داعش پێنج جوتیار لە گوڵاڵە دەكوژێت

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
لە ڕوبەڕوبونەوەیەکدا لەگەڵ گروپێکی چەکدار، پێنج جوتیار کوژران و دوو هاوڵاتی دیکەش برینداربوون.
دوای سەربەستبووی دوو لە هاوڵاتییە ڕفێندراوەکانی گوندی قەڵای سەر بە شارۆچکەی گوڵاڵە لە خانەقین، کەسوکاری ڕفێندراوەکان و هێزێکی سوپای عێراق بەرەو ڕۆژئاوای شارۆچکەی گوڵاڵە بەڕێکەوتوون و دوای گروپە چەکدارەکە کەوتوون، کە هاوڵاتییەکانیان ڕفاندووە.
ڕوبەڕوبوونەوە لەنێوان گروپە چەکدارەکە و کەسکاری ڕفێندراوەکان و سوپای عێراقدا هاتووەتە ئاراوە و شەڕەکە لە دوای ١٢ی شەو تا ٣ی بەرەبەیان بەردەوام بووە.
کە کەسوکاری ڕفێندراوەکان کەوتوونەتە کەمینی چەکدارەکانەوە و لە ئەنجامدا پێنجیان کوژراون، کە جووتیار بوون، دوو هاوڵاتی تریش برینداربوون.
زیانی گروپە چەکدارەکە نەزاندراوە، بەڵام ماتۆڕێکیان لێ بەجێماوە.
لەکاتی ڕوبەڕوبوونەوەکەدا، دوو ڕفێندراوەکە هەڵهاتوون.
ئەو هاوڵاتیانەی ڕفێنراون، کورد و عەرەب بوون و ئەوانەشی کوژراون دووانیان کوردن ، دانیشتووی گوندی قەڵان و ئەوانی دیکەش دانیشتوی گوندەکانی ئوم حونتە و شێخ باوەن.
