چۆن دەتوانرێت ئەوەی لە سوریا و ناوچەکەدا ڕوو دەدات بە قازانجی دۆزی کورد بقۆزرێتەوە؟

دوێنێ



کام مۆدێلەی کوردایەتی توانیوێتی سیاسەتێکی ڕاستەقینە پیادە بکات و نەبێتە گەمەی دەستی دەوڵەتە زلهێزەکان؟

ئامادەکردنی: هاوڵاتی

شه‌ڕ و پێكدادانه‌كانی سوریا و داگیركردنی دووه‌م گه‌وره‌ شاری ئه‌و وڵاته‌ له‌لایه‌ن چه‌كدارانی ده‌سته‌ی ته‌حریر شام و هاوپه‌یمانه‌كانی، گومانی بوونی پیلانی نێوده‌وڵه‌تی و رێكه‌وتنی پێشوه‌خته‌ی لێده‌كرێت، به‌جۆرێك زلهێزه‌كانی جیهان هه‌ریه‌كه‌یان به‌جۆرێك سازشیان بۆ یه‌كتر كردبێت و كۆی شه‌ڕ و ناكۆكیه‌كانیان كردبێته‌ یه‌ك پاكێج و به‌سترابێته‌وه‌ به‌یه‌كه‌وه‌.

روداوه‌كانی ماوه‌ی چه‌ند رۆژی رابردووی سوریا نیشانی ده‌ده‌ن ئێران زه‌ره‌رمه‌ندی یه‌كه‌مه‌ و دوای لاوازبوونی ده‌سه‌ڵاتی له‌ باشوری لوبنان، پێده‌چیت له‌ سوریاش دوور بخرێته‌وه‌، روسیاش كه‌ هاوپه‌یمانی تارانه‌ گلۆپی سه‌وزی بۆ نه‌یارانی ئێران هه‌ڵكردبێت و پیلانی دورخستنه‌وه‌ی ده‌ستی ئێران له‌ ناوچه‌كه‌ چوبێته‌ بواری جێبه‌جێ كردنه‌وه‌.

ئه‌و سازشه‌ی روسیاش كردویه‌تی بێ به‌رامبه‌ر نییه‌ و به‌ستراوه‌ته‌وه‌ به‌ شه‌ڕ و پێكدادانه‌كانی ئه‌و وڵاتەوە‌ له‌ ئۆكرانیا، له‌ راپۆرتێكیشدا كه‌ له‌لایه‌ن ناوه‌ندی لێكۆڵینه‌وه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی پۆڵنداوە ئاماده‌كراوه‌ پلانی ئاشتی  ژه‌نه‌راڵ (كیس كیلۆگ) نێرده‌ی دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی هه‌ڵبژێردراوی ئه‌مریكای بۆ ئۆكرانیا ئاشكرا كراوه، به‌ پێی ئه‌و پلانه‌ش كه‌ له‌ پێنج خاڵ پێكدێت زیاتر ره‌چاوی ته‌وای به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی روسیا كراوه‌.

پلانه‌كه‌ی ئه‌مریكا بۆ ئاشتی نێوان روسیا و ئۆكرانیا

•       كۆتاییهێنان به‌كه‌نارگیركردنی ڕوسیا و به‌ستنی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ڤلادمیر پوتن سه‌رۆكی ئه‌و وڵاته‌.

•       فشاربخرێته‌ سه‌ر مۆسكۆ و كیێڤ بۆ ده‌ستپێكردنی دانوستان.

•       هه‌ندێ سازش بۆ ڕوسیا بكرێت كه‌ بریتییه‌ له‌ ره‌تكردنه‌وه‌ی چاوخشاندن به‌ وه‌رگرتنی ئۆكرانیا له‌ هاوپه‌یمانی باكوری ئه‌تڵه‌سی بۆ ماوه‌ی 10 ساڵ، و ئه‌و ناوچانه‌ش كه‌ ئێستا له‌لایه‌ن سوپای روسیاوه‌ كۆنترۆڵ كراوه‌ له‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی مۆسكۆدا ده‌مێنێته‌وه‌.

 ئه‌و سزایانه‌ش كه‌ به‌سه‌ر روسیادا سه‌پێنراون‌ قۆناغ به‌ قۆناغ هه‌ڵبگیرێن و په‌یوه‌ندییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی مۆسكۆ ئاسایی بكرێته‌وه‌ به‌و مه‌رجه‌ی بگه‌نه‌ ئاشتییه‌ك له‌لایه‌ن ئۆكرانیاوه‌ په‌سه‌ندكراوبێت.

•       بۆ پرسی پشتیوانی له‌ ئۆكرانیا، پێشنیار كراوه‌‌ دڵنیایی به‌ كێف بدرێت له‌سه‌ر به‌رده‌وامبوونی هاوكارییه‌ سه‌ربازییه‌كان، رێگه‌شی پێبدرێت به‌ فه‌رمی دان به‌و ناوچانه‌دا نه‌نێت كه‌ له‌لایه‌ن روسیاوه‌ كۆنترۆڵ كراون، به‌ڵام رێگه‌ی پێنادرێت له‌رێی به‌كارهێنانی هێزه‌وە ئه‌و كێشه‌یه‌ چاره‌سه‌ر بكات.

•       واشنتۆن هاوكارییه ‌سه‌ربازییه‌كانی بۆ كێڤ راده‌گرێت، ئه‌گه‌ر دانوستانه‌كانی ئاشتی ره‌تبكاته‌وه‌.

پلانی ئه‌مریكاش بۆ ئاشتی نێوان روسیا و ئۆكرانیا كه‌ زیاتر له‌ به‌رژه‌وه‌ندی روسیایه‌ بێ به‌رامبه‌ر نییه‌ و پێده‌چێت به‌سترابێته‌وه‌ به‌ روداوه‌كانی سوریا و ئاینده‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی به‌شار ئه‌سه‌دی سه‌رۆكی ئه‌و وڵاته‌، كه‌ له‌ دوای به‌هاری عه‌ره‌بییه‌وه‌ له‌لایه‌ن سوپای پاسدارانی ئێران و چه‌كداره‌كانی حزبوڵای لوبنانی و هێزی ئاسمانی روسیاوە پارێزگاری لێكراوه‌.

كۆی روداوه‌كانیش ده‌رخه‌ری ئه‌و راستیه‌ن نه‌خشه‌یه‌كی نوێ چاوه‌رێی ناوچه‌كه‌ ده‌كات و پێده‌چێت گۆڕانكاری ریشه‌یی له‌ ناوچه‌كه‌دا روبدات و كۆی هاوكێشه‌ سیاسییه‌كان گۆڕانكارییان به‌سه‌ردابێت.

هەرچی کوردی باکور و سوریاشە جیاواز لە باشوری کوردستان، تا ئێستا هێزێکی تۆکمەیە و لە جیاتی ئەوەی یارییان پێ بکرێت، خۆیان بکەر و یاریکەری ناو گەمەکەن و توانیویانە لە بڕیاری سیاسیدا سەربەخۆبن و نەچنە ناو پیلانی زلهێزەکانی جیهانەوە و ئایندەی ئەو ناوچانەی لەژێر دەستیاندایە، رووبەرووی چارەنوسێکی نادیاریان بکەنەوە. ئەمەش دەریدەخات ئەو مۆدێلە لە خەبات و بەرەنگاریی پێویستە بکرێتە سەرمەشق و کۆی هێزە وڵاتپارێزەکانی کوردستان پشتیوانی لێبکەن، تا بتوانرێت لەناو ئەم ئاڵوگۆڕەی بەسەر ناوچەکەدا دێت وەک دەرفەتێک بقۆزرێتەوە بۆ چارەسەری دۆزی ڕەوای گەلی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار