به‌غداو هه‌رێم گفتوگۆی راستەوخۆیان له‌سه‌ر گه‌ڕانه‌وه‌ى پێشمه‌رگه‌ نه‌کردووه‌

7 ساڵ لەمەوپێش



ئه‌مه‌ریکا ده‌یه‌وێت ژوورى ئۆپه‌راسیۆن و بازگه هاوبه‌شه‌کانى نێوان پێشمه‌رگه‌و هێزه‌ عێراقیه‌کان له‌دیاله‌و که‌رکوک و موسڵ‌ دابنرێنه‌وه‌ که‌ له‌ دواى 16 ئۆکتۆبه‌ر نه‌ماون

 

هاوڵاتی

حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان و به‌غدا هیچ گفتوگۆیه‌کى فه‌رمیان نه‌کردوه‌ بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ى پێشمه‌رگه‌ بۆ ناوچه‌ کوردستانییه‌کانى دەره‌وه‌ى ئیداره‌ى هه‌رێم، ئه‌وه‌ى که‌ هه‌یه‌ ته‌نها فشاری ئه‌مریکایه‌ بۆ سه‌ر حکومه‌تى عێراق، تا رێگه‌ له‌ دووباره‌ سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ى داعش بکات له‌و ناوچانه‌.
ماوه‌ى چه‌ند هه‌فته‌یه‌که‌، داعش جموجوڵه‌کانى خۆى له‌ ده‌وروبه‌ری که‌رکوک ده‌ستپێکردوه‌، ئه‌مه‌ش ترسی ئه‌وه‌ى دروستکرده‌وه‌ که‌ ناوچه‌که‌ به‌ هێزه‌ عێراقییه‌کانى تر نه‌پارێزرێت، گه‌ڕانه‌وه‌ى پێشمه‌رگه‌ بۆ ئه‌و ناوچه‌یه‌ وه‌کو گره‌نتیه‌ک ده‌بینرێت بۆ ئارامی شاره‌که‌.
کاتێک ساڵى 2014 هێزه‌ عێراقییه‌کان که‌رکوکیان به‌جێهێشت و پێشمه‌رگه‌ جێگه‌ى گرته‌وه‌، رێژه‌ى ئه‌و ته‌قینه‌وه‌و رفاندن و توندوتیژییانه‌ که‌مبونه‌وه‌ که‌ پێشتر به‌رۆکى پارێزگاکه‌ى گرتبوو. به‌ڵام له‌ دواى روداوه‌کانى 16ى ئۆکتۆبه‌ری ساڵى رابردوو که‌ که‌رکوک ‌و ناوچه‌ دابڕێنراوه‌کانى تر له‌ده‌ستى پێشمه‌رگه‌ ده‌رهێنران، بۆشاییه‌کى ئه‌منى له‌و ناوچه‌یه‌ سه‌ری هه‌ڵداوه‌. 
ئه‌مه‌ریکییه‌کان فشار و گفتوگۆکانیان چڕکردۆته‌وه‌ بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ى هێزه‌کانى پێشمه‌رگه‌ بۆ ناوچه‌کانى ده‌ره‌وه‌ى ئیداره‌ى هه‌رێم، به‌ڵام به‌غدا مه‌رجی هه‌یه‌ که‌ ده‌بێت پێشمه‌رگه‌ له‌ژێر فه‌رمانى ئه‌ودا بێت، ئه‌مه‌ش له‌کاتێکدا پێشتر ئه‌م هێزه‌ فه‌رمانى له‌ به‌غداوه‌ وه‌رنه‌گرتووه‌.


لیوا قاره‌مان که‌مال جێگرى سوپاسالارى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌، له‌لێدوانێکدا به‌هاوڵاتی وت »تا ئێستا هیچ گفتوگۆیه‌کى فەرمی له‌نێوان ئێمه‌و حکومه‌تى عێڕاقى نییه‌ له‌سه‌ر گه‌رانه‌وه‌ى هێزه‌کانى پێشمه‌رگه‌، هه‌وڵه‌کان ته‌نها له‌لایه‌ن هێزه‌کانى هاوپه‌یمانانه‌وه‌یه‌و گفتوگۆکانیان چڕکردۆته‌وه‌ له‌گه‌ڵ‌ به‌غدا بۆ دروستکردنى ژوورى ئۆپه‌راسیۆن له‌و ناوچانه‌ى که‌ پێى ده‌وترێت ناوچه‌کانى ده‌ره‌وه‌ى ئیداره‌ى هه‌رێم».
ناوبراو ئاماژه‌ى به‌وه‌کرد که‌ پێش شه‌ڕى داعش ژوورى ئۆپه‌راسیۆنه‌کان له‌نێوان هێزه‌کانى عێراق و هێزه‌کانى پێشمه‌رگه‌دا هه‌بووه‌و بازگه‌ى هاوبه‌شییان پێکه‌وه‌ هه‌بووه‌.
له‌ناوچه‌ى دیاله‌و که‌رکوک و موسڵ‌ 22 بازگه‌ى هاوبه‌شی پێشمه‌رگه‌و هێزه‌ عێراقییه‌کان هه‌بوون له‌گه‌ڵ‌ سێ ژوورى ئۆپه‌راسیۆن، به‌ڵام دواى 16 ئۆکتۆبه‌ر ئه‌و هه‌ماهه‌نگییه‌ نه‌ماون.
لیوا قاره‌مان که‌مال وتى »ئێستا ئه‌مه‌ریکییه‌کان هه‌وڵ‌ ده‌ده‌ن بازگه‌ هاوبه‌شه‌کان‌و ژوره‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌کان پێکبهێنرێنه‌وه‌، ئه‌مه‌ریکا ئاگادارى عێراقى کردۆته‌وه‌و له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ قسه‌ى کردووه‌«.
هه‌روه‌ها وتى »ده‌بێت پاش رێککه‌وتن ئالیه‌تى ئیشه‌کان چۆن ده‌بێت دیارى بکرێت، له‌ئێستادا چاوه‌ڕێى موخاته‌به‌ى  وه‌زاره‌تى به‌رگرى  عێراق ده‌که‌ن».


سه‌رۆکى لیژنه‌ى ئه‌منى له‌ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى که‌رکوک ده‌ڵێت به‌غدا به‌مه‌رج رازى ده‌بێت پێشمه‌رگه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ که‌رکوک و ناوچه‌ جێناکۆکه‌کان.
تائێستا رێککه‌وتن له‌نێوان وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌و حکومه‌تى عێراقى نه‌کراوه‌و رێکنه‌که‌وتوون، به‌غدا ده‌یه‌وێت پێشمه‌رگه‌ له‌ژێر فه‌رمان و ئه‌وامرى وه‌زاره‌تى به‌رگرى عێراقدا بێت و وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ش به‌مه‌ رازى نه‌بووه‌.
ئازاد جه‌بارى، سه‌رۆکى لیژنه‌ى ئه‌منى له‌ ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى که‌رکوک له‌لێدوانێکدا به‌‌هاوڵاتی وت »داعش جموجوڵیان له‌و ناوچانه‌ زۆره‌و حزبى به‌عس ده‌ستیان به‌جوڵه‌ کردۆته‌وه‌، ئه‌منیه‌ت بوونى نییه‌، بۆیه‌ ئه‌مه‌ریکا به‌پێوستى زانى به‌زووترین کات پێشمه‌رگه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ ئه‌و ناوچانه‌«.
جه‌بارى وتیشى »ئه‌گه‌ر وڵاتانى ئیقلیمى ده‌ست تێوه‌ردان نه‌که‌ن له‌گه‌ڕانه‌وه‌ى هێزه‌کانى پێشمه‌رگه‌دا، به‌غداو هه‌رێم ده‌توانن رێکبکه‌ون، به‌ڵام به‌تایبه‌ت تورکیا کار له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌کات پێشمه‌رگه‌ نه‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌و ناوچانه‌«.
جه‌عفه‌ر مسته‌فا، به‌رپرسى فه‌رمانده‌ى هێزه‌کانى 70ى یه‌کێتى له‌لێدوانێکدا به‌‌اوڵاتی وت که‌ له‌گه‌ڵ‌ ئه‌مه‌ریکیه‌کان گفتوگۆیان کردووه‌ بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ى هێزه‌کانى پێشمه‌رگه‌ بۆ ئه‌و ناوچانە، به‌ڵام تا ئێستا کات بۆ گه‌ڕانه‌وه‌که‌ دیارى نه‌کراوه‌و هیچ گفتوگۆیه‌کى فه‌مریش له‌نێوان هه‌رێم ‌و به‌غدا له‌و باریه‌وه‌ نه‌کراوه‌.
هاوکات جه‌مال محه‌مه‌د، سوپاسالار له‌ وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ به‌‌هاوڵاتی وت »هیچ شتێکى فەرمی بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ى هێزه‌کانى پێشمه‌رگه‌ نییه‌و ته‌نها بۆچونه‌«.
سه‌رۆکى فراکسیۆنى یه‌کێتى له‌په‌رله‌مانى کوردستان ده‌ڵێت دواى رووداوه‌کانى 16ى ئۆکتۆبه‌ر که‌ به‌هۆى هه‌ڵه‌ى سیاسییه‌وه‌ شکستى سه‌ربازى دروست بووه‌، کاتى ئه‌وه‌ هاتووه‌ پێشمه‌رگه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ ئه‌و ناوچانه‌.
به‌پێی ده‌ستووری عێراق، پێشمه‌رگه‌ به‌هێزه‌کانى پاراستنى هه‌رێم ناسراون و هه‌روه‌ها به‌شێکن له‌ سیستمی به‌رگری عێراق و ده‌ستور رێگه‌یان پێده‌دات بڕۆنه‌ که‌رکوک. جگه‌ له‌مه‌ش له‌ ناوه‌ڕاستى ساڵى 2014 تا 16 ئۆکتۆبه‌ری 2017 پاراستنى ئه‌م ناوچه‌یه‌له‌ ئه‌ستۆى پێشمه‌رگه‌دا بووه‌.


له‌مناقه‌شه‌دان له‌گه‌ڵ‌ به‌غداو له‌ئاینده‌یه‌کى نزیکدا  ده‌توانین بگه‌یه‌نه‌ رێککه‌وتن».
دلێر ماوه‌تى، سه‌رۆکى فراکسۆنى یه‌کێتى له‌په‌رله‌مانى کوردستان له‌لێدوانێکدا بۆ ‌هاوڵاتی وتی «نزیکبونه‌وه‌ له‌نێوان هه‌رێم و به‌غدا هه‌یه‌ بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ى هێزه‌کانى پێشمه‌رگه‌، لەگفتوگۆدان له‌گه‌ڵ‌ به‌غداو له‌ئاینده‌یه‌کى نزیکدا ده‌توانین بگه‌ینه‌ رێککه‌وتن».
وتیشی «وه‌زعى ناهه‌موار به‌سه‌ر هێزه‌کانى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌دا هاتووه‌ له‌ 16ى ئۆکتۆبه‌ردا، له‌ئه‌نجامى هه‌ڵه‌ى سیاسى تووشى شکستى سه‌ربازى بووین، ده‌ورى رێککه‌وتنى ئیقلیمى که‌ ده‌وڵه‌تانى داگیرکه‌ر له‌سه‌ر ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ کۆکن و توندن که‌ پێشمه‌رگه‌ نه‌چێته‌وه‌ ئه‌و ناوچانه‌«.
ئه‌گه‌رچی گه‌ڕانه‌وه‌ى پێشمه‌رگه‌ بۆ که‌رکوک رووبه‌ڕووى به‌ربه‌ست بۆته‌وه‌، به‌ڵام سه‌رکردایه‌تییه‌کى پارتى پێیوایه‌ کورد نه‌فه‌سى کارکردنى بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ى هێزه‌کانى پێشمه‌رگه‌ درێژه‌«.
نورى حه‌مه‌ عه‌لى، ئه‌ندامى سه‌رکردایه‌تى پارتی له‌لێدوانێکدا بۆ ‌هاوڵاتی وتى »گفتوگۆ له‌نێوان ئه‌مه‌ریکییه‌کان و به‌غداو هه‌رێم هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌و ناوچانه‌ به‌هاوبه‌شى به‌ڕێوه‌ببرێن و ئیداره‌ى ئه‌منى هاوبه‌ش له‌نێوانیاندا پێکبهێنرێت، ئه‌مڕۆ بێت یان سبه‌ى ده‌بێت پێشمه‌رگه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌«.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار