بەشخوراوانی هەڵبژاردن هەوڵی پێکهێنانی بەرەیەکی نوێ لە بەغدا دەدەن

2018-05-17 14:47:00



شەوی شۆک؛ رۆژی بەدوادا هەڵنەهات

«بەشخوراوانی هەڵبژاردن» هەوڵی پێکهێنانی بەرەیەکی نوێ دەدەن لە بەغدا لەکاتێکدا یەکێتی و پارتی جەخت لەسەر یەکڕیزیی دەکەنەوە.

بنار هیدایه‌ت
ئه‌و شه‌وه‌ى که‌ ئه‌نجامه‌ به‌راییه‌کانى هه‌ڵبژاردن ئاشکرابوون، یه‌که‌م درز که‌وته‌ نێوان خه‌ونى پێکه‌وه‌ رۆیشتنى کورد به‌ره‌و به‌غدا، به‌ هیواى هاڵهاتنى رۆژێکى نوێ دواى روداوه‌کانى ریفراندۆم و ١٦ى ئۆکتۆبه‌ر، به‌ڵام ئێستا کار بۆ دروستکردنى دووبه‌ره‌ى کوردى ده‌کرێت، ئه‌وانیش به‌ره‌ى یه‌کێتى و پارتى و به‌ره‌ى ئه‌و لایه‌نانه‌ى که‌ خۆیان به‌ «به‌شخوراو» ده‌زانن.


هه‌ریه‌که‌ له‌  گۆڕان و کۆمه‌ڵ، هاوپه‌یمانى و یه‌کگرتوو له‌ هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى عیراق، کۆى پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق له‌ هه‌رێمى کوردستان و ناوچه‌ دابڕێنراوه‌کان ره‌تده‌که‌نه‌وه‌، هاوکات به‌دواى دروستکردنى به‌ره‌یه‌ک ده‌که‌ن بێ یه‌کێتى پارتی. بڕیاره‌ ئه‌مڕۆ چوارشه‌مه‌ش شاندێکى ئه‌و به‌ره‌یه‌ بچێته‌ به‌غدا بۆ دروستکردنى هاوپه‌یمانێتی.


پارته‌ به‌شخوراوه‌کان دووشه‌ممه‌ى رابردوو له‌شارى هه‌ولێر کۆبوونه‌وه‌یه‌کى لوتکه‌یان له‌باره‌گاى یه‌کگرتووى ئیسلامى سازکرد، که‌ تێیدا به‌رهه‌م ئه‌حمه‌د ساڵح پێشنیارى به‌ره‌یه‌کى نوێى کردووه‌ بۆ چوونه‌ به‌غدا ئه‌مه‌ش له‌ لاى حزبه‌کانى ترى ره‌تنه‌کراوته‌وه‌. به‌ڵام یه‌کیتى و پارتى پێیان وایه‌ ئه‌و به‌ره‌یه‌ سه‌رکه‌وتوو نابێت له‌ ته‌نگ پێهه‌ڵچنین به‌ یه‌کیتى و پارتی.


پارتی: به‌رهه‌م ساڵح له‌دروستکردنى به‌ره‌یه‌کى جیاواز سه‌رکه‌توو نابێت


فازڵ به‌شاره‌تى ئه‌ندامى ئه‌نجوومه‌نى سه‌رکردایه‌تى پارتى دیموکراتى کوردستان به‌ ‌هاوڵاتى وت "هه‌ر پارتێکى سیاسى له‌کوردستان ئازاده‌ له‌وه‌ى چۆن مامه‌ڵه‌ ده‌که‌ن، به‌ڵام ده‌بێت به‌شێوه‌یه‌کى ته‌ندروست ئه‌و مامه‌ڵه‌یه‌ بکات".


وتیشى "به‌رهه‌م ساڵح له‌دروستکردنى دووبه‌ره‌ى جیاواز سه‌رکه‌توو نابێت چونکه‌ نه‌ عه‌بادى و نه‌ عێراق مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵ ده‌که‌ن، نه‌ ده‌بێته‌ ئه‌و قورساییه‌ى ته‌نگ به‌یه‌کێتى و پارتى هه‌ڵچنێت، دروستکردنى هاوپه‌یمانى شتێکى ئاساییه‌، به‌ڵام نابێت ببنه‌ ته‌نگ و چه‌ڵه‌مه‌ بۆ ناو هه‌رێمى کوردستان، ده‌بێت له‌گه‌ڵ ئه‌و واقیعه‌ى ئێستا هه‌یه‌ خۆیان رابێنن چونکه‌ هه‌وڵه‌کانیان هیچ ده‌رئه‌نجامێکى نابێت".


به‌پێى ئه‌نجامه‌ به‌راییه‌کانى هه‌ڵبژاردن پارتى و یه‌کیتى زۆرینه‌ى کورسیه‌کانیان به‌ده‌ستهێناوه‌و لایه‌نه‌کانى تریش دان به‌و ده‌نگانه‌ نانێن و داواى دووباره‌کردنه‌وه‌ى هه‌ڵبژاردنه‌کان ده‌که‌نه‌وه‌.


فازڵ به‌شاره‌تى وتى "ده‌بێت ئه‌و لایه‌نانه‌ى خۆیان ناو ناوه‌ ئۆپۆزسیۆن بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆلاى حزبى ده‌سه‌ڵاتدار، که‌مهێنانى ده‌نگ کۆتایى به‌دنیا ناهێنێت، به‌ڵکو چه‌ند مانگێکى تر هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى کوردستان ده‌کرێت ئه‌و کاته‌ش پارتى وه‌ک ئێستا دژ به‌ غه‌ش و ته‌زویر ده‌بێت و رێگه‌ به‌ساخته‌کارى نادات، به‌ڵکو ده‌بێت به‌شێوازێکى باشتر هه‌ڵبژاردن بکرێت".


یه‌کێتی: به‌رهه‌م ساڵح به‌ره‌ى جیاواز دروستبکات بێ وه‌ڵام نابین


یه‌کێتى نیشتیمانى کوردستان داواى یه‌ک به‌ره‌یى لایه‌نه‌ کوردستانییه‌کان ده‌کات به‌وه‌ى ئێستا هه‌موو چاوه‌ سیاسییه‌کان له‌سه‌ر کوردستانه‌، سه‌رکردایه‌تییه‌کى یه‌کێتیش ده‌ڵێت له‌ئه‌گه‌رى دروستکردنى به‌ره‌یه‌کى جیاواز له‌لایه‌ن به‌رهه‌م ساڵحه‌وه‌ بێ وه‌ڵام نابن.


مسته‌فا چاوڕه‌ش ئه‌ندامى سه‌کردایه‌تى یه‌کێتى نیشتیمانى کوردستان به‌ ‌هاوڵاتى وت "له‌ئێستا پێویستمان به‌وه‌یه‌ هه‌موو لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان به‌یه‌کگرتوویى به‌ره‌و به‌غدا هه‌نگاو بنێن بۆ ئه‌وه‌ى بتوانین له‌ئایینده‌دا ئه‌وه‌ى بۆ کورد به‌ده‌ست نه‌هاتووه‌ به‌ده‌ستى بهێنین، یه‌کێتى نیشتیمانى کوردستان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دایه‌ هه‌موو لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان به‌یه‌که‌وه‌ به‌ره‌و به‌غدا هه‌نگاو بنێن".


ئه‌و سه‌رکردایه‌تییه‌ى یه‌کێتى جه‌ختیشده‌کاته‌وه‌ "دروستکردنى دووبه‌ره‌یى کورد له‌به‌غدا له‌به‌رژه‌وه‌ندیى کوردستان نییه،‌ چونکه‌ هه‌موو چاوه‌ سیاسییه‌کان له‌سه‌ر کورده‌ و ئه‌وانه‌ى چاویان له‌ناکۆکیى نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌کانه‌ نه‌ دڵسۆز و نه‌دۆستى کورد و کوردستانن".


مسته‌فا چاوڕه‌ش وتیشى "یه‌کێتى به‌چاوى دوژمن ته‌ماشاى به‌رهه‌م ساڵح ناکات چونکه‌ هه‌موومان یه‌کتر ده‌ناسین، ئه‌گه‌ر به‌رهه‌م ساڵح به‌ره‌ى جیاواز و دوو به‌ره‌یى له‌به‌غدا دروستبکات یه‌کێتى به‌بێ وه‌ڵام نامێنێته‌وه‌".


بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان: باوه‌ڕمان به‌ پارتى سه‌رکرده‌ نییه‌
بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان یه‌کێکه‌ له‌و پارته‌ ناڕازییانه‌ى له‌هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى عێراق ده‌نگى پێویستى نه‌هێناوه‌ دروستکردنى به‌ره‌یه‌کى هاوبه‌ش به‌پێویست ده‌زانێت، ره‌تیشیده‌کاته‌وه‌ باوه‌ڕى به‌سه‌رکرده‌ى پێشڕه‌و و  حزبى پێشڕه‌و هه‌بێت.


ئاسۆ مه‌حمود ئه‌ندامى جڤاتى بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان به‌ ‌ هاوڵاتى وت "رووداوى ته‌قه‌کردن له‌گردى زه‌رگه‌ته‌ و ئه‌و ساخته‌کارییه‌ى به‌رامبه‌ر به‌ بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان کراوه‌ بۆته‌ هۆى ئه‌وه‌ى بیر له‌ دروستکردنى به‌ره‌یه‌کى جیاواز له‌ یه‌کێتى و پارتى بکاته‌وه‌، به‌ڵام تا ئێستا باس له‌وه‌ نه‌کراوه‌ کێ سه‌رکردایه‌تى ئه‌و به‌ره‌یه‌ ده‌کات و له‌ژێر چ ناونیشانێکدا ده‌بێت".


له‌باره‌ى ئه‌وه‌ى ئه‌و به‌ره‌یه‌ له‌لایه‌ن به‌رهه‌م ساڵحه‌وه‌ سه‌رکردایه‌تى بکرێت، ئاسۆ مه‌حمود جه‌ختیشده‌کاته‌وه‌ "بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان باوه‌ڕى به‌سه‌رکرده‌ى پێشڕه‌و و پارتى پێشڕه‌و نیه‌، گۆڕان به‌دواى خاڵى هاوبه‌شى هاوپه‌یمانێتیدا ده‌گه‌ڕێت، هه‌ر پارتێک له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان خاڵى هاوبه‌شى هه‌بێت نزیک ده‌بین لێى له‌دروستکردنى هاوپه‌یمانێتییه‌وه‌".


کۆمه‌ڵى ئیسلامی: ناچینه‌ هیچ به‌ره‌یه‌که‌وه‌ له‌ژێر ناوى شه‌خسدا بێت
کۆمه‌ڵى ئیسلامى کوردستان ده‌یه‌وێت به‌شوێن ئه‌نجامى ده‌نگده‌رانیدا بڕوات و جه‌ختیش ده‌کاته‌وه‌ ناچێته‌ ناو هیچ به‌ره‌یه‌که‌وه‌ له‌ژێر ناو و هه‌یمه‌نه‌ى هیچ که‌سێکدا بێت.
فاروق عه‌لى ئه‌ندامى سه‌رکردایه‌تى کۆمه‌ڵى ئیسلامى کوردستان به‌ ‌هاوڵاتى  وت "ده‌بێت لایه‌نه‌ ناڕازییه‌کان قسه‌یان له‌سه‌ر ئایینده‌یان هه‌بێت، ده‌بێت به‌شوێن ئه‌نجامى ده‌نگه‌کانیاندا بڕۆن، چونکه‌ ئێستا ئه‌وانه‌ى ده‌نگیان پێداوین داواى ده‌نگه‌کانیان ده‌که‌نه‌وه‌ و به‌ده‌ست ناعه‌داله‌تییه‌وه‌ گیریان خواردوه‌".


وتیشى "ده‌کرێت لایه‌نه‌ ناڕازییه‌کان به‌ره‌یه‌کى جیاواز له‌به‌غدا دروستبکه‌ن و هه‌موومان به‌یه‌که‌وه‌ له‌هه‌وڵى به‌دیهێنانى ئامانج و مافى گه‌لى کوردا بین، به‌ڵام کۆمه‌ڵى ئیسلامى کوردستان ناچێته‌ ناو هیچ به‌ره‌یه‌که‌وه‌ له‌ژێر ناوى یه‌ک که‌س و له‌ژێر هه‌یمه‌نه‌ى یه‌ک که‌سدا بێت، به‌ڵکو ده‌بێت به‌ره‌یه‌ک دروستبکرێت به‌ناوێکى جیاوازه‌وه‌ شه‌ڕى کورد بکات"
هه‌روه‌ها وتى "کۆمه‌ڵى ئیسلامى کوردستان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دایه‌ لایه‌نه‌ ناڕازییه‌کان له‌سه‌ر یه‌ک پرۆژه‌ى هاوبه‌ش رێکبکه‌ون و هه‌رکه‌سێک ده‌یه‌وێت به‌ره‌یه‌ک دروست بکات به‌ناوى خۆیه‌وه‌ ده‌یتوانى به‌ر له‌هه‌ڵبژاردن دروستى بکات، ئه‌گه‌ر بیزانیایه‌ سه‌رکه‌وتوو ده‌بێت له‌سه‌ر لایه‌نه‌کانى دیکه‌ رانه‌ده‌وه‌ستا".


یه‌کگرتووى ئیسلامی: دروستکردنى به‌ره‌یه‌کى جیاواز یه‌کێکه‌ له‌بژارده‌کان
به‌پێى زانیارییه‌کانى رۆژنامه‌ى ‌هاوڵاتى له‌کۆبوونه‌وه‌ى لوتکه‌ى لایه‌نه‌ ناڕازییه‌کان له‌هه‌ولێر، یه‌کێک له‌و بژارده‌ و ته‌وه‌ره‌ سه‌ره‌کییانه‌ى باسى لێوه‌کراوه‌، به‌ره‌یه‌کى جیاوازه‌ به‌ده‌ر له‌پارتى و یه‌کێتی، ئه‌ندامێکى سه‌رکردایه‌تى یه‌کگرتوو زانیارییه‌کان پشتڕاستده‌کاته‌وه‌.


دکتۆر عومه‌ر مه‌لائیکه‌ به‌رپرسى نوسینگه‌ى ئه‌نجوومه‌نى جێبه‌جێکارى یه‌کگرتووى ئیسلامى کوردستان له‌سلێمانى به‌ ‌‌هاوڵاتى وت "ئه‌گه‌ر لایه‌نه‌کان نه‌گه‌نه‌ رێکه‌وتن ئه‌وا ده‌بێت بایکۆتى پرۆسه‌که‌ بکه‌ن یا به‌دواداچوونى گشتى بۆ خواردنى مافیان بکه‌ن، ئه‌گه‌ر هه‌ر نه‌گه‌نه‌ رێکه‌وتن ئه‌وا دروستکردنى به‌ره‌یه‌کى جیاواز له‌یه‌کێتى و پارتى یه‌کێکه‌ له‌و بژاردانه‌ى له‌به‌رده‌ست لایه‌نه‌ ناڕازییه‌کاندا هه‌یه‌".


ئه‌و به‌رپرسه‌ى یه‌کگرتوو نمونه‌یه‌ک له‌شارى هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌هێنێته‌وه‌ که‌ تێیدا به‌پێى داتاکانى ئه‌وان پێنج هه‌زار ئه‌ندامى رێکخستنیان له‌هه‌ڵه‌بجه‌ هه‌یه‌، به‌ڵام له‌کاتى ده‌نگداندا ته‌نها 3700 ده‌نگیان بۆ هاتۆته‌وه‌، "ئه‌وه‌ش بۆته‌ هۆى فشارێکى زۆر له‌سه‌رمان له‌لایه‌ن ئه‌ندامه‌کانمانه‌وه‌".


عومه‌ر مه‌لائیکه‌ وتیشى "له‌ئێستادا زووه‌ باس له‌وه‌ بکه‌ین کێ ده‌بێته‌ سه‌رۆکى ئه‌و به‌ره‌یه‌ و له‌ژێر ناوى کێدا ده‌بێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ ده‌مێنێته‌وه‌ سه‌ر داخوازى لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان له‌کاتى ده‌ستپێکردنى پرۆسه‌که‌دا".


نه‌وه‌ى نوێ: ده‌چینه‌ ناو ئه‌و هاوپه‌یمانێتییه‌ى به‌رهه‌م ساڵح سه‌رکردایه‌تیى ده‌کات
جوڵانه‌وه‌ى نه‌وه‌ى نوێ دووپاتیده‌کاته‌وه‌، کێشه‌یان له‌گه‌ڵ هیچ هاوپه‌یمانێتییه‌ک نیه‌ به‌ده‌ر له‌یه‌کێتى و پارتى که‌ بۆ ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق و دروستکردنى کابینه‌ى نوێ پێکبهێنرێت.


ئارام سه‌عید به‌رپرسى په‌یوه‌ندییه‌ گشتییه‌کانى جوڵانه‌وه‌ى نه‌وه‌ى نوێ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌کات که‌ نه‌وه‌ى نوێ هیچ کێشه‌یه‌کى نیه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ر هاوپه‌یمانێتییه‌ک به‌ده‌ر له‌یه‌کێتى و پارتى پێکبهێنرێت که‌ به‌یه‌که‌وه‌ به‌ره‌و به‌غدا بڕۆن".


ئارام سه‌عید به‌ ‌هاوڵاتى وت «ئه‌گه‌ر ئه‌و به‌ره‌یه‌ى باسى لێوه‌ده‌کرێت به‌ده‌ر له‌یه‌کێتى و پارتى و به‌رهه‌م ساڵح سه‌رکردایه‌تى بکات، نه‌وه‌ى نوێ هیچ کێشه‌یه‌کى له‌گه‌ڵدا نیه‌ و به‌شدارى ئه‌و به‌ره‌یه‌ ده‌کات"

.
هاوپه‌یمانی: باس له‌وه‌نه‌کراوه‌ به‌رهه‌م ساڵح سه‌رکردایه‌تى به‌ره‌ى هاوبه‌ش بکات
ئه‌ندامێکى هاوپه‌یمانێتى بۆ دیموکراسى و دادپه‌روه‌رى ره‌تیده‌کاته‌وه‌ به‌رهه‌م ساڵح کرابێت به‌سه‌رکرده‌ى ئه‌و به‌ره‌یه‌ى له‌لایه‌ن لایه‌نه‌ ناڕازییه‌کانه‌وه‌ پێکده‌هێنرێت، ده‌شڵێت ئه‌گه‌ر هه‌یه‌ که‌سێکى دیکه‌ ئه‌و سه‌رکردایه‌تییه‌ بکات نه‌ک به‌رهه‌م ساڵح.


ئارام قادر بۆ ‌هاوڵاتى ئاشکرای ده‌کات "زۆرینه‌ى لایه‌نه‌ سیاسییه‌ ناڕازییه‌کان کۆکن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى به‌ره‌یه‌کى جیاواز له‌یه‌کێتى و پارتى دروستبکرێت، به‌ڵام ئێمه‌ تێبینیمان هه‌یه‌ له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنه‌کان و له‌ ئه‌گه‌رى جێبه‌جێنه‌کردنى داواکارییه‌کانمان له‌سه‌ر ئه‌نجامه‌کانى هه‌ڵبژاردن، به‌شدارى له‌ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق ناکه‌ین".


هه‌روه‌ها وتى "ئه‌مرۆ چوارشه‌ممه‌ وه‌فدێکمان ده‌چێته‌ به‌غدا بۆ ئه‌وه‌ى ده‌ست به‌گفتوگۆ بکرێت له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسییه‌کانى عێراق بۆ ئایینده‌ى سیاسیى عێراق و دروستکردنى هاوپه‌یمانێتی".

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار