەکانی خودی پارتی کۆماری و کۆشکی سپیش "هێشتا تێنەگەیشتوون مەبەست لەم قسانەی ترەمپ چین".
دوابەدوای ئەمە ئیمانوێل ماکرۆن وەك پەرچەکرداری کشانەوەی ئەمەریکا لە ناوچەکە و وازهێنان لە هێزە کوردییەکان وەك تاقە هێزی سیاسی کە نوێنەرایەتی ئەوروپا و رۆژئاوا دەکات، بڕیاری ناردنەناوەوەی هێزی فەڕەنسی کرد بۆ ناوچەکە و پاڵپشتیکردنی هێزە کوردییەکان.
ئەگەرچی نوێنەرایەتی یەپەگە لە پاریس باسی ئه‌وه‌ى کردوه‌ که‌ کورد بەتەنها نییە و فەڕەنسا پشتگیریدەکات، بەڵام دیار نییە لەپاڵ ئەوەی فەڕەنسا لە جەنگی دژ بە داعش پاڵپشتی کورد دەکات، ئاخۆ لە ڕووبەڕووبوونەوەی لەشکرکێشی دەوڵەتی تورکیا پاڵپشتیان دەکات یاخود نا. چونکە خودی دەوڵەتی فەڕەنسی رەتیدەکاتەوە هیچ لێدوانێک لەسەری بدات.
ئیمانوێل ماکرۆن پێشنیاری ئاگربەستی و دانیشتن لەسەر مێزی کۆبوونەوەی کردووە لە نێوان دەوڵەتی تورکیا و هێزە کوردییەکاندا. 
بەڵام ئەردۆغان رەتیکردووەتەوە لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکرات دابنیشێت بەو پێی ئەو بە لقێک لە پەکەکەیان دەزانێت.
ئەردۆغان ده‌ڵێت "ته‌نانه‌ت ئەگەر دەوڵەتی فەڕەنسا لەگەڵ ئه‌و هێزه‌دا هه‌ر کۆدەبیتەوە، ئەوا ئێمە بەردەوام دەبین لە ڕووبەڕووبوونەوەیان".

له‌ لایه‌کى تره‌وه‌ کۆشکی سپی داوای لە وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەی کردو بەکارهێنانی ئەو 225 ملیۆن دۆلارە بوەستێنێت کە بۆ ئاساییکردنەوەی رەوشی سووریا و ئاوەدانکردنەوەی ناوچه‌ رزگارکراوه‌کانى باکوور و رۆژهه‌ڵاتى سووریا دانراوە.


ترەمپ پێیوایە، دەبێت وڵاتانی هاوپەیمانی ئەمریکا ئامادەیی ئەوەیان هەبێت رۆڵێکی زیاتر لە ئاساییکردنەوەی رەوشی سووریا و ئاوەدانکردنەوەی ئەو وڵاتەدا بگێڕن، بەتایبەتی وڵاتانی کەنداو. 

ئەو داوایەی سەرۆکی ئەمەریکا لە کاتێکدایە، ساڵی رابردوو وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بڕی 225 ملیۆن دۆلاری بۆ سەقامگیری سووریا خەرجکرد، لەوانەش بۆ لابردنی بۆمب و مینە چێندراوەکان و گێڕانەوەی خزمەتگوزارییەکانی وەک ئاو و کارەبا لە کۆبانێ، رەققە و منبج و چەند ناوچەیەکی دیکە.

پلانەکە بەو جۆرە بوو کە وەزارەتی دەرەوە ئەمساڵیش 200 ملیۆن دۆلار بۆ ئاساییکردنەوە و ئاوەدانکردنەوەی هەندێک ناوچەی سووریا تەرخان بکات، بەڵام بەم فەرمانەی دۆناڵد ترەمپ خەرجکردنی ئەو پارەیە رادەگیرێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار