نێچیرڤان بارزانى و باڵیۆزى نوێی ڕوسیا کۆبونەوە

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
سەرۆکى هەرێمى کوردستان و باڵیۆزى نوێی ڕوسیا لەعێراق لەکۆبونەوەیەکدا برەودان بە پەیوەندییەکان و فراوانکردنى بوارەکانى هاریکارى و هاوبەشیى عیراق و هەرێمى کوردستان تاوتوێ دەکەن و هەردولا هاوڕا بون کە دۆخى سوریا و کێشەکانى وڵاتەکە دەبێ لە ڕێگهی سیاسییهوه چارەسەر بکرێن.
ئەمڕۆ دووشەممە سەرۆکایەتی هەرێم بڵاویکردەوە، نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان پێشوازى لە ئیلبروس کوتراشیڤ باڵیۆزى تازەى ڕوسیا لە عێراق و شاندێکى یاوەرى کرد.لە کۆبونەوەکەدا نێچیرڤان بارزانى پیرۆزباییى دەستبەکاربونى لێکردوە و هیواى سەرکەوتنى بۆ خواست. هەروەها هەردولا جەختیان لە خواستى دولایەنە بۆ برەودان بە پەیوەندییەکان و فراوانکردنى بوارەکانى هاریکارى و هاوبەشیى عیراق و هەرێمى کوردستان لەگەڵ ڕوسیا کردەوە.
ئەوەش هاتوە، باڵیۆزى ڕوسیا سەرسامیى خۆى بە پرۆسەى ئاوەدانکردنەوە و بنیاتنان و پێشکەوتنەکانى هەرێمى کوردستان دەربڕىوە و ئاماژەى بەوە داوە کە وەزارەتى دەرەوەى وڵاتەکەى گرنگى بە پرسى کورد دەدات، هەروەها باسى لە کوردانى ڕوسیا کرد کە لە زۆر بوارى گرنگى وڵاتەکەدا کاران و خاوەن ڕۆڵ و پێگەى دیارن.
سەرۆکایەتی هەرێم دەڵێت، جگە لە هەڵبژاردنەکانى پێشوەختە و دۆخى عیراق بەگشتى، کۆرۆنا و هەڵمەتەکانى کوتان بە پێکوتەى دژى پەتاى کۆڤید_19، دۆخى سوریا و دوایین پێشهاتەکانى وڵاتەکە، تەوەرێکى دیکەى کۆبونەوەکە بو. تیایدا هەردولا هاوڕا بون کە دۆخى سووریا و کێشەکانى وڵاتەکە دەبێ لە ڕێگهی سیاسییهوه چارەسەر بکرێن.
