تاڵیبان؛ خۆرەی زلهێزەكان
ئەمریكا لەماوەی بیست ساڵدا، 978 ملیار دۆلاری لەئەفغانستاندا خەرجكردووە
3 ساڵ لەمەوپێش
نامۆ سەربەست
وتەبێژی كۆشكی سپی ئەمریكا ئەوە دەخاتەروو كە هیچ لایەنێك لە ئەفغانستاندا سەركەوتنی سەربازیی بەدەستنەهێناوەو هیچ ئاهەنگێك بەبۆنەی كۆتایی هاتنی كشانەوەكەوە ناگێڕن، ئەوە شەڕێكی (20) ساڵە بوو بەبێ بەدیهێنانی سەركەوتنی سەربازیی.
لەگەڵ خێراتربوونی ریتمی كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكادا لەئەفغانستان، ریتمی هێرشەكان و گەڕانەوەی رێكخراوی تاڵیبان خێراتر بوو، تا گەیشتە ئەوەی رۆژی هەینی لەمیانی سەردانی وەفدێكی مەكتەبی سیاسی بزوتنەوەكەدا بۆ مۆسكۆی پایتەختی روسیا، شەهابەدین دیلاوار وتەبێژی وەفدەكە رایگەیاند، 85٪ی خاكی ئەفغانستانیان كۆنترۆڵكردووەتەوە.
لەبەرامبەردا بەرپرسانی حكومەتی ئەو وڵاتە رایانگەیاند، تاڵیبان چەند ناوچەیەكی كۆنترۆڵكردووە، بەڵام ئەوەی كەدەڵێت زۆرینەی خاكی وڵاتەكەی بەدەستەوەیە راست نییەو تەنیا هەڵمەتێكی پڕوپاگەندەیە.
سەید نزامی فەرماندەی هێزە تایبەتەكانی ئەفغانستان بەئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاند:»دوژمن زیانی گەورەی بەركەوتووەو ئێستا ئێمە لەپێشڕەویداین».
وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی ئەفغانستانیش بەئاژانسی خاما پرێسی وڵاتەكەی راگەیاند، چەند شارۆچكەیەك لەچەكدارانی تاڵیبان پاككراونەتەوەو لەژێر كۆنترۆڵی هێزە ئەمنییە ئەفغانییەكاندان.
لەلای خۆشیەوە جۆن كێربی وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا، ئامادەنەبوو وەڵامی پرسیارێك بداتەوە سەبارەت بەڕوبەری ئەو ناوچانەی تاڵیبان كۆنترۆڵی كردووەو لەچاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ كەناڵی CNN وتی:»راگەیاندنی كۆنترۆڵكردنی ناوچەو بەدیهێنانی دەستكەوت مانای ئەوە نییە بتوانیت بیپارێزیت، پێموابێت ئێستا كاتی ئەوەیە هێزە ئەفغانییەكان دابەزنە مەیدانی شەڕو بەرگریی لەگەل و وڵاتەكەیان بكەن. ئەوان كەرەستەو تەقەمەنیی پێویستییان هەیە، ئێستا كاتی ئەوەیە ببنە خاوەنی ئیرادە».
ئەو جموجوڵانەی تاڵیبان هاوكاتی وتارەكەی جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكایە كەڕۆژی هەینی 9ی حوزەیرانی 2021 رایگەیاند ئەمریكا ئامانجەكانی لەئەفغانستاندا پێكاوەو رۆژی 31ی ئابی داهاتووی وەك دوا وادەی كشانەوەی هێزەكانی وڵاتەكەی لەئەفغانستان دیاریكرد.
لەو وتارەدا كە بایدن تایبەتی كردبوو بەكشانەوەكە، روونیكردەوە كەوڵاتەكەی ئەوەی ویستویەتی ئەنجامیداوە كەبریتییە لەڕێگریكردن لەهەر هێرشێك كە لەداهاتوودا لەئەفغانستانەوە بكرێتەسەر وڵاتەكەی و وتی:»ئێمە كۆتایی بەدرێژترین جەنگ دەهێنین لەمێژووی ویلایەتە یەكگرتووەكانداو نەوەیەكی نوێی ئەمریكییەكان نانێرین بۆ شەڕ لەئەفغانستاندا».
بایدن جەختیشی كردەوەو دان بەوەدا دەنێت كە تاكەڕێگا بۆ بەدیهێنانی ئاشتی لەئەفغانستاندا بریتییە لەپێكەوەژیان لەگەڵ تاڵیبانداو روونیشیكردەوە كەئەفغانییەكان دەبێت خۆیان بڕیار لەچارەنووسی وڵاتەكەیان بدەن، بەڵام ئەو بەردەوامدەبێت لەیارمەتیدان و هاوكاریكردنیان.
بایدن لەوتارەكەیدا بەرگریی لەخێراكردنی ریتمی كشانەوەكە كردو وتی:»ئەوە ژیان رزگار دەكات، ساڵێكی زیاتر لەجەنگ لەئەفغانستاندا چارەسەر نییە، بەڵكو دەبێتە مایەی درێژبوونەوەی شەڕەكان لەو وڵاتە بۆ كاتێكی نادیار».
رەتیشیكردەوە كۆنترۆڵكردنی ئەو وڵاتە لەلایەن تاڵیبانەوە حەتمی بێت و وتی هێزی تاڵیبان كە (75) هەزار جەنگاوەری هەیە، نابێتە هاوتای (300) هەزار هێزی ئەمنیی ئەفغانی.
بەڵام رووداوەكان وێنایەكی جیاوازی وتەكانی بایدن نیشاندەدەن سەبارەت بەهاوتایی هێز، چونكە پێدەچێت وێڕای زۆریی ژمارەیان، هێزێكی شەڕكەرو خۆڕاگر نەبن لەبەرامبەر تاڵیباندا.
لەكاتی شەڕەكاندا بزوتنەوەی تاڵیبان لەبەیاننامەیەكدا رایگەیاند:»ژمارەیەكی زۆر لەبنكە سەربازییەكانی هێزەكانی حكومەت كەوتوونەتە ژێر كۆنترۆڵی موجاهدینەكانەوە».
بەیاننامە دەشڵێت:»وێڕای بەرەوپێشچوونەكان و باڵادەستییە سەربازییەكەی، بەڵام هێشتا بزوتنەوەی تاڵیبان بڕوای بەپرۆسەی گفتوگۆو لێكتێگەیشتن هەیەو بەباشترین چارەسەری دادەنێت بۆ كێشەی وڵاتەكە».
پێشتریش سوهەیل شاهین وتەبێژی بزوتنەوەكە بە BBC راگەیاند، ئەوان بەرپرس نین لەزیاتربوونی توندوتیژییەكانی ئەم دواییەو جەختیشی كردەوە كەزۆرینەی ناوچەكان لەڕێی گفتوگۆوە كەوتوونەتە دەستیان، دوای ئەوەی سەربازە ئەفغانییەكان رەتیانكردووەتەوە شەڕ بكەن.
شاهین ئاشكراشیكرد تاڵیبان رێگا نادات داعش لەئەفغانستاندا گەشەبكات و جەختیكردەوە كەبزوتنەوەكە دژیان دەجەنگێت،»وەفدێكی بزوتنەوەكە لەگەڵ نوێنەرانی كۆمەڵگای ئەفغانیدا لەگفتوگۆدایە بۆ دیاریكردنی پەیكەری گشتیی دەوڵەت و ئەو كارەش بەرەو كۆتایی دەچێت».
ئەوانەو هەڵاتنی چەندین سەربازی ئەفغانی بۆ ئێران و تاجیكستان لەكاتی هێرشەكانی تاڵیباندا بۆ سەر خاڵە سنورییەكان، دەریدەخەن كە وێڕای زۆریی ژمارە، بەڵام هێزەكانی حكومەت زۆر سەختە بتوانن رێگا لەپێشڕەویی تاڵیبان بگرن.
مانگی رابردوو لەكاتی كۆنترۆڵكردنی خاڵی شیرخان بەندەری سنوریی لەگەڵ تاجیكستاندا، نزیكەی هەزار سەرباز بۆ ئەو وڵاتە هەڵاتن و هەفتەی رابردووش دەستەی ئەركانی ئێران رایگەیاند لەگەڵ حكومەتی ئەفغانستان رێككەوتوون بەگەشتێكی ئاسمانیی بۆ كابولی پایتەخت، ئەو سەربازە ئەفغانیانە بنێرنەوە كە لەكاتی كۆنترۆڵكردنی خاڵی سنوریی ئیسلام قەلعەدا هەڵاتبوونە خاكی ئێران.
كۆنترۆڵی زۆرینەی خاڵە سنورییەكانی نێوان ئەفغانستان و دراوسێكانی بووە مایەی دوودڵی ئەو وڵاتانە.
محەمەد نەعیم وتەبێژی مەكتەبی سیاسی تاڵیبان دڵنیایی دایە وڵاتانی دراوسێ و بەڵێنیدا خاڵە سنورییەكان لەكاری ئاسایی خۆیان بەردەوامدەبن.
نزیكبوونەوەی شەڕەكان لەسنوری وڵاتانی دراوسێ نیگەرانیی روسەكانی لێكەوتەوەو بۆ رەواندنەوەی ئەو نیگەرانییانە، وەفدێكی مەكتەبی سیاسی تاڵیبان سەردانی مۆسكۆی كردو لەوێ لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا كەڕۆژی هەینی ئەنجامیدا، شەهابەدین دیلاوار وتەبێژی وەفدەكە بەڵێنیدا وڵاتانی دراوسێ و وڵاتانی هاوڕێی ئەفغانستان رووبەڕووی هیچ هەڕەشەیەك نابنەوەو سەردانەكەیان بۆ مۆسكۆ بۆ پێشكەشكردنی هەموو ئەو زانیارییانەیە كە تایبەتن بەئەوەی ئەو ناوینا «ئیمارەتی ئیسلامی».
دیلاوار لەكۆنگرەكەدا جەختیكردەوە لەئەوەی بزوتنەوەكە هێز بەكارناهێنێت بۆ كۆنترۆڵكردنەوەی پایتەختی ویلایەتە ئەفغانییەكان و هیچ هێرشێكیش ناكاتە سەر سەنتەرە ئیداریی و باڵەخانە حكومیی و باڵیۆزخانە و كونسوڵخانەكان، لەتەواوی خاكی وڵاتەكەدا.
دڵنیاییشیدا كەبزوتنەوەی تاڵیبان:»گرنتیی ئەوە دەكات كەخاكی ئەفغانستان بەكارنایەت بۆ دەستپێكی هێرشكردنەسەر وڵاتانی تر».
هەر هەمان رۆژ سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی روسیا جەختیكردەوە كە مۆسكۆ داوا لەلایەنە ئەفغانییەكان دەكات رووبكەنە گفتوگۆی سیاسی گشتگیرو وتی:»ئێمە نیگەرانین لەدۆخی ئێستای ئەفغانستان بەهۆی گواستنەوەی شەڕەكان بۆ ناوچەی ترو سەر سنورەكان و چاودێریی شەڕەكان دەكەین لەسەر سنوری تاجیكستان، تا ئەوكاتەی بواری ئۆپراسیۆنەكان لەسنوری ئەفغانستاندا بێت، ئێمە هیچ هەنگاوێك نانێین».
لاڤرۆڤ ئاماژەی بەوەشدا كەهەندێك هەوڵ هەیە بە نێوەندگیریی ئەمریكا بۆ دەستپێكردنی گفتوگۆ لەنێوان لایەنە ئەفغانییەكاندا، بەڵام دەبێت ئەفغانییەكان خۆیان بڕیار لەچارەنووسی خۆیان بدەن.
كێ بردیەوەو كێ دۆڕاندی؟
دوای رووداوەكانی 11ی سێپتەمبەر، ئەمریكا داوای لەبزوتنەوەی تاڵیبان كرد كەئەوكات دەسەڵاتی ئەفغانستانی بەدەستەوەبوو، ئوسامە بن لادن سەرۆكی قاعیدەی رادەستبكات و نەهێڵێت رێكخراوەكەی لەئەفغانستاندا چالاكیی بكەن، ئەوەبوو تاڵیبان ئەو داوایەی رەتكردەوەو بەهۆیەوە ئەمریكا وڵاتەكەی داگیركرد.
دوای تێپەڕینی (20) ساڵ بەسەر ئەوەداو لەئەنجامی گفتوگۆكانی دەوحەی پایتەختی قەتەر لەنێوان ئەمریكییەكان و تاڵیباندا، ئەمریكا بڕیاریدا لەئەفغانستان بكشێتەوە و بزوتنەوەی تاڵیبان لەمانگی نیسانی ئەمساڵدا ئەوەی بەسەركەوتنی خۆی و دۆڕاندنی ئەمریكا لەقەڵەمدا.
لەبەرامبەردا ئەمریكییەكان ئەگەرچی كشانەوەكە وەك سەركەوتن دانانێن، چونكە نەیانتوانی بزوتنەوەی تاڵیابان لەناوبەرن، بەڵام بەپرۆسەیەكی سەركەوتووی دەبینن، بەوەی كۆتایی بەهەژمونی رێكخراوی قاعیدە هێناو بن لادنی سەرۆكی رێكخراوەكە لەپرۆسەكەدا كوژرا.
لەگەڵ دەستپێكردنی هێرشەكاندا ئەمریكا بەبەردەوامیی ژمارەی هێزەكانی لەو وڵاتە زیاتر دەكرد، تاساڵی 2011 گەیشتە زیاتر لە (110) هەزار سەرباز. لەگەڵیشیدا خەرجییەكانی زیاتر دەبوو تا لەساڵەكانی 2011 و 2012 دا گەیشتە (100) ملیار دۆلار، دواتر بەرەو كەمبوونەوە چوو تا لەكۆتایی ساڵی رابردوودا مایەوە تەنیا چوار هەزار سەرباز.
بەپێی راپۆرتێكی BBC و لێكۆڵینەوەیەكی زانكۆی براونی ئەمریكی، ویلایەتە یەكگرتووەكان بەكۆی گشتی لەساڵی 2001 تاكۆتایی ساڵی 2020، بڕی (978) ملیار دۆلاری خەرجكردووە چ راستەوخۆ لەپرۆسە سەربازییەكاندا، چ وەك هاوكاریی مرۆیی و بەرەوپێشبردن و ئاوەدانكردنەوە.
لەسەرەتای شەڕەكەشەوە، دوو هەزارو (300) سەربازی ئەمریكی كوژراون و (20) هەزار و (660) سەربازیش برینداربوون، لەبەرامبەریشدا بەپێی لێكۆڵینەوەكەی زانكۆی براون زیاتر لە (64) هەزار و (100) ئەندامی هێزە ئەمنییەكانی ئەفغانستان گیانیان لەدەستداوە.
ژمارەی قوربانییە مەدەنییەكانیش بەپێی راپۆرتی نێردەی نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ ئەفغانستان (ئوناما) زیاتر لە (111) هەزار كوژراوو بریندارە.
بۆیە زۆرێك دەپرسن كەئایا شەڕی ئەفغانستان، ئەو هەموو خەرجی و قوربانیەی دەهێنا؟
فرانك گاردنەر پەیامنێری كاروباری ئەمنیی BBC دەڵێت:»وەڵامەكە پشت دەبەستێیت بەوەی بەچ پێوەرێك شتەكان دەپێویت؟ ئەگەر بەپێوەری دژە تیرۆری نێودەوڵەتی بێت ئەوا ئامانجەكەی پێكاوە، چونكە لە 2001ەوە هیچ هێرشێكی تیرۆریستی لەئەفغانستانەوە نەكراوەتە سەر هیچ وڵاتێك و تاڵیبانیش گرنتیی داوە كە لەمەودواش ناكرێت.
ئەگەر بەپێوەری لەناوبردنی قاعیدە و تاڵیبانیش بێت، ئەوا ئەوان لەناونەچوون و دوای كشانەوەی هێزە بیانییەكان ئەوەتا دەركەوتوونەتەوەو بەهێز بوونەتەوە».
لەوبارەیەشەوە جین ساكی وتەبێژی كۆشكی سپی رایگەیاند:»هیچ لایەنێك لەئەفغانستاندا سەركەوتنی سەربازیی بەدەستنەهێناوەو هیچ ئاهەنگێك بەبۆنەی كۆتایی هاتنی كشانەوەكەوە ناگێڕن، ئەوە شەڕێكی (20) ساڵە بوو بەبێ بەدیهێنانی سەركەوتنی سەربازیی»