جه‌میل بایک بۆ ‌هاوڵاتی: پێشمەرگەکانی پارتی هەنگاوێک کشانەوەو هێزیان کەم کردەوه چونکە زانییان شەڕ روو دەدات

5 ساڵ لەمەوپێش



سازدانی: سامان مەجید

(١-٢)

جهمیل بایک هاوسهرۆکی کۆنسهی بهڕێوهبهرایهتی کەجەکە (KCK) لە وەڵامی چەند پرسیارێکی رۆژنامەی هاوڵاتی-دا لەسەر دۆخی قەندیل و باکورو رۆژائاوای کوردستان سیاسەت و بۆچوونی خۆیان رووندەکاتەوە، هەروەها کۆمەڵێک زانیاری نوێ بۆ یەکەم جار دەخاتەڕوو لەچوارچێوەی پرسیارەکانی هاوڵاتی-دا.

هاوسهرۆکی کۆنسهی بهڕێوهبهرایهتی کەجەکە ئاماژە بەوەدەکات کە دەزگای هەواڵگری تورکیا (میت) لهگهڵ دەزگای پاراستنی پارتی کار دهکات، دەشڵێت وای بۆدهچین لهگهڵ بهشێک له زانیاریش کاربکهن.

لەو بارەیەشەوە وتی «بههۆی پارچهبوونییهوه دهشێت ههموو یەکێتی (YNK) نهگرێتهوه، بهڵام وابۆیدهچین لهگهڵ بهشێک له (زانیاری)ش کاردهکهن. بهتایبهتیش کۆمهڵێک هێما و نیشانه لهبهردهستتدا ههن که بوونی پهیوهندی لهنێوان ههندێک له کهسانی ناو (زانیاری) لێپرسراو له کاروباری ههرێمهکانی قهندیل و کارکردنیان لهگهڵ (میت) یهکلا دهکاتهوه، هێرشهکانی دژی قهندیل ئهم راستییه دهسهلمێنێت و لهم خاڵهدا به ئاسهواری بەرچاو گهیشتووین «.

جەمیل بایک لەوەڵامی پرسیارێکی هاوڵاتی-دا سەبارەت بەکۆکردنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەی پارتی دیموکراتی کوردستان لەنزیک گەریلاکانی هەپەگە،ئاماژە بەوەدەدات کە لەچەند شوێنێک ههڵوێستی «ههستیار و وریا»یان گرتۆتەبهرو نهرمیمان نواندوە، بهڵام له ههندێک شوێنیش کۆکردنەوەی هێز لە نزیکی ئەوان پهسهند ناکهن و بهواتای شهڕ سەیری دەکەن. 

دەشڵێت «ئاشکرایه که بهردهوامییهکهی بهواتای شهڕ دێت. لهم سۆنگەیەوە زانییان که بهڕاستیش شهڕ و پێکدادان روودهدات، بهشێوهیهکی قسمی ههنگاوێک کشانهوه؛ له ههندێک شوێن هێزیان کهمکردهوهو لهههندێک شوێنی تر کشانهوه«.

هەروەها دەڵێت «له ههندێک شوێنیش هێشتا جموجۆڵی پێشمهرگه ههیه بۆ بهرتهسککردنهوه و تهنگهتاوکردنی ههرێمهکانمان. ههموو ئهوانهش بهتایبهتی له کاتێکدایە کهدهوڵهتی تورک بهردهوام لههێرشدایه و جاڕی ئەوە دهدات و دهڵێت: گهریلامان گهمارۆدا، سهرکوتیان دهکهین، پاکتاویان دهکهین. بۆیە ههرگیز مایهی پهسهندکردن نین».

جهمیل بایک لەبارەی دۆخی ناوچەکەوە دەڵێت «ئهمڕۆ سێیەمین جهنگی جیهانی له رۆژههڵاتی ناویندایه. شهڕێکه تێیدا ههوڵی تێکدانی هاوسهنگییهکانی پێشوو و ئاواکردنی هاوسهنگی نوێ دهدرێت، که ئەمەش لهههمانکاتدا بهواتای دروستبوونی ستاتۆی نوێ دێت لهناوچەکەماندا.»

میت له‌گه‌ڵ پاراستن کارده‌کات

 وای بۆ ده‌چین له‌گه‌ڵ به‌شێک له‌زانیاریش کاربکه‌ن

 

لەبەشێکی تری چاوپێکەوتنەکەیدا لەگەڵ هاوڵاتی سەبارەت بە جیاوازیەکانیان لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان ئاماژە بەوەدەکات جیاوازییان هەیە لەتێڕوانینهکانیان بۆ شهنگال و رۆژئاوا، چارهسهرکردنی کێشهکانی ناوخۆی کورد لهباشوری کوردستان و ههروهها جیاوازیشن لە تێڕوانینیان بۆ رۆژههڵاتی ناوەڕاست.

سەبارەت بەشەنگالیش دەڵێت «بهپێویستی دهزانین ئهو دەڤەرە (شەنگال) خۆبهڕێوهبهرو خۆسهربێت چ له (PDK) و چ لهحکومهتی ناوهندیش. بهکردهیهکی راستی نازانین چ حکومهتی ههرێمی باشووری کوردستان بێت یاخود حکومهتی ناوهندی لهوێ قهڵهمڕهو بن».

سەبارەت بەو پەیامانەش کە لەم هاوینەدا ئاراستەی بەرپرسانی هەرێمی کوردستانیان کرد، دەڵێت «لێرهوه ناتوانین بڵێین ئهو پهیامه ئهرێنیانهمان وهڵامدراونهتهوه که ئاڕاستهی حکومهتی ههرێمی باشوری کوردستانمان کردوون.

جەمیل بایک بەشیوەیەکی وردو دورودرێژ وەڵامی پرسیارەکانی هاوڵاتی داوەتەوەو بەچەند بەشێک شەممەو چوارشەممە لەڕۆژنامەی هاوڵاتی بڵاودەبێتەوە، پاشان لەماڵپەڕی هاوڵاتی بەش بەش دادەبەزێت.

هاوڵاتی: لهم ماوهیهی دواییدا ئهندامانی بهڕێوهبهری (KCK) و بهتایبهتیش (موراد قەرەیڵان) و (جهمیل بایک) سهبارهت بهباشووری کوردستان پهیامی تایبهتیان ههبوو، وەڵامی کاربهدهستانی حکومهتی ههرێمی باشووری کوردستان بۆ ئهو پهیامانه چی بوو؟

جهمیل بایک: ئێمه وهکو تهڤگهری ئازادیخوازی گەلی کوردستان له رۆژههڵاتی ناویندا که سێیەمین جهنگی جیهانی تیادایه یهکێتی ناوخۆی کوردان بهگرنگ دهزانین. کوردان لهیەکەمین جهنگی جیهانیدا بێهێز بوون، بههۆی نهبوونی پێشهنگ و پێشنەخستنی یهکێتیی ناوخۆیی کوردانهوه کوردستان کرا به چوار پارچه و سیاسهتی قڕکردن لهسهر ههر یهکێک له پارچهکانی بە شێوازی جیا جیا پهیڕهو کرا. ئهمڕۆ سێیەمین جهنگی جیهانی له رۆژههڵاتی ناویندایه. شهڕێکه تێیدا ههوڵی تێکدانی هاوسهنگییهکانی پێشوو و ئاواکردنی هاوسهنگی نوێ دهدرێت، که ئەمەش له ههمانکاتدا بهواتای دروستبوونی ستاتۆی نوێ دێت لهناوچەکەماندا.

گەلی کورد که بههۆی ئهو هاوسهنگی و پێگهیهی لهدوای یەکەمین جهنگی جیهانیدا هاته کایهوه کهوته بهر قڕبوونهوه، لههەلو مەرج و دۆخی ئێستادا دهرفهتی بۆ رەخساوە. سهراپا وڵاتانی ناوچهکه لهم جهنگهی ئێستای جیهانیدان. بهتایبهتیش دهوڵهتی تورک که پێشهنگی دوژمنایهتی کردنی کوردستان و کوردانه ههموو رێ و رێبازێکی قڕێژو گڵاوی بۆ سوودمهند نهبوونی کوردان لهههلومهرجهکانی ئهم جهنگه خستۆتهگهڕ. لهبهرامبهر تێکۆشانی ئازادیخوازی کوردان له ههموو شوێن و جێگهیهک شهڕی بەرپا کردووەو  دهکات، چونکه دهبینێت کەکوردان رێکخراون، بوون بههێزی سیاسی و لهناو پهیوهندی و هاوپهیمانی جیاجیادان. دهزانێت ئهگهر بێتو رێگری لەکورد نەکرێت، ئهوا لهههلومهرجی ئهم جهنگه جیهانییهدا دهبێته خاوهنی پێگهیهکی بههێز له رۆژههڵاتی ناویندا، سهرهنجامیش ئەمە دهبێته هۆکاری ههڵوهشانهوهی سیاسهتی قڕکردنی کوردان که ئامانجی سهرهکی دهوڵهتی تورکه. هەربۆیە لهبهرامبهر بهتهواوی گهلی کورد شهڕدهکات.

به‌ڕەوای نازانین حکومه‌تی هه‌رێم

یاخود ناوه‌ند له‌شەنگال قه‌ڵه‌مڕه‌و بن
 

دهوڵهتی تورک تاکه ستراتیژێکی ههیه؛ ئهویش قڕکردنی کوردانه و کوردستانیش بکاته گۆڕهپانی پەلهاوێشتنی بهنهتهوهبوونی تورک، که باکوری سوریا و باشوری کوردستانیش دهگرێتهوه. بێگومان لهخاڵێکی وههادا که لهلایهک دهرفهتی دهسکهوتی گهوره لهبهردهم کورداندایهو لهلایهکی تریش دوژمنانی کورد بۆ رێگرتن و تهنانهت لهناوبردنی دهستکهوتهکانی کوردان له هێرش و پهلاماردان، ئێمه پهیامی ئهرێنی بهههموو رێخستنهکانی کوردستان دهدهین. چونکە لهوهها قۆناغێکدا پارچهبوون و شهڕی نێوان کورد تهنیا زیان به پارتێک ناگهیهنێت؛ بهپێچهوانهوه زیان بهتەواوی گهلی کورد و بهسەرجەم پارتهکانی دهگهیهنێت.

لهم سۆنگهیهوه ئێمه پارچهبوون و شهڕی نێوان کوردان بهکارێکی راست نازانین. کوردان لهههلومهرجی ئهم جهنگی جیهانییهدا تهنیا لهپارچهیهکی کوردستاندا ناتوانن بهخواست و ئامانجی خۆیان بگهن. یهکێتی نێوان کوردان و تێکۆشانی سهرتاپاگیرییان تاکه گهرهنتی دهستکهوتهکانه لهههموو پارچهکاندا. لێرهوه بههۆی شهڕ و ههلومهرجه سیاسییهکانی ئێستای رۆژههڵاتی ناوین، ههست بهبهرپرسیارێتییهکی مێژوویی دهکهین و پهیامی ئهرێنی و یهکێتی به ههموو پارته سیاسییهکانی کوردان و کوردستان دهدهین نهک تهنیا بهحکومهتی ههرێمی باشووری کوردستان. رێگەچارەی دیموکراتییانه و لێک تێگهیشتن وەک چەمکی چارسهرکردنی کێشهکانی نێوانیان دهستنیشان دهکهین.

لهلایهکی تریشهوه  لەمیانی ئەم بانگهوازییانەوە ههوڵدهدهین سیاسهتی دهوڵهتی تورک و ههموو ئهو هێزانهی تر پووچهڵ بکهینهوە کهخوازیارن شهڕ بخهنه نێوان کوردانهوه. دهوڵهتی تورک بهتایبهتیش دهیهوێت هێزه سیاسییهکانی باشوری کوردستان و تهڤگهری ئازادیخوازی کوردستان بهگژیهکدا بهێنێت و بهشهڕیان بدات، دهیهوێت کورد لاواز بکات و ههژموون و فهرمانڕهوایی خۆی بهسهر کورداندا بسهپێنێت و پتهوی بکات. ئێمه نامانهوێت کهس بکهوێته ناو ئهو تهڵهزگهیهی دهوڵهتی تورکهوه، بهپێچهوانهوه دهمانهوێت ئهم سیاسهته دوژمنکارانهی دهوڵهتی تورک پووچهڵ بکهینهوه کهتاکه ئامانجی قڕکردنی کورده. لهم چوارچێوهیهدا بانگهوازی و پهیاممان ئاراستهی حکومهتی ههرێمی باشووری کوردستان و پارته سیاسییهکان کردو دهکهین و بهردهوامیشین لهسهر بانگهوازییهکانمان. هاوکات نامهش دهنێرین. لێرهوه خوازیارین کێشه ههنووکهییهکان سووک بکهین و نهیانهێڵین، بهتایبهتیش لەهەلومەرجێکدا که هێندهی گهورهیی ههل و دهرفهتهکانی بهردهم کوردان، مهترسی گهورهش لهئارادایه دهمانهوێت پهیوهندییهکان رێکبخهینهوه و گرژییهکان نههێڵین. هیچ شتێک نییه بههێندهی ئهم خواسته راست و بهجێ بێت.

چونکه راستییهکان بهو شێوهیهن کهدهستنیشانمان کردوون. هێشتا ستاتۆ له رۆژههڵاتی ناویندا دیار نییه، دیار نییه دۆخی تورکیا، سوریا، ئێران و عێراق چی بهسهردێت. شهڕو ناکۆکییهکان بهردهوامن، هیچ هێمایهکیش نییه لە ماوەیەکی کورتدا ئاماژە بەکۆتایی هاتنی شهڕهکه بکات. ههڵبهت ئهم دۆخه لهلایهک ههل و دهرفهت و لهلایهکی تریش مهترسی ههیه بۆ کورد. لهکاتێکی وههادا که لهنێوان ئێمهی هێزه سیاسییهکانی کوردانیشدا کێشه ههیه، ئایا دهکرێت ههر تهماشا بکهین، یان قووڵبوونهوهی ئهو کێشانه پهسهند بکهین و چاوپۆشییان لێبکهین؟ بۆ ئهم مهبهسته بانگهوازیمان کرد. وهڵامی ئهرێنی و راستهوخۆمان بهدینهکرد. بێگومان لهئاستێکی نزمدا چاوپێکهوتن ههن و پهیوهندییهکان نهپچڕاون. هاوکات ئهو پهیامە کراوانەشمان که بهڕێگهی راگەیاندنەوە دهیاننێرین به شوێنی مهبهست دهگهن. لهلایهکی تریشهوه ههر لهو ئاسته نزمهی پهیوهندییهکانهوه ئاڵوگۆڕی پهیام لهئارادایه و لهم ئاڵوگۆڕهدا ههڵوێستی نهرێنی بەدیناکرێن. دهڵێن بهوریاییهوه مامهڵه لهگهڵ ههندێک بابهت دهکهن، بهڵام لهئاستی پهیامهکانماندا ناتوانین باس لهوهڵامی حکومهتی ههرێمی باشووری کوردستان بکهین.

لهلایهن ههندێک لهدۆستان و کهسانی دیکهوه ئاڵوگۆڕی پهیام لهئارادایه، ههڵوێستێکی زۆر نهرێنیانه نییه، بهڵام ئهمه واتای نهمانی کێشهکانی نێوانمان ناگهیهنێت. چونکه سیاسهتی کوردان شێوازێکی گرتووه، کاتێک بهئاشکرا لهگهڵ یهک قسه دهکهن یان پهیام ئاراستهی یهکتر دهکهن، ههڵوێستی زۆر توندو پچڕێنهری پهیوهندییهکان بهدی ناکرێت، کهچی لهکرداردا شتی جیاجیا دێنه کایهوه. دۆخێکی وههاش ههیه. ههربۆیه ئهو پهیامه نهرمڕۆیانهی لهڕێی ناڕاستهوخۆ یاخود دۆسته هاوبهشهکانمانهوه ئاڵوگۆڕیان دهکهین لهکرداردا نرخێکی سیاسی ئهوتۆیان نابێت. لێرهوه بهڕاستیش وهڵامێکی ئهرێنی پهیام و بانگهوازییهکانمان بهدیناکهین. ئابڵوقهی حکومهتی ههرێمی باشوری کوردستان لهسهر کامپی مهخمور بهشێوهیهکی بهرجهسته لهلایهن ههموو گهلی کوردهوه دهبیندرێت. ئابڵوقهی سهر کامپی مهخمور له رووێکهوه به ئابڵوقهیهکی سهر تهڤگهری ئازادیخوازی کوردستان نیشان دهدرێت. بهلای خۆیانهوه ئهو گۆڕهپانه بهلاوازترین بوارێک دهزانن کهپهیوهندیداره به تهڤگهری ئازادیخوازهوه، لهوێوه ههڵوێستیان لهدژی تهڤگهری ئازادیخواز وهرگرتووه و لهوێوه پهیامی خۆیان دهدهن.  ئاشکرایه کهئەمەش بەهیچ جۆرێک تهرزو شێوازێکی راست و بهجێ نییه. لێرهوه ناتوانین بڵێین ئهو پهیامه ئهرێنیانهمان وهڵامدراونهتهوه کهئاراستهی حکومهتی ههرێمی باشوری کوردستانمان کردوون.

هاوڵاتی: لهیهکێک له پهیامهکانتاندا هاتووه کهپێشمهرگه لهبهرامبهر بهگهریلا سهنگهری گرتووه. مهبهستتان لهسهنگهرگرتن چی بوو و دوای ئهو پهیامهشتان هێشتا سهنگهرگرتنیان بهردهوامه؟

جهمیل بایک: راسته، لهسهرهتای بههاری 2019هوه بینیمان پێشمهرگهکانی (PDK) لهزۆر شوێن دهیانهوێت بهدهوری ههرێمهکانی گهریلادا سهنگهر بگرن، بۆ ئهو مهبهسته ههوڵیان دهدا و کاریشیان دهکرد، لهلایهکی تریشهوه داوایان دهکرد لهههندێک شوێن که ئێمه پهسهندمان نهدهکردو بهواتای گهمارۆدانی گهریلا دههات سهربازگهی گهوره دروست بکهن.  لهکاتێکدا دهوڵهتی تورک له 2018دا هێرشی کرده سهر لێلکان و ههرێمهکانی خواکورک و ههندێک گردی داگیرکرد. له 2019دا دهیهوێت بهشێوهیهکی بهربڵاو بهردهوام بێت لهم هێرشانهی دا. جموجۆڵی لهو جۆره له خنێره ههبوو، سهربازیان ههڵڕشته سهر گردی شهکیف (شاکێو) و ههندێک شوێنی خواکورک. ههروهها دهوڵهتی تورک دهیهوێت ههندێک گردی نزیک لهههرێمهکانی گهریلا داگیربکات، لهههندێک شوێنی تر خۆی جێگیربکات و داگیرکهرییهکهی پتهو بکات. لهقۆناغێکدا که هێرشی سهختی بهو جۆرهی دهوڵهتی تورک لهدژی گهریلاکان لهئارادایه بینیمان (PDK) پێشمهرگهکانی هێناوه بۆ ههرێمهکانی نزیک له ههرێمهکانی گهریلاو ههندێک سهنگهریان گرتووه. بهڕاستیش ئهوانه ههڵوێستی مهترسیدارن. بێگومان ئێمه لهنزیکهوه چاودێری ئهو جموجوڵانه دهکهین. لهلایهک کهدهوڵهتی تورک بهناوی ئۆپەراسیۆنەکانی چهپۆکی 1-2-3 و نازانم چهندهوه درێژه بههێرشهکانی بۆ سهر ههرێمهکانی گهریلا دهدات، لهو لاشهوه کاتێک (PDK) پێشمهرگهکانی لهنزیک ههرێمهکانی گهریلا سهنگهر دهگرن و هێزێکی زۆر دههێننه ئهو ههرێمانهی کهواتای گهمارۆدانی گهریلا دهگهیهنێت، مایهی پهسهندکردن نییه، یان وهک دۆخێکی ئاسایی لێکینادهینهوه. بهو هۆکارهی ئهم جموجوڵانه لهکاتێکدایه کهدهوڵهتی تورک هێرش و پهلامارهکانی بهربڵاوتر دهکات، ناچاردهبین بهشێوهیهکی تر لێکیبدهینهوه. ههر بۆیه لهبهرامبهر دروستکردنی سهربازگه لهو شوێنانهی واتای گهمارۆدانی گهریلا دهگهیهنێت، رامانگهیاند کهههڵوێستمان دهبێت. (PDK) که لهپهیوهندییهکی پتهودایه لهگهڵ ئهو دهوڵهتی تورکهی دهیهوێت گهمارۆمان بدات و سهرکوتمان بکات، بێگومان قبوڵی ناکهین هێز بهێنێته ئهو شوێنانهوه. لهزۆر شوێن جموجۆڵ بهپێشمهرگه کرا، له خواکورک، خنێره، دهوروبهری لۆلان، لهبادینان و له گاره. بهشێوهیهک که هێزی تایبهتی خۆیان و هێزی تریان لهسهنگهری گهمارۆدان و کۆنترۆڵکردنی هێزهکانماندا جێگیرکرد. ئهم دۆخه بهلای ئێمهوه جددی بوو. ئێمه لهچوارچێوهی بهرپرسیارێتی نهتهوهییدا ههندێک ههڵوێستی پڕ وردو ماقوڵ نیشان دهدهین، ههوڵدهدهین کاردانهوهکانمان بهپێوهرو پێوانهبن، بهڵام ههندێک خاڵ و شوێن دێنه پێش کهمەحاڵە ههڵوێستی سیاسی و نهرمونیان یاخود ههستیارانهمان ههبێت. چونکه ههندێک لهسهنگهرگیرییهکان بهشێوهیهکن کهدۆخی شهڕ و پێکدادانی لێبکهوێتهوه. ئێمە وهکو تهڤگهری ئازادیخوازی گەلی کوردستان و وهکو تهڤگهرێک که تێدهکۆشێت مەحاڵه چاوپۆشی لهههندێک شت بکهین و پهسهندیان بکهین. ههربۆیه که هاتنه ههندێک شوێنهوه بهئاشکرا ههڵوێستمان وهرگرت و پێمان راگهیاندن که بێههڵوێست نابین.

لهڕاستیدا سهپاندنی لهو جۆره راگهیاندنی شهڕه. ههندێک جار شهڕ بهو شێوهیه دێته کایهوه. ئهگهر ههندێک شت بهسهر لایهنی بهرامبهردا بسهپێنن کهههرگیز پهسهندی ناکات ئهوا شهڕ دهنێنهوه. ههندێک لهسهنگهرگیرییهکان و هێنان و جێگیرکردنی هێز دۆخی شهڕێکی لهنێوان (PDK) و ئێمهدا دههێنایه کایهوه. لهلایهک بهڕێز مهسعود بارزانی دهیگوت شهڕی براکوژی روونادات، لهو لاشهوه رێگهی گهمارۆدانی گهریلا، نههێشتنی بواری جموجۆڵی گهریلاو رهخساندنی بێکاریگهرکردنی گهریلایان دهسهپاند! نابێت هیچ کهسێک چاوهڕێ بکات بهوانه رازی ببین. بێگومان ئێمه بهشێوهیهکی ههستیار دهجوڵێینهوه، لهههندێک شوێن ههڵوێستی ههستیار و وریامان گرتهبهر، نهرمیمان نواند، کاردانهوهکانمان بهپێوهر و پێوانهبوون، بهڵام لهههندێک شوێنیش نیشانماندا که ههرگیز پهسهندی ناکهین و  – ئاشکرایه که بهردهوامییهکهی بهواتای شهڕ دێت -. لهم سۆنگەیەوە زانییان که بهڕاستیش شهڕو پێکدادان روودهدات، بهشێوهیهکی قسمی ههنگاوێک کشانهوه؛ لهههندێک شوێن هێزیان کهمکردهوه و لهههندێک شوێنی تر کشانهوه. بهڵام لهههندێک شوێنیش هێشتا جموجۆڵی پێشمهرگه ههیه بۆ بهرتهسککردنهوه و تهنگهتاوکردنی ههرێمهکانمان. ههموو ئهوانهش بهتایبهتی لهکاتێکدایە کهدهوڵهتی تورک بهردهوام لههێرشدایه و جاڕی ئەوە دهدات و دهڵێت: گهریلامان گهمارۆدا، سهرکوتیان دهکهین، پاکتاویان دهکهین. بۆیە ههرگیز مایهی پهسهندکردن نین.

خۆ ئێمه لهم شاخ و هەرێمانهدا نوێ و تازه نین، لهسهرهتای ههشتاکانهوه لەو دەڤەرانەین. لهساڵی 1982 لهگهڵ (PDK) له لۆلان پێکهوه بووین. ئهوان ئهو کات لهدژی سهددام تێدهکۆشان و لهو سهردهمهدا پهیوهندیمان ههبوو. ههربۆیه با کهس وانهزانێت لهم شاخانه نوێین. لهو دهمانهشدا که هیچ کهسێک نهبوو و قهڵهمڕهو نهبوو، ئێمه لێره بووین. لێره لهپێناوی ئازادی گهلی کورددا تێکۆشاین. لهکاتی ئهم تێکۆشانهشدا لهگهڵ (PDK) پهیوهندیمان ههبوو. لهکاتێکدا که هێشتا له رۆژههڵاتی ناویندا شهڕ درێژهی ههیه، لهدژی دهوڵهتی تورک شهڕو تێکۆشان دهکهین و هێشتاش له رۆژههڵاتی ناویندا دیار نییه دۆخی کام دهوڵهت بهچی دهگات، بۆ ئێمه ئهو ههڵوێستهی (PDK) مایهی پهسهندکردن نییه. هێشتاش لهههندێک شوێن بهردهوامن لههێنان و جێگیرکردنی هێز. ههڵوێستێک کههێز بخاته هەندێک ههرێمهوه کە نزیکهی 30 – 40 ساڵه گهریلا تیایدا قهڵهمڕهوهو گهمارۆدانی بنکهو بارهگا گرنگهکانی گهریلا و سهنگهر لێدان بهدهوری ئهو ههرێمانهدا که بهجۆرێک ههرێمهکانی گهریلا بهرتهسک بکاتهوه مایهی پهسهندکردن نییه، تهنانهت دۆخێکە ئهگهر بێتو ههڵوێستی راست و بهجێ و بهههند وهرنهگرن ئهوا سهرهنجامی جیای لێدهکهوێتهوه. لهم بوارهدا بهتایبهتیش پێمان باشه (PDK) هەستیار بێت و ئەم رەوشە رەچاو بکات. نهک تهنیا (PDK) بهڵکو بهپێویستی دهزانین ههموو پارته سیاسییهکانی بهشدار لهحکومهتی ههرێمی باشووری کوردستان ههستیار بن. چونکه لهههلومهرجی سێیەمین جهنگی جیهانیدا و لهکاتێکدا هاوسهنگییهکان نادیارن و لهقۆناغێکدا که دوژمنانی کورد بۆ لهناوبردنی کهوتوونهته جووڵهوه، زۆر گرنگه پهیوهندی نێوان کوردان نهرێنی نهبێت. کوردان سهرباری ههموو کهمی و ناتهواوییهکیانهوه بهئاستی هێزێکی سیاسی و سهربازی گهیشتوون، پهیوهندی دیبلۆماسییان بهدهستهێناوه. لهوهها قۆناغێکدا گرنگه دژی یهکتر نهوهستن و شهڕ لهگهڵ یهک نهکهن. ههڵبهت یهکێتی نهتهوهیی- نیشتمانی و هاوپهیمانی گرنگه که ئامانجی سهرهکییه، بهڵام له قۆناغێکی وههادا دژایهتی نهکردنی یهکترو شهڕ لهگهڵ یهکتر نهکردنیش گرنگه. ئێمه لهئاست ئەم خاڵهدا ههستیارو وردو وریا دهبین، پێویسته ههموو کهس و لایهنێکیش وهها بن.

هاوڵاتی: لهههندێک لهپهیامهکانتاندا راتانگهیاندبوو که کێشهکانی نێوانتان لهگهڵ (PDK) ئهوهنده قورس و سهخت نین که چارهسهر نهبن. کێشهکانی نێوانتان چین؟

جهمیل بایک: بهر له ههموو شتێک جیاوازی ئایدۆلۆژی و لێکدانهوه لهنێوان ئێمه و (PDK) دا ههیه. لهڕووی ئایدۆلۆژی و هێڵی سیاسییهوه جوڵانهوهی جیاوازین. ئهم جیاوازییه ئایدۆلۆژی و سیاسییه بهشێوهیهکی خۆڕسکانه کار لهخوێندنهوهمان بۆ دیاردهو رووداوهکان دهکات. ئهمهش لهبابهت و دۆخی جیاجیادا ههڵوێستی سیاسی و کردهیی جیاواز لهگهڵ خۆی دههێنێت. لهم سۆنگهیهوه لهگهڵ (PDK) لهزۆر بابهتدا تێڕوانین و ههڵوێستی جیاوازمان ههیه، ئهمڕۆکهش ههر ههیهو سبهینێش دهبێت. ئهوهی گرنگه چۆنێتی ئاراستهکردن و بهڕێوهبردنی ئهو ههڵوێستانهیه کهسهرهنجامی جیاوازی تێڕوانینهکانمانن. ئێمه لایهنگری گفتوگۆ کردنی ئهو کێشانهین کە سهرهنجامی جیاوازی تێڕوانینهکانمانن و دەمانەوێ لهچوارچێوهی دیموکراتیانهدا لێکدانهوهیان بۆ بکهین. چونکه نابێت ههموو تێڕوانینێکی جیاوازو هەر روانگهیهکی جیاواز ببنه مایهی شهڕو پێکدادان. ئهگهر ههڵوێست ههبێت لهسهر بنهمای ئایدۆلۆژی و سیاسی، ئهوا بهپێویستی دهزانین چارهسهرییهکانیشیان لهچوارچێوهی دیموکراتیانه و لەمیانی تێکۆشانی ئایدۆلۆژی – سیاسیدا بن، که خاڵێکی زۆر گرنگه. بهڵام دوژمنانی کورد، هێزه قڕکارو داگیرکهرهکان کهدهیانهوێت کوردان لهژێر فهرمانڕهوایی خۆیاندا دهستبهند بکهن دهیانهوێت جیاوازییه سیاسی و ئایدۆلۆژییهکانی نێوان هێزه کوردییهکان قووڵ بکهنهوه و بیانکهن بههۆکاری شهڕو پێکدادانی ناوخۆ. ئهگهر بهههستیاری و بهوردی مامهڵه نهکرێت، ئهوا دەشێ قورسبوونی ئهو کێشانهی لهسهر زهمینهی تر رێگهچارهیان ههیه دۆخی گرژی و ئاڵۆزیش لهگهڵ خۆیان بێنن. ههر بۆیه ئێمه بهپێویستی دهزانین که بهر لهههموو شتێک جیاوازی تێڕوانین، جیاوازییه ئایدۆلۆژی و سیاسییهکان لهزهمینهی خۆیاندا ههڵبسهنگێنین و لهچوارچێوهی شیاو بهو زهمینهیهدا لهناو تێکۆشان، گفتوگۆ و تێکۆشانی ئایدۆلۆژی و سیاسیدا بهێڵینهوه و بهپێویستیشی نازانین جیاوازی تێڕوانین لهزهمینهی خۆی دەرچێت، بهرهو ئاستی زێدهڕۆیی و بەرەو زهمینهی جیاواز ببردرێت. لهم رووهشهوه پێویستە هیچ هێزێک نەکەوێتە ژێر کاریگەری هاندان و دنهدانی هێزە دەرەکیەکانەوە، لەمیانی دهرککردن بهوهی دهخوازرێت شهڕ بخرێته نێوان کوردانهوه بجوڵێینهوه. بهڕاستیش لهزۆربوونی ههندێک لهکێشهکانی نێوانمان لهگهڵ (PDK) بهتایبهتیش رۆڵ و پشکێکی دیارو بهرچاوی دهوڵهتی تورک جێگای باسه. له ئهنجامی ههڵوێستهکانی دهوڵهتی تورکدا کۆمهڵێک جیاوازی تێڕوانین و جیاوازیهکانی تر دهبنه مایهی گرژی، ئاڵۆزی و شهڕ. بهپێویستی دهزانین ئهو ڕهوشه روونهدات.

یهکێک لهنموونهی جیاوازی تێڕوانینهکانی نێوانمان لهگهڵ (PDK) روانگهمان بۆ شهنگال و رۆژئاوایه، لهبابهتی چۆنێتی چارهسهرکردنی کێشهکانی عێراقدایه، له مژاری چارهسهرکردنی کێشهکانی ناوخۆی کوردانهدایه له باشوری کوردستاندا. ههروهها له جیاوازی تێڕوانینمان بۆ رۆژههڵاتی ناوین و دۆخی سیاسی رۆژههڵاتی ناویندایه. ئهمانه وهکو ئاماژهم پێکردن لهچوارچێوەو زهمینهی خۆیان دهرکەوتوون و بهکهوتنهگهڕی هێزی دیکهوه دەرکەوتنەکە زیاتر و کێشهکان یش زیاتر دەبن. له راستیدا ئاساییه روانگهمان بۆ رۆژئاوای کوردستان جیاواز بێت. ئێمه خواستی چارهسهرکردنیان لهسهر زهمینهی دیموکراتییانهمان بۆ ئهو کێشانه بهههند وهرگرت، لایهنگری ئهوهین سهرجهم رێکخستنهکان له رۆژئاوای کوردستان بهئازادی و سهربهستی رێکخستنی خۆیان سازبکهن و کاربکهن. بهردهوام ئهم ههڵوێستهمان دهستنیشان کرد. ئێمه دهمانهوێت شهنگالیش خۆبهڕێوهبهر بێت، لهمهڕ ئێزدییهکانی ژێر ههڕهشهی لهناوبردن ههست به بهرپرسیارێتی دهکهین. کاتێک شهنگال دووچاری هێرش بووهوه وەک یهکهم هێز گهریلا خۆی گهیاندێ و قڕکردنی ئاستەنگ کرد. لهم رووهوه ههست بهبهرپرسیارێتی دهکهین. بهپێویستی دهزانین که پێگهو ستاتۆی شهنگال وهک رابردووی بهر لههێرشهکانی داعشی 3ی ئابی 2014 نهبێت. بهپێویستی دهزانین ئهو دەڤەرە خۆبهڕێوهبهرو خۆسهربێت چ له (PDK) و چ لهحکومهتی ناوهندیش. بهکردهیهکی راستی نازانین چ حکومهتی ههرێمی باشووری کوردستان بێت یاخود حکومهتی ناوهندی لهوێ قهڵهمڕهو بن. لایهنگری خۆبهڕێوهبهری خهڵکین. بێگومان چ لهگهڵ عێراق و چ لهگهڵ فیدراسیۆنی باشوری کوردستان پهیوهندیان دهبێت، بهڵام لایهنگری ئهوهین گوته، بڕیارو مافی چارهی خۆنووسین هی کورده ئێزدییهکانی ئهوێ بێت. لهمژاری چۆنێتی پێگهی سیاسی شهنگالدا جیاوازی تێڕوانینمان لهگهڵ (PDK) ههیه. (PDK) دهیهوێت دهسهڵاتی خۆی پێڕهو بکات. دهیهوێت بگهڕێتهوه بۆ بهر له 2014. ئایا ئەمە دهبێت؟ لەو دەڤەرە راستینهی قڕکردنێک هاته ئاراوه، که پێویسته لای ههمووان ئاشکراو بەرچاو بێت. دهستهبهرکردنی خۆبهڕێوهبهری شهنگال لهبهرپرسیارێتی ههموو کوردێکدایه، نهک بهتهنیا ئێمه یاخود (PDK) یان (YNK). ههڵوێستمان لهم چوارچێوهیهدایه. ئێمه لهلایهن خۆمانهوه پشتیوان و هاوکاری خهباتی خۆبهڕێوهبهرێتی خهڵکی ئهو دەڤەرەین.

بهر له ههمووان (HPG) لهوێ بوو، پاشان کشاندمانهوه. بهتایبهتیش پاش بێکاریگهرکردنی داعش له ناوچهکهدا و دوای ئهوهی هێزهکانی (YBŞ) و (YJŞ) بەو ئاستە گەیشتن بتوانن پارێزگاری لەشهنگال بکەن، هێزهکانی (HPG) مان کشاندهوه. بهڵام پهیوهندییهکانی (PDK) و تورکیا لهم بابهتهدا کێشه دروستدهکات. چهند جارێک دهوڵهتی تورک ئەو دەڤەرەی بۆردومان کرد. (زهکی شهنگالی)یان شههید کرد. لهم بوارهدا (PDK) بێ کاردانهوهیه. بهشتێکی ئاسایی دهزانێت، ئایا ئهمانه شتی ئاسایین؟

وهکو ئاماژهم پێکرد لهمژاری رۆژئاوادا جیاوازی تێڕوانینمان ههبوو. لهعهفرین ئهندامانی ENKS چوون و بوون بههاوبەشی داگیرکهرییهکهی دهوڵهتی تورک. لهم بوارهدا بهو هیوایهین (PDK) ENKS  لهو دۆخه رزگار بکات و جوڵانهوهیان له ریزی کوردانی رۆژئاوا دهستهبهر بکات. لهوێ ENKS و هێزه کوردییهکان دهتوانن پێکهوه بجوڵێنهوه. ههرکهسهو دهتوانێت رێکخستنی خۆی دروست بکات و لهسهر بنەمای دیموکراتییانه بهشداری لهسیستهمهکهی رۆژئاوادا بکات. بهڵام ئهوان نایانهوێت له پێگه و بواری دیموکراتیدا کارو خهبات بکهن، دهیانهوێت قهڵهمڕهو بن. دهیانهوێت دهوڵهتی تورک داگیری بکات و رادهستی ئهمانی بکات. هاوکات جیاوازی تری تێڕوانینیش لهئارادایه. (PDK) لهباشوری کوردستان هێزێکی سهربازی لهگهنجه ههڵاتووهکانی رۆژئاوای کوردستان پێکهێناوهو دهیهوێت ئهوانهش بنێرێته رۆژئاوا، کهدهیهوێت ئهم خواستهی خۆی بسهپێنێت. بهڕێوهبهرایهتی سیاسی رۆژئاواش ئهم خواسته بهزۆر سهپێندراوه پهسهند ناکات، که پهسهندنهکردنیان مایهی تێگهیشتنه. چونکه ههبوونی دوو هێزی سهربازی لهباشووری کوردستاندا کۆمهڵێک سهرهنجامی لێکهوتۆتهوه و ئهم سهرهنجامانهش لهبهرچاون، نایانهوێت ههمان شت له رۆژئاوای کوردستانیش بێنه ئاراوه، کهئهمهش مایهی تێگهیشتنه. ئهم جۆره کێشانه به گفتوگۆو لهسهر بنەمای سازش و رێککەوتن دهکرێت چارهسهر بکرێن. هاوکات ئهو گفتوگۆیانهی له راگهیاندنهکانهوه دهکرێن دۆخی نهرێنی دروست دهکهن و تهنگاسی له چارهسهرکردنی کێشهکاندا دروست دهکهن. دهکرێت ئهمهش لهسهر بنهمای لێکتێگهیشتن راست بکرێنهوه.

یهکێک لهکێشه سهرهکییهکانیش پهیوهندییهکانیانه لهگهڵ دهوڵهتی تورکدا. دهوڵهتی تورک ئهو ههموو هێرشە دهکات، دهیهوێت تهڤگهری ئازادیخوازی لهباکوری کوردستان سهرکوت و پاکتاو بکات، بهڵام (PDK) به ههڵوێست و کردهکانی بوێری بهسیاسهته فاشیستییانهکهی AKP-MHP دهدات. تهنانهت رهوایهتی بههێرشهکانیان دهدات. ئهوان لهههر ههل و دهرفهتێکدا دهڵێن دژی کورد نین و دژی تیرۆریزمین و لهسهر ئهو بنەمایه لهگهڵ (PDK) پهیوهندی دهبهستن، بیانووی خۆیان نیشاندهدهن. باشه، ئێمه ناڵێین با حکومهتی ههرێمی باشووری کوردستان لهگهڵ تورکیا پهیوهندی نهبێت، چونکە سنووره و ههندێک پهیوهندی دهبن، بهڵام بهپێویستی دهزانین کهنابێت ماهیەتی پهیوهندییهکه لهدژی تهڤگهری ئازادیخوازی گەلی کوردستان بێت. لهم خاڵهشدا کێشه ههیه، که لهچوارچێوهی فشارهکانی دهوڵهتی تورکدا دهبینین (PDK) بهشێوهیهکی بهردهوام ئاسانکاری بۆ داگیرکهرییهکانی دهوڵهتی تورک نیشان دهدات و (PKK) دهکاته بیانووی هێرش و پهلامارهکانی دهوڵهتی تورک. بێگومان ئهمانه دهبنه مایهی کێشه لهنێوانماندا.

ئێمه لهو بڕوایهداین که بهشێک لهکێشهکانی نێوانمان چارهسهر دهبن و بهشێکیشیان سووکبار دهبن. ئهگهر ههڵوێستهکانی دهوڵهتی تورک و هێزی تر بهبنهما وهرنهگرن، ئهوا ههموو ئهو کێشانهی سهرچاوهکانیان بۆ ههڵوێستی ئایدۆلۆژی و سیاسی دهگهڕێنهوه بهگفتوگۆ و دانوستاندن چارهسهر دهبن. لهو بڕوایهداین بهبێ بهزاندنی سنووری کێشهکان لهزهمینهی خۆیاندا، دهکرێت گفتوگۆ بکرێن و لهنێو کوردان خۆیاندا چارهسهر بکرێن. ئهم ههڵوێستهشمان ماییندهییه و بهردهوام دهبین لهدهستنیشانکردنی. لهدۆخی سێیەمین جهنگی جیهانیدا کههاوسهنگییه کۆنهکان له رۆژههڵاتی ناویندا دهڕووخێن و هاوسهنگی نوێ ئاوا دەکرێن، نهک تهنیا بهشێوهیهکی گشتی بهڵکو دۆخ و پێگهی یهکه به یهکهی وڵاتانی رۆژههڵاتی ناوین سەرلەنوێ دهستنیشان دهبن، لهوبڕوایهداین کهدهکرێت کێشهکانی نێوانمان بهبێ ئهوهی بهئاستی کانگرێن بگهن و بهدۆخی شهڕ بگەن، چارهسهر بکرێن، ئهوهشی چارهسهر نهبوو بارسوک بکرێن.

هاوڵاتی: هێرشهکانی تورکیا بۆ سهر ههرێمهکانی پاراستنی میدیا قورستر بووه، باستان لهوهکردبوو که گومانتان ههیه لهوهی ههندێک کهس لهناو یەکێتی (YNK) و (PDK)پارتی سیخوڕی بۆ (میت) دهکهن. دوای ئهم پهیامهتان هیچ یهکێک له (YNK) و (PDK) وهڵامیان نهدانهوه. ئایا ئهم کاری سیخوڕییه تا ئێستاش درێژهی ههیه؟ 

-جهمیل بایک: دهبێت هێما بهو راستییه بکهین که (میت) له ههموو گۆڕهپانێکی باشوری کوردستان خۆی رێکدهخات. بهتایبهتیش له بادینان و ئهو ههرێمانهی که (PDK) تیایدا قهڵهمڕهوه. پێشتر ههوڵیان دهدا ئهو جۆره کارانه له ههرێمهکانی ژێر قهڵهمڕهوی (YNK) شدا بکهن بهڵام سنووردار بوو. بهم دواییانه له ههرێمهکانی (YNK) شدا دهبینین که (میت) برهوی به کارهکانی داوه. ئهمانه بۆ ئهوه دهستنیشان ناکهین که تهنیا وهک پروپاگهندهیهک، قسهیهک یاخود گومانێکن، نهخێر. زۆر بهڕوونی دهزانین که (میت) له باشووری کوردستاندا له خۆڕێکخستندایه. ئێستاکه باشووری کوردستان بۆ (میت) لهدوای تورکیا گۆڕهپانێکه به زیاترین شێوه تیایدا خۆی رێکخستووه. بهڕاستیش جێگهی داخه. رێکخستنێکی سیخوڕی داگیرکاران بهم ئهندازهیه رۆچوونی بهناو پارچهیهکی کوردستاندا بهتایبهتیش پارچهیهک که کورد تیایدا پێگهی ههیه، مایهی پهسهند کردن نییه. دوو لێپرسراوی (میت) له ساڵی 2017 دا لهلایهن یهکهی لێپرسراو بە کاروباری دژه ههواڵگری تهڤگهڕی ئازادیخوازی کوردهوه دهستگیرکران. ئهوانه دانیان به ههندێک شتدا ناوه، بهتایبهتیش سهبارهت به توندوتۆڵی پهیوهندییان لهگهڵ (PDK) له ناوچهکانی بادینان. بهپێی دانپێدانانهکانی ئهو ساڵهیان دهیانگوت که (YNK) به ئهندازهی (PDK) هاوکار و یاریدهدهریان نین. بهڵام حاڵی حازر ههم له ههرێمهکانی ژێر قهڵهمڕۆیی (PDK) و ههم ههرێمهکانی ژێر قهڵهمڕۆیی (YNK)دا برهوێکی زۆریان به کاروبارهکانیان داوه. دهزانین که (میت) لهگهڵ (پاراستن) کار دهکات. بههۆی پارچهبوونییهوه دهشێت ههموو (YNK) نهگرێتهوه، بهڵام وابۆیدهچین لهگهڵ بهشێک له (زانیاری)ش کاردهکهن. بهتایبهتیش کۆمهڵێک هێما و نیشانه لهبهردهستتدا ههن که بوونی پهیوهندی لهنێوان ههندێک له کهسانی ناو (زانیاری) لێپرسراو له کاروباری ههرێمهکانی قهندیل و کارکردنیان لهگهڵ (میت) یهکلا دهکاتهوه. هێرشهکانی دژی قهندیل ئهم راستییه دهسهلمێنێت و لهم خاڵهدا به ئاسهواری بەرچاو گهیشتووین. لهلایهن (PDK) شهوه دۆخهکه له ئاستێکی تابڵێی مهترسیداردایه. شتێکی ئهوتۆ لهسهر ئاگاداربوونی بهڕێوهبهرایهتی ناوهندی (PDK) ناڵێین که تاچهند به پهیوهندییهکانی ( MIT – پاراستن )، چوارچێوه و قووڵایی ئهو پهیوهندییه، کردار و سهرهنجامهکانی دهزانن. بهڵام دهزانین که ئهندامانی پاراستن لهگهڵ (میت) له کۆنسۆڵخانهی تورکیا لهههولێر کۆبوونهوهی هاوبهشیان ههیه. خودی ئهندامه دهستگیرکراوهکانی (میت) دانیان بهم راستییهدا ناوه. بهتایبهتیش دهڵێن که له کۆنسۆڵخانهی ههولێر کۆبوونهوهی دیاریکراوو بەردەوامیان ههیه، تهنانهت ناوی ئهوانهشیان داوه که بهشداری لهو کۆبوونهوانهدا دهکهن.

هاوکات دهتوانین ئهوهش بخهینهڕوو که ئهگهر پشکنین و زانیاری زهمینی نهبێت هێرشه ئاسمانییهکان به تهواوی ئامانجی خۆیان ناپێکن. ناڵێین ههرگیز ناتوانن، بهڵام دهزانین که لهو هێرشانهدا زانیاری و پشکنینی زهمینی جێگهی باسه. پشکنینی زهمینی دهکرێت، پاشان ئهم پشکنینه لهلایهن فڕۆکه سیخوڕییه بێ فڕۆکهوانهکانهوه دهستنیشان دهکرێت و به فڕۆکهی جهنگی بۆردومان دهکریت. لهم لایهنهوه ئێمهش خاوهنی ئهزموونین، چونکه لهناو شهڕداین. روون و رهوانتر دهبینین چی چۆن روودهدات. شههیدمان ههیه، بهڵام لهم شههیدانهوه ئهزموون بهدهست دههێنین. یهکێکیش له گرنگترین سهرهنجامهکانی ئهو ئهزموونانهش ئهوهیه که پشکنین و زانیاری زهمینی دهدرێت به (میت) پێشتر ئهو جۆره هێرشانه لهو ههرێمانهدا دهکران که (PDK) تیایدا قهڵهمڕهوه. ئێستاکه له ههرێمهکانی ژێر قهڵهمڕۆیی (YNK) شدا دهکرێن. ئهوهش دهیسهلمێنێت که ئیتر لهناو ههواڵگری (YNK)شدا ههندێک کهس راستهوخۆ کار بۆ (MIT ) دهکهن. مەحاڵە (میت) له بادینان، گاره، قهندیل و ئێره و ئهوێ بهبێ ههبوونی دهستی ئهو رێکخراوه ههواڵگرییانه خۆیان رێکبخهن و زانیاری بهدهستبهێنن. ئهوهنده ئاسان نییه (میت) راستهوخۆ بێتو ئهو کورده رێکبخات. بهڵێ؛ له سنوورهکاندا کاری قاچاخچێتی دهکرێت، ههندێک کەس هاموشۆی تورکیا دهکهن. (میت) ههوڵی رێکخستنی ئهوانه دهدات و بهتایبهتیش کاریان لهسهر دهکات. کهسانێکمان لهوان ئاشکرا کردن و دهستگیرمان کردوون. بهڵام له قهندیل یان له بادینان رێگهی تێناچێت (میت) بهم شێوهیه خۆی رێکبخات. ههر بۆیه هێشتا پێمان وایه لهناو (PDK) و لهناو (پاراستن)دا کهسانێک ههن لهگهڵ (میت) له پهیوهندیدان، زانیاریان پێدهدهن و گهریلا بهکوشت دهدهن. لهناو (زانیاری)ش پێدهچێت کهسانی بهڕێوهبهرانی ناوهندی نهبن، بهڵام کهسانێک ههن لهگهڵ (میت) له پهیوهندیدان، (میت) بهدهستی ئهو کهسانه له قهندیل و دهوروبهری زانیاری زهمینی وهردهگرێت. ههندێک له هێرشهکان سهلمێنهری ئهوهن که لهسهر ئهم بنەمایه ئهنجامدراون. چونکه خۆشمان به وردی لهو هێرشانه دهکۆڵینهوه و دهبینین چۆن روودهدهن.

بهکورتی ئهو رهوشهی ههواڵگری – سیخوڕییه بهردهوامه. ئهمانه دۆخێک نین له (YNK) و (PDK) پهسهند بکرێن. کهس هێزی قهرهبووکردنهوهی رشتنی خوێنی گهریلای کوردی نییه. ههربۆیه دهبێت (YNK) و (PDK) دهرک به ههبوونی ئهو راستییه بکهن و بهپێویستی دهزانین رێگری لهو کهس و لایهنانه بکهن که پهیوهندییان لهگهڵ (میت) دا هەیەو نههێڵن  خوێنی گهریلا بڕێژن. ئهگهر بگوترێت نهخێر پهیوهندییهکی وهها نییه و نه (پاراستن) و نه (زانیاری)ش هیچ پهیوهندییهکیان بهو کارهوه نییه، ئهوه دهبێته چاوپۆشیکردن له راستییهکان. ههر بۆیه ئێمه لهو بڕوایهداین که بهڕێوهبهرایهتی ناوهندی (PDK) و بهڕێوهبهرایهتی (YNK) و بهڕێوهبهرایهتی باشوری کوردستان بهگشتی ئهو شتانهی لهسهرهوه باسمانکردوون به ههند و جددی وهردهگرن و ههروهها بۆ چارهسهرکردن و نههێشتنی ئهم دۆخهی نهرێنییهی رووی له مێژووی کوردستان و (PDK) و (YNK) کردووه ههرچییهکیان دهکهوێته سهرشان جێبهجێی دهکهن. ئهمه تهنیا هیوای ئێمه نییه، بهڵکو هیوای گهلهکهشمانه. تهنانهت وڵاتپارێز و نیشتمانپهروهرانی نێو ریزهکانی (PDK) و (YNK)ش خوازیاری نههێشتنی ئهو جۆره رهوشه نهرێنیانهن. نهک بهتهنیا ئێمه بهڵکو کهسان و توێژێکی زۆری نێو ریزهکانی (PDK) و (YNK)ش لهو دۆخه نالهبار و نهرێنییه ناڕازین و پهسهندی ناکهن و نایکهن، که پێناچێت لهمهودواش پهسهندی بکهن.

هاوڵاتی: ئهگهر پارتهکانی باشووری کوردستان پێشهنگایهتی بکهن بۆ دهستپێکردنهوهی قۆناغی ئاشتی، ئێوه چۆن پێشوازی دهکهن و کاردانهوهتان چی دهبێت؟

-جهمیل بایک: تەڤگەرەکەمان و گهلهکهمان بهگشتی بهتایبهتیش (رێبهر ئاپۆ) لایهنگری چارهسهرکردنی کێشهی کوردە بهڕێگهی ئاشتی و دیموکراتییانه، دهیان ساڵیشه ئهم خواسته دهردهبڕن. لهو چاوپێکهوتنه رۆژنامهوانییهی (محهمهد عهلی بیراند)ی رۆژنامهنووس که له ساڵی 1988دا لهگهڵ (رێبهر ئاپۆ) ئهنجامیدا و تا ئێستا (رێبهر ئاپۆ) بیروبۆچوون و بژاردهی خۆی لهمهڕ چارهسهری کێشهی کورد دهستنیشان کردووه. لهم چوارچێوەیهدا لانی کهم (10) ده جار ئاگربەست و دۆخی بێ چالاکی راگهیهندرا. لهسهر بانگهوازی (رێبهر ئاپۆ)، تهڤگهرهکهمان چالاکییه چهکدارییهکانی راگرت، ئاگربڕ و دۆخی بێ چالاکی پێڕهو کرد، له ئهنجامی ئهمانهشدا له ئیمراڵی کۆمهڵێک چاوپێکهوتن هاتنه ئاراوه. دواجار (رێبهر ئاپۆ) له بەهاری 2013دا بانگهوازی کرد، تهڤگهرهکهمان بهشێکی گرنگی هێزهکانی گهریلای بۆ دهرهوهی سنوورهکانی تورکیا کێشایهوه. سهرباز و پۆلیسه دیلهکانی دهستی خۆیشی ئازاد کرد، ئهوهی لهسهری بوو کردی. تهڤگهرهکهمان لهم رووهوه ههرچییهک کهوتبێته سهر شانی جێبهجێی کردووه. له مژاری چارهسهری دیموکراتییانهدا تهڤگهرهکهمان هیچ کهموکورتییهکی نهبووه و لهم خاڵهشدا دڵنیاین. که ههڵبهت له 28ی شوباتی 2015دا له کۆشکی (دۆڵمه باخچه) به ئامادهبوونی کاربهدهستانی دهوڵهت رێکهوتنێکی زۆر دیموکراتیانهی ماقووڵ بۆ چارهسهری بڵاو کرایهوه. ئهم رێکهوتننامهیه لهتهنیشت وهزیری ناوخۆ، وهزیر و کاربهدهستانی تری دهوڵهت خوێندرایهوه. بهڵام دهوڵهتی تورک لهبهر ئهوهی سیاسهت و خواستێکی وهک چارهسهرکردنی کێشهی کوردی نهبوو، ئهو ههڵوێسته ماقوڵانهیه لهلایهن رەجەب تەیب ئەردۆغانهوه رهتکرایهوه. لهم ماوهیهی رابردوودا سهرۆک وهزیری پێشووتری تورکیا (ئهحمهد داود ئۆغڵو) باسی له رۆژانی نێوان 7ی حوزێران – 1ی تشرینی دووهم کرد (مهبهست لهساڵی 2015 )یه. له راستیدا پێویسته ئهوهشی لهسهر زیاد بکات که ئەردۆغان چۆن رێکهوتنهکهی دۆڵمه باخچهی رهت کردۆتهوه. ههروهها گۆشهگیری توندی سهر (رێبهر ئاپۆ) که له 5ی نیسانی هەمان ساڵدا دهست به جێبهجێکردنی کرا. دهوڵهتی تورک لەرێگای جاش قهڵهمەکانیەوە  له بابهتی ئهم ههوڵهی چارهسهری ئاشتی و دیموکراتییانه و کۆتایی هاتنی ئهو قۆناغهدا لهخۆیانهوه ههندێک بیانوو دههێننهوه. ههر ههموویان درۆن، تاکه راستییهک ئهوهیه ئەردۆغان بهئاشکرا ههڵسا و گوتی «رێکهوتنی دۆڵمه باخچه رهت دهکهمهوه«، له 5ی نیساندا گۆشهگیری توندی خسته سهر (رێبهر ئاپۆ) و ئهنجامی ههڵبژاردنهکهی 7ی حوزێرانی رهتکردهوه. بهدواشیدا به کۆمهڵکوژییهکانی له پیرسوسی شاری رۆحا (سوروج – ئورفا) و وێستگهی ئهنکهره (ئهنکهره گاری) شانبهشان لهگهڵ داعش لهدژی تهڤگهری ئازادیخوازی کوردستان دهستیان بهشهڕ کردهوه.

ئهمێستا پرسیاری ئایا دهکرێت سهرلهنوێ دهست به دانوستان بکرێتهوه، یان قۆناغێکی چارهسهری دیموکراتییانه بێته کایهوهمان دێته پێش، که ئێوهش ههمان پرسیارتان ههیه. پێویسته بزاندرێت لهم پێگهیهی ئێستاکهدا که سیاسهتی شهڕانگێزانهی AKP – MHP لهکاردایه مەحاڵه قۆناغێکی وهک بێ چالاکی و رێکهوتنی دیموکراتییانه بێته ئاراوه. چونکه ئهوان دهڵێن تا دوایین کهسیان لهناویان دهبهین، رهگ و ریشهیان دهردێنین، کۆتاییان پێدێنین؛ تهنانهت دهڵێن تهواومان کردن. ههر بۆیه با کهس لهدۆخێکی وههادا هیوایهکی بهو جۆره نهکات. نابێت گهلهکهمان، روناکبیرانی کورد، هێزه سیاسییهکان، پارتییه سیاسییهکانی پارچهکانی تری کوردستان و نیشتمانپهروهرانیش هیوایهکی بهو جۆره لهدڵی خۆیاندا ههڵبگرن. چونکه واقیعیانه نییه. ههڵبهت ئهگهر پارتهکانی باشوری کوردستان بتوانن قۆناغێکی رێکهوتن و چارهسهری دیموکراتییانه بهێننه کایهوه، کهس دژایهتی و رێگریان لێناکات. بێگومان پێویسته ئهم ههوڵه بههاوبهشی لهگهڵ (رێبهر ئاپۆ) بکرێت. هیچ گفتوگۆیهک و هیچ قۆناغێکی بێ چالاکی و رێکهوتنی دیموکراتییانه بهبێ (رێبهر ئاپۆ) ناکرێت. (رێبهر ئاپۆ) له چاوپێکهوتنهکهی 2ی مایسی رابردوودا جاڕنامهیهکی (7) حهوت خاڵی پێشکهشی رای گشتی کرد. لهوێدا باسی له گرنگی سیاسهتی دیموکراتییانه و رێکهوتنی دیموکراتیانه و ههروهها رێگهنهدان بهگرژی و جهمسهرگیری کرد. باسی لهوهگهڕخستنی هێزی نەرم کرد. لهم رووهوه ههڵوێستی خۆی خستهڕوو. له دوایین چاوپێکهتنیشیدا گوتی» ئێمه ئامادهین، بهڵام ئهقڵی دهوڵهت ئاماده نییه. ههربۆیه هیچ کهسێک قسهی نابێت لهسهر دهستکردن به قۆناغێک که (رێبهر ئاپۆ)شی لهناودا بێت. (رێبهر ئاپۆ) لهئیمراڵییه، ئهگهر دهوڵهت و حکومهت خواستێکی وههایان ههبێت له ئیمراڵی دانیشتنی پێویست ئهنجامدهدات و قۆناغێکی وهها دێته ئاراوه. بهڵام حکومهتێکی وهها لهئارادا نییه، ئهقڵێکی لهو جۆرهی دهوڵهت نییه. ئهگهر پارتهکانی باشووری کوردستان قۆناغێکی ئاشتی بڕهخسێنن که (رێبهر ئاپۆ)شی لهناودا بێت، ئهوا ههڵوێست و مامهڵهی ئێمهش هاوکار و پشتیوان دهبێت. لهم خاڵهدا هیچ شتێک نامێنێتهوه که بیڵێین.

ههندێک کهسایهتی له‌‌ئاستی لێپرسراوێتی لهناو پارته سیاسییهکانی کوردستاندا که خۆشیان و ئێمهش نامانهوێت ناویان بدرکێنین، خوازیارن لهم بوارهدا ههوڵ و تهقهلا بدهن. باس لهوه دهکهن که لهدانیشتنیاندا لهگهڵ کاربهدهستانی دهوڵهتی تورک لهم مژارهدا مهیل و بۆچوونی خۆیان پێڕاگهیاندوون. ههندێک ههوڵی لهو جۆره ههیه. ئێمهش بهو کهسانهمان نهگوت «ئێوه پهیوهندیدار مهبن، خۆتان مهخهنه ناو ئهم کارهوه...هتد» نهخێر. تهنانهت پێمان گوتن که ئهو جۆره ههوڵانهیان واتادار و پڕبایهخن. بهڵام دۆخێکی وهها لهناو راستینهی ئێستاکهی تورکیادا نییه. له دۆخی ئێستاکهدا باسکردن له هاتنی قۆناغی ئاشتی و رێکهوتنی دیموکراتیانه و ههڵگرتنی هیوایهکی لهوجۆره جگه له خهڵهتاندنی خۆمان، گهلهکهمان و رای گشتی، هیچی تر ناگهیهنێت. هاوکات ئهمه بهواتای خاوکردنەوەو لاوازکردنی تێکۆشانی گهلهکهمان و هێزه دیموکراتییهکان دێت.

بهوپهڕی باوهڕییهوه دهتوانین بڵێین؛ قۆناغێکی وهها به تێکۆشانی گهلی کورد و هێزه دیموکراسییهکان مهیسهر دهبێت. له قۆناغێکدا ئهگهر تێکۆشانی گهلی کوردو هێزه دیموکراتییهکان بهرز نهبێتهوه و بهلوتکه نهگات ئهوا قۆناغ و پێشکهوتنێکی لهوجۆره بهدی نایهت. قۆناغی بێ چالاکی و دانیشتنهکانی 2013 لهدوای قۆناغێکی بهرزی تێکۆشان هاتهپێش، ساڵی 2012 دهسهڵاتی AKP و سوپای دهوڵهتی تورک دووچاری دۆخێکی زۆر تهنگهزار هات؛ سوپا نهیدهتوانی لهسەربازگە ( قهرهقۆڵ )هکان سهردهربهێنێت، AKP هێندهی نهمابوو بڕووخێت، له دۆخێکی وههادا بۆ نههێشتنی تهنگهتاوییهکانی ناوخۆیان و سهرلهنوێ خۆ کۆکردنهوه و پڕچهککردنیان قۆناغێکی وههایان به ههند وهرگرت. (رێبهر ئاپۆ) ش بهئامانجی بونیادنانی مهیلی چارهسهری و رێکهوتنی دیموکراتیانه لهناو کۆمهڵگهدا و بهمهبهستی هاندانی کۆمهڵگه و هێزه دیموکراتییهکان و بههێزکردنی مهیلی چارهسهری لهناو کۆمهڵگهدا ههنگاوێکی لهو جۆرهی نا. به ههنگاوێکی وههاش ویستی فشار بخاته سهر دهوڵهت و دهسهڵاتهوه، ئهگهرنا دهسهڵاتی تورکیا هیچ ههڵوێستێکی لهو جۆرهی نهبوو. بهڵام (رێبهر ئاپۆ) ویستی به رێگهی سیاسی فشاریان بخاته سهر. له تورکیا نکۆڵیکاری ئهوهنده قووڵه و بهئاستی ههڵبژاردهیهکی ستراتیژی و ستراتیژییهکی نهتهوهیی گهیشتووه، ههوڵهکانی (رێبهر ئاپۆ) مایهپووچ کران. له رێکهوتنهکهی دۆڵمه باخچهدا ههڵوێستی ئهرێنیانهی (رێبهر ئاپۆ) دهرکهوتهڕوو. لەکاتی خۆیدا دووجار رەشنووسی ئهو رێکهوتنهمان بۆ هات، ئێمه پەسندمان نەبوو، بهڵام (رێبهر ئاپۆ) گوتی بهم شێوهیه دهبێت و ئێمهش لهبهر ئهم گوتهیهی (رێبهر ئاپۆ) پهسهندمان کرد. لهبهر متمانهمان به چهمک و تێگهی (رێبهر ئاپۆ)، به پێشدیدهیی سیاسییانهی، لەمیانی متمانه و باوهڕیمان بهوهی که ههموو شتێکی (رێبهر ئاپۆ) له بهرژهوهندی گهل و وڵاتهکهمان، لهبهرژهوهندی گهلاندایه، پهسهندمان کرد. بهخۆمان گوت کهواته ئێمه به تهواوی ههندێک شت نابینین، پێشبینی ناکهین، خوێندنەوە و نزیکبوونی ناتهواومان ههیه، که (رێبهر ئاپۆ)ش گوتی دهبێت بهم شێوهیه بێت، ئێمهش پهسهندمان کرد. بهڵام ئەردۆغان لهدوای (10 – 15) رۆژ  ئهو رێکهوتنهی رهتکردهوه. ههر بۆیه بۆ تێگهیشتن له هاتنهکایهی ئهم جۆره قۆناغانه دهبێت رهچاوی دۆخی سیاسی تورکیا و واقیعیهتی دهسهڵاتی ئێستاکهی بکرێت.

ئەو په‌یامه‌ ئه‌رێنیانه‌مان وه‌ڵام نەدراونه‌ته‌وه‌

که‌ ئاڕاسته‌ی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستانمان کردوون

هاوڵاتی: بیرو رامانی ئۆجالان سهبارهت بهکێشهکانی ناوچهکه چۆن لێکدهدهنهوه. ئێوهش لهههمان بیرو راماندان یاخود بهشێوهیهکی تر بیر دهکهنهوه؟

جهمیل بایک: وهک دهزانن ئێمه تهڤگهرێکی رێبهرایهتین، (رێبهر ئاپۆ) میراتی هیچ فکرێکی ئایدۆلۆژی – سیاسی له کهس وهرنهگرتووه، هیچ رێکخستنێکیشی به میرات وهرنهگرتووه. بهتاقی تهنیا دهستی بهم کاره کرد. دوای ئهوهی خۆی به فکرێکی ئایدۆلۆژی – سیاسی و پێگهیشتوویی گهیاند و بەو قهناعهته گهیشت که پێویسته ئهم بهرههمه بکرێت به رێکخستنێک، بیروبۆچوونی خۆی لهگهڵ کهسانی نزیکی خۆی تاووتوێ کرد، دهستی به تهڤگهری (ئاپۆیی) کرد و گروپی (ئاپۆیی) بهمجۆره دامهزرا. (رێبهر ئاپۆ) ههموو هێڵی ئایدۆلۆژی – سیاسی تهڤگهری (ئاپۆیی) - (PKK)ی دهستنیشان کردووه. دوای دیلکەوتنی و گیرسانەوەی له ئیمراڵی، ئهم هێڵهی قووڵتر کردهوه، گهشهی پێداو کردی بهسیستهم. تهنانهت پارادایمێکی دهرخستهڕوو که له ئاستی پێشهنگایهتیکردنی تێکۆشانی ئازادی و دیموکراسی جیهانیدایه، پارادایمی کۆمهڵگهی ئازادیخوازی ژن و ژینگهپارێزی. ههر لهسهر ئهم بنهمایهش لێکدانهوهی بۆ ههموو کێشه و گرفتهکان کرد. هێڵی ئایدۆلۆژی – سیاسی دهستنیشانکراوی (رێبهر ئاپۆ) چوارچێوهی نرخاندن و ههڵسهنگاندنی سهرجهم رووداو و دیاردهکان بۆ تهڤگهرهکهمان دهستنیشان دهکات. ههموو نرخاندن و ههڵسهنگاندنێک لهتەوەری هێڵی (رێبهر ئاپۆ) و دهستنیشانکراوهکانیدا دهکرێت. لهم سۆنگهیهوه لهگهڵ ههموو دهستنیشانکراوێکی (رێبهر ئاپۆ)داین، ههمیشه و دایم وهکو رۆژانی سهرهتا به راست و دروستی دهزانین و ههوڵدهدهین ببین به جێبهجێکاریان. ههوڵدهدهین لهکرده و پراکتیکدا پێڕهوکاری ئهو هێڵه ئایدۆلۆژی – سیاسییه بین. ههوڵدهدهین بیکهین به سیستهمێک و لهو چوارچێوهیهدا برهو به تێکۆشان بدهین و کۆمهڵگه رێکخراو بکهین، بهم رێکخستنهش کۆمهڵگهی دیموکراتی و سیستهمی دیموکراتی بونیاد بنێین. ههوڵهکانمان لهم ئاراستهیهدان.

بیرکردنهوهیهکی جیاواز له (رێبهر ئاپۆ) مان نییه، رێبەر ئاپۆ سهرچاوهمانه. چونکه ههموو لێکدانهوهیهک لهسهر ئاراستهی هێڵی ئایدۆلۆژی – سیاسی ئهو دهکرێت، بهبنهمای وهردهگرین و لهم چوارچێوهیهدا مامهڵه لهگهڵ رووداوهکان دهکهین. ئهگهر کهمووکورتی و ناتهواوییهکمان ههبێت ئهوه سهرهنجامی بهپێی پێویست تێنهگهیشتنمانه له هێڵی ئایدۆلۆژی – سیاسی (رێبهر ئاپۆ)، لهم خاڵهدا ناتهواویمان ههیه. لێرهدا ههر کهموکورتی و ناتهواوییهک ههبێت هی ئێمهیه که دهبێته پێڕهونهکردنێکی راستی هێڵی ئایدۆلۆژی – سیاسی (رێبهر ئاپۆ). چونکه (رێبهر ئاپۆ) سهرچاوهیه و هێڵ و پهیڕهوو پرۆگرامی پارتیمان بهتهواوی لهسهر دهستنیشانکراوهکانی (رێبهر ئاپۆ) شێوهگیربووه. سیستهمی (KCK) لهسهر بناغهی بیرو رامانی (رێبهر ئاپۆ) هاتۆته ئاراوه، شتێک نییه ههر لهخۆوه رێکخرابێت. ئێمه تهڤگهرێکین که دهستمان له زیهنییهتی دهوڵهتگهرایی و دهسهڵاتگهرایی بهرداوه. لایهنگری چارهسهرکردنی کێشهکانین لهسهر بناخهی چهمکی شۆڕشگێڕی دیموکراتییانه، هیواخوازیشین که کێشهی کورد لهسهر بنهمای دیموکراتیزهبوونی ههموو وڵاتان چارهسهر بکرێت. خوازیارین لهسهر بناخهی دیموکراتیزهبوونی تورکیا، سوریا، عێراق و ئێران به چارهسهری ماینده بگات. لهو بڕوایهشداین که پێویسته کێشه ههنووکهییهکانی ئێراق لهسهر بناغهی دیموکراتیزهکردنی عێراق چارهسهر بکرێت. له تورکیاش دهمانهوێت کێشهی کورد لهسهر بناخهی دیموکراتییانه چارهسهر بکهین و بڕواشمان وایه که بهمشێوهیه بهچارهسهری دهگات. ههربۆیه لهسهر زیهنیهت و چهمکی دهوڵهتگهرا نین. بێگومان دهبێت ههبن لهسهر چهمکی دهوڵهتگهرا بڕۆن، رێزیان لێدهگرین و هیچمان نییه بۆیان، بهڵام دهتوانین باس له جیاوازیمان لهڕووی ئایدۆلۆژی و به ههندوهرنهگرتنی چهمکی دهوڵهتگهراییدا بکهین. دهشێت کهسانێک بهرگری لێبکهن که لهم خاڵهشدا هیچمان نییه بۆیان. بهڵام به دهستنیشانکردنی چهمکی ئایدۆلۆژی و سیاسیمان وهڵامیان دهدهینهوه.

(رێبهر ئاپۆ) هێڵی ئازادیخوازی ههیه بۆ ژن، که ئهم هێڵه بهواتای قووڵبوونهوهی هێڵی ئایدۆلۆژی (PKK) یه. ئهگهر هێڵی ئازادیخوازی ژن نهبێت، (PKK)ش هێڵی ئایدۆلۆژی – سیاسی نابێت. ئهگهر هێڵی ئازادیخوازی ژن نهبێت چیتر مەحاڵه (PKK) و (KCK) پێناسه بکرێت. ئێمه نه له مژاری رۆژههڵاتی ناویندا، نه لهمژاری یهکه به یهکهی وڵاتاندا، نه له روانگهی مێژوویی بۆ کۆمهڵگهی مێژوویی له رۆژههڵاتی ناویندا، نه له روانگهی بۆ ژینگهدا و نه لههیچ بابهتێکی تردا هیچ بیروبۆچوونێکی جیاوازمان نییه له بیروبۆچوون و روانگهی (رێبهر ئاپۆ). ههوڵی پراکتیزهکردنی لێکدانهوه و نرخاندنهکانی (رێبهر ئاپۆ) دهدهین لهو مژارانهدا. بیروبۆچوونهکانی (رێبهر ئاپۆ)ش روون و رهوانن. دواین پارێزنامهی (5) پێنج بهرگییهکهی لهبهردهستی ههموواندایه، که تیایدا جێگهیهکی تایبهتی بۆ سهرمایهداری (کاپیتالیزم) تەرخانکردووە. جێگهیهکی تایبهتی بۆ هێزه دیموکراتی و سۆسیالیستهکانی جیهان جیاکردۆتهوه. جێی تایبهتی بۆ رۆژههڵاتی ناوین تەرخانکردووەوه. جێگهیهکی تایبهتی بۆ چارهسهری پرسی کورد جیاکردۆتهوه. له یهکهمین پەرتوکیشیدا تێڕوانینی فهلسهفی خۆی لهمهڕ ئهو بیروبۆچوونانهی خستۆتهڕوو. ههربۆیه هیچ تهڵخی و نادیارییەک له بیروبۆچوونهکانی (رێبهر ئاپۆ)دا نییه، روون و رهوانه. هاوکات نووسراوهی ههموو چاوپێکهوتنهکانیشی بڵاو کرانهوه. جارێکی تر دووپاتی دهکهینهوه؛ وهکو ههمیشه پابهندین به تێڕوانینهکانی (رێبهر ئاپۆ)وه، لههیچ بابهتێکدا بیروبۆچوونی جیاوازمان نییه، ئهگهر ههر کهموکورتییهکیش ههبێت؛ ئهوا هی ئێمهیه. بێگومان (رێبهر ئاپۆ) لهزیندان لهژێر ستهمی بهندکراویدایه، دهرفهتی بهڕێوهبردنی سیاسهتی رۆژانهی نییه. ئێمه سیاسهتی رۆژانه بهڕێوه دهبهین، که لهم بوارهدا و لهههر دهرفهتێکدا (رێبهر ئاپۆ) رهخنه ئاراستهی کهموکورتییهکانمان دهکات، ئێمهش لهسهر ئهم ئاراستهیه پێداچوونهوه دهکهین و درێژه به تێکۆشانمان دهدهین.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار