لە سلێمانی بازرگانێک بە 106کگرام ماددەی هۆشبەرەوە دەستگیردەکرێت

4 ساڵ لەمەوپێش



 

هاوڵاتى

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی دەڵێت، بازرگانێکی ماددەی هۆشبەریان دەستگیرکردووە و بڕی 106.75 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەری جۆری هێرۆین دەستی بەسەرداگیراوە. 

​ئەمڕۆ دووشه‌ممه‌ 5ی ته‌مموزی 2021،لە راگەیێندراوێکدا کە ئاسایشی سلێمانی بڵاویکردووەتەوە دەڵێت "لە درێژەی کار و چالاکییەکاندا و رووبەڕووبوونەوەی دژ بە بازرگانان و ئالوودەبووانی ماددە هۆشبەرەکان بازرگانێکی فرۆشتنی ماددەی هۆشبەر دەستگیرکرا و دەستبەسەر بڕی 106.75 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر لە جۆری هیرۆیندا گیرا."

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی ئاماژە بەوە دەدات کە دەستگیرکردنی بازرگانەکە و دەستبەسەرداگرتنی ئەو بڕە لە ماددەی هۆشبەر بەسەرپەرشتی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان بووە.

لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا ئاسایشی سلێمانی دەڵێت، لە رۆژی 14-06-2021 دوای کۆکردنەوەی زانیاری ورد توانیویانە "لە کۆگای یەکێک لە نووسینگەکانی هەواڵەکردنی پۆست لەناو شاری سلێمانی تۆمەتبارێک بەناوی (ا،ع، ع) لەدایکبووی ساڵی 1979ی خەڵکی کەرکووک دەستگیربکەن و دەستبگرن بەسەر بڕی 106.75 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر لە جۆری ( هیرۆین )."

لە راگەیێندراوەکەدا ئاسایشی سلێمانی دەشڵێت "بەنیازبوون بەپێچراوەیی و بەشاراوە لەناو کەلوپەلی پۆستدا رەوانەی دەرەوەی هەرێمی کوردستانی بکەن."

ئاسایشی سلێمانی ئاماژە بەوە دەدات، کە تۆمەتبار بەفەرمانی دادوەر و بەپێی ماددەی 25 لە یاسای ماددە هۆشبەرەکان راگیراوە و دەستبەسەر بڕە تلیاکەکەدا گیراوە و لێکۆڵینەوە له کەیسەکه بەردەوامە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار