بەشار ئەسەد، وانەیەک بۆ حوکمڕانی خراپ

هیوا سەید سەلیم

2 ڕۆژ لەمەوپێش



هیوا سەید سەلیم

 بەشار ئەسەد، ئەو بەچکە دیکتاتۆرەی درێژە پێدەری حوکمی بابی بوو، کە حافز ئەسەد)ی باوکی لە ساڵانی ( 1970 – 2000) سی ساڵ حوکمی سووریای کردبوو،  ئەویش دوای ئەوەی لە ڕێگای کودەتای سەربازییەوە ساڵی 1971 جلەوی دەسەڵاتی لە سووریا گرتبووە دەست، بەشار دوای مردنی باوکی  لە ساڵی 2000 وە ئەویش بە بەرەدوامی حوکمی سووریای دەکرد.

 ئەو رۆژەی بڕیار دەدرێت بەشار لە سووریا لە شوێنی بابی دابندرێت، بەشار گرفتی یاسایی دەبێت چونکە بە پێی دەستووری سووریا سەرۆک کۆمار دەبوو تەمەنی 40 ساڵ کەمتر نەبێت، بەڵام لە ڕاپرسیەکدا کە ھەمیشە سیستەمە دیکتاتۆریەکان وەک سیناریۆیەک  پەنای بۆ دەبەن ئەو ماددەیە لە دەستووری سووریا بە قازانجی بەشار دەستکاری دەکرێت، دواتر بە دەنگی 97% خەڵک بەشار دەکرێتە ئەو سەرۆک کۆمارەی کە بیندرا چ سەرۆک کۆمارێک بوو.

بەشار ئەسەد، 24 ساڵ حوکمی سووریای کرد لە ھەموو ھەڵبژاردنێکدا 99% دەنگی دەنگدەرانی سووریای دەبردەوە، لە پاڵ پۆستی سەرۆککۆماریدا، ئەمینداری گشتی حزبی بەعسی سووریش بوو، فەرماندەی گشتی ھێزە چەکدارەکانی سووریا بوو، واتا وەک عەرەب دەڵێت بەرپرسی "بەڕ و بەحر" ھەر خۆی بوو، وەک ھەر دیکتاتۆرێکی جیھان کۆشکی زۆر و ژیانی خۆشی ھەبوو، میدیا سووری خرابووە خزمەتی پیاھەڵگوتنییەوە وەک سەرۆکێکی مەزن.

شایانی باسە، سووریا ھەرگیز وڵاتێکی ھەژاری ناوچەکە نەبووە، نەوتی خۆی ھەبووە و لە پاڵ نەوتیش وڵاتێکە خاکەکەی بۆ کشتوکاڵ بە پیت و بەرەکەتە، لەبارەی گەشتیاریشەوە دەوڵەمەند بوو. بەڵام لە بنیادی دامەزراندنیەوە گرفتی حوکمڕانی ھەبووە، شەش دەیەیە کەمینەیەکی عەلەوی لە یەک خێزان  بە ئاگر و ئاسن حوکمی سووریا دەکەن، نەتەوەی کورد لە سووریا پشکی شێری لە چاوساندنەوەکان بەرکەوتووە.

دوای ھاتنە سەر دەسەڵاتی بەعسییەکان لە سووریا، شۆڕش و کودەتا بۆتە سیمای گۆڕینی دەسەڵات لەو وڵاتە، ساڵی 1970 حافز ئەسەد کودەتای لە رەفیقە بەعسییەکانی کرد، ساڵی 1983 ماھر ئەسەدی برای ویستی دەرفەتی نەخۆشکەوتنی حافزی بقۆزێتەوە و کش مەلیکی لێبکات، بەڵام سەرنەکەوت، بەشار ئەسەد بە کودەتای سپی لەسەر دەستووری سووریا حوکمی گرتە دەست، دوای 24 ساڵ بە شۆڕشی سەربازی رۆژی 8ی کانوونی یەکەمی 2024 دەسەڵاتەکەی ڕاماڵدرا.

ئەوەی لێردا مەبەستمە باسی بکەم ئەوەیە سەرۆکەکان ئەگەر متمانە و خۆشەویستی میللەتیان لەدەستدا،  ھێزی زۆر و زیندانی گەورە و میدیای دەستەمۆ و  پارەی زۆر فریایان ناکەوێت، ڕۆژێک دێت بەر نەفرەتی توڕەیی خەڵک دەکەون و وەک بەشار ئەسەد لەسەر کورسی دەسەڵات ڕادەماڵدرێن.

 

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار