جولیان ئەسانج دامەزرێنەری ویكلیكس؛ بەدوای فریادڕەسێكدا دەگەڕێت

بەریتانیا رازیبووە كە ئاسانج تەسلیمی ئەمریكا بكاتەوەو لایەنگرانیشی دەستیانكردووە بەخۆپیشداندان دژی بڕیارەكەی لەندەن

3 ساڵ لەمەوپێش



 

 

 

نامۆ سەربەست

 

دامەزرێنەری پێگەی ویكلیكس كەهەزاران مەلەفی نهێنی سەربازیی و دبلۆماسی ئەمریكاو چەندین وڵاتی دیكەی ئاشكرا كرد لەئێستادا ئەمریكا داوا لەبەریتانیا دەكات رادەستی بكات تادادگایی بكات، بەڵام لایەنگرانی ئەوە دووپاتدەكەنەوە كەئەو تەنها رۆژنامەنوسێك بووەو مەلەفە نهێنییەكانی ئاشكراكردووە.

دوای ئەوەی لەمانگی كانونی دووەمی ئەمساڵدا، دادگای بەریتانیا رەتیكردەوە جولیان ئەسانج دامەزرێنەری ویكیلیكس رادەستی ئەمریكا بكاتەوە، چونكە دادوەرێك رایگەیاند كە لەژێر مەترسییەكی گەورەی خۆكوشتندایە، بەڕادەیەك كە ناتوانرێت لەزیندانە فیدراڵییەكانی ئەمریكادا رێگەی لێبگیرێت.

رۆژی چوارشەممەی 7ی حوزەیرانی 2021 ئەمریكییەكان چەند سازشێكیان پێشكەشی دادگای ئەو وڵاتە كردو چەند دڵنیاییەكیان پێدان كە زۆر دەگمەنن لەمێژووی ئەمریكادا، تا ئەسانج ببرێتە دادگای فیدراڵیی ویلایەتی ڤێرجینیاو بەتۆمەتی سیخوڕیكردن دادگایی بكرێت.

لەئێستادا ویلایەتە یەكگرتووەكان رێگای تێهەڵچوونەوەی بەبڕیارەكەی پێشودا پێدراوە تا لەبەردەم دادگای باڵای بەریتانیادا، پێداچوونەوە بەبڕیاری رادەستنەكردنەوەی ئەسانجدا بكرێت، ئەوەش لەسەر ئەو بنەمایەی كە دادگای نزمتر گوێی لەو دڵنیاییانە نەگرتووە، كە چۆن ئەسانج لەلایەن ئەمریكییەكانەوە مامەڵە دەكرێت لەكاتی رادەستكردنیدا.

بەپێی راپۆرتێكی رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریكی، كە لەسەرچاوەیەكی دادگای باڵای بەریتانیاوە وەریگرتووە، ویلایەتە یەكگرتووەكان قایل بووە بەئەوەی كەدوای بڕیاری دادگای ئەمریكا، ئەسانج بگوێزرێتەوە بۆ وڵاتە رەسەنەكەی خۆی كە ئوستورالیایەو ساڵەكانی زیندانیكردنی لەوێ بەسەر ببات. لەماوەی بەڕێوەچونی دادگاییكردنەكەشیدا ناخرێتە زیندانی تاكە كەسییەوەو لەو جۆرە بەندیخانانەدا نابێت كە بە (Supermax) ناسراون، واتە ئەوانەی بەندكراوە زۆر مەترسیدارەكانیان تێدایەو رادەی چاودێری تێیدا لەڕادەبەدەرە و بەوە ناسراون كەمامەڵەی خراپ لەگەڵ بەندكراوەكاندا دەكرێت.

تائێستا كاتی دانیشتنی دادگای باڵا بۆ پێداچوونەوەكە دیارینەكراوە، شارەزاكانیش بەڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵیان وتووە، پێشتر زۆر بەدەگمەن روویداوە كەحكومەتی ئەمریكا قایل بێت تۆمەتبارەكان ماوەی سزای زیندانیكردنەكەیان لەوڵاتێكی تر بەسەر ببەن.

لەو بارەیەوە جاكوێس سێمێڵمان، پارێزەر لەشاری نیویۆرك و تایبەتمەند لەكەیسەكانی رادەستكردنەوەدا بەڕۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانی راگەیاند:»بەلەبەرچاوگرتنی بارودۆخەكە ئەوە قایلبوونێكی لۆجیكییە لەلایەن ئەمریكییەكانەوە، چونكە ئەگەر وانەكەن ئەوا ئەگەری زۆرە داوای رادەستكردنەوەكە بدۆڕێنن، بەڕاستی ئەوە جوڵەیەكی سەرنجڕاكێش و داهێنەرانەرانە بوو ئەمریكییەكان كردیان».

هەروەها ئامی جێفەرس، هاوپێچی پێشووی وەزارەتی دادی ئەمریكا لەباڵیۆزخانەی وڵاتەكەی لەلەندەن رایگەیاند:» قایلبوونێكی لەو جۆرە لە كەیسی گاری ماك كینۆنی هاكکەریشدا كراوە، كەئەویش هاوشێوەی ئەسانج، مەترسی ئەوەی لەسەربوو خۆی بكوژێت.

هاوكات، جێفەرس بەڕۆژنامەی واشینگتۆن پۆستی ئەمریكی وت:»شتێكی باو نییە، بەڵام ویلایەتە یەكگرتووەكان لەدۆخی هاوشێوەدا لەچەند كەیسێكی پێشتردا بەمەرجی لەو شێوەیە قایلبوون».

جولیان ئاسانج كە ئێستا تەمەنی (50) ساڵە، بەهۆی داواكردنیەوە لەلایەن وڵاتانی سویدو ئەمریكاوە، ساڵی 2012 چووە باڵیۆزخانەی ئیكوادۆر لەلەندەنی پایتەختی بەریتانیاو لەوێ مافی پەنابەریی دیبلۆماتیی وەرگرت و تا 11ی نیسانی 2019 لەوێ مایەوە. لەو رۆژەدا سەرۆكی ئیكوادۆر بڕیاریدا بەدەركردنی ئەسانج بەبیانووی ئەوەی بە بەردەوامیی مەرجەكانی پەنابەرێتییەكەی پێشێل كردووە و هەر ئەو رۆژە لەلایەن پۆلیسی بەریتانیاوە بەتۆمەتی پێشێلكردنی بڕیاری ئازادكردنی بەكەفالەت دەستگیركراو وێڕای كۆتایی هاتنی ئەو دۆسیەیە، بەڵام هێشتا ئازاد نەكراوەو لەزیندانی بێلمارش لەلەندەن زیندانییە.

ئەسانج لەلایەن ئەمریكاوە رووبەڕووی (18) تۆمەت كراوەتەوە، لەوانە پیلانگێڕان و ئاشكراكردنی پەیوەندیی دیپلۆماتیی نهێنی و ئاشكراكردنی زانیاریی و راپۆرتی سەربازیی هەستیار لەسەر جەنگی عێراق و ئەفغانستان.

پارێزەرو لایەنگرەكانی دەڵێن، ئەسانج ئەو رۆژنامەنوسێكە و هیچی نەكردووە جگە لەئاشكراكردنی زانیاریی دزەپێكراو كە بووەهۆی ئیحراجبوونی حكومەتی ئەمریكا.

 ستێلا مۆریس دەستگیران و پارێزەری پێشوی ئەسانج رایگەیاند كەدەربارەی داوای پێداچوونەوەكەی ئەمریكا قسەی لەگەڵ كردووەو ئاگاداری كردووە كە لەوانەیە داواكەیان بەرەوپێش بڕوات، بەڵام باسی كاردانەوەی ئەسانجی لەسەر ئەو هەواڵە نەكرد.

مۆریس كەدوو منداڵی لەئەسانج هەیە بە كەناڵی  SBSی ئوستورالی وت:»نازانین ئەمە تاچەند درێژە دەكێشێت و ئەو تاكەی لە ئەو شوێنە قێزەونەدا زیندانی دەبێت، ئەو كەیسەكەی كۆتایی هاتووە نازانین بۆچی تائێستا لەزیندانە و ئازادناكرێت».

دواتریش لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لەبەردەم دادگای باڵای بەریتانیادا رایگەیاند:»شەش مانگ لەمەوبەر دادوەر ڤانێسا بارایتسەر رێگریی لەڕادەستكردنەوەی جولیان ئەسانج كرد، چونكە بەندكردنی لەزیندانێكی ئەمریكیدا وەك ئەوە وایە واژۆ لەسەر بڕیاری كوشتنی بكرێت، دەبوایە ئەوە كۆتایی بابەتەكە بوایە».

كەیسەكە تاسەر ئێسقان بۆگەنی كردووەو حكومەتی ئەمریكا هەرچییەك بڵێت دەربارەی ئەوەی لەداهاتوودا چۆن مامەڵەی ئەسانج دەكەن، نرخی ئەو كاغەزەی نییە كە لەسەری نووسراوە. «ئەوە ئەو وڵاتەیە كە بەكرێگیراوەكانی ویستیان ئەسانج لەسەر خاكی بەریتانیا بكوژن»، ئەوەی پارێزەرەكانیان دەترساندو دۆكیۆمێنتە یاساییەكانیان دەدزی، ئەوانەی تەنانەت منداڵە شەش مانگەكەمانیان بەئامانج گرت.

هاوسەرەكەی ئەسانج راشیگەیاند:» داوا لەئیدارەی بایدن دەكەم كەشتە راستەكە بكەن و ئەم داوایە دوو رۆژ پێش ئەوەی ترەمپ ئۆفیس بەجێبهێڵێت گەیشتووە، ئەگەر ئیدارەی بایدن رژدە دەربارەی رێزگرتنی رۆڵی یاسا و هەمواری یەكەمی دەستوری ئەمریكاو بەرگریكردن لەئازادیی میدیا لەجیهاندا، تاكە شت كەدەتوانێت بیكات ئەوەیە ئەم كەیسە دابخات».

لەئیدارەی بایدندا وەزارەتی داد داوایكرد گرتنی ئەو رۆژنامەنوسانەی زانیاریی دزەپێدەكەن لەلێكۆڵینەوەكانیاندا رابگیرێت و ئەوانەی لەپەلاماردانەكەی كاپیتۆڵ هێڵدا هێرشیانكردە سەر رۆژنامەنوسان سزابدرێن، بەڵام ئیدارەكە هێشتا بەردەوامە لەكەیسەكەی ئەسانجدا، چونكە داواكارەكان دەڵێن ئەو هێڵی رۆژنامەنوسیی بەزاندووە و بووەتە پیلانگێری دژی ئەمریكا.

مانگی كانونی دووەمی ئەمساڵ ڤانێسا بارایتسەر دادوەری دادگای هەرێمیی بەریتانیا، لەكاتی رێگریكردن لەڕادەستكردنەوەی ئەسانجدا، رایگەیاند كە هیچ گومانێكی نییە لەئەوەی ئەسانج لەئەمریكادا دادگاییەكی دادپەروەرانە دەكرێت، بەڵام ئەو سەرنجی خستەسەر ئەو بەڵگانەی لەلایەن تیمی یاسایی ئەسانجەوە پێشكەشكران كە وتیان تووشی خەمۆكییەكی بەهێز بووە و وەسیەتنامەی خۆی نووسیوە و لەبەردەم قەشەیەكدا داوای پاكبوونەوەی كردووەو گوێزانێكی شاردراوەش لەزیندانەكەیدا دۆزراوەتەوە.

دادوەرەكە وتی، ئەگەر ئەسانج بەتاوانی سیخوڕیكردن سزابدرێت، ئەوا دەخرێتە زیندانی فیدراڵیی فلۆرێنس لەشاری كۆلۆرادۆی ویلایەتی ڤێرجینیا، كەتیایدا بەندكراوەكان رۆژانە بۆ ماوەی (23) كاتژمێر لەژوورەوە دەبن و بەنزیكەیی هیچ پەیوەندییەكی مرۆڤانەیان نابێت.

بارایتسەر وتیشی:» من دڵنیام لەئەوەی ئەو رێوشوێنانەی لەلایەن ویلایەتە یەكگرتووەكانەوە باسكران، ناتوانن رێگا لەبەڕێز ئەسانج بگرن رێگایەك بدۆزێتەوە بۆ خۆكوشتن».

لەدانیشتنی دواتریشدا بارایتسەر رەتیكردەوە ئەسانج بەكەفالەت ئازاد بكرێت و ئاماژەی بەئەوەدا كە پرۆسەی پێداچونەوەكە هێشتا تەواو نەبووەو ئەسانج هاندەری زۆری هەیە بۆ هەڵاتن.

سەبارەت بەپرۆسەی پێداچوونەوەكە، نیك ڤامۆس سەرۆكی پێشتری دەستەی رادەستكردنەوە لەداواكاری شاهانە بەڕۆژنامەی واشینتۆن پۆستی راگەیاند:»نازانم ئەم پێداچوونەوەیە بۆ هێندە زۆری خایاند؟...پێدەچێت لەپشت پەردەوە پارێزەرەكانی ئەسانج و دەستەی رادەستكردنەوەو حكومەتی ئەمریكا، لەگفتوگۆدابن سەبارەت بەتۆمەتەكان و بارودۆخی زیندانیكردنی».

تائێستا كاتی دانیشتن بۆ پێداچوونەوەكە دیارینەكراوە، ڤامۆس دەڵێت كاتێك دادگای باڵا دادەنیشێت بۆ داواكەی ئەمریكا، لەوانەیە بەجەلسەیەك یان دووان بگاتە بڕیار، بەڵام ئەوكاتەش هەر كۆتایی نایەت، چونكە لایەنی دۆڕاو دەتوانێت جارێكیتر داوای پێداچوونەوە بكات لەدادگای شاهانەی بەریتانیا.

ئەوەش هۆكارێكە كە لەكاتی داواكردندا لە جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا بۆ كۆتایی هێنان بەكەیسەكە، ستێلا مۆریس دەستگیرانی ئەسانج وتی:»ئەگەر ئیدارەی بایدن ئێستا كۆتایی بەئەمە نەهێنێت، كەیسەكە بەشەلەشەل لەدادگاكاندا دەڕوات و بەردەاومدەبێت، بەوەش جولیان بۆ كاتێكی نادیار لەزینداندا دەمێنێتەوە بەبێ ئەوەی ئیدانە كرابێت، لەوێ ئازار دەكێشێت و دابڕاو دەبێت و منداڵەكانیشمان لەباوكیان بێبەش دەكرێن»

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار