ئێران ئۆفهرى تایبهت دهداته هاوڵاتیانى بۆ خۆپاراستن له کۆرۆنا
4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
وەزیری پەیوەندیەکانی ئێران رایگهیاند لە ئەمڕۆ چوارشەممەوە تاوەکو کۆتایی ئەم هەفتە بەرنامەکانی تایبەت بە منداڵان لە هەندێک پلاتفۆرمی ئینتەرنێتی بێبەرامبەر دەبێت و ئەو کارە بۆ ئەوەیە خەڵک بە گشتی و منداڵان بە تایبەتی لە ماڵەوە بمێننەوە و نەچنە دەرەوە.
یەکێک لە رێکارە تەندروستییەکان کە بۆ رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا دەگیرێتەبەر خۆپاراستنە لە قەرەباڵخی، بۆ هێشتنەوەی خەڵکی لە ماڵەوە و دووربوونیان لە تێکەڵاوی و قەرەباڵخی، حکومەتی ئێران لە هەندێک پلاتفۆڕمی ئینتەرنێتی فیلم و زنجیرەی بێبەرامبەر بۆ خەڵک دابین دەکات.
ئازەری جەمهوری، وەزیری پەیوەندییەکانی ئێران ئهمڕۆ چوارشهممه، 26شوباتى 2020 رایگەیاند" لەگەڵ بەڕێوەبەرانی چەند کەناڵێکی ئینتەرنێتی ئێران قسەی کردووە و ئەوانیش بڕیاریانداوە بەرنامە و بڕگە تایبەتەکانی منداڵان و هەندێک فیلم و زنجیرەکانیش بۆ کەسانی گەورە بێبەرامبەر بەردەستدەبێت تاوەکو خەڵک لە ماڵەوە سەرگرەم ببن و نەچنە دەرەوە".
وەزیری پەیوەندییەکانی ئێران وتوشیهتى"تکاتان لێدەکەم لە ماڵەوە بمێننەوە و مەڕۆنە دەرەوە. ئاگاتان لە خۆتان و منداڵەکانتان بێت لە دژی کۆرۆنا".
ڤایرۆسی کۆرۆنا کە لە چین سەری هەڵدا و بە جیهاندا بەخێرایی بڵاوبووەوە و گەیشتووەتە ئێران و بەپێی دوایین ئامارەکان، نزیکەی 100 کەس تووشی ڤایرۆسەکە بوون و 15 کەسیش گیانیان لەدەستداوە.