"حكومەت 31 ملیار دینار بۆ روبەڕوبونەوەی وشکەساڵی دابیندەكات"

4 ساڵ لەمەوپێش



 

هاوڵاتى

بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاو و ئاوەڕۆی ھەرێمی کوردستان رایگه‌یاند:" حکومەت رەزامەندی لەسەر خەرجکردنی بڕی 31 ملیار دینار بۆ روبەڕوبونەوەی بابەتی وشکەساڵی بۆ تەواوی بەڕێوەبەرایەتییەکانی ئاو لەسەرتاسەری کوردستان، کە ژمارەیان 14 بەڕێوەبەرایەتییە".

​ئەمڕۆ دووشه‌ممه‌ 5ی ته‌مموزی 2021، ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆی ھەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگه‌یاند:" بە بڕی 31 ملیار دینار بۆ رووبەڕووبوونەوەی بابەتی وشکەساڵی بۆ تەواوی بەڕێوەبەرایەتییەکانی ئاو لەسەرتاسەری کوردستان، کە ژمارەیان 14 بەڕێوەبەرایەتییە، وەکو هەنگاوی یەکەمیش حکومەت رەزامەندی لەسەر دوو ملیار و 500 ملیۆن دینار پیشانداوە".

سەبارەت بە دروستکرنی شانەی قەیرانەکان کە کار لەسەر وشکەساڵی دەکەن لە پارێزگاکان و یەکە ئیدارییەکان، ئاری ئەحمەد گوتی: "وەکو بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ پەیوەندیمان بە تەواوی پارێزگاکان و یەکە ئیدارییەکان و قایمقامیەتەکان کردووە، بۆ ئەوەی لیژنە پێکبهێنن، لە هەولێر لیژنە بۆ بابەتی رووبەڕووبوونەوەی وشکەساڵی پێکهێندراوە، چ بۆ بابەتی ئاوی خواردنەوە، چ بۆ بابەتی کشتوکاڵی".

بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی ھەرێمی کوردستان ئاماژە بەو بڕە ئاوە دەدات کە رۆژانە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیەکانەوە دابین دەکرێت کە "رۆژانە دەگاتە دوو ملیۆن و 250 هەزار مەتر سێجا، لەڕێگەی پێنج هەزار و 700 بیر و 91 پرۆژە، واتە ئەو بڕە ئاوەی دابین دەکرێت کەمنەکراوەتەوە بەڵکو زیادیکردووە".

ئاری ئەحمەد، بە پێویستی زانی لایەنی دووەم کە خزمەتگوزارییەکەی پێدەگات کە هاووڵاتیانن "بەشێک لە بەرپرسیاریێتیەکە هەڵبگرن، بۆ ئەوەی بزانن چ بڕێک ئاو بەکاردەهێنن پێویستە پێوەری ئاو ببەستن، کە ئێستا 60٪ی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان پێوەریان بەستاوە، لە پێوەریش گرنگتر بەستانی تەوافە، بەهۆی نەبەستنی تەواف لە تانکییەکان ئاوێکی زۆر بەهەدەر دەچێت کە ئەمەش هەم دەبێتە خەرجی لەسەر هاووڵاتیان ئەگەر پێوەریان بەستابێت، هەم وا دەکات حکومەت نەتوانێت لە دابینکردنی ئەو خزمەتگوزارییە بەردەوامبێت، بۆیە گرنگە هاووڵاتیانیش هاوکار بن و بەشێک لە بەرپرسیاریێتیەکە هەڵبگرن، کە ئەمەش کاریگەری باشی لەسەر کۆی خزمەتگوزارییەکە دەبێت، لەگەڵ ئەوەش ستراتیژمان نەگۆڕاوە بۆ دابینکردنی ئاو بە شێوەی 24 کاژێری".

سەبارەت بە شاری هەولێر و پرسی ئاو لەو شارە، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی ھەرێمی کوردستان وتی: "لە سەنتەری شاری هەولێر بەپێی دوایین داتا، ئەو بیرانەی لە ئاستی ئاوەکەیان زۆر دابەزیوە و پێویستیان بە لێدانەوەی بیری نوێ هەیە، 35 بیرە. پێشبینی دەکرێت تاوەکو کۆتایی ئەو وەرزە 10 بۆ 15 بیری دیکەش هەمان دۆخی بەسەر بێت. سەبارەت بە ژمارەی ئەو بیرانەشی ئاستی ئاوەکەیان دابەزیوە لە نێوان 75 بۆ 80 بیر دەبێت، پێشبینی دەکرێت تاوەکو کۆتایی ئەو وەرزە بگاتە 120 بیر، ئەوانە پێویستیان بەوەیە بۆرییەکانیان زیاتر رەوانەی خوارەوە بکرێت و بگاتە نێو ئاوەکەو بۆ ئەوە توانای دابینکردنی ئاوی هەبێت، ئەوانەشی کە زۆر پێویستن کاریان لەسەر بکرێت ژمارەیان 10 بۆ 12 بیرە و راسپێردراون بۆ ئەوەی کاریان لەسەر بکرێت".

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار