كابینەكەی سودانی لەبەردەم هەڕەشەی هەرسێ‌ پێكهاتەكەدایە

بودجەی هەرێم و بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی ئاڵنگارین لەبەردەم حكومەتدا

2 ساڵ لەمەوپێش



هێمن مەحموود

هێشتا سێ مانگی تەواوەتی بەسەر كابینەكەی (محەمە شیاع سودانی) تێنەپەڕیووە چەندین گرفت و ئاستەنگ و قەیران روویانكردۆتەوە كابینەكە و ناكۆكی نێوان لایەنە پێكهێنەرەكانی حكومەتیش خەریكە دەتەقێتەوەو چارەنوسی سوودانی هاوشێوەی چارەنووسی پێشینەكانی خۆی لێدەكات كە لەو پۆستەدا بوون.

پێدەچێت سودانیش هەستی بەو مەترسیانە كردبێت كەڕەنگە ووبەڕووی ببێتەوە هەر بۆیە لەماوەیەكی كەمی دەستبەكاربوونیدا چەندین بڕیاریداوە كە بەبڕوای نەیارانی بۆ جوانتركردنی كابینەكەی و چوارچێوەی هەماهەنگی بێت و بەمەبەستی مانەوەبێت بۆ نمونە بڕیاری دامەزراندنی زیاتر لە 300 هەزار گرێبەستی وەزارەتەكانی دەركرد و بڕیاریشدا ئەو زەوییە كشتوكاڵیانە تاپۆ بكات كە خەڵكی زیادەڕۆییان كردۆتە سەریان و بەنزیكەی یەک ملیۆن یەكەی نیشتەجێبوون دادەنرێت و بڕیاری پێدانی قەرزی كشتوكاڵی و پیشەسازی و لێخۆشبوون لەقەرزی جوتیاران.

لەرووە سیاسییەكەیەوە یەكێك لەو گرفتانەی كە رووبەڕووی كابینەكەی سوودانی بووەتەوە مەسەلەی رێككەوتنی هەرێم و بەغدا و بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی عێراقە سەبارەت بە فرۆشتی نەوت و یاسای نەوت و غازە كە خاڵی ناكۆكی نێوان هەولێر و بەغدایە.

رۆژنامەی(سەباح)ی نیمچە فەرمی بڵاویكردۆتەوە رێككەوتنە سیاسییەكانی پێكهێنانی حكومەت رەنگدانەوەی هەبووە لەسەر یاساكان و بووەتە هۆی پەكخستنیان، مەترسیش هەیە گوێ بەبریاری دادگای فیدراڵی نەدرێت سەبارەت بەپشكی هەرێم لە بودجەی ئیتحادی ساڵی 2023.

لەوبارەیەوە پەرلەمانتاری سەربەخۆ رائید مالكی بە رۆژنامەكەی راگەیاندووە: دواكەوتنی پەسەندكردنی بودجە پەیوەندی بە لێكگەیشتنە سیاسییەكانەوە هەیەو، هەرێمی كوردستان بەنیازە لەپرۆژە یاسای بودجەدا برگەیەك جێگیر بكات سەبارەت بەتەرخانكراوە داراییەكانی، بەوتەی ئەو پەرلەمانتارە، مامەڵەكردن لەگەڵ یاساو بریارەكانی دادگا دووفاقی تیادایە، لەبەر ئەوەی دادگای فیدراڵی كوردستانی پابەنكردووە بە رادەستكردنی نەوت و غازو داهاتەكەی، ترسی خۆشی نەشاردووتەوە لەوەی رێككەوتنە سیاسییەكان یاسای تریشی لەخۆ گرتبێت جگە لە بودجە.

یاسای نەوت و غازیش كە لەساڵی 2005ەوە خاڵی ناكۆكی نێوان هەرێم و بەغدا بووە یەكێكە لەو یاسایانەی كە بەپێی زانیارییە میدیاییەكان محەممەد شیاع سوودانی بەرلەدەستبەكاربوونی و لەكاتی سەردانی بۆ لای مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی بەڵێنی تێپەڕاندنی دابوو تا ئێستا هیچ هەنگاوێكی لەبارەوە نەنراوەو بەبڕوای چاودێرانیش پێناچێت بەپێی بەڵێنەكانی سوودانی بێت و بەو ئاسانییە تێناپەڕێت چونكە داڕشتنی بەندەكانی یاساكە زۆر قورس نییە، بەڵام ناكۆكییە سیاسییە قوڵەكان هۆكاری پێكنەهاتنن، ئەمە سەرەڕای ئەوەی مەسەلەی بودجەو پشكی هەرێم تیایدا هێشتا یەكلانەبووەتەوەو چاوەڕوانیشدەكرێت ئەوەش مشتومڕی قوڵ هەڵبگرێت.

یەكێكی تر لەو گرفتانەی كە رووبەڕووی كابینەكەی سوودانی بووەتەوە پاشگەزبوونەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكانە لەو بەڵێنانەی كە لەپێش درووستكردنی كابینەكەی سوودانی بەلایەنە سوونەكانیان دابوو كە خۆی دەبینێتەوە لە گەرانەوەی ئاوارەكان و هەمواركردنەوەی یاسای لێبوردنی گشتی كە خۆی لە پێداچونەوە بەدۆسییەی ئەو زیندانییە حوكمدراوانە دەبینێتەوە كە سزاكانیان لەژێر ئەشكەنجەو، لەسەر بنەمای هەواڵدەری نهێنی بەسەردا سەپێنراوە.

چوارچێوەی هەماهەنگی كە بەچەتری كۆكەرەوەی هێزە شیعییەكانی نزیك لەئێران دادەنرێت، لە بەیاننامەیەكدا داوای لەسەرۆك كۆمار كردووە فەرمانی لەسێدارەدانەكان پەسەند بكات، كە ژمارەیان زیاتر لە حەوت هەزار سزادراوی تێپەڕاندووەو، تۆمەتی زۆرینەیان زیاتر پرسی تیرۆرە.

حەیدەر مولا سەركردە لە هاوپەیمانی عەزم دەڵێت: هێزە سونییە هاوپەیمانەكانی حكومەتی محەمەد شیاع سودانی، كۆمەڵێك داواكارییان لەچوارچێوەی كارنامەكەیدا جێگیركردووە، كە پێویستە لەماوەی شەش مانگدا جێبەجێبكرێن لەساتی پیكهێنانی حكومەتەوە،  دیارترینیان دارشتنی هەمواری یاسای لێبوردنی گشتی و، گۆڕینی دۆسییەی لێپرسینەوەو دادپەروەری بۆ دۆسییەكی دادوەری و گێرانەوەی ئاوارەكان، لەنێویاندا ئاوارەكانی جورف ئەلسەخر و، بەدیهێنانی هاوسەنگی راستەقینەو سەرلەنوێ بنیاتنانەوە.

بەبڕوای لایەنە سوونییەكان پاشگەزبونەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی لەبەڵێنەكانی لەبارەی یاسای لێبوردنی گشتی، پەیامێكی نەرێنییە بۆ هاوبەشەكانی لەهاوپەیمانەكانی ئیدارەی دەوڵەت بەتایبەت نوێنەرانی سوننە، بەوەی چاوەڕێی هیچ پابەندبونێكی تری لێنەكەن لەدۆسییەكانی تریشدا، بەتایبەت دۆسییەی ئاوارەكان .

وەنەبێت هەر بەتەنیا كورد و سووننەكان وردە وردە لەسوودانی نائومێدببن، بەڵكو چاوەڕواندەكرێت ناو ماڵی شیعەكانیش (چ ئەوانەی دەسەڵاتیان بەدەستە چ ئەوانەشی لەدەرەوەی دەسەڵاتن وەك سەدرییەكان) ناكۆكییەكانیان بتەقێتەوە.

دەربارەی سەدرییەكان، ماهر عەبد جەودە چاودێری سیاسی دەڵێت سەدر لەجاران زیاتر چاودێری دۆخەكە دەكات و موقتەدا سەدر خۆی بەئۆپۆزسیۆنی ئەم حكومەتە دەزانێت، ئاماژە بەوەشدەكات سەدر چاوەڕی ساتی شكستی حكومەتەكەی سوودانییە بۆ ئەوەی بیانوویەك بۆ گەڕانەوەی لەدەرگای چاكسازییەوە بدۆزێتەوە بۆ گەڕانەوە بۆ گۆڕەپانی سیاسی.

سەركردەیەكی رەوتی سەدریش بەڕۆژنامەی (عەرەبی جەدید)ی ڕاگەیاندووە باشترین رێگای سەركەوتن دەستگرتنە بەسەر ئەنجومەنی پارێزگاكان لەهەڵبژاردنەكانی داهاتوودا، چونكە خاڵی گرنگە لەجێبەجێكردنی بەرنامەكانی حكومەت لەلایەك و لەلایەكی ترەوە بۆ سەركەوتنی حزبەكان و پەیوەندییان بە ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانییەوە، ئاماژە بەوەشدەكات موقتەدا سەدر دەگەڕێتەوە بۆ گۆڕەپانی سیاسی، بەڵام كەس كاتەكەی نازانێت.

بەبڕوای شارەزایانیش رەنگە یەكێك لەو قەیرانە كتوپڕانەی بەرۆكی كابینەكەی سوودانی گرتبێت بابەتی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلاربێت لەبەرامبەر دۆلاردا، كە سەرەڕای هەموو هەوڵەكانی سوودانی و بانكی ناوەندی ڕۆژ لەدوای ڕۆژ نرخی دۆلار بەرزتردەبێتەوەو نرخی دیناریش دەشكێت، كە بەپێی سەركردەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی ئەمە پلانی ئەمریكایە بۆ گوێڕایەلبوون و ناچاركردنی سوودانی بۆ مەرجەكانی ئەمریكا و دژایەتیكردنی ئێران.

ڕۆژی 27ی تشرینی دووەمی ڕابووردوو پەرلەمانی عێراق كارنامەی حكومەتەكەی سوودانی پەسەندكرد كە خۆی لەدوو تەوەردا دەبینییەوە، تەوەرێكیان جێبەجێكردن و تەوەرێكی دیكەیان تەشریعی بوو، بەپێی تەوەرە تەنفیزییەكە كابینەكەی سوودانی بەڵێنی دابوو پارەی پترۆ دۆلار بەرێژەی لەسەدا 5 بۆ پارێزگا بەرهەمێهێنەكان خەرجبكات و  دەروازە نافەرمییەكان دابخاتن هاوكات ئاوارەكان لەماوەی 6 مانگدا بگەڕێنێتەوەو چارەنووسی ونبووانی ناوچە سوونییەكان ئاشكرا بكات، لەبواری تەشریعیشدا بەڵێنی دابوو یاسای دادگای فیدراڵی لەماوەی 6 مانگدا ئامادەبكات و لەماوەی 3 مانگیشدا هەموواری یاسای هەڵبژاردنەكان بكات و لەماوەی ساڵێكیشدا هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجامبدرێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار